ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالیستی بە تایبەتمەندی چینییەوە

پەرەسەندنی پرەنسیپەکانی سیاسەتی هاوپەیمانی

بەشی یەکەم

بزووتنەوەى کرێکارى و سۆشیالیستى جیهانى، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، و بە تێپەڕبوونی بە بارودۆخی مێژوویی جیاوازدا، خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە بوارى هاوپەیمانیدا، و لە میانەى کەڵەکەبوونی پراکتیک و کاری شۆڕشگێڕی، لایەنى تێۆرى تیایدا گەڵاڵە بووە. مەبەستی سەرەکی لە سیاسەتی هاوپەیمانی، هۆشیارکردنەوە و ڕێکخستن و تەیارکردنى ئەو هێزانە بووە، کە لە بارودۆخێکى دیاریکراودا بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی تێکۆشەرانە، دەبنە هێزی بزوێنەرى پرۆسەى گۆڕانکاری کۆمەڵایەتى.

   لە مانڤێستى کۆمۆنیستیدا بەشێوەیەکى ڕوون و بەرچاو ئاماژە بەکارى هاوبەشى شیوعییەکان لەوڵاتە جیاجیاکاندا کراوە، و ئەمەش لە کارى نێونەتەوەیی یەکەم لە نێوان ساڵانى 1864 تا 1872، و لە کاری نێونەتەوەیی دووەمدا، ڕەنگیدایەوە. سیاسەتی هاوپەیمانی هۆکاری کۆتاییهاتن بە نێونەتەوەیی دووەم بوو کە ساڵى 1889 دەستى بەکارەکانى کرد، و لەگەڵ سەرەتای یەکەمین شەڕی جیهانیدا کۆتایی پێهات، و هەندێک لە حزبەکان بەبیانووى (بەرگرى لە نیشتمان) لە یەکەمین جەنگی جیهانی ناعادیلانەی ساڵی 1914دا، هاوپەیمانی حکوومەتە بۆرژواکان بوون.

   گرنگى سیاسەتى هاوپەیمانی دواى دروستبوونی نێونەتەوەیی سێیەم کە چالاکییەکانى دەکەوێتە ماوەى نێوان 1919 و 1943 ڕوونتر بوو. ئەوە بوو نێونەتەوەیی سێیەم توانی ڕیزەکانی سەرجەم هێزە دیموکراسى و ئاشتیخوازەکان یەک بخات، و لەمەسەلەى ڕزگارکردنى مرۆڤایەتى، و گەلانی جیهان لە مەینەتییەکان جەنگ و کۆنەپەرستی و فاشیزمدا، کاریگەر بێت.

   لەسەردەمانى مەترسییەکانى فاشیزم و نازییەتدا، و پاشان لە تێکۆشان و موقاوەمەت لە پێناوی ڕزگاری نیشتمانی دژ بە کۆلۆنیالیزم، و لە میانەی تێکۆشان لە پێناوی تەواوکردنی ئەرکەکانی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی، بەشێکى زۆرى سەرکردە شیوعییەکان چەمکی "بەرەى نیشتمانى یەکگرتوو"یان، خستە ڕوو.

   سەرەتاکانی چەمکی دامەزراندنی بەرەی یەکگرتوو لە ئەزموونی سیاسی وڵاتی چیندا، لە ماوەی دەستپێکردنی کاری سیاسیی دوای شەڕی ئەفیون ساڵی 1884 و بڵاوبوونەوەی تیۆری سیاسی ڕۆژئاوایی و سەرهەڵدانی سیاسەتی حزبی، جیاناکرێتەوە، و ئەوە بوو لە ساڵی 1905 سون یات سن "کۆمەڵەی هاوپەیمانی" وەک یەکەمین حزبی سیاسی هاوچەرخ، دروستکرد. لە دوای شۆڕشی 1911 حکوومەتی کاتی کۆماری چین دەستووری کاتی کۆماری چینی بڕیاردا کە ئاماژە بە سیستەمی پەرلەمانی ڕۆژئاوا دەکات، و ماوەی بە دامەزراندنی پێکهاتە و گرووپی سیاسی دا. 

