ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی کاری میدیایی کە پەیوەندی بە کارتێکردنی دەزگاکانی میدیا لەسەر داڕشتن و گەڵاڵەکردنی ڕای گشتییەوە هەیە، دانانی ڕیزبەندی، و پاشوپێش خستنی گرنگی ئەو بابەتانەی کە دەزگاکانی میدیا لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەیخاتە ڕوو. ئەم بابەتە لە کاری میدیایی بە تیۆری "دانانی ئەجیندەکان" ناودەبرێت، و ئەو ڕیزبەندی و پاشوپێش خستنە لە دانانی ئەجیندەکان لە ئاستی ناوخۆیی و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پەیڕەو دەکرێت.

بنەمای تیۆری دانانی ئەجیندەکان بۆ نووسینەکانی واڵتر لیبمان دەگەڕێتەوە، کە لە ساڵی 1922 ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی دروستکردنی پەیوەندیی نێوان ئەو ڕووداوانەی کە ڕوودەدەن، لەگەڵ ئەو وێنەیەی لە ئەندێشە و زهنی جەماوەردا دروست دەبێت، دەبینن. بەم جۆرەش هەندێ دەزگای ڕاگەیاندن دەتوانن ژینگەیەکی ئاوەژوو لە عەقڵی جەماوەردا دروست بکەن، و ڕای گشتی بەئاراستەیەکی دیاریکراودا ببەن.

خستنە ڕووی پرسی کوردستان لە سەر ئاستی ناوخۆیی و لە ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بابەتێکی گرنگی باسکردنی دەزگاکانی میدیایە کە هەر یەک لە لایەنەکانی ئەو هاوکێشەیەی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەکات، و بە شێوازی جۆراجۆر ڕووداوەکان دەخەنە ڕوو، و کار بۆ داڕشتنی ئەو وێنەیە دەکەن کە خوازیارن لە عەقڵی ڕای گشتیدا هەبێت. کاتێک باس لە ڕووداوێکی دیاریکراو سەبارەت بە پرسی کوردستان دەکرێت، ئەوا خستنە ڕووی جیاواز سەبارەت بە چۆنێتی ڕووداوەکە و شیکردنەوە و کارتێکردنەکانی بەدی دەکرێت، و دەزگاکانی میدیای کوردستان، و میدیای ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە و نەیارانی پرسی کوردستانن، و میدیاکانی وڵاتە زلهێزەکان کە بەرژەوەندییەکانیان ئاراستەی سیاسەتەکانیان دەکات، هەر یەک بە شێوازی جیاواز و بە مەبەستی کارتێکردن لەسەر وەرگری هەواڵ و جەماوەردا، باس لە بابەتەکە دەکەن، و هەڵبەتە پێوەری سەرەکی لە داڕشتنی هەڵوێستەکان لە سەرجەم ڕووداوەکاندا بەندە بە هەڵوێست وەرگرتن لە پرسی کوردستان.

لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دانانی ڕیزبەندی لە بواری میدیادا بەشێکە یان دەتوانین بڵێین بەردەوامبوونی ململانێیە لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان سەبارەت بە پرسێکی دیاریکراو. کاتێکیش باس لە پرسی کوردستان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دەکەین ئەوا ئەم بابەتە لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن پەرەسەندنی مەزن بە خۆوە دەبینێت، گرنگییەکی زیاتری هەیە.

ئەمڕۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن بازدانی بێ سنووری لە بواری گەشەپێدان و هەمەجۆری بە هۆی شۆڕشی زانستی و تەکنەلۆجی بەتایبەتی لە بواری گەیاندن، بە خۆیەوە بینیوە، و هۆکارەکانی ڕاگەیاندن لە نووسینی ڕۆژنامەگەری و تەلەفزیۆنەوە کە تاک هەر تەنیا وەرگر بووە، گەیشتۆتە تۆڕە جۆراجۆرەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی کە تاک بەشدارە، و بە شێوازی ڕواڵەتی ئەم بەشداریکردنە دەچێتە خانەی فراوانی ئازادییەکان، و ڕادەربڕین، بەڵام لە لایەکی دیکەوە بە هۆی شارەزایی کەڵەکەبووی ئەو دەزگایانە و ئەزموونیان لەسەر ئاراستەکردنی ڕای وەرگری هەواڵ، خودی ئەو وەرگرە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاراستەیەکی دیاریکراوی ئەو دەزگا زەبەلاحانە ئاراستە دەکرێت و دەبێتە بەشێک لە هەڵمەتی ڕیکلامکردن بۆ بۆچوونی خودی ئەو دەزگایانە سەبارەت بە ڕاوبۆچوونەکانیان سەبارەت بە بابەتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.

