ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

حزبمان حزبی شیوعی عێراق بەردەوام بایەخی زۆری بە لایەنی ڕۆشنبیری و پەروەردەی حزبی داوە، و ئەندامان و کادیری حزبی لەچەند ڕێگایەکەوە فێری خۆپەروەردەکردن، و خوێندنەوە دەکردن، و لەکۆبوونەوەکانی حزبی بابەتێک دیاری دەکرا بۆ ڕۆشنبیری هاوڕێیان و، هەروا لێپێچینەوە لەگەڵ هاوڕێیانمان لەسەر خوێندنەوەی کتێب دەکرا و، خولی ڕۆشنبیری چەند ڕۆژە بۆ ئەندامان و کادیرانی حزب دەکرایەوە و خوێندنگای حزبییش لەگوندی دەرگەڵە هەبوو، خولی هاوینە بۆ ماوەی دوو مانگ دەکرایەوە و لەشارەکانی عێراق هاوڕێیان بەشدار دەبوون، ئەگەر بارودۆخیش گونجاو بووایە لەڕووی سیاسییەوە، حزب هاوڕێیانی بۆ وڵاتانی سۆشیالیست بۆ خولی ڕۆشنبیری دوو مانگ و شەش مانگی و یەک ساڵی و دوو ساڵ و زیاتریش ڕەوانە دەکرد .

لەتەمووزی ساڵی 1976 لەگەڵ گرووپێکی 14 ئەندامی و بە سەرپەرشتی هاوڕێ ڕەحیم عەجینە بۆ خولێکی ڕۆشنبیری ڕەوانەی مۆسکۆ کراین و لەخوێندنگای حزبی جێگیربووین، لەگرووپەکەدا چوار هاوڕێی بە ڕەگەز کورد بووین، لەوانە شەهید مامۆستا خالید و هاوسەرەکەی بوون و خانم زوهدی و بەندەش، لەتەکیان بووین، پەیوەندیم لەگەڵ تەواوی ئەندامانی گرووپەکە گەلێک فرەوان و باش بوو، لە ماوەیەکی کورتدا خۆشەویستی و دۆستایەتی و هاوڕێیەتی بەهێز لە نێوانمان دروست بوو، هونەرمەندی بەتوانای شاری بەسڕا هاوڕێ (تالیب غالی)شمان لەگەڵ دابوو، دەنگی زۆر خۆش بوو، گەلێک جار ئاهەنگی تایبەتی بۆ گرووپەکە ڕێک دەخست.

هاوڕێیانی عەرەب هەندێک جار بانگیان دەکردم، کەمینە وەرە یان دەیانگوت هاوڕێ (ئازاد کەمینە) با برۆین. لەگرووپەکەدا ناوم (ئازاد و سەلیم) بوو. لەگەڵ گرووپەکەماندا وەرگێڕێک دانرابوو، عەرەبییەکی بەغدای زۆرباشی دەزانی، گەلێک بەتوانا بوو، وانەی ئابووری سیاسی وەردەگێڕایەوە سەر زمانی عەرەبی، لەکاتی گەشتکردنی گرووپەکە بۆ شارێک یان لادێیەک وەرگێڕەکەمان یاوەر دەبوو، پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی گرووپەکەمان باشبوو، ناوی ئەم وەرگێڕە (گریشە) بوو، لەوانەیە وەرگێڕی بۆ زۆربەی گرووپەکانی حزبمان کردبێت.

جارێکیان بۆ گەشت و لە ڕێگای شەمەندەفەرەوە بەرەو شاری (نۆڤگۆرد) چووین و، بۆیان باسکردین کە ئەم شارە لە شەڕی دووەمی جیهانی خاپوور کراوە و، سوپای ئەڵمانیا لە لێواری شارەکە تێک شکاوە. ئەو زرێپۆشەی ئەڵمانییەکان کە لە نزیک شارەکە تێک شکابوو، لە دەروازەی شارەکە دانرابوو، لەم شارەدا ئێوارەیەک هاوڕێ (گریشە) هاتە لام و لە گرووپەکە دووری خستمەوە، گوتی پرسیارێکت لێدەکەم، بەڵام لای کەس باسی مەکە، گوتم بفەرموو، گوتی ئەو برادەرانەی تۆ بۆچی پێت دەڵێن کەمینە؟ ئەوە لەبەرچییە؟ گوتم هاوڕێ (گریشە) ئێمە شیوعین و هاوڕێی یەک حزبین و بۆ خۆشەویستی ئەم قسەیە دەکەین، گوتی دەزانم ئێوە کادیری حزبی شیوعی عێراقین و هاوڕێی یەکترن، بەڵام ئەم کەمینەیە بۆچی بەکاری دێنن؟ گوتم؛ عێراق لەدوو نەتەوەی سەرەکی کورد و عەرەب و هەندێک پێکهاتەی تری نەتەوەی تر پێک دێت و عەرەب بە ژمارە لە کورد زۆرترن و نەتەوەی گەورەترە، بۆیە ئەو هاوڕێیانە وشەی کەمینە بەکاردێنن، هاوڕێ (گریشە) گوتی هەرچەند جار ئەم وشەیە دەبیستم دەروون و دڵم ژان دەکا.