لەو ماوەیەدا 312 حزبی سیاسی گەورە و بچووک دروست بوو. بەڵام دوای شکستهێنانی شۆڕش و سەرلەنوێ گەڕانەوەی سیستەمی ئیمپراتۆری، و بەهێزبوونی سیستەمی فیوداڵی لە چیندا، ئەو هەوڵدانە بۆ مانەوەی فرەحزبی کۆتایی هات.

پێش شەڕی بەرەنگاری دژ بە ژاپۆن، (حزبی کۆمینتاغ)ی تشیانگ کای شیک (حکوومەتی نیشتمانی نانجینگ)ی دامەزراند، و دەسەڵاتەکان لە چوارچێوەی "یەک حزب، یەک مەزهەب، یەک سەرکردە"، پیادەکرا، و ماوە بە ئازادی کاری حزبی بە هیچ لایەنێکی سیاسی نەدرا.1

بەڵام لەگەڵ بەرپابوونی جەنگی بەرەنگاربوونەوە دژ بە داگیرکەرە ژاپۆنییەکان، ئەم حکوومەتە ماوەی بە کاری سیاسی حزبی شیوعی و چەند حزبێکی دیکە دا، هەرچەندە فشار و ئاستەنگی بۆ کار و چالاکییەکانی حزبی شیوعی دادەنا.

لەو هەلومەرجەدا، حزبی شیوعی چین لە ڕوانگەی واقیعی بەرجەستەکراوی کۆمەڵگاوە دەستنیشانی ئەرکە سیاسییەکانی کرد، و میکانیزمی گونجاوی خستە ڕوو، هەر بۆیە لە بەیاننامەیەکی خۆیدا لە ساڵی 1933، و بە مەبەستی ڕێکخستنی موقاوەمەت دژ بە داگیرکەرە ئیمپریالیزمە ژاپۆنییەکان، ئامادەبوونی خۆی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ یەکەکانی چەکدارانی کۆمینتانگ بە مەرجی ڕاگرتنی شاڵاو بەسەر سوپای سوور، و پێدانی ئازادی بۆ جەماوەر، و چەکدارکردنی جەماوەری گەل، دەڕبڕی.

هەروەها لە ئابی 1935دا جارێکی دیکە حزبی شیوعی چین داوای لە سەرجەم حزبە سیاسییەکان و جەماوەری گەلی چین کرد کە یەک سوپای یەکگرتوو دژ بە داگیرکەرەکانی ژاپۆن، و یەک حکوومەتی بەرگری نیشتمانی  پێکبهێنن. لە 1936دا سوپای سوور داوای ڕاگرتنی شەری ناوخۆیی و یەکگرتنی دژ بە ژاپۆن کرد. ئەوەبوو لە کۆتایی 1936 شەڕی ناوخۆ ڕاگیرا و دانوستانی نێوان هەردوو لایەن دەستی پێکرد، و کۆمینتانگ قایل بوو کە شەڕی ناوخۆ ڕابگیرێت، و دیموکراسی و ئازادی جێبەجێ بکرێت، و بەرەی نیشتمانی دروست بێت، و کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران بکرێت، و ژیان و گوزەرانی گەل چاک بکرێتەوە، و بەرانبەر ئەمەش حزبی شیوعی قایل بوو کە ناوی سوپای سوور بگۆڕێت، و سیستەمی دیموکراسی نوێ لە بنکە شۆڕشگێرییەکاندا جێبەجێ بکرێت، و دەستبەسەراگرتنی زەوی خاوەن موڵکە گەورەکانی، ڕابگیرێت. لە ئاکامی ئەم هەنگاوانە تشیانگ کای شیک دانی بە شەرعیەتی حزبی شیوعی دانا و بەرنامەی هاوبەشی کارکردنی هەردوو حزب، ڕاگەیەنرا.2

ئەم هەنگاوانە و سیاسەتی حزبی شیوعی چین لە ساڵی 1924وە وەرچەرخانێکی مەزن بوو لە مێژووی شۆڕش و تێکۆشان دژ بە داگیرکەران و لەلایەن گەلانی جیهانەوە پێشوازی لێکرا، و لە کۆتاییدا بوو بەوەی کە شەڕی بەرەنگاربوونەوە سەرتاپای وڵات بگرێتەوە.

