ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالیستی بە تایبەتمەندی چینی

پەرەسەندنی سیاسەتی کەلتووری

بەشی دووەم

سیاسەتی کەلتووری لە چیندا بەشێکی گرنگی پەرەسەندنی ڕەوشی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵات بووە، و تەنانەت لە هەندێ قوناغی دیاریکراودا بناغەی هەڵوێست وەرگرتن لە سەرجەم دیاردە سیاسی و ئابوورییەکان خۆی لە داڕشتنی سیاسەتی کەلتووری وڵات بینیوەتەوە کە بێگومان ئاسەوارەکانی کارتێکردنی لەسەر ململانێیە سیاسییەکان و ڕەوشی گشتی و ژیانی کۆمەڵایەتی گەل بووە.

لە ماوەی دە ساڵ لەسەر تەمەنی کۆماری چینی میللی کۆمەڵێک دەستکەوت لە بواری ڕیفۆرمی کشتوکاڵ و بەرنامەی نوێی ئابووری کە بوژاندنەوە و گەشەسەندنی بەرچاوی ئابووری دابین کرد، ئەنجام درا، و لە بواری سەربازیدا وڵات توانی ڕووبەڕووی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ببێتەوە. لەم ماوەیەدا خوێندنی باڵا بۆ ژمارەیەکی زۆری ڕۆشنبیران زامن کرا، و ڕۆڵی ڕۆشنبیران لە سەر هەمان ئەو ڕێبازەی کە لە کاتی شۆڕشدا دەستنیشان کرابوو، پەیڕەو کرا.

سەرکردەی چین ماو تسی تۆنگ کە چاوەڕێی پەرەسەندنێکی ئاسایی و باشی بواری ئابووری دەکرد لە ساڵی 1956دا پەیوەندی بە ڕۆشنبیرانی دەرەوەی حزب بەست، و هانیانی دا کە بێ ترس سەبارەت بە کاروباری گشتی قسەی خۆیانیان هەبێت و ڕەخنە بگرن. ئەوە بوو بانگەوازی با "هەزار گوڵ بپشکوێت" ڕاگەیەنرا. لە ئاکامی ئەم هەنگاوەدا ڕەخنە و گلەیی زۆر ئاراستەی حکوومەت کرا، کە لە پێشبینی حزب زیاتر بوو. ئەوە بوو لە ساڵی 1957 شاڵاوێکی گەورە دژ بەو ڕۆشنبیرانە ئەنجامدرا و بە کەسانی ڕاستڕەو پۆلێن کران. هاوکات لەگەڵ ئەم هەلومەرجەدا پڕۆسەی "بازدانی مەزن بۆ پێشەوە" لە بواری گەشەپێدانی ئابووری ڕاگەیەنرا، بەڵام ئەم پڕۆسەیە بەتایەتی لە بواری بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی سەرکەوتنی بە دەست نهێنا و لە ساڵانی 1960 تا 1961 برسێتی لە وڵاتدا بڵاو بۆوە. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕەوشە ناوخۆییە خراپە، پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت خراپتر بوون.

لە ئاکامی کارکردن بۆ وەلانانی ئاسەوارە نێگەتیڤەکانی ساڵانی 1959 تا 1961، ماو تسی تۆنگ وەک پێشەوای حزب مایەوە، و بەڕێوەبردنی ڕۆژانەی کاری حزب و دەوڵەت بە دەست سەرۆک لیو شاو شی و ئەمینداری گشتی حزب تنگ شیاو بینگ بوو کە دەیانویست چاکسازی کەم لە سیستەمی بازاڕدا بکەن. بە هۆی ناکۆکی لە بیرو بۆچوون و بەهۆی ململانێیە حزبییەکان، ماو تسی تۆنگ لە ماوەی ساڵانی 1962 تا 1966 کۆمەڵێک بەرنامەی نموونەیی دانا کە دواتر لە کتێبێکی ماو تسی تۆنگ بە ناونیشانی "کتێبی بچووکی سوور" چاپ کرا و بوو بە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی هزری ڕادیکاڵی لە نێوان سەربازەکانی سوپادا.

