ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەرەسەندنی پرنسیپەكانی سیاسەتی هاوپەیمانی

بەشی دووەم

لە میانەی ئەزمونی كاری هاوبەش و بەرەیی لە كاروانی پرۆسەی سیاسی و پەرەسەندنەكانی لە وڵاتی چیندا، چەمكی "ڕاوێژكاری سیاسی لە سیستمی فرەحزبی" دا بوو بە بەشێك لە سیستمی سیاسی لە چیندا. بە پێی ئەم سیستمە حزبی شیوعی چین لەگەڵ حزبە دیموكراسییەكان و كەسایەتییە نا حزبییەكان سەبارەت بە سیاسەت و پرنسیپەكانی دەوڵەت و بابەتە گرنگەكان پێش درووستكردنی بریار و لە كاتی جێبەجێكردنیدا، ڕاوێژكاری دەكات.

ئەم ڕاوێژكردنە بە دوو شێواز ئەنجام دەدرێت. یەكەمیان: راوێژكاری لەگەڵ سەرجەم حزبە دیموكراسییەكان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ. دووەمیان: ڕاوێژكاری لە گەڵ سەرجەم حزبە دیموكراسییەكان، ونوێنەرانی ناوەندە جیاجیاكان لە كۆنگرەی نیشتمانی ڕاوێژكاری سیاسی گەلی چین. بەم دوو جۆرە كۆمەڵێك خاڵی گرنگ لە گفتوگۆكاندا دابین دەكرێت، وەك بە سیستماتیك كردن، و دانانی پێوەر، و بەرنامەرێژكردنی كۆبۆنەوە و گفتوگۆكان.

لە كۆبونەوەی حزبی شیوعی لەگەڵ كۆمیتەی ناوەندی سەرجەم حزبە دیموكراسییەكان ناوەڕۆكی كۆمەڵێك بابەتی گرنگ، ڕاوێژ دەكرێت، وەك: بەڵگەنامەكانی كۆنگرەی نیشتمانی حزبی شیوعی چین، و بەڵگەنامەكانی كۆمیتەی ناوەندی، وپێشنیازەكانی هەمواركردنی دەستوری وڵات، و یاسا گرنگەكان، و گفتوگۆ سەبارەت بە پاڵێوڕاوان بۆ پۆستی سەركردایەتی دەوڵەت، و تێكرای ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە پێشخستن و پەرەپێدانی سیاسەتی چاكسازی و كرانەوە هەیە، و دانانی پلانی درێژ و مامناوەندی سەبارەت بە گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و ئابوری، و بابەتە گرنگەكانی ڕەوشی دەوڵەت، و گۆێگرتن لە سەرجەم پێشنیاز و ڕا و بۆچونەكان كە پێویستییان بە گفتوگۆ و ڕاوێژكاری هەیە.

كۆبونەوە ڕاوژێكارییەكان بۆتە نەریتێكی بەردەوام لە ژیانی سیاسی چیندا. بۆ نموونە تەنها لە ساڵی 2010 ، 19 كۆبونەوەی ڕاوێژكاری و كۆڕ و كۆبونەوە كراوە، كە لە چواریاندا ئەمینداری گشتی ئەو كاتەی حزب بەشدار بووە، و 22 ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزب بۆ یەك جار لەو كۆبونەوانەدا بەشدار بوونە.1

گۆنگرەی نیشتمانی راوێژكاری سیاسی بوارێكی دیكەی گرنگە كە لە دەستوری وڵاتدا دانراوە بە مەبەستی گفتوگۆكردن نێوان حزبی شیوعی و سەرجەم حزب دیموكراسییەكان و كەسایەتییە نا حزبییەكان. لەم گۆنگرەیەدا ئەو بابەتانەی كە پێویستیان بە ڕاوێژكردن هەبێت و پرۆژەی بەڵگەنامەی تایبەت پێیان، لە ڵایەن كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چینەوە ئامادە دەكرێت، و لە گفتوگۆكاندا بە تێروتەسەلی جەخت لە سەر خاڵە هاوبەشەكان دەكرێتەوە و بریاری بۆ وەردەگیرێت.

