ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەیوەندی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی لە کوردستانی باشووردا ئاڵۆزی و تێکەڵییەکی گریی پێوە دیارە، و متمانەی هاووڵاتی بە دەسەڵات لاوازە. کاتێک بیر لە بنیاتنانی پەیوەندییەکی لەبار و گونجاو، و هاوسەنگی نێو هەردوو لایەنی هاوکێشەی دەسەڵات ــ هاووڵاتی دەکرێتەوە، کە تیایدا دەسەڵات ڕەوابوونی خۆی لە ئیرادەی خەڵک وەربگرێت، زۆر گرنگە سەرجەم گرفتەکانی ئەم پەیوەندییە بە پێی واقیعی بەرجەستەکراو دەستنیشان بکرێت، و کار بۆ چارەسەرکردنی لە چوارچێوەی گواستنەوەی ڕاستەقینە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی دیموکراسی، و پیادەکردنی چەمکی "حکوومەتی باش"، بکرێتەوە.

هەڵبەتە بنەمای سەرەکی گرفتەکان بۆ سەروەری پەیوەندییە تەقلیدییەکانی پێش تازەگەریی سەرمایەداری، و کەڵەکەبوونی ئەو ڕەفتار و کار و کردەوانەی کە لە سەر بنەمای داپڵۆسین و سڕینەوەی بەرانبەر ئەنجام دراوە، دەگەڕێتەوە.

لە ئاماژەکردن بۆ گرفتە جۆراجۆرەکانی ئەم بوارە، کۆمەڵێک خاڵ دەستنیشان دەکرێت، لەوانە:

1ــ لاوازی نەریتی دیموکراسییانە لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات، و مانەوەی میراتییەکی قورس و دژواری پراکتیزەکردنی بیرۆکراتی و دوورکەوتنەوە لە کاری دامەزراوەیی، و مانەوەی ئەو ڕێنماییانەی کە پشت بە ناوەندێتی ڕەها، و پێنەدانی زانیاری بە هاووڵاتییان، و نەبوونی میکانیزمەکانی چاودێری جەماوەری دەبەستێت. هەڵبەتە گۆڕانکاری لەم ڕەوشەدا تەنیا بە درووستبوونی دەسەڵاتی نوێ، یان ئاڵۆگۆڕکردنی دەسەڵات، ئەنجام نادرێت، چونکە ئەو دەسەڵاتە نوێیە مامەڵە لەگەڵ تۆڕێکی فراوانی کەسان و کارگێڕانی ئیداری دەکات کە ڕێنماییە ئیدارییەکانی پێشووتر بە نەریتێکی وەزیفی پیرۆز دەزانن، و پێیان وایە دوور لەو نەریت و ڕێنماییانە کە پێشتر لەسەری ڕاهاتوون، کاری حکوومەت و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی، بەڕێوە ناچێت.

2ــ سەقامگیرنەبوونی نەریتی دیموکراسی لە ژیانی سیاسی و لە کۆمەڵگادا کە بتوانرێ چارەسەری دیاردەکانی حزبایەتی بەرتەسک لە کاری سیاسی و لە ئیدارەدانی دامودەزگاکانی حکوومەت، بکرێت. لە ڕێگای دەستێوەردانی حزب لە کاروباری حکوومەتدا کەسانێک لە دامەزراوەکانی حکوومەت بەدەر لە پێویستی پێیان دامەزران، و ئەمەش تا ئێستا گرفتی لە ڕێکخستنی وەزیفەی گشتی پەیداکردووە.

3ــ لاوازبوونی نەریتی دیموکراسی لە کاری حزبیدا، کە ئەمەش وای کردووە تاقمی سیاسی لە جیاتی سەرجەم ئەندامانی حزب بیربکەنەوە، و بڕیار بدەن، جگە لە دیاردەی هەژموونی دەزگای ئەمنی لە نێو حزبدا.

4ــ بەردەوامبوونی دیاردەی دوو ئیدارەیی بە شێوازی جۆراجۆر کە ئەمەش کارتێکردنی نێگەتیڤانەی بەسەر گەڵاڵەکردنی بڕیار و جێبەجێکردنی، جێهێشتووە.

5ــ فراوانبوونی شێوازەکانی گەندەڵی ئیداری، و دیاردەی دەوڵەمەندە نوێیەکان، و لە بەرانبەریشدا سەرهەڵدانی دیاردەری توێژە پەراوێزخراوەکان کە لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان بێبەشن.

تێکڕای ئەم خاڵانەی ئاماژەمان پێ کرد، دیاردەی لاوازی متمانەی هاووڵاتی بە حکوومەت دروستکردووە. ئەمەش پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە. 