بە هۆی بەردەوامبوونی ململانێیەکانی ناو حزب لە نێوان ساڵانی 1966 تا 1977 قۆناغی شۆڕشی کەلتووری لە چین دەستی پێکرد، و دروشمی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیە ڕووبەڕووبوونەوەی "چوار بابەتی کۆن" بوو کە بریتی بوون لە (عورف، کەلتوور، عادەت و بیروباوەڕی کۆن) کە تێکڕای ئەمانە سومبلەکانی کۆمەڵگای نەریتی و ترادسیۆنی چین بوون، بەتایبەتی کەلتووری کۆنفۆشیۆس. لە هەمان کاتدا بەشێک لە بەرهەمە ڕۆشنبیرییەکانی بلۆکی سۆفیەتی بەر ڕەخنەی گەورە کەوتن.

لە میانەی سەرجەم ململانێیەکانی قۆناغی "شۆڕشی کەلتووری" سەرۆک وەزیرانی وڵات شو ئان لای لە ساڵانی حەفتاکاندا بەرنامەی (نوێبوونەوەی چوار لایەنی) خستە ڕوو کە بواری کشتوکاڵ، و پیشەسازی، و زانست و تەکنەلۆجیا، بەرگری نیشتمانی گرتەوە، و لە هەمان کاتدا ساڵی 1977 دنگ شیاو بنگ سەرلەنوێ بۆ لێژنەی بەردەوامی مەکتەبی سیاسی گەڕاندرایەوە. 

دوای کۆچی دوایی ماو تسی تۆنگ، و کۆتایی ململانێیەکان بە گرتنی "تاقمی چوار کەسەکە" لە مەکتەبی سیاسی حزب کە یەکێکیان خێزانی ماو تسی تۆنگ بوو، پێداچوونەوەیەکی قووڵ بە سیاسەتی "شۆڕشی کەلتووری" کرا. 

بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی قۆناغی "شۆڕشی کەلتووری"، و بە گەڕانەوە بۆ بنەما سەرەتاییەکانی هەڵوێستی حزب هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، و لە کاتی شۆڕشی ڕزگاریخوازی نیشتمانی، و ڕۆڵی ڕۆشنبیران لە بنیاتنانی سۆشیالیستیدا، پێداچوونەوەی تەواو بە سیاسەتی کەلتووری کرا.

بابەتی سیاسەتی کەلتووری یەکێک بوو لە بابەتە گرنگەکانی سەرجەم کۆنگرەکانی حزب دوای دەستپێکردنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە. 

ڕاپۆرتی هەژدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین ئاماژەی بە پەرەسەندنەکانی بواری بنیاتنانی کەلتووری لە وڵاتدا کرد کە بە شێوەیەکی قووڵ نەریتە سەرەکییەکانی سۆشیالستی پێشخستووە، ئەمەش لە ڕێگای پێشکەوتنی خێرا لە خزمەتگوزارییەکانی بواری ڕۆشنبیری، و بەرهەمە داهێنەرەکانی ئەم بوارە، کە ژیانی کەلتووری و مەعنەوی گەلی فراوانتر و دەوڵەمەندتر کردووە.