ماو تسی تۆنگ باس لە گرنگی بەرەی نیشتمانی یەکگرتوو، و بوونی ڕێبازێکی یەکگرتوو، دەکات بە جۆرێک نەک تەنیا دوو حزب بگرێتەوە، بەڵکو سەرجەم حزب و گرووپە سیاسییەکانی وڵات وەک بەشێک لە ئامۆژگاری و بۆچوونەکانی سۆن یات سن بۆ هاندانی جەماوەر بۆ ڕزگاری نیشتمانی، و بۆ ئەم مەبەستەش حزبی شیوعی بەرنامەیەکی دە خاڵی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکردنی وڵات لە لایەن ژاپۆنەوە، ڕاگەیاند. ئەم بەرەیە لە ساڵی 1924 تا 1927 مایەوە، و پاشتر بەهۆی جێبەجێنەکردنی پرەنسیپەکانی سۆن یات سن، هەڵوەشایەوە.

یەکێک لە بابەتە گرنگەکان کە ماو تسی تۆنگ سەبارەت بە بنەماکانی کاری بەرەیی دەیخاتە ڕوو، ئەوەیە ئایا لە نێو بەرەی یەکگرتوودا چ لایەنێک کار لەوەی دیکە دەکات، و ئایا ئاستی کۆمینتانگ بۆ ئەو ئاستەی کە حزبی شیوعی لە بەرنامەى دە خاڵ، بانگەشەی بۆ دەکات، بەرزدەبێتەوە، یان ئاستی حزبی شیوعی بۆ قایلبوون بە کار و کردەوەکانی کۆمینتانگ کە بریتییە لە دیکتاتۆری خاوەن موڵکدارانی زەوی و بۆرژوا، و موقاوەمەتی لابەلایی، دێتە خوارەوە؟

ئەم بابەتەش بۆیە خرایە ڕوو چونکە بۆرژوای وڵاتی چین ئامادەی سازشکاری لەگەڵ دوژمناندا هەبوو، هەر وەکو ماو تسی تۆنگ ئاماژەی پێکردووە.3

بەپێی ڕای ماو تسی تۆنگ، ئاراستەی وەدووکەوتنە شوێن ڕێبازی بۆرژواکان و قایلبوون بە سیاسەتەکانی، جۆرێکە لە سازشکاری چینایەتی، و وا دەکات کە پرۆلیتاریا بەدووی سیاسەتەکانی بۆرژوا بکەوێت، و هەر ئەمەش خولیای خۆبەدەستدان، و زەمینە بۆ فەرامۆشکردنی ئەرکی نیشتمانی، خوش دەکات، کە لە ناوەڕۆکدا لە بەرژەوەندی ئیمپریالزمی ژاپۆنە.

پرەنسیپی کارکردنی حزب لە کاری بەرەییدا بریتی بوو لە ئیلتزامکردن بە بنەماکانی کاری بەرەیی و، پاراستنی سەربەخۆیی ئایدیۆلۆجی و سیاسی و ڕێکخراوەیی سەرجەم حزبە سیاسییە بەشداربووەکانی نێو بەرە. لەمەشدا یەکێتی و کاری هاوبەش، و سەربەخۆیی حزب و لایەنەکان بنەمای پرۆسەی کاری بەرەیی بوون. لە ئاکامی کاری بەرەییدا کۆمەڵێک پرەنسیپی مەبدەئی لە چوارچێوەی بابەتی سەربەخۆیی، و ئازادی هەڵسوکەوتی سیاسی وەک سەرچاوەی کاری بەرەیی، زیاتر گەڵاڵە بوو، لەوانە:

ــ پێویستە هاوکاری و تەنازولات بۆ یەکتر شێوازێکی پۆزەتیڤانە وەربگرێت.

ــ یەکبوونی تێکۆشانی نیشتمانی و چینایەتی.