گرنگە باسکردنی چارەسەرییەکان تەنیا لە بازنەی جەخت کردن لە سەر ئەنجامدانی حکوومەت و دامودەزگاکانی بۆ ئەرکی خۆی بە شێوەیەکی پرۆفشیناڵ نەبێت، چونکە ئەم بابەتە لە حاڵەتی کوردستانی باشوور فراوانترە لەوەی کە دەبێ ئەم حکوومەتە وەک هەر حکوومەتێکی باش لەم جیهانەدا بە پێی پێوەرەکانی چەمکی "حکوومەتی باش"، کارەکانی ئەنجام بدات. لە کوردستانی باشووردا ئەم حکوومەتە جگە لەو ئەرکانە، بەشێک لە ئەرکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانی کەوتۆتە ئەستۆ، و دەچێتە نێو گفتوگۆ و دانوستانەوە لەگەڵ حکوومەتی ناوەند، و لایەن و هێزی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەندێ بابەت کە پەیوەندییان بۆ نموونە بە مادەی 140 و چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، و سەرجەم مافەکان و چارەنووسی گەلی کوردستانەوە، هەیە. لەم ئەرکەشدا گرنگە ئەم دەسەڵاتە پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم هێزە سیاسییەکان و جەماوەری گەلەکەمان بە شەریکی خۆی بزانێت، و جەخت لە سەر هۆکاری نێوخۆیی بکاتەوە کە بریتییە لە ئامادەبوونی جەماوەر بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکان و تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی.

هەڵبەتە ئەگەر دەسەڵات بیەوێ پشت بە توانا و ئیرادەی جەماوەر بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و تێکۆشان بۆ سەربەخۆیی، ببەستێت، ئەوا پێویستە پێداچوونەوەیەکی تەواو بۆ پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هاووڵاتییدا بکات، و ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکات:

1ــ پێداچوونەوەی بە میکانیزمەکانی کاری پەرلەمانی لە ڕێگای گەیاندنی پرۆژەی یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمان بۆ خەڵک، بە مەبەستی فراوانکردنی بەشداری خەڵک لە گفتوگۆکردن سەبارەت بەو پرۆژانە. گرنگە لێژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان کۆڕ و کۆبوونەوەی فراوان سەبارەت بە کار و چالاکی و پرۆژەکانیان بۆ جەماوەر بکەن.

2ــ بڕیاردانی دەستووری هەرێمی کوردستان کە ماف و ئازادییەکانی تاکی کوردستانی مسۆگەر بکات، و جەختکردنەوە لەسەر نەریتی نیشتمانی کوردستانی لەسەر ڕۆشنایی چەمکی هاووڵاتیبوون، و مافی مرۆڤ، و دەستوور.

3ــ گرنگیدان بە توێژە پەراوێزخراوەکان، و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانیان، و ئامادەکردنی خزمەتگوزاریی پێویست کە ژیانی پڕ کەرامەتیان بۆ مسۆگەر بکرێت.

4ــ بابەخدان بە ژنان و لاوان، و زەمینە خۆشکردن لە بەردەمیان کە بتوانن لە ناوەندی سەرکردایەتی کاری حکومیدا ڕۆڵی کارا بگێڕن.

5ــ مامەڵەکردن بە جۆرێکی ڕوون و شەفاف لەگەڵ میدیا و دەزگا جۆراجۆرەکانی ڕاگەیاندن، و پێدانی زانیاری پێویست پێیان.

6ــ کاراکردنی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، و دەستێوەرنەدان لە کاروبار و چالاکییەکانیان، و پاراستنی سەربەخۆییان وەک پێکهاتەی سەربەخۆی ڕاستەقینە دوور لە دەسەڵاتی سیاسی.

7ــ مامەڵەکردنی پۆزەتیڤانە لەگەڵ چالاکییە جەماوەرییەکان بەتایبەتی مانگرتن و خۆپیشاندانەکان، و دوورکەوتنەوە لە مامەڵەکردنی دەسەڵات لەگەڵ سازکردنیاندا لە ڕوانگەی عەقڵیەتی ئەمنییەوە.

8ــ کارکردن بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی چلۆنایەتی لە ژیانی سیاسی کوردستاندا لە ڕێگای بنیاتنانی وابەستە و پابەندبوونی حزبایەتی لەسەر بنەمای بەرنامەی سیاسی، و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، و دەربازبوون لە پەیوەندی خێزانی و عەشیرەتگەری و ناوچەیی لە کاری حزبایەتی و ژیانی سیاسییدا. 

9ــ جیاکردنەوەی کاری حزبی لە کاری بەڕێوەبردنی دامودەزگانی حکوومەت.

10،، دانانی بەرنامەیەکی گەشەپێدانی سیاسی بە مەبەستی بنیاتنانی دیموکراسی و کاراکردنی ڕۆڵی هاووڵاتی لە ڕێگای میکانیزمێکی ڕوون و کردەیی، وەک ئەرکێکی سەرەکی نیشتمانی.

 

  • 1