بە پێی ڕاپۆرتێك سەبارەت بە پیكهاتەی دوانزەهەمین كۆنگرەی نیشتمانی ڕاوێژكاری، 39.9% ئەندامانی ئەو كۆنگەرەیە سەر بە حزبی شیوعین، و 60.1% ی ئەندامانی ئەو كۆنگرەیە شیوعی نین، و هەر 56 نەتەوەكەی چین لەو گۆنگرەیەدا نوێنەری هەیە.2

لە مانگی ئاداری هەموو ساڵێك خولی ساڵانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی گەل، و ئەنجومەنی ڕاوێژكاری سیاسی گەلی چین دەبەسترێت.

لە سایەی هەردوو خولی ساڵانە دیموكراسی هەڵبژاردن و دیموكراسی ڕاوژێكاری دەبنە پرۆسەیەك كە یەكتر تەواو دەكەن، و نوێنەرانی ئەنجومەنی نیشتمانی و ئەندامانی گۆنگرەی ڕاوێژكاری گەلی چین، ئازادانە ڕاو و بیروبۆچون و هیواكانی گەلی چین دەخەنە ڕوو، و بریار لەسەر سەرجەم ئەو بابەتانەی پەیوەندیان بە كاروباری نیشتمان و ژیانی خەڵكەوە هەیە، دەدەن. ئەم شێوازە كاركردنە بە رێگای داهێنان دیموكراسی كە لەگەڵ واقعی كۆمەڵگا و ئەزمونی پەرەسەندنی ژیانی سیاسی لە چیندا بگونجێت، دادەنرێت.

دیموكراسی ڕاوێژكاری سۆشیالستی كە داهێنانی ئەزمونی چینە شێوازێكی تایبەتە لە ڕاوێژكاری نێوان حزبەكان، و ڕاوێژكاری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی گەل، و ڕاوێژكاری لە كۆنگرەی نیشتمانی ڕاوێژكاری گەلی چین، و ڕاوێژكاری لە چاوپێكەوتنە چەماوەرییەكاندا، و لە یەكە بنكەیەكاندا، و لە رێكخراوە جەماوەرییەكاندا كە تێكرای ئەم كەناڵانە زامنی مافی گەل لە بەشداریكردنی هەمەجۆر، لە ژیانی سیاسی رۆژانە، بە شێوەیكی بەردەوام و گشتگیر و قوڵ، دابین دەكات.

لە بەڵگەنامەی هەژەدەهەمین كۆنگرەی حزبی شیوعی چین هاتووە: چەمكی دیموكراسی ڕاوێژكاری لە چین بەشێكە لە پۆختەی سیستمی سیاسی ئەنجومەنی نوێنەرانی گەل كە دابینی شێوازی هاوكاری نێوان حزبەكان دەكات لە رێگای ڕاوێژكاری سیاسی بەسەركردایەتی حزبی شیوعی چین، و سیستمی ئۆتۆنۆمی هەرێمایەتی نەتەوەیی، و سیستمی خۆسەری جەماوەر لە یەكە بنكەییەكان، و تۆڕی سیستمی یاساكانی سۆشیالیستی بە تایبەتمەندی چینی، و سیستمی سەرەكی ئابووری كە تیایدا خاوەندارێتی گشتی ڕۆڵی دەسەڵاتداری تیایدا دەبینێت، و ئابوریی فرە خاوەندارێتی تیایدا پەرەدەسێنێت... دەبێ پێشڕەویی سیستمی سیاسی سۆشیالستی، چالاكانە لە وڵاتدا دەركەوێت، كە ئاكامەكانی لە خزمەتی شارستانی سیاسی مرۆڤایەتی بێت، دوور لە لاسای كردنەوەی سیستمی سیاسی رۆژئاوایی.3

یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكان كە هەژدەهەمین گۆنگرەی نیشتمانی حزبی شیوعی چین ئاماژەی پێ كردبوو، پێگەیشتنی سیستمی دیموكراسی ڕاوێژكاری سۆشیالستی بوو، ئەمەش لە رێگای پەرەپێدانی و باشكردنی میكانیزمەكانی بە مەبەستی وەرگرتنی ڕای جەماوەر سەبارەت بە گەشەپێدانی ئابوری و كۆمەڵایەتی بە جۆرێك هەماهەنگی و هێزی هاوبەشی سەرجەم دەسەڵاتەكانی دەوڵەت و رێكخراوەكانی كۆنگرەی ڕاوێژكاری سیاسی و حزب و رێكخراوە میللیەكان بەمەبەستی گەڵاڵەكردنی پرۆژەكان و بریار وەرگرتن لە بەرژەوەندی پێشكەوتندا، مسۆگەر بكرێت.

