ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە هاوینی 1987 بارەگای مەڵبەندی هەولێری پێشمەرگەكانی حزب لە گوندی ئەشكەوتە بوو ، شوێنی بارەگاكە دەكەوتە نێوان گوندی خەتێ‌ و ئەشكەوتە .. هێزی پێشمەرگەی كوردستان گەلێك بەهێز بوو ، جۆرەها كارو چالاكی پێشمەرگایەتی ئەنجامدەدا ...

رژێمی رەفتار بفاشی حزبی بەعس لە شار و شارۆچكەكانی كوردستاندا لەبەرامبەر چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەموو جۆرە فیشارێكی دژی نیشتمانپەروەران و جەماوەری گەلەكەمان بەكاردەبرد ، بەتایبەتی لە دژی كەس وكاری پێشمەرگە ، هەر لەگرتن و دەركردن لە شارەكان و رەوانەكردنییان بۆ ناوچە ئازادكراوەكان ، بۆ ئەوە ببنە بارگرانی لەسەر هێزی پێشمەرگە و شۆرش ، جگە لە چاودێری بەردەوام و دەركردن و دوورخستنەوەیان لەسەر كارەكانییان لە فەرمانگەكانی میری ....

لەسەرەتای مانگی ئەیلولی 1987 ، رۆژێك هاوڕێی كۆچكردوو مامۆستا (ئەحمەد شێخۆ) لە گوندی ئەشكەوتە پەیدا بوو ، هاوڕێ‌ (ئەحمەد) كادیرێكی وریا و ئازاو كارای حزب بوو لە ناو شاری هەولێر ، لە هاوینی ساڵی 1978 بە بڕیاری حزب ماڵەكەی كرایە ماڵی حزبی و پۆستەی لێژنەی مەحەلییەكانی كوردستان و مەكتەبی سیاسی لە بەغدا بۆ ماڵەكەی دەهات و ، لە وێشەوە پۆستە بۆ مەحەلییەكان و مەكتەبی سیاسی بەرێدەكرا .

ماوەیەك هاوڕێ‌ (ئەحمەدی بانیخێڵانی) لە ماڵەكەی ژیاو ، پاشان هاوڕێ‌ (نائب عبدالله- مەلا بكر)یش هاتوچۆی ماڵەكەیانی دەكرد و بۆ حەوانەوەش دەمانەوە ، هاوڕێ‌ (ئەحمەد شێخۆ) دوو كوڕی هەبوو هەر دووكیان پێشمەرگەی حزب بوون ،بەناوەكانی (هەژار ناسراوبە هاوڕێ‌ ئاوات و بەختیار نازناوی ئارام بوو) ، سەركردایەتی لێژنەی هەرێمی كوردستانی حزب و بەتایبەتی هاوڕێی كۆچكردوو (فاتح رسول) بەردەوام دووپاتی پاراستنی هاوڕێ‌ (ئەحمەد)یان دەكردەوە ، لەبەر ئەوەی ناوەندێكی گرنگ بوو بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانی حزبمان و ، مانەوەی كادیرانی حزب لە لایان ، هەروا بەردەوام نامە و پۆستەی حزبیان لابوو ، لێرەدا بەپێویستی دەزانم ئاماژە بە رۆڵی قارەمانانەی (دایكی هەژار) بكەم ، كە بێ‌ سنور ئازا و نهێنی پارێز و دڵسۆزی حزب بوو ، بەردەوام لە ناوشاری هەولێر نامە و پۆستەی دەگواستەوە و ، لە كاتی پێویستدا نامەی بۆ لێژنەی هەرێمی كوردستانی حزبیش دەبرد ، هەر دوو كوڕەكەی پێشمەرگە بوون ، هیچ كاتێك نەمبینی بۆیان خەمباربێ‌ ، یان بۆیان بگرێت ، بەهیچ جۆر هەواڵی كوڕەكانی نەدەپرسی ، بەندە بەردەوام سەردانییانم دەكرد و ، لە گەڵیان دەژیام ، 

