ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وا بۆ چەند ساڵێک دەچێت حکومەتی تورکیا لەشکرکێشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەڕێدەکات و دەزگا هەواڵکرییەکانی لە ناوچەکانی کوردستاندا خستۆتە کارو هێزی هەوایی ئەم ئەندامەی پەیمانی ناتۆ بۆ سەر ناوچەکانی باکوری کوردستانی باشوور، دیهات و شارۆچکەکانی هەرێم بۆردوماندەکەن و، رەزو باخ و گوندی هاو نیشتیمانییەکانمان دەسووتێنن و خەڵکەکەی ئاوارە دەکەن و بەسەدان کەس دەکوژن و برینداردەکەن.

ئەم دەستدرێژییانەی تورکیا بۆ سەر هەرێم، بە هەر بڕوبیانویەک بێت کارێکی ناڕەوایەو مەترسیدارەو، دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەریی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵی و پێچەوانەی هەموو قانونێکی نێودەوڵەتییەو، بە بەرچاوی هەموو دنیاوە ئەنجامدەدرێت. لەگەڵ هیچ جۆرە پەیوەندییەکی دراوسێتیدا ناگونجێت.

بۆیە دەبێ ئەم دەستدرێژییانە ئێدانەو پڕۆتێست بکرێن و لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداوە بێدەنگی لێنەکرێت. لەبەرچی ئەم دوو حکومەتە ئەم دەستدرێژییانە ڕاناگرن؟ لەکوێی دنیادا نمونەی هەیەو چۆن دەبێ نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆڕو کۆمەڵە نێو دەوڵەتیەکان لەم دەستدرێژیانە بێدەنگبن؟!

کۆمەڵانی گەلەکەمان و بەتایبەتی جوتیارانی ئەو ناوچانەی کەوتوونە بەر دەستدرێژی پرۆتێێست و بێزارییان دەربڕیوەو دەردەبڕن و داوادەکەن:

- بەخێرایی حکومەتی هەولێرو بەغدا بێنە دەنگ و هەوڵی جیدی بدەن بۆ راگەتنی ئەم دەستدرێژییەو وەدەرنانی یەکەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان.

- ئەم دەستدرێژییە بە فەرمی بخرێتە بەردەمی نەتەوە یەکگرتووەکان کە هەوڵی راگرتنی بدەن و جەختبکرێتەوە لەسەر ئەوەی کە بەهیچ بڕو بیانویەک کارێکی ڕەوا نییە.

- قەرەبووی خێرای هەموو زیانلێکەوتووەکان بکرێت و گوندو مەزراکانیان ئاوەدان بکرێنەوەو، تێچووی ئەم قەرەبوانە بخرێتە سەر حکومەتی دەستدرێژکاری تورکیا. 

- هەموو حیزب و هێزە نیستیمانپەروەرەکانی کوردستان بەخێرایی پێکەوە کۆبنەوە بۆ باسی ئەم دەستدرێژیەو گرتنەبەری هەڵوێستی هاوبەش لەپێناو راگرتنی ئەم دەستدرێژییانەی تورکیادا.!