ئەو بابەتانەی کە میدیا وەک بابەتی نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ دەکات هەمەچەشنن. بەشێک لەو بابەتانە سروشتێکی مرۆییانەی هەیە وەک بابەتی ژینگە و دژایەتیکردنی هەژاری و گرفتی ئایکۆلۆجی و ئەو کێشانەی هەڕەشە لە ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن، و بابەتەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئابووری جیهانی.

کێشەی گەلانی زۆرلێکراو، و پاشماوەکانی کۆلۆنیالزم، و جینۆساید و ... هتد، بەشێکە لەو بابەتانەی کە میدیای جیهانی بە ئاستێکی کەمتر، مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. 

جاران کە باسی ڕۆڵی میدیا سەبارەت بە هەڵوێست لە کێشەکان، دەکرا، زیاتر ئەو ڕۆڵە لەوە دەبینرا کە بڕیاری سیاسی وەردەگیرێت کە پەیوەندی بە دەزگای ئەمنی دەوڵەتان و ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، و لەوێدا دادەڕێژرێت، و پاشان ڕۆڵی ڕاگەیاندن بۆ ڕەوایەتیپێدانی بڕیاری سیاسی بووە، و هەر بەو ئاراستەیەش شیکردنەوە بۆ ڕووداوەکان دەکرا. بەڵام لە هەلومەرجی ئێستادا ڕاگەیاندن شان بە شانی پلەکانی داڕشتنی بڕیاری سیاسی بەشدار دەبێت، و پێش ئەنجامدانی ڕووداو، زەمینەی بۆ خۆش دەکات.

سەرەڕای ئەم حاڵەتانەی کە بەرژەوەندی باڵا و ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەتان دەستنیشانی دەکات، کارکردن بۆ ڕیزبەندیکردنی ئەو پرسانەی کە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا سروشتێکی مرۆیی هەیە، یان پەیوەندییان بە مافی گەلێکی زۆرلێکراو و شاڵاوی جینۆساید هەیە، لە لیستی پێشەوەی بایەخدانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کارێکە ئەگەر و بواری ئەنجامدانی هەیە، بەڵام ئەم کارە لە لایەن خاوەن و داکۆکیکەرانی ئەو پرسە پێویستی بە داڕشتنی پلانی کارکردن هەیە.

پرسی کوردستان یەکێکە لەو پرسانەی سەرەڕای عەدالەت و ڕەوابوونی، بە شێوەیەکی کاریگەرانە لەسەر لیستی پێشەوەی ڕیزبەندی میدیای نێودەوڵەتیدا نییە. هۆکاری ئەم بابەتە بۆ کۆمەڵێک خاڵ دەگەڕێتەوە، لەوانە:

ــ هەڵوێستی دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان بەتایبەتی ئەوانەی دوای سایکس پیکۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتیان دابەشکردووە و کارتێکردنیان لە سەر میدیای جیهاندا هەیە، و لە عەقڵیەتی ئەو دابەشکردنە قورتار نەبوونە.

ــ بوونی بەرژەوەندی زلهێزەکان لەگەڵ ئەو دەوڵەتە ناوەندییانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە. ئەو بەرژەوەندییانە بواری ئابووری و وزە، و بابەتی ئەمنی دەگرێتەوە.

ــ نەبوونی گوتاری کوردستانی یەکگرتوو، و زاڵبوونی بەرژەوەندی حزبی لەسەر بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی کوردستانی، کە ئەمەش کارتێکردنی نێگەتیڤانەی لەسەر خودی تاکی کوردستانی لە بواری بانگەشەکردن و داکۆکیکردن لە پرسی کوردستان هەبووە. 

ــ نەبوونی لۆبی کوردستانی کاریگەر بە جۆرێک کارتێکردنی بەردەوامی لەسەر خستنە ڕووی پرسی ڕەوای گەلی کوردستان هەبێت.

کارکردن بۆ دانانی پرسی کوردستان لە سەرەتای لیستی ئەجیندە نێودەوڵەتییەکان لە بواری میدیا و سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندندا یەکێکە لە ئەرکە تێکۆشەرەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان کە دەبێ بە هەند وەربگیرێت. 

  • 1