ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە کێشەکان لە نێوان حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى فیدراڵدا لەوکاتەوە دەستى پێکردووە، کە ئەمریکا پاش ڕووخاندنى (سەدام) کرا بە حوکمڕانى عێراق بۆ ماوەى ساڵێک کە دواتر ناسرا بە ساڵەکەى (پۆڵ بریمەر) حوکمدارى ئەمریکا لە بەغدا.

ئەو ساڵە هەردوو نوێنەرەکەى کورد (مام جەلال) یادى بەخێر و کاک (مەسعوود بارزانى) لە ئەنجوومەنی حوکم کە بریمەر پێکیهێنا بوو، ڕازى بوون بە حوکمە زاتییەکەى (سەدام)! بێدەنگ بوون لەو گۆڕانکارییەى کە (سەدام) لە سنوورى پارێزگاکانى (مووسڵ، هەولێر، کەرکووک و دیالە) کاتى خۆى بڕیاریدا بوو بۆ دابڕاندنى ناوچە کوردستانییەکان لە هەرێم، واتە لە سنوورى حوکمەزاتییەکە.

ڕازى بوون بە چڕکردنەوەى کێشەى ئەو ناوچانە دابڕێنراوانە لە مادەى (58) ئەو دەستوورە کاتییەدا کە (بریمەر) پەسەندى کرد بەمەرجێک حزبى شیوعى عێراق پێى گوتن (ئەوە قەبوڵ مەکەن، چونکە مەسەلەکە دواتر دەکەوێتە گێژاوێکى قووڵەوە).

ئەوە بوو دواتر گوازرایەوە بۆ مادەى (140) لە دەستوورى هەمیشەیى دا و ماوەى حەوت ساڵ دیاریکرا بۆ جێبەجێکردنى بەسێ قۆناغ! ئەم مادەیە کە نەک هەر جێبەجێ نەکراوە، بەڵکو لە ماوەى 14 ساڵى ڕابردوودا کۆمەڵێک کێشە و گرفتى ترى لەسەر کەڵەکە کراوە! وەک کێشەى (پێشمەرگە، نەوت و گاز، بەشى هەرێم لە بودجەى عێراقدا ....هتد.

پرسیارەکە لێرەدایە، بۆچى ئەم کێشانە چارەسەرنەکراون؟! بەڕاى من وەڵامى ئەم پرسیارە، واتە هۆکارەکانی چارەسەرنەکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ:

یەکەم؛ ناتەبایى و دووبەرەکى و پاوانخوازى نێوان هەردوو حزبە گەورەکەى هەرێم کە هەمیشە ناکۆک و لە شەڕ و بەیەکداداندا بوون لە پێناوى بەرژەوەندى تایبەتیاندا. کە نەیانتوانى جارێک لە جاران یەکگرتووانە و بەیەک هەڵوێست بچنە مەیدانەوە بۆ چارەسەرکردنى ئەو پرسە نەتەوایەتییە. ئەو ناکۆکى و دووبەرەکییەى کە تا ئەمڕۆ بەردەوامە و هەموو نەیارانى گەلى کورد، عێراق و دەرەکى سوودیان لێ وەرگرتووە.

دووەم؛ نەبوونى حکوومەتێکى نیشتمانى دیموکراسی لە عێراقدا ماوەى ئەم 14 ساڵە، کە باوەڕى بە مافى نەتەوایەتى کورد بگرە بەم فیدراڵیەش هەبێ، نەک هەر ئەمە بەڵکو هەموو ئەو حکوومەتانەى کە لە ساڵى 2005وە تا ئەمڕۆ هاتوونەتە سەرکار ئەو مافەیان بەڕەوا نەزانیوە و کاریان بۆ هەڵوەشاندنەوەى فیدراڵیەتەکەیش کردووە. حکوومەتى مالکى هێزى دجلەى بۆ داگیرکردنەوەى هەرێم ئامادەکرد!

حکوومەتى عەبادى (16ی ئۆکتۆبەرى 2017) بە هێزى سوپا و حەشدى شەعبى و پاسداران پارێزگاى کەرکووک و دووزى داگیرکردەوە! واتە زیاتر کێشەکەى ئاڵۆز و بە زەحمەتتر کرد.

سێیەم؛ دەستێوەردانى دەرەکى بە تایبەتى (ئێران و تورکیا) کە سەرکەوتن و سەقامگیربوونى فیدراڵى لە هەرێمى کوردستانى عێراقدا بە مەترسییەکى جدى دادەنێن بۆ سەر ڕژێمەکانیان.

لەبەر ئەوە ڕاستەخۆ و ناراستەوخۆ کار دەکەن بۆ تێکدانى!

وەکو چۆن لە ساڵانى 1992 تا 1994، لە پیلانگێڕاندا بوون تا ئەوە بوو شەڕى ناوخۆیان هەڵگیرساند و حکوومەتى هەرێمیان دووکەرت کرد.

وەنەبێ ڕۆڵى حکوومەتى ئەمریکایش لە هى ئەوان باشتر بێ، ئەوە بوو ساڵانى 2014 و 2015 و 2016 کوردیان تەفرەدا و هانیان دەدا بۆ ئەوەى لە عێراق جیاى بکەنەوە، مەسەلەکەیان گەیاندبووە ئەو ئاستەى کە گوایە دامەزراندنى حکوومەتى سەربەخۆیى کورد تەنیا پێویستى بەیەک (ئۆکەى) هەیە لەلایەن سەرۆکى ئەمریکاوە!!

کەچى حکوومەتى هەرێم بڕیارى (ڕیفراندۆم)یدا لە 25/9/2017، حکوومەتى ئەمریکا بو بە پشتیوانى حکوومەتى عەبادى و هاوکارى (حەشدى شەعبى) سەربە ئێران و هێرشیان کرد بۆ کەرکووک و دووزخورماتوو و دەوروبەریان و داگیریانکردن و بە دەیان هەزار خێزانى کوردى ئەو ناوچانەیان دەربەدەر کرد و ئەمیش بۆ خۆى بوو بە کێشەیەکى تر کە هێشتا چارەسەر نەکراوە! لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا جاریکى تر لەگەڵ هەرێمدا تێهەڵچۆتەوە بەبێ ئەوەى شەرم لەو هەڵوێستەى خۆى بکات لە 16ی ئۆکتۆبەردا .

پاش پێکهاتنى حکوومەتى نوێى هەرێم هەوڵەکان دەتوانم بڵێم یەک لایەنە دەستى پێکردووەتەوە بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشە کۆن و تازە کەڵەکە بووەکان، ئەوەیش لە خۆیدا هەنگاوێکى باشە لەلایەنى حکوومەتى هەرێمەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە هەتا ئەو کۆسپانەى باسم کردن لە ڕێدا بن بە تایبەتى هەردوو کۆسپى یەکەم و دووەم، ئەو کێشانە وەک پێویست چارەسەر ناکرێن مەگەر (پینە و پەڕۆ)یان بکەن.

 

  • 1