ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕەخنەگرتنی عەقڵانی لەدیدی گروپە ئیسلامیەکانەوە، پێچەوانەی کلتور و نەریتی کۆمەڵگای کوردەواریە، بەپاساوی ئەوەی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگای کوردستان مسوڵمانن، لەلایەن گروپە ئیسلامیەکانەوە سانسۆری ڕۆشنبیران دەکرێت بەپاساوی بڵاو بونەوەی هۆشیاری لەنێو کۆمەڵگا، لەکاتێکدا خۆیان ڕۆژانە لەسەر مینەبەرەکان و کەناڵ و تیڤیەکانیان، بەردەوام خەریکی تەکفیر کردن و تەشیرکردنن بەکەسانێکن، کەپێچەوانەی یاسا سەپێنەرەکانی ئەوان هەڵسوکەووت دەکەن.

بادوو پرسیار لەخۆمان بکەین

ئایا ئیسلام بەشێکە لەکلتوری گەلی کورد؟ 

ئایا سەدا نەوەدو پێنجی کۆمەڵگای کوردستان مسوڵمانن؟ 

گەلی کورد لەقۆناغێکی مێژوویدا، زۆر لەپێش عەرەبەوە خودان دەوڵەت و ئاینی خۆی بووە، کورد خاوەنی دەوڵەتی مادو شارستانیەکی گەورە و ئاینی زەردەشتی بووە، بەڵام گەلی کورد زیاتر وابەستەی لایەنە ڕوحیەکان بوو نەیتوانی سود لەئاینەکەی خۆی وەربگرێت و وەک بناغەی دەوڵەت دای بڕێژێتەوە. 

دووەم ئەوەی لەکوردستان دەڵێت سەدا ئەوەندەی گەلی کورد مسوڵمانن، تەنها بیرکردنەوەیەکی تۆتالیتاریەو دەیەوێت سەرجەم دەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لەیەک دەنگدا کۆبکاتەوە، لەکاتیێکدا زۆرینەی مسوڵمان تەنها لەسەر ناسنامەکەیە، زۆرن ئەوانەی لە ناسنامەیان نوسراوە مسلم، نوێژناکەن، مەشروب دەخۆن، کۆمۆنیست و چەپن، چەندهاش هەیە بێ دینن، کەواتە ئەو ڕێژەیەی ئەوان زۆرنالۆژیکی و هەڵەیە.

ئیسلامی سیاسی ئەمڕۆ بەسەرجەم گروپ و ڕێخراوەکانیانەوە، بەسەلەفیەکانیشەوە کەتوندترین گروپی سیاسین و سەرۆک بەوەلی ئەمردەزانن، بەردەوام لەترسێکدان بەرامبەر بەخوێندنەوە و عەقڵانی بوونی مرۆڤ، بەتایبەتی فەلسەفە ئەو وەهمەیە، کە حەرامێکی سەپێنەرە و لەیاسا لادانە خەڵکی ئەم کتێبانە بخوێنێتەوە.

ئەقڵی مرۆڤ بەرهەم هێنەری هێز و ئیرادەیە، ڕاڤەکەری سەرجەم دیاردە سروشتی و میتافیزک و کۆمەڵایەتیەکانە، بەدریژایی مێژوو مرۆڤ لەڕێگەی عەقڵانی بوونەوە نهێنیە شارەوەکانی میتافیزیک و گەردون و زانستەکانی دۆزیوەتەوە، مرۆڤ لەڕێگای ئەقڵەوە خۆی دەرباز کردووە لەکۆیلەبوون.

حەرامکردنی خوێندنەوە و هۆشیاری بوون بەپاساوی دەستور و کلتوری کافر بڵاو دەبێتەوە بۆنیو کۆمەڵگا، هاندانی خەڵکی بەخوێندنەوەی حەرام و حەڵالەکانی خۆیان، بەئاڕاستە بردنی مرۆڤە بۆکۆیلایەتی. 

ئەم گروپانە خۆیان کار بە علم کلام دەکەن، کە گروپی معتزلە لەوێنانی کۆن دروست بوون لەعێراق سەریان هەڵدا، هەڵسان بەدانانی چەند یاسایەکی شەرعی، کەتائێستاش خۆیان کاری پێ دەکەن، وەچەندین زانایی تری ئیسلامی هەن شانازیەکی گەورە دەکەن کە گەراونەتەوە بۆیۆنان و فەلسفە و فکریان خوێندوە، لەوانە فارابی و ئیبن ڕوشد.

ئەوەی لەکوردستان دەگوزەرێت، لەغیابی هێزەچەپ وعیلمانیەکانە، کەڕۆڵی ئەم گروپانە ڕۆژ بەڕۆژ لەزیاد بوون دایە، ئەم هێزانە لەڕێگەی دارییەکی قەبەوە لەژێر ناونیشانی چەندین ڕێخراو و گروپی سیاسی، کەکۆمەڵێک نەخوێنەوار و کۆلکە خوێندەواریان لەخۆیان کۆکردۆتەوە، لەڕێگەی حەرامێکی ئەخلاقیەوە، ترس و ڕق لەدڵی خەڵکیدا متوربەدەکەن، ترس لەدۆزەخ، ترس لە ئەخلاق، ڕقیش لەگروپە جیاوازەکانی تر، کەلەدیدی ئەوانەوە کافرن و ئەحکامی خۆیان بەرامبەریان هەیە. 

ڕۆژانە لەسەر مینەبەرەکانیانەوە خەریکی سوکایەتی کردنن بەهونەرمەند و ڕۆشنبیر و نوسەر، حوکومەتیش فاکتەری سەرەکیە کە بێدەنگی هەڵبژاردووە، چونکە لەدیدی ئەمانەوە سەرۆک وەلی ئەمرەو هەر چۆنێک بێت لادان لەڕەعیەتی سەرۆک بێ ئەمری کردنی خودایە، ئەمەش دەبێتە هۆی بێ دەنگ بونی خەڵک لەداواکردنی مافە سەرەتاییەکانی خۆی تادەگاتە ڕەخنەگرتنیش. 

لەکۆتایدا دەڵێم تێکستە ئاینیەکان بەدرێژایی بونیان ڕۆڵی باڵایان گێڕاوە لە سانسۆرکردنی ڕەخنەو ئەقڵانی بوونی مرۆڤ، چونکە کۆی دەقە ئاینیەکان لە خاڵێکدا کۆدەبێتەوە، ئەویش قوربانی دانی ژیان و سەرجەم خۆشیەکانی ژیان بۆ بەدەست هێنانی یۆتۆپیایەکی خەیاڵی ئەویش بەهەشتە...... هەر بۆیەش گشت تێور و فکرێک ڕەت دەکەنەوە کە دور لەوەهم و خەیاڵ بێت.

 

  • 1