ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەم كوردستانە ، وڵاتێكی دەوڵەمەند و بەپیتەو بەرهەمدار بوو لە هەموو بوارەكانی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و پیشەسازیشدا ، ساڵانە بە هەزاران تەن دانەوێڵە و هەزاران سەرئاژەڵی وردەو ڕەشەولاخ و هەزاران تەن جۆرەها میوەی ئەناردە دەرەوە ، بە تایبەتی سەردەمی ڕێكەوتنەكەی ئازاری 1970دا و پێش ئەوەی (صدام ) وێرانی بكات و خەڵكەكەی ئەنفال و ئاوارە بكات .

 

ساڵی 1992 حكومەتی خۆەڵاتی كورد دامەزرا و پاش ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس 2003 ، ئەم دەسەڵاتەی كورد شەرعێیەتی عێراقی و نێودەوڵەتی وەرگرت .

هاوڵاتیان و تەنانەت گەلێك لە ناوەندە سیاسیە نیشتمانیە نێودەوڵەتیەكانیش ، چاوەڕوانی ئەوە بوون كە حكومەتی هەرێم ئەبێ‌ هەوڵی ئاوەدان كردنەوەی لادێكان و بوژاندنەوە و وەگەڕخستنەوەی كشتوكاڵ و باغداری و ئاژەڵداری بدات ، كە ئەوساو ئێستایش بڕبڕەی ئابووری هەرێمە ...

بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لەم ماوەو تەمەنە درێژەی حكومەتی هەرێمدا پرۆژەیەكی نەخشە بۆكێشراوی زانستانەی ئەو تۆ بۆ ئەو ئەركە نیشتمانیە بەدی نەكرا .. خەڵكی لادێكان .ئەوانەی توانیان بە ڕەنجی شانی خۆیان دەست بەكار بوون بۆ سەر لەنوێ‌ نیشتەجێبوون و بوژاندنەوەی زەوی و ئاوەكانیان توانیان دەست بە كشتكاری و ئاژەڵداری بكەنەوە و بەرە بەرە ، بەرهەم و بەروبومەكانیان لەو دوو بوارەدا كەوتە بازاڕەوە هەرچەندە بێ‌ بارانی و بێ‌ كۆمەك و یارمەتی حكومەت كۆسپ و تەگەرەی ئەهێنایە ڕێگەیان ..

بەڵام كۆسپی هەرە گەورە لەوەدا بوو كە دەروازەی وڵاتەكە خرابووە سەرپشت بۆ بە لێشاو هاوردنی هەمان ئەو بەروبوومە خۆماڵیانە بۆ هەرێم بەئەندازەیەك كە هیچ دەرفەت و بوارێكی نەهێشتوەتەوە و بەجۆرێك بازاڕەكەیان قۆرخ كردووە كە بەرهەم و بەروبومی خۆوڵاتی كەساس كەوتووە نافرۆشرێ‌ و گەلێكی لەكەڵك ئەكەوێ‌ و هەرگیز ئەو مەسرەفەیش دەرناچێتەوە كە تیادا خەرج ئەكرێ‌ وەكو خۆیان ئەڵێن (كرێی پیكابەكە دەرناهێنێ‌ كە پێی ئەگوێزنەوە !!.

كارگەیشتە ئەو ئاستەی كە خاوەن بەروبومەكان هێندە بێزار و ناڕازین لەوەزعەكە ، بەروبومەكانیان لەسەر ڕێگاو شەقامەكان فڕێ‌ ئەدەن و بە دەستی بەتاڵ ئەگەڕێنەوە!!چونكە حكومەت بەهیچ شێوەیەك دەربەستی ئەو نائومیدی و زەرەو زیان و ماندوبونەیان نیە و ئاگایشی لەژیان و گوزەرانی كولەمەرگی هەزاران خێزان نیە كە فرۆشتنی بەری ڕەنج و ماندو بونیان تەنهاو تەنها فرۆشتنی ئەو بەروبومانەیانە !!

ئەم هەڵوێستە نەخوازراو و چاوەڕوان نەكراوە لەلایەن حكومەتەوە ، جگە لە هەژار و برسی كردنی خەڵكی لادێكان زیانێكی گەورەو گران لە ئابووری كوردستان ئەدات ، چونكە لەلایەكەوە ساڵانە ئەبێ‌ بە ملیارەها دینار ، یان دۆلار ئەو بەرهەمانە لە دەرەوە بكڕین .

لەلایەكی ترەوە پەیتا پەیتا خەڵًكی لادێكان لە ناچاریدا كۆچ بۆ شارەكان ئەكەن و دەست لە كشتكاری و ئاژەڵ و باخداری هەڵئەگرن و ئەبێ‌ بە ئەركێكی گران بەسەرشارەكانەوە كە ئەمڕۆ بەو هۆیەوە هەریەكەیان (شارەكان) سێ‌ ئەوەندە و چوار ئەوەندەی جاران ئەبن ، پێویستیان بە خانوو بواری كاركردن و ئاو وكارەبا هەیە .

هەندێكی تریشیان سەری خۆیان هەڵئەگرن و ڕێگەی هات و نەهات بۆ هەندەران ئەگرنەبەر سیاسەتی ئابووری دروستی هەر دەوڵەتێك لەوەدایە هەمیشە كار بۆ ئەوە بكات كە ئەندازەی ناردنە دەرەوەی (هەناردەی) زاڵ بێت بەسەر هاوردەیدا ئەگینا هەمیشە چاو لەبەری بێگانە ئەبێت ، لەهەردوو بواری سیاسی و ئابوریدا ..

دۆزینەوە و دەرهێنان و گواستنەوە و فرۆشتنی سامانی نەوت و غاز ، كە هەر هەمویان لەژێر چنگی كۆمپانیا زەبەلاحەكاندایە ، هەرگیز جێگەی متمانە نیە و نابێ‌ و هەر ئەو كۆمپانیانە و دەوڵەتەكانیان ئەو هەلومەرجانەمان بۆ زامن ناكەن كە ببینە قەوارەیەكی ئابوری و سیاسی سەربەخۆ ، بەڵكو لە هەموو ڕویەكەوە ئەمان بەستنەوە بە خۆیانەوە !! چینێكی كاربەدەستی پێ‌ ملیاردێر ئەكەن و زۆرینەی خەڵكی وڵاتیش هەژار و برسی و بێكار ئەبن !! عێراق ئەمڕۆبە ئاشكراترین كە ڕۆژانە بە ملیۆنەها بەرمیل نەوت ئەفرۆشن ، كەچی زۆرینەی خەڵكەكەی بێكار و برسین و هەژارن !! .

 

 

 ئەحمد حامید

2-9-2019