نۆزدەهەمین كۆنگرەی حزب جەختی لەسەر چارەسەركردنی بابەت و مەسەلەكان لە رێكای ڕاوێژكاری كردەوە.

كۆنگرە پێی وایە كە ئەنجومەنی ڕاوێژكاری دەزگا و كەناڵێكی گرنگە بۆ دابینكردنی و گرێدانی چەمكی هاوكاری و دیموكراسی لە بواری ڕاوێژ و چاودێری و بەشداری لە برێوەبردنی كاروباری وڵات.

سیاسەتی بەرەیی یەكێك لەو خاڵانە بوو كە دیسانەوە نوزدەهەمین كۆنگرەی حزب، باسی لێكردووە، و لە بەڵگەنامەی كۆنگرەدا هاتووە: بەرەی یەكگرتوو چەكێكی گرنگە بۆ سەركەوتنی مەسەلەی حزبمان، و دەبێ بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ شێلگیرانە پیادەی بكەین. دەبێ ئاڵای نیشتمانی و سۆشیالستی بەرز راگرین، و پابەندی هەردوو بابەتی سەرەكی هاریكاری و یەكگرتن بین، و لە نێوان هەماهەنگی و فرەییدا پابەندی یەكێتی بین، و خاڵی سەرەكی هاوبەش لە نێوانماندا بدۆزینەوە، و بازنەیەكی گەورەی یەكگرتووی ناوەند درووست بكەین. دەبێ هەموومان پابەندی پرنسیپەكانی بەیەكەوژیانی درێژخایەن و چاودێری یەكتر و ڕاستگۆیی لە مامەڵی سیاسی لە گەڵ یەكتر، و بەشداری لە خۆشی و ناخۆشیدا، و پشتگیری كردنی حزبە دیموكراسییەكان بۆ ئەنجامدانی ئەركی خۆیان لە بەڕێوەبردنی كاروباری دەوڵەت لە چوارچێوەی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینییەوە، مسۆگەر بكەین.4

لە وتارێكدا كە ئەمینداری گشتی حزب شی جین بینغ لە كۆنگرەی كارەكانی بەرەی نیشتمانی یەكرتوو كە كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین لە 18ی ئایاری 2015 بەستی، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە سەركردایەتی حزب بۆ بەرەی نیشتمانی یەگرتوو سەركردایەتییەكی سیاسییە، و پێویستە رێز و پاراستن و ڕچاوكردنی بەرژەوەندی هاوپەیمانان بە هەند وەربگیرێت.

شی جین بینغ زۆر بە ڕوونی باس لە هەردوو چەمكی یەكبوون و هەمەجۆری دەكات، و ئاماژە بۆ قسەی یەكێك لە بیرمەندە كۆنە چینییەكان دەكات كە دەڵێت: ( بوونی یەكبوون بۆ بوونی دوو بابەتی دژ بە یەك دەگەڕێتەوە. یەكبوون و هەمەجۆری لە یەكتر جیاوازن، و هەر یەك لەو دوو چەمكە پشت بەوەی دیكە دەبەستێت. یەكبوون و هەمەجۆری سەقامگیر و نەگۆڕ نین، بەڵام دوو بابەتی مێژوویی و بەرجەستەكراو و پەرەسەندوون. هەندێ هاوڕێ بە زێدەڕووی كار بۆ یەكبوون دەكەن و بە زێدەڕۆیی فرەیی و هەمەجۆری فەرامۆش دەكەن، و ئەمەش زیان بە بەرەی نیشتمانی یەكگرتوو دەگەیەنێت... كارەكانی بەرەی نیشتمانی یەكگرتوو، كاركردنە لەگەڵ بیر و باوەڕی مرۆڤ كە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی تێكۆشانی هاوبەش. ژمارەی ئەندامانی بەرەی یەكگرتوو لە حزب دیموكراسیخوازەكان، و كەسایەتییە نا حزبییەكان، و نەتەوە و ئاینە هەمەجۆرەكان، و توێژە كۆمەڵایەتییە نوێكان، و هونگ كۆنگ، و ماكاو، و تایوان، و شوێنەكانی پشت دەریا، و... هتد، دەگاتە سەدان ملیون كەس. كاتێك هاوكاری لە گەڵ ئەم ژمارە گەورەیەی خەڵك دەبەستین، مانای وایە هێزێكی مەزن بۆ ئەنجامدانی ئامانجەكانی "دوو سەدە" و خەونی چین بۆ هەستانەوەی مەزنی نەتەوەی چین، مسۆگەر دەكەین).5