هەمان ئەو ڕاپۆرتە باس لە چەمکی "هێزی نەرمی کەلتووری" دەکات، کە لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ئاستی چلۆنایەتی شارستانی، و ئاستی شارستانی کۆمەڵایەتی لای هاووڵاتییان، و لە ڕێگای پێشکەشکردنی بەرهەمی ڕۆشنبیری بە شێوازی جۆراجۆر، و ئەنجامدانی سیستەمی بنیتنانی خزمەتگوزاری ڕۆشنبیری گشتی، جێبەجێ دەبێت، بە جۆرێک پیشەسازی ڕۆشنبیری ببێتە کۆڵەکەیەکی ئابووری نیشتمانی کە بناغەی دەوڵەتی سۆشیالستانەی بەهێز لە بواری کەلتووریدا، ئەنجام بدات. بۆیە پێویستە ئیدارەدانی بواری ڕۆشنبیری و میکانیزمەکانی بەرهەمی ڕۆشنبیری زیاتر پێ بگات و چاکسازی تیادا ئەنجام بدرێت، و سیستەمی بازاڕی کەلتووری نوێ دابمەزرێت، و سیستەمی ئیدارەدانی سەرچاوە کەلتوورییەکانی سەر بە دەوڵەت بە تەواوی گەڵاڵە بکرێت، و زەمینەی لە بار بۆ داهێنان و گەشەپێدانی کەلتووری فەراهەم بکرێت.

لە ژێر تایتڵی هەنگاونانی چەسپاو بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی سۆشیالستی بەهێز لە بواری کەلتووریدا، ڕاپۆرتی هەمان کۆنگرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕۆشنبیری شادەماری ژیانی نەتەوە و مەنزڵگایەکی ڕۆحی ڕۆڵەکانی گەلە. بۆیە دەبینین حزبی شیوعی چین بە شێوەیەکی داماڵراو لە سەرجەم بوارەکانی واقیع ناڕوانێتە سیاسەتی ڕۆشنبیری، بەڵکو سێکتەری کەلتووری بە سەرجەم بوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبەستێتەوە، و پێی وایە پەرەسەندنی گەورە و گەشەسەندنی مەزنی کەلتووری سۆشیالستی، و بەرزکردنەوەی ئاستی هێزی کەلتووری نەرمی دەوڵەت، و دەرخستنی ڕۆڵی ڕۆشنبیری لە ئاراستەکردنی نەریتی باوی کۆمەڵایەتی، و ڕۆشنبیرکردنی گەل و خزمەتکردنی کۆمەڵگا، و هاندانی گەشەپێدان، ئامرازن بۆ وەدیهێنانی کۆمەڵگای ژیانی خۆشگوزەران، و جێبەجێکردنی ڕابوونی مەزنی نەتەوەی چین.

هەژدەهەمین کۆنگرە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی سۆشیالیستانەی بەهێز لە بواری ڕۆشنبیریدا گرنگە ڕێگای گەشەپێدانی کەلتووری سۆشیالستانە بە تایبەتمەندی چینی پیادە بکرێت، و پشت بە ئاراستەکردنی خزمەتی گەل و سۆشیالستی ببەسترێت، و پەیڕەوی پرەنسیپی " با سەد گوڵ بپشکوێت، و با سەد قوتابخانە پێشبڕکێ بکەن"، و پرەنسپی پەیوەندی بە واقیع و ژیان و جەماوەرەوە، بکرێت، و کار بۆ پێشخستنی گەشەپێدانی هەمەلایەنە و سەرانسەری شارستانی مەعنەوی و ماتریالزمانەی سۆشیالیستانە، بەمەبەستی بنیاتنانی کەلتوورێکی سۆشیالیستانەی جەماوەری و زانستی و نەتەوەیی بکرێت، کە ئاراستەی نوێبوونەوە و جیهان و دواڕۆژ بێت.

