ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەکەم: «جدیات» وردەوردە دەبێتە وشەیەکی ناشیرین و گۆشەگیر, چونکە مرۆڤ زوو وەسوەسە و ڕاڕادەبێت. جاران کە جدیات پەسەندتر بوو, یەکێک لە هۆکارەکان ئەو قایمی و یەکانگیرییەی مرۆڤ بوو بەرامبەر بە وەسوەسە. دینەکان و پاشان ئایدۆلۆژیاکان وشەی وەک «شەیتان» و «خائین»یان دادەنا بۆ ناونانی ئەو وەسوەسانە, بەڵام ئەمڕۆ وەسوەسە یەک ناوی نیە, بەڵکو زۆر سیما و زۆر ناو و زۆر داوی هەیە. ڕەنگە هەڵبژاردنی مرۆڤ لە داهاتوودا ببێتە هەڵبژاردن لەنێوان وەسوەسەکاندا: کتوپڕ کام وەسوەسەی شیرین هەڵبژێرم؟ جدیات لەژێر یەکێک لە ناوەکانی وەسوەسەدا هەر دەمێنێت, بەڵام «وەسوەسەیەکی کاتیی جدیبوون».

دووەم: ئەوانەی لە واقیعی ئێمەدا خەریکی کتێب بوون، خوێنەر نین بە مانا سرووشتییەکەی, بەڵکو لە دۆخی پێش-خوێنەربوون دا ژیاون. گەشەی سرووشتییان نەبڕیوە لانیکەم لەبەر سێ هۆ 

١- مێژووی ئێمە تێکڕا مێژووی گەشەیەکی ناسرووشتییە بۆیە دیاردەکانی ناویشی هەر بەو جۆرەن 

٢- خوێنەواری ئێمە نەیزانیوە چیی لە کتێب دەوێت

٣- جیلێکی بەناو ئەهلی کتێب پێگەیشتوون کە بەر لەوەی بزانن واقیع چیە, بەر دونیای مەجازی و تۆڕە مەجازییەکان کەوتوون کە هەموو شتێک وەک پێوەر وەردەگرن. واتە لوتیان بە هەرچیدا بتەقێت, دەیکەنە ستاندارد.

سێیەم: بە کۆمەک لە ژان بۆدریار دەتوانین بڵێین: چیتر کایەکان بە سەقامگیری نەماونەتەوە. هەر کایەیەک دەخزێت بۆ ناو کایەیەکی تر. سیاسەت بۆ ناو ئابوری, ئابوری بۆ ناو سێکس, سێکس بۆ ناو هونەر, هونەر بۆ ناو بازاڕ, بازاڕ بۆ ناو زانست و هتد. کاتێک کایەکان شلدەبنەوە, پێوەرە دێرینەکانی مامەڵەکردنیش وندەکەین و نازانین بە کام پێوانە هەڵسوکەوت بکەین. ئەوەی لەم بۆنانەدا دەبینرێت تەعبیرە لەوەی شتەکە ڕۆشنبیریی ڕووت نیە, بەڵکو جۆرێکە لە نمایشێکی دەستەجەمعی کە ڕەهەندەکانی مۆدە و زڕە-سێکسواڵیتە و لاژەلاژی عیرفانی و تەڵەکەبازیی هونەری بەناویەکدا ڕۆیشتوون و سنوری خۆیان ونکردووە.

چوارەم: دیاردەکانی ئێستا, تێکڕا ڕەهەندێکی جیهانیشییان هەیە. هەر شتێک لە ناوخۆ ڕووبدات, هۆکارێکی دەرەکییشی هەیە. ڕووکەشبوونەوە, کە کۆی دونیای گرتۆتەوە, دۆخێکی گەردوونییە و قووڵی(depth) لە پاشەکشەیەکی زۆردایە. بۆنمونە, سەیر نیە کە وشەی قووڵ بەپێی گوتار(دیسکۆرس) مانای خۆی بگۆڕێت. گەر پێشتر قووڵی ئاماژە بووبێت بۆ ڕۆچوون بە ئایدیا و بۆچوونێکدا, ئەوا ئێستا وردەوردە گوزارشت لە شتی تر دەکات. بۆنمونە لە گوتاری ئێستای میدیای جیهانییدا, قووڵی گوزراشت لە ڕۆچوون بە ژیانی شەخسیی کەسەکاندا دەکات(بێمەڵامەت نەبوو ئەڤین ئاسۆ لە بەرنامەکەی باڤڵ تاڵەبانییدا قووڵیی وەک قووڵی وەرگرتبوو بە قووڵبوونەوە لە ژیانی شەخسیی ئەو کارەکتەرەدا).

پینجەم: دەکرا زۆرێکمان بەناوی کرانەوەی کەشی کەلتورییەوە لەم بۆنانە بێدەنگ بین, بەڵام رەنگە چارەنووسی ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە لاساییکردنەوەی کرانەوە بێت نەک خودی کرانەوە. مۆدێرنە وەک بەڵایەکی ڕیاکار هاتە خۆرهەڵات بەبێ ئەوەی بتوانین بەپێی پرۆسەیەکی سرووشتی هەرسی بکەین. بۆیە هەم لاساییەکی خواروخێچی مۆدێرنەی خۆرئاوایی دەکەینەوە, هەم دەستمان لە مێژووی خۆرهەڵاتیش بەربووە(ئەوەی کە بەختیار عەلی لە دوا کتێبیدا ناویدەنێت شۆکەکانی خۆرهەڵات). ساڵی ١٩٩١ لە ماڵەکەی خۆیدا لە ژان بۆدریار دەپرسن گەر لە خۆرئاوا کۆتایی مێژوو ڕاگەیەنراوە ئەی خۆرهەڵات چۆنە؟ دەڵێت: «ئەوان واتە [خۆرهەڵاتییەکان] مێژووی خۆیان وەك زبڵێك بەدەستدێننەو. لەم حاڵەتەدا، لەوێ كۆتایی ڕاستەقینەی مێژوو لەئارادایە. ئەمە تیاچوون نیە. تیاچوون خۆی بە مانا درووستەكەی، شتێكی باشە. بەڵام لەوێ تیاچوون بوونی نیە، هیچ شتێك بوونی نیە، بەڵكو زبڵە و هیچی تر. تا ناكۆتاش زبڵیان دەستدەكەوێتەوە و بە گۆڕینی زبڵەكانەوە خەریكدەبن. مێژوو بەم ئاراستەیەدا كەوتووەتە ڕێ. سەبارەت بە خۆیشمان دەتوانین هەمان شیكردنەوە بخەینەڕوو، بەڵام لە خۆرئاوا بەفیعلی دیوە نمایشییەكەی كەمترە».

• ناونیشانی پۆستەکە چەمکێکی ژان بۆدریارە کە پیچەوانەی ‌ڕووخانە بەرەو دەرەوە کە گوایا مێژوو پیشتر بەو جۆرە کاریکردووە و لەمەودوا بە جۆرێکی تر کە تەقینەوە و ‌ڕمانە بۆ ناوەوەی خۆی. بەم زووانە کتێبێک لەسەر فیکر و بۆچوونەکانی بۆدریار لەلایەن پرۆژەی نێگەتیڤەوە بڵاودەبێتەوە کە ڕەخنەی هەمەلایەنەی ئەم فەیلەسوفە بیرتیژە پیشاندەدات دەربارەی داڕووخانی جیهان بۆ ناو خۆی...

هیواداریشم دەربڕینی نەگونجاو نەنوسرێت و باسەکە فیکرە و هیچی تر.

  • 1