ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەگەرچی من لەگەڵ رەحمەتی نێوانمان ترشی خۆشنەدەكرد, بەدەگمەن ئەگینا قاوەی یەكدیمان نەدەخواردەوە, بەڵام دوای وەغركردنی بەچەند ساڵێك شەوێ‌ لەشەوان هاتە خەونم‌و دەیگووت:

من بەخۆم نازانم چەند ساڵ‌و عەیامە لەكەنگێوە مردووم, ئێسكوپروسكم بوویتە پڕپۆلە‌و ئاوێتەی خاك بۆتەوە شوێنەواری نەماوە..هەتا لەژیاندا بوون لەدەست ئەم خەڵكە سادەو ساكار‌و ساویلكەیەشەوە‌و رۆژ لەبەر دەروێش‌و موربد‌و, لەدەست پڕ‌و پیرە ژنان ئارامم نەبوو, ئەسلەن هەراسانیان لەبەرم بڕی بوو..پیرەژن بەكوتە كوت دەهات خۆی دەخیلی لچكی عەباكەم دەكرد..:

(یاشێخ بەقوربانی خۆت‌و وجددت بم, كیژەكەم نەفامە, بەنەفامی فێڵیان لێكردووە نەزان بوو, بەنەزانی دەستخەڕۆیان داوە, چاوی دایكی كۆرە بێ‌ پەڕۆیان پێ‌ سۆركردووە. بەقوربانت بم یاشێخ دەستم دامێنت, كارێكی وابكە حەیامان نەچێ, ئەم نهێنیەمان بۆ داپۆشە, ئەگەرنا..؟! بێگومان لەنیوەی شەودابن پیلی دەگرن دەیهێننەوە دەڵێن: فەرموو ماڵی قەلپ سەربەساحێبیەتی.

بێگومان هەربەم نیوەی شەوە گۆشاوگۆش سەری دەبڕن) ئەمەیان هێشتانەكێ‌ پێیە لەحەوشەیە, پێیەكی دیكەی لەكۆسپەی دەرگا ئاودیو نەكردووە, یەكێكی دیكە لەسەر چنگو ئەژنۆ دەهات خۆی دەهاوێتە بەرپێم دەیگووت:

(یاشێخ بەقوربانت بم, ئەوە چەند رۆژە (ژن بە ژن) مان كرددوە, كوڕەكەم شەرمنە, لەم بارەیەوە هیچی لێ نازانێ‌, بۆیە لەشەرمانە بەزاوا نابێت, لەوانەشە داخوا چ خواگیرەك بەستاویەتی, شەرمەزاری كردوین, رەبی خێر‌و خۆشی لە ماڵ منداڵی نەبینێ‌..بەڵاگێڕت بم یا شێخ بەڵكو بەم پێیە پیرۆز‌و موبارەكەت, پێیەكی لەپشتی بنێی بەڵكو دەبێتەوە). یان بەهەڵەداوان دەهات, خۆی دەهاوێشتە بن دەست‌و پێم,دەناوراوە..! (یاشێخ دەخیلت بم بەفریام كەوە منداڵی نابێت, بەڵكو چارەم بكەی نووشتەیەكم بۆ بنووسە, بەڵكو مێردەكەم پاشگەزبێتەوە وەژنم بەسەردا نەهێنێ‌).

پێم دەگووت: خانم ئەم جۆرە نووشتانە بێجگە لەدەست حەق, سەرقەلەمانەی تەڕی گەرەكە..؟!بەچاو دەیگوت باشە..یان هاكا لەهیكەوە بەهێنكە بڕ دەهات. بەچاوی پڕ لەفرمێسك خۆی لەژوورێ‌ دەكوتی دەنووزاوە:-

(مامە شێخ بەفریام كەوە زێرەكەمان لێ دزراوە, بەچاوی نورانیت لۆم تەماشای كتێب بكە ئەسلەن بەڕێزتان غەیب زانن, خاوەنی كەشف‌و كەرامەتن, چاوباوێنە سەریەكدی دڵنیام دەزانی كێ‌..؟!زێرەكانمی دزیوە).

چیبكەم..؟!ناچارم بۆ جێبەجێ‌ كردنی ئیشوكاری سەر لێ شێواوان, وەكو ئەم خانمەی كەزێری لێ دزرابوو, ناچار دەبووم قیڕی سیاه لەماندوبوونی خۆم بكەم بیخەوێنم, دەمخەواند دوعای (دزانە)م لەسەر ناوكی دەنووسی, چونكی  (ئەوان) لەترسی ئەو مەرەكەب‌و قەلەم پەندانەی كە دوعاكەی لەسەر ناوكی پێدەنووسم, زەندەقیان لێ دەچێ‌, زراویان دەرژێ‌, بۆیە لەترسان خۆیان لەبن ناوكی خاوەنی زێرەكان حەشاردەدەن, بەڵام كاتێ‌ كە دوعاكە لەسەر ناوكی دەنووسم, ئەو مەلعونانە چاشمیش دەبن, چوونكی دوعاكە كاریگەرە, خۆیان لەبەرزەبروزەنگی مەرەكەبی ئەم پاندانە راناگرن, بۆیە ناچار دەبن شێوە‌و روخساری (دز)ەكەم بۆ بەیان دەكەن..ئیدی خانم بروای بەقسەكانم دێ‌, بێ‌ خۆ گرفاندن درێژ دەبێت..ئەمە تاكو ئێرە هەتا لەژیاندا بووم.

كەچی ئێستا كێ‌ لەناو گۆڕا وازناهێنن, دێن یەخەگیرم دەبن, وەكو گوناحبار دەپارێنەوە. ئامێز لەكێلەكانم وەردێنن مەپرسە كو دەناورێنەوە بەڵكو مرازیان حاسل بێت, ئای كە ئامێزیان گەرم‌و نەرم‌و بۆن‌و بەرامیان هێندە خۆشە مردوو بە ئاگادێننەوە)..ئیدی وەكو كۆیلە بەچۆكدادێن, زمان بەهوردەگلی سەرگلكۆكەم دادێنن, سەدجار بەردە لوسەكانی سەر گۆڕەكەم ماچ دەكەن, بەلاروومەت‌و سینگ‌و مەمك‌و بەرۆكیان دادێنن..

(ئای كەبۆنی هەناسە‌و ئارەەقەی نێوان لەلەی مەمكیان بەتام‌و خۆشە, ڤیتامینە بۆ زاخاوی مێشك, دڵ بەدەبووژێنێتەوە).

چیبكەم..؟خۆزیا لەدەستم هاتبایە دڵی یەكەیەكەیانم شاد‌و شەنگۆل كردبایە..وەلێ هاوار لەخۆم, بریا لەكونەكی تیچاوەكتان لەمن دەبوو, حالم چ حالە..؟!هەنگێ‌ پێدەكەوتن بارم چەند رەنگینە, گاور بەحالم نەبێت, ئێوەش, بەسادە ساكاری خۆتانەوە دێن لەدامێنی گلكۆكەم خۆتان لەخرتۆری وەردەدەن دەنوزێنەوە بەڵكو پەروەردگار لەبەر خاتری دەستو دەستنوێژو هەیبەت‌و شوهرەتی من بتانبەخشێ‌, لەگوناحەكانتان ببوورێ‌ یان مرازتان بدات, تێماوم, نازانم بۆخۆم بگریێم یان بۆ ئێوە..؟!

  • 1