ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەبووایە چەندین کۆبوونەوە لەنێوان لایەنە کوردى و عەرەبى و تورکمانییەکاندا ئەنجام بدرایە. بۆ ئەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کۆبوونەوەى بکردایە، بۆ یەکلاییکردنەوەى پارێزگار و گەڕانەوەى بەڕێوەبەرە کوردە لابراوەکان بۆ سەر پۆستەکانیان.

ئەگەر سەیرى تابلۆکە بکەین ساردبوونەوەیەک لە جێبەجێکردنى دانانى پارێزگارە نوێیەکە دەبینرێت. لەهەمان کاتدا پەرلەمانى عێراق بڕیارى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووکیان دا، وەکو پارێزگاکانى ترى عێراق.

نزیکەى چواردە ساڵە لە شارى کەرکووک هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک نەکراوە، بەهۆى ململانێیەکانى نێوان نەتەوەکان و ڕێکنەکەوتن لەسەر یاساى هەڵبژاردن. دەتوانین بڵێین ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک پیرترین ئەنجوومەنە لەمێژووى عێراقى دواى بەعسدا.

بەعەرەبکردن و ڕەتاندنى بەڕێوەبەرە کوردەکان لەشارى کەرکووک، هێنانى عەرەبى هاوردە بۆ سەر گوندەکانى ناوچەى لەیلان و سەرگەڕان و داقووق و شوان دەبووایە ئەوە ببووایەتە باشترین دەستپێکردن بۆ کارکردن و دانانى پارێزگارە نوێیەکە تاکو کۆتایى بە هەموو ئەو کردەوانە بهێنرێت.

دەبیستین کە گوایە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە شارى بەغدا کۆبوونەوەیەک ڕێک دەخەن بۆ باسکرنى دانانى پارێزگار و پۆستەکانى ترى پارێزگاى کەرکووک، هەرچەند کۆبوونەوەکە گرنگە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لە هەر شارێک یان گوندێکى هەرێمى کوردستان یان عێراق بە مەرجێک نیەتى چارەسەرکردنى کێشەکان هەبێت . 

پیشتر ئەم پیشنیارانە هاتنە پێشەوە، بەڵام بەهۆى ئامادەنەبوونى ڕێبوار تاڵەبانى سەرۆکى ئەنجوومەن لەسەر لیستى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان و ئەندامانى ئەنجوومەنى سەر بە پارتى دیموکراتى کوردستان بەهۆکارى ئەوەى تاکو بارودۆخى کەرکووک ئاسایى نەکرێتەوە ناینەوە کەرکووک . 

دەیانگوت: کۆبوونەوەى ئەنجوومەن لە قەرەهەنجیر، هەولێر، سلێمانى بکرێت ئامادە دەبین. پرسیارەکە ئەوەیە بارودۆخى کەرکووک ئاسایى نەبۆتەوە و حوکمى سەربازى بەردەوامە و حەشدى شەعبى لەکۆى پارێزگاى کەرکووک بوونیان هەیە. بۆیە هەست بەساردبوونەوە دەکرێت لەدانانى پارێزگارە نوێیەکە، ڕەنگە کارەکان تەنیا کات کوشتن بێت، لەکاتێدا نۆ مانگ ماوە بۆ وادەى هەڵبژاردن ئایا پارێزگارە نوێیەکە تەنیا بۆ ئەو نۆ مانگەیە.

  • 1