لەو بوارەشدا کلیلی بنیاتنانی دەوڵەتی سۆشیالیستانە بە هێزی ڕۆشنبیری لەڕێگای کارابوونی داهێنانی کەلتووری تەواوی گەلەوە دەکرێت. بۆیە دەبێ ـ هەر وەکو داوایەکی کۆنگرە ـ چاکسازی لە پەیکەری ڕۆشنبیری و پەرەپێدانی، و ئازادکردنی هێزە بەرهەمهێنەرکانی بواری ڕۆشنبیری، و پەرەپێدانی دیموکراسی لە بواری ئەکادیمی و هونەری بۆ ئامادەکردنی بنیاتێکی ڕۆشنبیری بەرفراوان بۆ گەل، بکرێت، و سەرجەم سەرچاوەکانی داهێنان بە تەواوی گەشە بکات، و هەلومەرجێکی ئەوتۆ بێتەکایەوە کە بێ پچڕان داهێنانی کەلتووری سەرجەم نەتەوەکان بەردەوام بێت، و ژیانی کەلتووری کۆمەڵگا فرەیی و هەمەجۆری بە خۆوە ببینێت، و بەرژەوەندی سەرەکی و مافە ڕۆشنبیرییەکانی ڕۆڵەکانی گەل بە باشی دابین بکرێت، و ئاستی چلۆنایەتی بواری ئایدیۆلۆجی و ڕەوشت و زانست و ڕۆشنبیری گەل بەرزبێتەوە، و بەم جۆرەش هەژموونی کەلتووری نەتەوەیی چین لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پەیتا پەیتا، پەرەدەسەنێت.

یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆنگرە جەختکردنەوە بوو لە سەر دەوڵەمەندکردنی ژیانی مەعنەوەی و کەلتووری گەل لەڕێگای کارکردن بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە:

بایەخدان بە داهێنانێک کە خزمەتی گەل بکات و بەرهەمە ڕۆشنبیرییەکان دەوڵەمەند بێت و خۆراکێکی مەعنەوی چاک بۆ گەل دابین بکات... ئاراستەکردنی چالاکییەکان بۆ بنکە جەماوەرییەکان و پەلەکردن لە جێبەجێکردنی پرۆژە ڕۆشنبیرییە سەرەکییەکان کە سوود بە گەل دەبەخشێت...زیادکردنی پشتگیری و یارمەتیدانی بنیاتی ڕۆشنبیری لە گوند و ناوچە دواکەوتووەکان... کردنەوەی پرۆژەی خزمەتگوزاری ڕۆشنبیری گشتی بۆ جەماوەر بە خۆڕایی... پەرەسەندنی کەلتووری نەریتی و ترادسیۆنی گەل و سوودوەرگرتن لە کەلتووری پۆزەتیڤ... بەکارهێنانی زمانی ئاخافتن و زمانی نووسین لە چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان... چالاککردن و پەرەپێدانی ڕەوشی کەلتووری نەتەوە و پێکهاتەکان... پەرەپێدانی چالاکی ڕۆشنبیری جەماوەری، و خۆ ڕۆشنبیرکردن، و هەڵمەتی خوێندنەوە بۆ سەرجەم هاووڵاتییان... بەهێزکردن و چاککردنی بنیاتی تۆڕەکانی ئەنتەرنێت بە پێی پێوەر و بە گوێرەی یاسا، و پەرەپێدانی هەڵمەتی نەهێشتنی بڵاوکراوەی سێکسی و نایاسایی، و ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردە خراپ و دزێوەکان ... بڵاوکردنەوەی زانست و زانیاری تەندروستی، و بایەخدان بە چالاکی وەرزشی و پێشبڕکێیەکانی ئەم بوارە.

مەبەستی بنچینەیی لە سیاسەتی کەلتووری کە لە هەژەدەهەمین کۆنگرەی حزب ئاماژەی پێکراوە، بەهێزکردنی تواناکان و وزەی دەوڵەتە لە بواری کەلتووری بە جۆرێک سوودمەندی کۆمەڵایەتی بە گەل ببەخشێت، و ئەم سیاسەتە کەلتوورییە لە بواری فەلسەفە و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاگەیاندن و وەشاندن، و ئێزگە و سینەما و ئەدەب و هونەر، ڕەنگبداتەوە، و ئەمەش ژینگەیەکی لەبار بۆ دروستبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کادیری بواری ڕۆشنبیری و کەسایەتی ناودار و پسپۆڕ لە بواری ڕۆشنبیری سەرجەم نەتەوەکان بەئەنجام دەگەیەنێت، و چەمکی دەوڵەتی سۆشیالستی بەهێز لە بواری کەلتووری دروست دەبێت.

