ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

هەرچەندە کێشەکانى نێوان هەرێم و حکوومەتى مەرکەزى کۆنن و کەڵەکەبووى ساڵانى پێشووترن، بەڵام بە جۆرێکى سەرنجڕاکێش لەسەردەمى حوکمى نوورى مالیکیدا سەخت و قووڵتر بوونەوە ..

(مادەى 140، نەوت و گاز، پێشمەرگە، پەیوەندى هەرێم لەگەڵ دەرەوە) هەتا ئەوە بوو بارگرژى گەیشتە ئەو ئاستەى کە (هێزى دیجلە)ى بۆ پەلاماردانى هەرێم پێکهێنا! خۆ ئەگەر داعش هێڕشی نەکردایە، شەڕەکە لەگەڵ هەرێمدا ڕووى دەدا !!

مالیکى دواى ئەوەى شوێنپێیەکى بۆ خۆى لە نێو بزووتنەوە نەتەوایەتییەکەى کوردا پەیدا کرد بە شێوەیەکى نامرۆڤانە و ناهاونیشتمانییانە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى بڕى، ئەم هەڵوێستە دوژمنکارانەیە، هەرێمى خستە گێژاوى قەیرانێکى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتییەوە، حکوومەتى ئەوکاتەى هەرێمیش کە هەرگیز بیرى لە ڕۆژى تەنگانە نەکردبووەوە بەرانبەر بەو کارە ناڕەوایەى بەغدا پرۆژەى پاشەکەوتى مووچەى زۆرەملێى بەسەر مووچەخۆر و خانەنشین و تەنانەت کەمئەندامانیشدا فەرز کرد، کە بێجگە لە (خواپێداوەکان، سەرکردەکان، مووچەخۆرى تایبەتى حزبەکان، بەشى هەرەزۆرى خەڵکى گرتەوە، کار و کاسبى کز و کەلەلا کرد، پاشاگەردانى خستە بازاڕەوە، زۆربەى کۆمپانیا بێگانەکان وڵاتیان بەجێهێشت، پرۆژکان لە نیوەڕێ ڕاوەستان و هەڵوەشانەوە، هەژارى و بێکارى پەرەیسەند، کۆچکردن لە لادێوە بۆ شار و لە هەردوو لاوە بۆ هەندەران زیادی کرد! شیرازەى کۆمەڵگە لێکهەڵوەشا، ئەم حاڵەتانە ناکۆکى و ململانێى حزبە حوکمڕانەکانى هێندەى تر سەخت و قووڵتر کرد و گەیشتە پەلاماردان و بارەگا سووتاندن و شەڕى پڕوپاگەندە و تاوانبارکردنى یەکترى سەبارەت بەو مەینەتییانەى ڕوویان دەدا!! سەربارى ئەمانە هەمووى هێرشى داعش ئاراستەى هەرێم کرا بۆ داگیرکردنى هەولێر)، کورد واتەنى (ماڵ لە خۆیدا نەبوو میوانیش ڕووى تێکرد)!!

ئەم ڕووداوە چاوەڕوان نەکراوەیش دەرگاى بۆ بێگانە واڵاکرد و بەناوى یارمەتیدانى (چکە چکەى) پێشمەرگەوە بەتاک و بە کۆمەڵ ڕژانە هەرێمەوە بە دواى هەریسەکەدا نەک لەبەر خاترى چاوى کاکى کورد!

لە گەرمەى ئەم بەزم و ڕەزمەدا ئەمریکا بە گەرمى مەسەلەى پێکهێنانى دەوڵەتى کوردى هێنایە کایەوە بۆ تەفرەدان و چاوبەستیى خەڵکە نەتەوەخوازە سادە و ساکارەکە!!

ئەوەبوو پڕوپاگەندەکان ڕایان گەیاند کە دامەزراندنى دەوڵەتى کورد هەموو شتێکى تەواو بووە تەنیا ئۆکەى ( OK) نەبێ لەلایەن سەرۆکى ئەمریکاوە، ئەویش لە ئەمڕۆ یان سبەیدایە!! بەڵام کورد واتەنى (قولى ڕەش و سپى لەو بوارەدا دەردەکەوێ)  .

