ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حکومەتى ئێستاى عێراق بە زەحمەتێکى زۆر قەوارەکەى تەواوکرا هاتە سەر وڵاتێکى وێران و بریندار و هەژار و قەرزار پڕ لە کێشە و پشێوى و ململانێ!! دام و دەسگایەکى دز و تاڵانچى و جەردە و مافیا و سەر بە بێگانە!! وڵاتێکى پڕ لە ئاژاوەى خێڵایەتى و تایەفەگەرى و مەزەبچێتى و نەتەوەیی. کە لە ساڵى ٢٠٠٤ وە کەڵەکەبوون و ژەنگى هەڵهاوردوە !! ئەمانە بێجگە لە کێشەکانى نێوان هەولێرو بەغداد کە کاریگەرى خۆى هەیە!! سەربارى ئەمانە هەموى دەست تێوەردانى دەرەکى دەوڵەتانى دورو نزیک لەکارو بارى وڵات دا. وردو درشت زۆر بە ئاشکرا!!

ئەمانە لە کاتێکدا کە هێشتا شەڕ لەگەڵ (داعش) کۆتایى نەهاتوە بەردەوام بەشێکى زۆرى داهاتى وڵات بۆ ئەم بوارە خەرج ئەکرێ جگە لە زیانى گیانى هێزە چەکدارەکان.. حکومەتێک کە بەو زەحمەتە پێک هات .. حکومەتێک کە یەکگرتو و یەک ئامانج یەک ئیرادە نەبێ. چۆن ئەتوانێ لە ماوەى ساڵێک دا لەم گێژاوە کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابورى و شەڕو ئاژاوەیە و ململانێ یەدا بەرنامەکەى جێبەجێ بکات. تەنانەت بەشێک لەو بەرنامەیەى جێ بەجێ بکات هەرچەندە بەرنامەکە بەجێ و دروستیش بێ؟؟

حکومەتێک کە نە لەناوخۆ و نەلە دەرەوە هیچ لایەک هاوکارى نەکەن. بەڵکو ئێستا بە ئاشکرا گەلەکۆمەکى لێکراوە لەلایەن (چەپ و ڕاستە) کانەوە. گوایە نەیتوانیوە بەڵێنەکانى بەرنامەکەى جێبەجێ بکات!! بەبێ ئەوەى ئەم هەمو کەندو کۆسپە بخوێنێتەوە!!

ئێران و ئەوانەى سەر بە ئێرانن ئەیانەوێ بە بڕیارێک بەیەک گوژم ئەمریکا لە عێراق دەربکرێ!! ئەوانەیش کە دەستیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکاییەکاندا تێکەڵ کردوە ئەیانەوێ ئێران و کەس و هێزەکانى سەر بە ئێران دەست بەجێ لە عێراق دەربکرێن!! ئەمریکا لە رێگاى ئیسرایل ـ ەوە هەڵئەکوتێتە سەر بارەگاو بنکە سوپاییەکانى عێراق. گوایە ئەمانەسەر بە حکومەتى ئێرانن.. ئەوانەیش کە ئەم هێرشانە ئاڕاستەیان کراوە, داوا لە حکومەت ئەکەن کە بە ئاشکرا ئیسرائیل تاوانبار بکات و بە دوژمنى دابنێ!! کورد واتەنى ( ئەم هەویرە زۆر ئاو ئەکێشێ) . چەپەکان ئەیانەوێ گەندەڵ و دزو تاڵانچیەکان محاکمەبکرێن. ئەوانیش هێندە زۆرن حکومەت چاریان ناکا. 

ئەم بارودۆخە جەنجاڵە ئەم گوشارە هەمە جۆر و هەمە لایەنە. زۆر لە کێ بکات سەرى لە حکومەتەکە شێواندوە نازانێ وەڵامى کێ بداتەوە و چۆن؟! لەلایەکى ترەوە کێشەى جەماوەرى برسى و بێکارەکانى لەبیر بردۆتەوە و ئەمانیش لەناچارى دا هاتونەتە سەر شەقامەکان (خۆپیشاندان, مانگرتن و خۆگیردان). داواى مافە ڕەواکانى خۆیان ئەکەن سەیرو سەمەرە لەوە دایە. کە ناحەزانى حکومەت پەیتا پەیتا ئاگرى پشێوى و نائارامى خۆش ئەکەن و ئەو جەماوەرە هان ئەدەن و فریو ئەدەن بۆ تەنگ هەڵچنین بە حکومەت!! و ڕوخاندنى نەک لەبەر بەرژەوەندى جەماوەرەکە!!

حكومەت لەژێر فشارى ڕاستەوخۆى ئەمریکا دا بڕیارى ئاوێتەکردنى ـ حەشدى شەعبی ـ لەگەڵ سوپا دا دەرکرد کە لە ماوەى مانگێکدا جێبەجێ بکرێ بەمەرجێک زۆرباش ئەزانن کە ئەمە کارێکى ئاسان نیە بگرە ئەگەر حکومەت پێى لەسەر دابگرێ بە مسۆگەرى شەڕى ناوخۆ لە عێراق دا ڕوئەدات و کورد واتەنى: (تەڕو وشک پێکەوە ئە سوتێنێ)!!

بەم پێ و دانە حکومەتى عادل عبدالمهدی لە سێ ڕێیانێکدا گیرى خواردوە: ـ بەرەو ئەمریکا؟! بەرەو ئێران؟! بەرەو خەڵکى برسی و بێکار و چەوساوە؟! بەمەرجێک ناتوانێ هیچ کام لەم ڕێگایانە بگرێتە بەر. بۆیە ناچار ئەبێ دەست لەکار بکێشێتەوە یان لەسەر کار لاى بدەن!! مەینەتیەکەى گەلانى عێراق لەوە دایە کەلەم ڕۆژگارە دا هەرگیز حکومەتێک لەمەباشتر لەمە پاکتر پێک نایەت و نایەتە سەرکار!! بگرە عێراق جارێکى تر توشى پشێوى و نائارامى ئەبێتەوە کە ئەو سەرى دیار نیە!! مەیدانیش بۆ بێگانە فراوانتر ئەبێ!!

 

  • 1