ئەمینداری گشتی حزب شی جین بینگ لە وتارێکیدا بە بۆنەی یادی لە دایکبوونی کۆنفۆشیۆس لە 24ی سێپتمبەری 2014 ئاماژە بە گرنگی ڕۆڵی کەلتووری ترادسیۆنی و نەریتی باش دەدات کە بنەمایەکە بۆ پیادەکردنی ڕێگای ئایندە، و بە لەبیرچوونەوەی مێژوو ئەنجام نادرێت، چونکە خوێنبەری ژیانی ڕۆحی و دەروونی گەلە.

لە کۆڕێکدا سەبارەت بە کاری ئەدەبی و هونەری ئەمینداری گشتی حزب لە ئۆکتۆبەری 2014دا باس لەوە دەکات کە دەبێ گەل ناوەندی ئاراستەکردنی داهێنان بێت، چونکە ئەدەب و هونەری سۆشیالستی لە ناوەڕۆکدا ئەدەب و هونەری گەلە. بۆ ئەم مەبەستە ئاماژە بۆ وتەکانی سەرکردەکانی پێشتری حزب دەکات لەوانە دنگ شیاو بنگ کە گوتوویەتی؛ "ئەدەب و هونەری ئێمە، موڵکی گەلە"، و هەروەها ئەمینداری پێشووتری حزب گوتوویەتی؛ "ئەوانەی لە بواری ئەدەب و هونەردا کار دەکەن، دەتوانن داهێنانی هونەری لەو کاتەدا بکەن کە گەل مێژوو تۆمار دەکات"، و هەروەها ئەمینداری پێشتری حزب هو جین تاو گوتوویەتی؛ "تەنیا ئەو کاتانەی کە گەل لە نێو دڵدا دادەنێن و هەوڵدەدەین گەل ڕێپیشاندەری داهێنان و لە ناوەنددا بێت، دەکرێ داری هونەر بە سەوزی بمێنێتەوە".

لە هەمان وتاردا ئەمینداری گشتی حزب پێی وایە کە ئەگەر بمانەوێ گەل ناوەندی بایەخدانمان بێت بە جۆرێک چێژ لە کارە هونەری و ئەدەبییەکان وەرگرێت، و ژیانی مادی و ڕۆحی گەل دەوڵەمەند بکات، گرنگە داهێنانی ئەدەب و هونەر و سەرجەم بوارەکانی ڕۆشنبیری ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات:

1ـ گەل پێویستی بە ئەدەب و هونەر هەیە، و داواکاری گەل فرەیە و هەمە چەشنە، و ڕاستە پێشینان گوتوویانە "خۆراک بە نیسبەت گەلەوە وەک ئاسمان وایە"، بەڵام گەل پێداویستی ڕۆحی و دەروونی و کەلتووری هەیە، و ئەو داواکارییانە هەموو کاتێک پێویستە، و لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ژیانی گەل دەبێ بەردەوام چێژ و بەهای بەرهەمە ڕۆشنبیرییەکان بەرزبێتەوە، بەتایبەتی لە بواری ئەدەب و هونەر و سینەما و سەما و هونەرە جوانەکان و وێنەگرتن و شانۆ و هونەری میللی و..هتد.

بواری ئەدەب و هونەر پێناسەیەکی کەلتووری وڵاتە بە جیهان، و دەکرێ تاقە ڕۆمانێک یان شیعرێک یان تابلۆیەک یان وێنەیەکی فۆتۆگرافی یان فیلم و زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی یان پارچەیەکی میوزیک، کەلتووری چین بە کومەڵگای نێودەوڵەتی و بیانی بناسێنێت.

2ـ ئەدەب و هونەر پێویستیان بە گەل هەیە کە ڕووبارێکی بەردەوامە و سەرچاوەی داهێنانی ئەدەبی و هونەرییە. کاتێک ئەدەب و هونەر لە گەل جودا دەبێتەوە، ئەوا دەبێتە قەوزەیەکی بێ ڕەگ، و نوزەیەکی بێ دەرمان، و جەستەیەکی بێ ڕۆح. لینین دەڵێت: "هونەر موڵکی گەلە. و هونەر بە هەست و بیروباوەڕ و ئیرادەی جەماوەرەوە بەستراوە، و ئاستیان بەرزدەکاتەوە." بۆیە ژیانی گەل سەرچاوەی لە بن نەهاتووی داهێنانە.