كاتێك ئەنفالی ناوچەی بادینان بەڕێوە چوو ، چەند هاوڕێكمان نەگەیشتنە ناو خاكی سوریا و ناچار بوون بگەڕێنەوە بۆ ناوشاری (موصل) لەم هاوڕێیانە (مەلا عمر و عولا پۆڵا و ئارام) بوون، لە ناو شاری موصل گیرییان خواردبوو، كاتێك هەواڵییان بە (دایكی ئارام)گەیشت ، بەبێ‌ وەستان لە گەڵا هاوڕێ‌ (ئەحمەد شێخۆ) بە ئۆتۆمبێلی خۆیان چوونە شاری (موصل) و هاوڕێیەكانیان گواستەوە بۆ شاری هەولێر، دوای ئەوە دایكی ئارام داوای لە هاوڕێ‌ (ئارام) كرد ، كە دەبێت بە زووترین كات بگەڕێتەوە بۆلای حزب لە ناوزەنگ ئەوەبووهەر سێ‌ هاوڕێ‌ لە رێگای حزبەوە گەیشتنە بارەگای حزب لە ناوزەنگ .

ماڵی هاوڕێ‌ (ئەحمەد) لە گەرەكی رۆناكی بوو ، خانووەكەی فرۆشت لەبەر ئەوەی لە وێ‌ لەلایەن خەڵكەكەوە ناسراو بوو ، ماڵەكەی گواستەوە ناوچەی خانووەكانی زانكۆ و دوبارە ماڵەكەی كرایەوە بە ماڵی حزب ، لە مانگی (1ی حوزەیرانی 1985) بەندە و هاوڕێ‌ (ئارام كادیر) شاری هەولێرمان جێهێشت و هاوڕێ‌ (هۆگر) بەرپرسیارێتی هەولێری وەرگرت و لە ماڵی هاوڕێ‌ (ئەحمەد) دەژیا و ، هەروا هاوڕێ‌ (شەهید سعدون و هاوڕێ‌ عمر علی ئەلشێخ و دایكی بەهار) لە كاتی پێویست هاموشۆی ماڵەكەیان دەكرد . هاتنە دەرەوەی هاوڕێ‌ (ئەحمد) رووداوێكی گەلێك ناخۆش و جێگای نیگەرانی بوو ، لەبەر ئەوەی وەك ئاماژەم بۆ كردوە ماڵەكەی بۆ كاری حزبی گرنگ و بایەخدار بوو، هەروا خۆی و دایكی هەژاریش دوو كادیر و هەڵسوراوی كارای حزب بوون لەناو شاری هەولێر، شەوو لەگەڵا هاوڕێ‌ (مامۆستا ئەحمەد)كۆبوونەوەیەكم سازدا و ، باسی هاتنەكەی بەم شێوەیە خستەرو ، ووتی لەم رۆژانەی دواییدا هەستم بەوە دەكرد كە پیاوانی ئەمن چاودێریم دەكەن ، بۆیە بارودۆخی ماڵەوەمان رێكخست و بڕیاردرا هاوڕێیان هاتوچۆی ماڵەوە نەكەن و بۆ حەوانەوەش رووی تێنەكەن ، دواتر لە فەرمانگەی (ئەمنی بەلدە) ئاگاداركرام ، كە سەردانییان بكەم ، هاوڕێیان بڕیاریاندا كە بچمە فەرمانگەی (ئەمنی بەلدە) چونكە ووتییان ئەگەر بۆ گرتن بوایە ، ئەوە دەیان گرتم و بەبێ‌ ئەوەی ئاگادارم بكەن ، چوومە (ئەمنی بەلدە) و ، ئەفسەرێكی ئەمن لەگەڵمدا دانیشت و داوای كرد كە بەزوترین كات بێمە دوای ئاوات و بەختیار و بیانگێرمەوە و ، خۆیان بەدەستەوە بدەن ... هەروا هەرەشە و گوڕەشەی زۆرییان لێكردم ... بەڵام هیچ زانییاریەكیان لەسەر پەیوەندیمان بەحزبەوە نەبوو ، تەنیا لەبەر (ئاوات و بەخیتار) بانگ كرابووم . لەسەر داوای كەی (ئەفسەری ئەمن) ووتم شوێنییان نازانم و هیچ دەنگ و باسییان نییە ، منیش حەزدەكەم كوڕەكانم بگەڕێنەوە ، گەر جێگایان پێبزانم ئەوە دەچمە دوایان .