ــ هەڵەبوونی دروشمی "هەموو شتێک لە ڕێگای بەرەی یەکگرتوو"وە بێت. 4

دوای کۆتاییهاتنی شەڕی موقاوەمەت دژ بە ژاپۆن، تشیانگ کای شیک و حزبی کۆمینتانگ دیکتاتۆری تاکە حزبیان ڕاگەیاند، و بەدەم داوا و بانگەوازی حزبی شیوعی چین و حزبەکانی دیکە نەهاتن کە داوای دامەزراندنی حکوومەتی ئیتلافییان دەکرد. بەم جۆرە حزبی کۆمینتانگ گۆشەگیر بوو.

لە ساڵی 1948دا حزبی شیوعی داوای بەستنی کۆنگرەی ڕاوێژکاری سیاسی و دامەزراندنی حکوومەتی دیموکراتی ئیتلافی کرد. ئەم داواکارییە لەلایەن زۆربەی حزبە سیاسییەکان پەسەند کرا. لە کاتی خۆئامادەکردن بۆ بەستنی ئەم کۆنگرەیە حزبی شیوعی بە یەکسانی لەگەڵ لێژنەی شۆڕشگێڕی حزبی کۆمینتانگ، و کۆمەڵەی دیموکراسی چین وەک دوو حزبی یەکسان لە نوێنەران بۆ کۆنگرە مامەڵەی کرد. لە سێپتەمبەری 1949دا ئەم کۆنگرەیە بەسترا و ئەندامانی حکوومەتی ناوەندی میللی، و جێگرەکانی سەرۆکی حکوومەتی میللی هەڵبژێردران، و نیوەی هەڵبژێردراوەکان لە حزبە دیموکراسییەکانی دەرەوەی حزبی شیوعی بوون.

لە 20ی سێپتەمبەری 1954دا دەستووری چین ئاماژەی بۆ "ڕۆڵی بەرەی دیموکراتی میللی یەکگرتووی بەرفراوان کرد، کە حزب و پێکهاتە دیموکراسییەکان و ڕێکخراوە میللییەکان دەگرێتەوە، و لە ئێستا و ئایندەدا لە پێناوی جێبەجێکردنی ئەرکە گشتییە بایەتییەکانی دەوڵەت لە قۆناغی ڕاگوزاری و لە پێناوی تێکۆشان دژ بە دوژمنانی ناوەوە و دەرەوە ڕۆڵی خۆی بە تەیارکردنی تەواوی گەل دەبینێت".5

پەیوەندی کاری هاوبەش و هاوکاری حزبە سیاسییەکان پاش دامەزراندنی کۆماری چینی میللی پەرەی سەند، و لە ساڵی 1956 ماو تسی تۆنگ لە وتارێکدا بە ناونیشانی "دە پەیوەندی مەزن" باسی لەوە کرد کە فرەحزبی لە تاک حزبی، باشترە، و بەیەکەوە کارکردنی حزبەکان لە تاکڕەوی کارکردندا، نەک هەر ئێستا بەڵکو بۆ ئایندە، گرنگتر و باشترە و بەم جۆرە چەمکی چاودێری حزبی لەلایەن سەرجەم حزبەکانەوە پەیڕەوکرا بەتایبەتی لەلایەن حزبە دیموکراسییەکانەوە بۆ حزبی شیوعی کە سەرکردایەتی حکوومەتی دەکرد، و ئەم ڕێبازە شێوازێکی گرنگی کاری بەرەیی بوو. ئەم پرۆسەیە تا ماوەی "شۆڕشی ڕۆشنبیری" 1966ـ 1976 کە زیانی بە سیستەمی کاری حزبی لە چیندا گەیاند، بەردەوام بوو.

دوای یانزەهەمین کۆنگرەی حزب، لە حوزەیرانی 1979دا، کۆمیتەی ناوەندی، سیستەمی هاریکاری هەمەلایەنی حزبەکانی چینی پەسەند کرد و ئەم بابەتە قۆناغێکی مێژوویی نوێی بە خۆوە بینی. دنگ شیاو بینگ لە کۆنگرەی ڕاوێژکاری سیاسی گەلی چین ئاماژەی بە سیستەمی هاریکاری نێوان حزبەکان بە سەرکردایەتی حزبی شیوعی چین کرد، کە ئەو سیستەمە لە ئاکامی هەلومەرجی مێژوویی و بارودۆخی واقیعی وڵات دروستبووە. ئەوە بوو لە دوانزەهەمین کۆنگرەی نیشتمانی حزب لە 1982دا، ئاماژە کرا کە "بەیەکەوە کارکردنی درێژخایەن، و چاودێری دووقۆڵی، و مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتر بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی، و بەشداریکردن لە خۆشی و ناخۆشی" پرەنسیپی سەرەکی پەیوەندی حزبی شیوعی چین و حزبەکانی دیکەیە.

