ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەتایبەتیكردنی پەخشی كەناڵە تەلەفزیۆنەكان رووتانەوەی هاوڵاتیانەو پێویستە رابگیرێت

ئەو سیاسەتەی حكوومەتی هەرێم گرتویەتێ بەر لە بواری بەتایبەتیكردنی كەرتی گشتی و فروشتنی بە كەرتی تایبەت لەو كاتەی كە نەیتوانیووە ببێتە هۆی سەركەوتنی ئەو كەرتانە و شتێكی نوێی لێ پەیدا بێت و پێشەوەچوونێك بەرهەم بێنێت وەك ئەوەی لەكەرتی پەروەردەوخوێندن روودەدات و هێشتا قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندنی كەرتی گشتی زۆر لەپێشترە لەوەی كەرتی تایبەت و ساڵانە قوتابییە یەكەمەكان ئەوە دەسەلمێنن.لەهەمانكاتیشدا ئەو بەتایبەتیكردنە نەبۆتە هۆی پەیدابوونی رەزامەندی كۆمەڵایەتی و بە پێچەوانەوە دەنگی ناڕەزایی هاوڵاتیان رۆژ دوای رۆژ بەرزتردەبێتەوە دژ بەو فرَشتنانەی كە لەكەرتی گشتی بەخواستی حكوومەت روودەدات ،وەك ئەو ناڕەزاییانەی كە دژ بە تایبەتیكردنی كەرتی هاتووچۆ روویدا،یان ئەوەی كە ئێستا روودەدات دژ بە فرۆشتنی كەتی عەریزەنووسین.دیارە لەكەرتەكانی دیكەش كە حكوومەت دەستی بۆ بردووەو فرۆشتوویەتیبەكەرتی تایبەت چیرۆكێكی سەركەوتووی تێدا نیە و نەیانتوانیووە ببنە هۆی كەمكردنەوەی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و بگرە رۆشنبیرییەكی بەهێزی خۆڕسك هەیە دژ بە فرۆشتنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان كە نەك حكوومەت دەتوانێت بە باشی دەستەبەری بكات،بەڵكو دەتوانێت بە باشترین شێە دابینی بكات ئەگەر خۆی لەو رێككەوتنە بێ پاساوانە بكشێنێتەوە كە لەگەڵ لایەن نێودەوڵەتییەكانی نموونەی بانكی نێودەوڵەتی ئەنجامی داوە كە بێگومان جگە لە قازانجی خۆیان ئەوانە گرنگ نیە بەلایانەوە هاوڵاتیان چەند هەژارتردەبن و حكوومەت چەند بێ دەسەڵات تر دەبێت و كێشمەكێشی قووڵ دەخاتە نێوان حكوومەت و هاوڵاتیانەوەو سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتی هەمیشە لەژێر هەڕەشەدا دەبێت.

بەتایبەتیكردنی پەخشی كەناڵە تەلەفزیۆنەكان

لەسایەی پلانە ناڕوون ونادیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا،ئەو سەردەمە بەسەرچوو كە ماڵە هەژارەكان و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە لەرێگەی بەرزكردنەوەی ئارێلێكەوە بتوانن سوودمەندبن لەكەناڵە ناوخۆییەكانی تەلەفزیۆن. ساڵانێكە پەخشكردنی كەناڵە تەلەفزیۆنە ناوخۆییەكان لەنێوان دوو كۆمپانیادا قەتیس كراوە كە لەو كاتەی كە پارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان وەردەگرن لەبەرامبەر فرۆشتنی كەل وپەل و ئامیرەكانی پەخشدا لەهەمان كاتدا یەكێكیان ساڵانە بڕە پارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان وەردەگرێت و ئەوی دیكەش خۆی مەڵاسداوە بۆ زیاتر و زۆرتر،لەتەك ئەوانەشدا خودی كەناڵەكانیشیان خستۆتە ژێر فشارو مەرج و مەرجكارییەوە.بە بێ ئەوەی هیچ یەك لەو كەناڵانە بتوانن پەخشێكی سەرتاسەریی بۆ هاوڵاتیان دابین بكەن و تەلەفزیۆنەكان لەناوچەییەوە بگوازنەوە بۆ سەر ئاستی هەرێم.

هەرچەندە كە فشارێكی باش كرا لەسەرەتاوە بۆ ئەوەی ئەو كۆمپانیایانە بەئارەزووی خۆیان یاری بە چارەنووسی هاوڵاتیان نەكەن،بەڵام لایەنە پەیوەندارەكان و حكوومەت رۆڵێكی ئەوتۆیان نەبوو لەچارەكردنی ئەو دەستدرێژییە بۆ سەر مافی هاوڵاتیان.هەر بۆیە پێویستە هاوڵاتیان و كەناڵە تەلەفزیۆنییەكان رۆڵێكی كاریگەر ببینن لەوەی كە حكوومەت لە فرۆشتنی پەخشكردنی تەلەفزیۆنەكان بەو كۆمپانیایە پاشگەزبێتەوەو،پەخشی خۆڕایی دەستەبەربكرێتەوە بۆ هاوڵاتیان.

تەلەفزیۆن و رادیۆ بێ چوارچێوەی یاسایی

لەهەرێمی كوردستان دەیان كەناڵی ناوخۆیی رادیۆ و تەلەفزیۆن هەیە لەسەرجەم شاروشارۆچكەكان.لەوەتەی ساڵی 1991 تاوەكو ئێستا كە 28 ساڵ زیاترە پەرلەمانی كوردستان نەیتوانیوە یان نەیویستووە یاسای رێكخستنی پێدانی مۆڵەت و فریكیۆنسی رادیۆ و تەلەفزیۆنەكان دەربكات.ئەوەی هەیە خراوەتە دەستی حكوومەت و ئەویش هەرچەند كە وەزارەتی رۆشنبیری رێنمایی دەردەكات بۆ پرسی تۆمار و پێدانی فریكیۆنسی بەڵام لەراستیدا هیچ دەسەڵاتێكی نیە و تەنانەت وەزارەتی گەیاندنیش هیچ دەسەڵأتێكی نیە،ئەوەی هەیە لە وەزارەتی ناوخۆو ئەنجوومەنی ئاسایشە كە ئارەزوومەندانە و بەپێی فایلەكانی خۆی كە فایلی ئەمنین بڕیاردەدات نەك بە پێی یاسا.

ئەو رێنماییانەی كە لەوەزارەتی رۆشنبیری بۆ پەخشی رادیۆو تەلەفزیۆنەكان دەرچوون كە دوو رێنمایین ئەوەی یەكەم ئەگەر زیاتر بناغەیەك بوو بۆ رێكخستنی ئەو بوارە ئەوەی دووهەمیان بە دەستێوەردان لەو كەرتە ئەژماردەكرێت بەتایبەتی كە دەسەڵاتی داخستنی تەنانەت ئەو كەناڵانەی كە مۆڵەتیشیان وەرگرتووەدەخاتە دەستی وەزیری رۆشنبیری،كە ئەوەش هیچ پێوەرێكی ئازادی رادەربڕینی تێدانیە و بۆی هەیە هەركاتێك بە پاساوێك بیەوێت كەناڵێك دادەخات!

هەربۆیە پێویستە فشار بكرێت بە زووترین كات یاسایەك بۆ مۆڵەتدان و پەخشكردنی كەناڵەكان و پێدانی فریكیۆنسی كەناڵەكانی رادیۆ و تەلەفزیۆن دەربكرێت.

  • 1