ئەفسەری (ئەمنی بەلدە) ووتی ، بچۆ دۆڵی بالیسان و گوندی ئەشكەوتە و بۆلای ئەو (رەوەندە ...) كە ئێستا ناوی خۆی گۆریوە بۆ (مامۆستا سەلیمی ...)ئەو جێگای كوڕەكانت دەزانی ...

ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەوەبوو ، كەپێش ماوەیەك بەبڕیاری حزب بەرپرسیارێتی هەولێرم جێهێشتبوو ، چوو بوومە ناوچەی شەقڵاوە و لەسەر داوای حزب ناوەكەم گۆڕی ، بۆ ئەوەی كەمێك و بۆ ماوەیەك فیشاری (ئەمن) لەسەر (ساوێن و دایكی) كەم بێتەوە ، بتوانن لەناوشاری هەولێر داڵدە بدرێن ، كە چی فەرمانگەی ئەمنی بەلدەی هەولێر زانیاریان پێگەیشبوو دەربارەی ناوە تازەكەم و شوێنی كاركردنم ...

دوای ئەوە هاوڕی (ئەحمەد) ووتی ئێستا كە چی بكەم و بڕیاری حزب چییە ؟ ووتم دەبێ‌ بگەرێتەوە و ، ئاگاداری ئەفسەرەكە بكە كە منت دیوە و ، ئاگادارم كردوی كە كوڕەكانت لەم ناوە نینەو بەرە و سنور رۆیشتوونە و بەهیوای ئەوەی بچنە دەرەوەی ووڵات... هەروا لەوانەیە داوای زانیاریت دەربارەی من لێبكەن ، دیارە ئەوان زانیارایان هەیە كە من ناوم (سەلیم)ەو لەم ناوچەیە دەژیم ، ئاگاداریان بكە ، كە لە ناو خیوەتێك لە نزیك گوندی ئەشكەفتە چاوت پێمكەوتووە ، هەروا رێگام نەداوی بچیتە بارەگای پێشمەرگەكان ... رێگام نەداوی كەس ببینی ... هەروا ئاگادارییان بكە ... كە ئەگەر كوڕەكانم بێنە دۆڵی بالیسان دەچمە دوایان و دەیانگێرمەوە ... پاشان ووتم هاوڕێ‌ (ئەحمەد)ئەركی تۆ یەكجار گەورە و گرنگە ، حزب پێویستی بە هاوڕێ‌ و كادیری وەكو تۆیە بۆ راپەڕاندنی ئەركی حزبی لە ناوشار ، تكایە هەتاكو بواری مانەوەت لە شار هەبێت پێویستە بەردەوام بی .

پاشان داوام لێكرد رێزو سەڵاوی زۆرم بە دایكی هەژار بگەیەنێ‌ و چاوی (رێزان و سۆزان و سازان) ماچ دەكەم هیوادارم سەركەوتووبن لە خوێندنییان ... هاوڕێ‌ مامۆستا (ئەحمەد) ووتی دەگەرێمەوە ، بەڵام ئاگاداری (ئاوات و بەختیار) بكە كە خەمی ئێمەیان نەبێت و ئەگەر لەسەر داوای (ئەمنی بەلدە)ش چوومە دوایان نابێ‌ بەهیچ جۆر بگەڕێنەوە ، چونكە عەیشان ، واتە دایكیان شار بەدەریان دەكات و لەوانەیە خۆشی بكوژێت ، منیش رازی نابم بەهیچ جۆر بگەرێنەوە ، بەردەوامی ئەوان ئێمە سەرفراو و خۆشحاڵا دەكات .

گەرایەوە و لە تێكۆشان بەردەوام بوو ، تاكو راپەرینی گەلی كوردستان لە ئاداری 1991 و ، بەشداری كاراشیان تێدا كرد .

تەمەنی درێژ و ژیانێكی ئاسودە بۆ هاوڕێ‌ (دایكی هەژار) .

رەوەند

13/7/2019