لە چوارەمین کۆبوونەوەی تەواوی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو لە سیانزەهەمین کۆنگرەی نیشتمانی حزب، کە جیانگ تسە مین ئەمینداری گشتی حزب بوو، ئاماژە بۆ بەردەوامبوونی سیستەمی هاریکاری فرەحزبی و ڕاوێژکاری سیاسی بە سەرکردایەتی حزبی شیوعی چین کرا.

لە دیسەمبەری 1989دا ڕاگەیەنرا کە حزبی شیوعی چین ناوەندی سەرکردایەتیکردنی مەسەلەی سۆشیالستییە، و حزبی حوکمڕانە، و حزبە دیموکراسیخوازەکانیش دۆستی نزیکی حزبی شیوعین، و لە حوکمدا بەشدارن، و بە سەرکردایەتی کردنی حزبی شیوعی قایلن، و بۆ بنیاتنانی سۆشیالزم هاوکارن. لە یەکەمین خولی هەشتەمین ئەنجوومەنی نیشتمانی کە لە 1993دا بەسترا، ئاماژە کرا کە "سیستەمی هاوکاری فرەحزبی، و ڕاوێژی سیاسی، بە سەرکردایەتی حزبی شیوعی چین دەمێنێتەوە، و درێژخایەن دەبێت، و لە دەستووردا ئاماژەی پێدەکرێت و ڕێبازێکی سەرەکییە لە قۆناغی سەرەتایی بنیاتنانی سۆشیالستیدا.

پاش شانزەهەمین کۆنگرەی حزب، کۆمیتەی ناوەندی بە سەرکردایەتی ئەمینداری گشتی هو جین تاو لە ڕوانگەی "بنیاتنانی کۆمەڵگای هاوچەشن و گونجاو" و چەسپاندنی چەمکی "گەشەپێدانی زانستی"، باسی لە گرنگی سیستەمی هاوکاری فرەحزبی و ڕاوێژکاری سیاسی کرد. لە ساڵی 2005دا ئاماژە بە گرنگی ئەم سیستەمە و پەیوەندی بە گەشەپێدانەوە بە ڕوونتر کرا و بەم ئاراستەیەش باس لە بایەخدان بە سیستەماتیک و پێوەریی و بەرنامەڕێژی کرا. لە ساڵی 2006دا یەکەمین بەڵگەنامە سەبارەت بە چەسپاندنی کاری ڕاوێژکاری سیاسی گەلی چین، لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی حزبەوە بڵاوکرایەوە.

حەڤدەهەمین کۆنگرەی نیشتمانی حزب لە ساڵی 2007دا بابەتی "هاوئاوازی ژیانی حزبی" خستە ڕوو، کە تیایدا باس لە پابەندبون بە سیاسەتی درێژخایەنی بەیەکەوە کارکردن و چاودێری دووقۆڵی دەکات، و جەخت لەسەر چەسپاندنی هاوکاری حزبە دیموکراسییەکان و پشتگیری حزب و کەسایەتییە ناحزبییەکان بۆ بەشداری کردنیان لە کاروباری سیاسی و ڕاوێژکردن سەبارەت بەو کارانە و چاودێری دیموکراسییانە و هەڵبژاردن و پاڵاوتنی کادیری لێهاتووی ناشیوعی بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستی سەرکردایەتی لە دەوڵەتدا کردەوە.6