لە ژیانی سیاسی دەوڵەتی چیندا جگە لە حزبی شیوعی چین كۆمەڵێك حزب دیموكراسیخواز و كەسایەتی نا حزبی هەن، كە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:*

1ـ لێژنەی شۆڕشگیری حزبی كۆمینتانگی چینی:

لە نۆڤەمبەری 1947 یەكەمین كۆبونەوەی هاوبەشی دیموكراسیخوازەكانیحزبی كۆمینتانگی چینی، و كۆمەڵێك لە نیشتمانپەروەر و دیموكراسیخوازان بەسترا، و ئەوەبوو بە شێوەیكی فەرمی لە یەكی كانونی دوومی 1948 لێژنەی شۆڕشگیری حزبی كۆمینتانگی چینی درووست بوو.

ئەندامانی ئەم لێژنەیە بریتی بوون لەو كەسایەتییانەی كە پێشتر پەیوەندییان بە حزبی كۆمینتانگی پَشوو هەبوو، یان دۆست و پەیوەندی كۆمەڵایەتییان بەو حزبەوە هەبووە.

بەشێك كەسایەتی لە چینی باڵا و ناوەند، ئەندامی ئەم حزبەن. ژماری ئەندامانی ئەم حزبە نزیكەی 100 هەزار كەس دەبێت، و لە 30 مەڵبەند و ناوچەی خودسەری و شارەوانی ناوەندی رێكخستنی هەیە.

2ـ كۆمەڵەی دیموكراسی چین

لە 19ی مارسی 1941 ئەم رێكخراوە بە شێوەیكی نهێنی بە ناوی "كۆمەڵەی رێكخراوە دیموكراسیخوازەكانی چین" درووست بوو، و لە 16ی نۆڤەمبەری هەمان ساڵ لە شاری تشونغتشینگ، ڕاگەینرا، و لە ساڵی 1944 ناوی رێكخراوەكە بۆ "كۆمەڵەی دیموكراسی چین" گۆڕدڕا.

بەشێكی زۆری ئەندامانی ئەم حزبە لە كەسانی چینی باڵا و ناوەند و كەسانی كارگەر لە بواری ڕۆشنبیری و خوێندنی باڵا و زانست و تەكنەلوژیا، پێكدێن.

ئەم حزبە لە 30 مەڵبەند و ناوچەی خودسەری و شارەوانی ناوەندی رێكخستنی هەیە، و ژمارەی ئەندامانی لە 180 هەزار ئەندام زیاترە.

3ـ جەمعیەی دیموكراسی چین بۆ بنیاتنانی نیشتمان

لە 16ی دیسەمبەری 1945 لە شاری تشونغتشینگ لە لایەن ژمارەیەك لە خاوەن كار لە بواری پیشەسازی و بازرگانی نیشتمانپەروەر و ڕۆشنبیری نیشتمانپەروەر درووست كرا. بەشێك لە كەسایەتی ناوداری ئابوری ئەندامی ئەم حزبەن، كە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 110 هەزار ئەندام، و لە 30 مەڵبەند و ناوچەی خودسەری و شارەوانی ناوەندی، و شاری گەورە، رێكخستنیان هەیە.

4ـ جەمعیەی نیشتمانی بۆ گەشەپێدانی چین

ئەم حزبە لە 30ی دیسەمبەری 1945 لە شاری شنگهای لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیران و كارمەندانی بواری خوێندن و ڕاگەیاندن و پەخش، و هەندێ كەسایەتی نیشتمانپەروەری ناوەندی پیشەسازی و بازرگانی، درووست بوو، و لە 29 مەڵبەند و ناوچەی خودسەری و شارەوانی ناوەندی، و شاری گەورە، رێكخستنیان هەیە، و ژمارەی ئەندامانی لە 130 هەزار پترە.