دەبینین سەرجەم شاکارە ئەدەبی و هونەرییەکان کە نەوە بە دوای نەوە شانازی پێوە دەکەن، ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانی سەردەمی خۆیەتی، و باس لە خۆشی و ناخۆشی گەل دەکات.

گەل سومبلێکی داماڵراو نییە، بەڵکو کەسایەتییەکی دیاریکراوە، و خوێن و گۆشتە، و هەستی هەیە، و خۆشی و ڕق و خەونی هەیە، و لە دڵی هەر یەکێک لە ڕۆڵەکانی گەل پێکدادان و ململانێ هەیە.

3ـ پێویستە ئەدیب و هونەرمەندان گەلیان خۆش بوێت، و چارەنووسی داهێنان ئەدەبی و هونەری بەندە بەو هەستەوە. خۆشەویستی گەل تەنیا دروشم نییە، بەڵکو پێویستی بە زانیاری عەقڵانی و هۆشمەندانە هەیە، بە جۆرێک لەوە تێبگەین کە گەل دروستکەری مێژووە، و بەم بۆچوونە تێکەڵی جەماوەری گەل بین... هەندی لە هاوڕێیانمان تەماشای جەماوەر دەکەن وەک ئەوەی بە سواری ئەسپەوە تەماشای گوڵ بکەیت، یان تەنیا دەست بە سەر ڕوواڵەتی بابەتەکان بنێیت.

داهێنانی ئەدەبی و هونەری بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە دێت. هەڵبەتە شێوازی جۆراجۆر لە داهێنانی ئەدەبی و هونەری هەیە، بەڵام گرنگتر و ڕاستگۆتر و سەرەکیتریان ئەوەیە کە لە ناوەندی ژیانی خەڵکدا ڕەگ بکات و قووڵ بێتەوە. ئەگەر کەسێک لە کەڵکەڵانێکدا خۆی حەشار بدات و نەتوانێ بەردەوام ئیلهامی ئەدەبی و هونەری بۆ بێت. بۆیە دەبێت لە ناو وردەکارییەکانی ژیانی گەلدا بژی، و لەو ژیانە حاڵی بێت. ژیانیش تەنیا جریوە جریوەی باڵندە و سەمای سنونو نییە، بەڵکو دیاردەی نەرێنی تێدایە کە نەک تەنیا دەبێ بیانخەینە ڕوو، بەڵکو دەبێ باس لە شێوازی چارەسەرکردنیان بکەین. سیاسەتی رۆشنبیریمان لەو بوارەدا بریتییە لە: "دەبێ بە گیانێکی ڕیالیستی و بەهەستێکی ڕۆمانسی تەماشای ژیان بکەین، و بە ڕووناکی تاریکی بڕەوێنینەوە، و بە جوانی و باشی ڕووبەڕووی ناشرینی و خراپەکاری ببینەوە، بەو مەبەستەی خەڵکی جوانی و هیوا ببینن، و خەونەکانیان بەرەو پێشەوە بێت".

ئەمینداری گشتی بە ئاماژەکردن بەم سێ خاڵە باس لە توانای ناساندنی شارستانی پێنچ هەزار ساڵەی چین بە جیهان، دەکات، و بەو جۆرە بەرهەمی داهێنەرانەی گەلی چین بە جیهان دەگات. 

نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین لە 2017 بنەمای سیاسەتی کەلتووری وڵاتی ڕوون کردەوە کە پەیوەندی بە سەردەمی نوێوە هەیە و میراتگری سەردەمی پێشووترە، و بەردەوامبوونی کارەکانی ئەو سەردەمەیە بە ئاراستەکردنی ڕێگای دواڕۆژ و ئەنجامدانی سەرکەوتنی مەزن لەسەر ڕێگای سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمی هاوچەرخدا.