کاتێک پرۆسەى (ڕیفراندۆم) ڕاپرسى گشتى گەلى کورد هاتە کایەوە، هەڵوێستى ئەمریکا لە هەڵوێستى ئێران و بەغدایش خراپتر بوو کە لە کارەساتەکەى 16ی ئۆکتۆبەرى 2017 ڕەنگى دایەوە و بە پشتیوانى ئەوان هەرچى ئەو ناوچە کوردستانییانەى داعش زەوتى کردبوو و پێشمەرگە بە خوێن لە چنگى ژەهراوى  ئەو دەرى هێنا بوو، کەوتنەوە ژێر دەستى حکوومەتى بەغدا و  بوو بە مەینەتییەکى تر و سەپێنرا بەسەر خەڵکى (کەرکووک) و دەوروبەریدا و شکستییەک بۆ بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد بە تێکرایى، هەرچەندە پرۆسەکە سەرکەوتوو بوو وەک ڕۆژێکى مێژوویى لە خەباتى گەلى کوردا دیارى دەکرێ .

ئەم ڕووداو و کارەسات و مەینەتییانە تێکڕا بارودۆخى سیاسى و ئابوورى و کۆمەڵایەتى و ئیدارى هەرێمى (5-6) ساڵ گەڕاندەوە دواوە، ئەرک و کێشە کۆنە پەنگخواردووەکانى لەگەڵ کار و خواستە نوێیەکاندا پێکەوە کرد بە خەرمانێک کێشە و داخوازى و خستییە ئەستۆى حکوومەتى کاک مەسروور بارزانى !! .

پرسیارەکە لێرەدایە، ئاخۆ ئەم حکوومەتە کە پاش (10) مانگ مشتومڕ و کۆبوونەوە و بێنەوبەرە پێکهات، بتوانێ ئەو کێشە و ئەرکە کەڵەکەبووانە چارەسەر بکات؟! پێش ئەوەى پێشینان واتەنى (تفەنگ بنێین بە تاریکییەوە) دەڵێم؛ ئەم حکوومەتە تێکڕا هەر لە نوێنەرانى حزبە گەورە حوکمڕانەکانى پێشوو و پێشووتر پێکهاتووە .

ناکۆکى و دووبەرەکى و خواستى هەریەک ئەو حزبانە ئەگەر لە جاران زۆرتر نەبێ کەمتر نییە، هەروەها ڕاوبۆچوون و لێکدانەوەیان سەبارەت بە پاشەڕۆژى هەرێم هەر وەکو جارانە، واتە ئەم جیاوازییانە لە ڕەوتى ئایندەى حکوومەتەکەدا بە خێرایى ڕەنگ دەداتەوە .

بارى دارایى و ئابوورى هەرێم، قەرزارى، نەک هەر یارمەتیدەر نییە، بەڵکو دەرگا بۆ قەرزکردن بۆ قەبووڵکردنى مەرج و بیانووى خاوەنى قەرزەکان دەکاتەوە، کە بێگومان بە قازانجى ئەوان دەگەڕێنەوە نەک هەرێم .. 

باردۆخى ئاڵۆز و پڕ لە گرفتى ناوچەکە (کێشەى ئێران و ئەمریکا)، دیسان بوارى زیاتر دەخوڵقێنێ بۆ دەستتێوەردانى بێگانە لەم هەرێمەدا، چونکە هەرێم لە ناو جەرگەى ناوچەکەدایە و هاوسنوورى ئێرانە .

وەک زۆرجار بڵاوکراوەتەوە لە (73%)ى داهات و بودجەى هەرێم دەدرێ بە مووچە، بە جۆرێکى بێ سەر و بێ حساب واتە تەنیا (27%) بۆ هەموو کار و بارەکانى وڵاتەکە !!

ئەم هەرێمە چەندین ساڵە بێ دەستورە و پێویستى بە کۆمەڵە یاسایەکى هاوچەرخ و دیموکراسییانە هەیە کە زیادەڕۆیى و تایبەتمەندى و ڕەفتارى ئارەزوومەندانە لە هەموو کاروبارەکانى حکوومەتدا بسڕێتەوە .

حکوومەتێک ڕووبەڕووى ئەو هەموو کێشە و گرفتانە ببێتەوە دەبێ یەکگرتوو بێ بە گوفتار و بە کردار، ئەمەیش وەستاوە لەسەر ڕادەى هاوڕایى و هاوهەڵوێستى ئەو حزبانەى پێکیانهێناوە، کە بەردى بنچینەییە بۆ سەرکەوتنى حکوومەت. لەم عێراقەدا پێکهاتەکەى کورد نەیار و دوژمنى زۆرە، بۆیە پێویستە ژیرانە و واقعیانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێ، کورد واتەنى ((بەقەدەر بەڕەکەى پێ ڕابێکشێ)) بارودۆخەکە واقعییانە هەڵبسەنگێنرێ.

جا، تۆ بڵێى ئەم حکوومەتە، ئەم بارە گەورە و گرانە هەڵبگرێ، بە ئەنجامى بگەیەنێت؟!