5ـ حزبی دیموكراسی چین بۆ جوتیاران و كرێكاران

لە 9ی ئابی 1930 دنغ یان دا كە بەرپرسی چەپ خوازەكانی حزبی كۆمینتانگ بوو، یەكەمین كۆنگرەی ننیشتمانی كادیرانی لە شاری شنگهای بەست، و تیایدا لێژنەی كاری كاتی حزبی كۆمینتانگی ڕاگەیاند، و دوواتر ناوی ئەم لێژنەیە لە 10ی نۆڤەمبەری 1935 بوو بە لێژنەی كاری رزگاری نەتەوەی چین. دواتر ناوی ئەم حزبە لە 3ی فبرایەری 1947 بوو بە حزبی دیموكراسی چین بۆ جوتیاران و كرێكاران، و لە 30 مەڵبەند و ناوچەی خودسەری و شارەوانی ناوەندی، و شاری گەورە، رێكخستنی هەیە، و ژمارەی ئەندامانی لە 100 هەزار كەس زیاترە.

6ـ حزبی تشیقونگدانگ ی چین

لە ئۆكتۆبەری 1925 ئەم حزبە لە لایەن كۆمەڵەكانی هەندەرانی خەڵكی چین لە شاری سان فرانسیسكو درووست بوو. لە ساڵی 1947 ئەم حزبە لە شاری هۆنگ كۆنگ سێیەمین گۆنگرەی رێكخستنەوەی خۆی بەست، و وەك حزبێكی سیاسی بۆ دیموكراسی نوێ خۆی ڕاگەیاند. ژمارەیكی زۆر لە كەسانی توێژ و چینی باڵا و ناوەند لە دانیشتوانی هەندەران ئەندامی ئەم حزبەن، و لە 19 مەڵبەند و ناوچەی خودسەری و شارەوانی ناوەندی، رێكخستنی هەیە، و ژمارەی ئەندامانی لە 30 هەزار زیاترە.

7ـ جەمعیەی جیوسان

ژمارەیك لە زانایانی پێشكەوتنخواز لە كۆتایی ساڵی 1944 لە شاری تشونگتشینگ ئەم رێكخراوەیان درووست كرد بە مەبەستی ئەنجامدانی سەركەوتن لە شەڕی موقاوەمتدا دژ بە ژاپۆن، و بەمەبەستی جێبەجێكردنی دیموكراسی سیاسی و گەشەپێدانی مەشخەڵی بزوتنەوەی 4ی ئایار بۆ بەربەركانی ئیمپریالزم، و برەودان بە خۆشەویستی نیشتمان، و دیموكراسی و زانست. لە 3ی سەبتەمبەری 1945 ئەم رێكخراوە سەرلەنوێ خۆی بنیات نایەوە، و لە 4ی ئایاری 1946 كۆنگرەی دامەزراندنی بە ناوی جەمعیەی جیوسان لە شاری تشونگتشینگ، بەست. ئەم رێكخراوە لە 30 مەڵبەند و ناوچەی خودسەری و شارەوانی ناوەندی رێكخستنی هەیە، و ژمارەی ئەندامانی لە 105 هەزار كەس زیاترە.

8ـ كۆمەڵەی حوكمی زاتی دیموكراسی لە تایوان

لە 12ی نۆڤەمبەری 1947 لەلایەن ئەو كەسانەی لە ڕاپەرینی 28ی شوباتی ئەو ساڵە لە تایوان بەشدار بوون، درووست كرا، و ئەندامانی ئەم كۆمەڵەیە لە ژمارەیك كەسایەتی تایوان پێك هاتووە، و لە 13 مەڵبەند و شارەوانی ناوەند، رێكخستنی هەیە، و ژمارەی ئەندامانی لە دوو هەزار كەس زیاترە.

شایانی باسە سەڕەڕای ئەم حزبە سیاسییانە، كۆمەڵێك كەسانی نا حزبی هەن، و زۆربەیان لە رۆشنبیرانن، و ئەندامن لە كۆنگرەی نیشتمانی ڕاوێژكاری سیاسی گەلی چین.

سەرژاوەكان/

1 تانگ شیاو جیوی پێناسەكردنی حزبی شیوعی چین ڵابەڕە 128. 

2 ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی چین دیموكراسی بە تەرزی جینی چی دەگەیەنێت.

3 بەڵگەنامەكانی هەژدەهەمین كۆنگرەی نیشتمانی حزبی شیوعی چین.

4 بەڵگەنامەكانی نۆزدەهەمین كۆنگرەی نیشتمانی حزبی شیوعی چین.

5 شی جین بینغ دەربارەی حوكم و ئیدارە بەرگی دووەم ڵاپەڕە 337.

* زانیارەكان لە نامیلكەی پێناسەكردنی حزبی شیوعی چین وەرگیراوە.