بەپێی هەندێک ئاماری بەرەی یەکگرتوو سەبارەت بە بەشداریکردنی کەسانی حزبە سیاسییە دیموکراسیخوازەکان و کەسایەتییە ناشیوعییەکان لە دامودەزگا سەرکردایەتییەکانی دەوڵەتدا، تا ساڵی 2010 کەسانی ناشیوعی کە پلە و پۆستی سەرکردایەتییان لە ئاستی پارێزگاکان و سەرووتردا هەبووە گەیشتۆتە 32 هەزار کەس و لە دەستە سەرکردایەتییەکانی دادگای میللی و داواکاری گشتی باڵا و  وەزیرەکان، و لێژنەکانی ئەنجوومەنی دەوڵەت گەیشتووەتە 19 کادیری ناشیوعی و لەو ماوانەشدا وەزیری تەندروستی و وەزیری زانست و تەکنەلۆژیا شیوعی نەبوون، ئەمە جگە لە 33 کەسایەتی ناشیوعی کە لە ئاستی فەرمانگەکانی هەرێمەکان پلە و پۆستیان هەبووە.

لە پوختەی پەرەسەندنی پەیوەندی هاوکاری نێوان حزبی شیوعی چین و حزبە دیموکراسیخوازەکان و کەسایەتییە ناحزبییەکان، ڕێکخستنی سیاسەتی ئەم هاوکارییە ئەم خاڵانەی لە خۆگرتووە:

1ـ بوونی چاودێری دوو لایەنە و ڕاوێژکاری سیاسی سەبارەت بە سیاسەت و پرەنسیپ و کاروباری گرنگ نێوان حزبی شیوعی چین و حزبەکانی دیکە.

2ـ بوونی ژمارەیەکی گونجاوی حزبە دیموکراسخوازەکان کە خاوەنی پلە و پایەن لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و بە پێی دەستوور و یاسا دەسەڵات و ئەرکی خۆیان پەیڕەو دەکەن.

3ـ  ئەندامانی حزبە دیموکراسیخوازەکان پلە و پۆستی سەرکردایەتی لە دەوڵەت و لە حکوومەتەکان و لە دەزگاکانی دادگا ناوخۆییەکان وەردەگرن و حکوومەتە میللییەکانیش لە سەر ئاستی جیاوازدا بەمەبەستی بەشداری و ڕاوێژکاری و گفتوگۆکردن پەیوەندی بە کەسان و کادیرانی حزبە دیموکراسخوازەکان دەکەن.

4ـ سەرجەم حزبە سیاسییەکان لە ڕێگای بەشدارییان لە کۆنگرەی نیشتمانی ڕاوێژکاری گەلی چین، بەشداری گفتوگۆ و ڕاوێژ بەیەکترکردن سەبارەت بە تەواوی بابەتە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەکەن.

5ـ حزبی شیوعی چین بانگەشەی سەرجەم حزبە دیموکراسییەکان دەکات بۆ بەشداریکردن لە سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە و نوێبوونەوەی سۆشیالیستی وەک ئەرکێکی سەرەکی لە پێناوی ئەنجامدانی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی.

لە نۆڤەمبەری ساڵی 2007دا، حکوومەتی چین کتێبی سپی بڵاوکردەوە سەبارەت بە "سیستەمی حزبی لە چیندا" کە تیایدا بە شێوەیەکی فەرمی پێنج بابەتی گرنگی ئەم سیستەمەی ڕوون کردۆتەوە و ئەوەش بریتییە لە: بەشداری سیاسی، خستنە ڕووی بەرژەوەندییەکان، یەکخستنی کۆمەڵگا، چاودێری دیموکراسی، و چەسپاندنی سەقامگیری. ئەم پێنج خاڵە ئاماژەیە بە ڕۆڵی گرنگی فرەحزبی و دانانی سیاسەتی هاوکاری یەکتری سەرجەم حزبی سیاسییەکان، و پلاندانان بۆ سەرخستنی گەشەپێدانی هەمەلایەن.

1 تانگ شیاو جیوی، پێناسەکردنی حزبی شیوعی چین، ل؛ 177.

2 ماو تسی تۆنگ، کارە گشتییەکان، بەشی دووەم، ل؛ 44، 45.

3  ماو تسی تۆنگ، هەمان سەرچاوە، ل؛ 81.

4  ماو تسی تۆنگ، هەمان سەرچاوە، ل؛ 297.

5  دەستووری وڵاتی چین بڕیاردراو لە 20 سێپتەمبەری 1954.

6  لە بەڵگەنامەکانی کۆنگرەکانی 12 تا 17.