لەسەر ئەم ڕێبازە ئاستی خزمەتگوزاری ڕۆشنبیری پەرەیسەند، و داهێنانی ئەدەبی و هونەری پەری پێدرا، و پرۆژەکانی کەرتی ڕۆشنبیری گەشەی کرد و بایەخ بە پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی ئینتەرنێت درا، و متمانە بە کەلتووری خودی نیشتمان کارا بوو، و ئاستی پشتگیریکردنی هێزی نەرمی کەلتووری نیشتمانی و کارتێکردنی ڕۆشنبیریی چین، پەرەسەندنی چلۆنایەتی بە خۆوە بینی.

یەکێک لە ئەرکەکان کە نۆزدەهەمین گۆنگرەی حزب جەختی لەسەر کردەوە، ئەوە بوو کە بابەتی سەقامگیرکردنی متمانە بە کەلتووری زاتی و گەشەپێدانی ڕۆشنبیری سۆشیالیستانە بە ڕۆحی نەتەوە و دەوڵەت دەژمێردرێت. لەم خاڵەدا ئاماژە کرا کە سەرچاوەی کەلتووری سوشیالیستانە بە تایبەتمەندی چینی پشت بە لایەنی پۆزەتیڤ لە کەلتووری نەریتی و ترادسیۆنی شارستانی چین دەبەستێت کە ئەو شارستانییە تەمەنی زیاتر لە پێنج هەزار ساڵە. لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا کەلتووری وڵات بە ئاراستەی پەرەپێدانی بواری زانستی و نەتەوەیی و جەماوەری بەرەو نوێخوازی و جیهانی و ئایندەی گەشی مرۆڤایەتی ئاراستە دەکرێت. هەڵبەتە بواری سیاسەتی کەلتووری لە ئەزموونی بنیاتنانی سوشیالستی بە تایبەتمەندی چینی لە بواری ئایدیۆلۆجی و بە چینی کردنی مارکسیزم و گونجاندنی لەگەڵ سەردەم و بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری لە ڕیزی جەماوەری گەل، جیاناکرێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی خزمەتکردنی گەل و دروستکردنی هەماهەنگی نێوان شارستانی دەروونی و مادی بە پشت بەستن بە مارکسیزم کە پرەنسیپی "با سەد گوڵ بپشکوێت، و سەد قوتابخانە پێشبڕکێ بکات"، مسۆگەر دەکات، کە ئەمەش ڕێگای داهێنانە.

یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی بواری سیاسەتی کەلتووری چالاککردن و گەشەپێدانی کاری ئەدەبی و هونەری سۆشیالستییە بە پشت بەستن بە گەل وەک داینەمۆی کاری داهێنەرانە، و ئاوێتەبوونی نێوان قوڵایی هزر و جوانی کاری هونەری و لێهاتوویی داڕشتن، و ڕیالستی بابەتەکان و پەرەپێدانی دیموکراسی ئەکادیمی و هونەری، و بەرەنگاربوونەوەی کارە سواو و لاواز و بێ ئەرزشەکان، و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ڕیزەکانی نووسەران و هونەرمەندان و پشتگیریکردنی داهێنەرە گەورەکانی ئەم بوارە.

بۆ تەواوکردنی ئەم ئەرکە نۆزدەهەمین کۆنگرە باس لە گەشەپێدانی پرۆژە و کەرتەکانی بواری کەلتووری دەکات کە پێویستی بە چاکسازی لە بواری میکانیزمی بەڕێوەبردنی کاری ڕۆشنبیری هەیە بە ڕەچاوکردنی پەیوەندی نێوان چالاکی کۆمەڵایەتی و بەرهەمی ئابووری و ئەنجامدانی ئەو پرۆژانەی کە خزمەتی گەل دەکەن.

 

  • 1