بەردەوام بوو، گوتی لەبەرئەوەی منیش کەمینەم، من ڕووس نیم، بەڵکو من ئۆکرانیم، لە ئۆکرانیاش دەبێ ئێمە فێری زمانی ڕووسی بین، هەموو بەرپرسە باڵاکانی حزب و دەوڵەت ڕووسن، و ئێمە بە کەمینە دەزانن، و خۆیان بە زانا و لێهاتوو لە قەڵەم دەدەن. تکایە ئەم بابەتە وتووێژەی نێوانمان باس مەکە. کاتێک (گریشە) ئەم قسانەی دەکرد زۆر بە وریایی و بە ترسەوە سەیری ئەملاو ئەولای دەکرد، زانیم کە ترسی هەیە لەوەی قسەکانی بزاندرێت، گوتم هاوڕێ (گریشە) ئەو قسانەی بەڕێزت هەر ئێستاکە لەبیر دەکەم و، بایەخی پێنادەم و باسی ناکەم.

ساڵان هات و ساڵان ڕۆیشت و گەلێک ڕووداوی ئازاربەخش لە کوردستان دەرحەق بە گەلەکەمان ئەنجامدرا و لە زۆر گەنگەشە و قسەوباسدا سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسین هەموو ئەوانەی سەر بە نەتەوەی عەرەبن و شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازن، دەڵێن گەلی کوردستان مافی بڕیاردانی چارەنووسی هەیە، وتا دەگاتە پێکهێنانی قەوارەی سەربەخۆ، بەڵام گەلی کوردستان ناتوانێت فەرمانڕەوایی کوردستان بکات و، تووشی قەیران و برسیەتی و لەناوچوون دەبن، بۆیە دەبێت لەگەڵ یەکێتیی عێراق و گەلەکەی بن، وەک ئەوەی ئەوان برای گەورە و باوک بن و، ئامۆژگاریمان بکەن. برای عەرەبی چاوڕەشم، تۆ مافی ئێمە بسەلمێنە و ڕێگا بدە دەوڵەتی کوردستانی پێک بهێنرێ و پشتیوانی بکە و، با گەلەکەی ئێمە ئازاد و سەربەخۆبێ و مروڤ بەئازادی و سەربەخۆیی بمرێت، سەربەرزتر و ئاسودەترە لەژێر دەستەیی و چەوسانەوەی نەتەوەیی، ئەوە برای عەرەبی چاوڕەش لەبەرانبەر گەلی کوردستان بەم جۆرەیە، و برای چاوشینی ئیسپانیش لە بەرانبەر برا بچووکەکەی کەتەلۆنی هەمان هەڵوێست و بۆچوونیان هەبوو، لەکاتی ئەنجامدانی ڕاپرسی کەتەلۆنییەکان بۆ سەربەخۆیی، برای سەرزەردی ڕووسیش ڕاوبۆچوونییان لەبەرانبەر گەلانی ناڕووسی، جیاوازی لەگەڵ برایانی چاوڕەش و چاوشین نەبووە.

خۆم گەیشتوومەتە ئەم ئەنجامە کە میللەتی سەردەستە لە تەواوی دەوڵەتانی دنیادا مافی بڕیاردانی چارەی خۆنووسین بە دروستکردنی دەڵەتەوە بە ڕەوا نابینن و ناسەلمێنن، ڕێگای ڕزگاری گەلانی ژێردەستە و ستەملێکراو بۆ وەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی تەنیا ڕێگای تێکۆشان و بەردەوام بوون و کۆڵنەدان و واز نەهێنانە لە مافی چارەنووس بە مەبەستی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ، هەروا یەک ڕێزی گەلانی ژێردەستە لەیەک دەوڵەتدا و لەگەڵ نەتەوەی سەردەستدا گرنگ و پێویستە.

 

  • 1