ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی كوردستان، كە بۆ ماوەی دووخولە ئەندامی پەرلەمانە و سەری زمان و بنی زمانی، باسكردنە لە چاكسازیی و دژایەتی گەندەڵی و چەسپاندنی عەدالەتی كۆمەڵایەتی، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی زەمەن دەڵێت:_ زۆر ئاساییە چوارخول و پێنچ خولیش كەسێك پەرلەمانتاربێت!. بەڕاستی شورەییە دروشمێك بەرز بكەینەوە كەچی حۆمان باوەڕمان پێ نەبێت، باسی یەكسانی بكەین، كەچی خۆمان یەكسانخواز نەبین و بەلامانەوە ئاسایی بێت بیست ساڵ و بۆ هەر مانگێك شەش ملیۆنی كاش وەربگرین.بەداخەوە لە هەرێمی كوردستاندا، چونكە پۆست و پلە و پایە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و كەسیییە نەك بۆ خزمەتكردن، ئیدی هەر كەسێك بەرپرسیاریەتییەكی گەورەی وەرگرت، كە بەخشش و دەسكەوتی زۆری هەبێت، زۆر بە زەحمەت بیر لەوە دەكاتەوە دەستبەرداری پۆستەكەی بێت، مەگەر بە مردن. دەنا چ حیكمەتێك لەوەدایە كەسێك چوار خول و پێنچ خول، بەلایەوە ئاسایی بێت پەرلەمانتار لە پەرلەمان بمێنێتەوە. ئەگەر پەرلەمانتارێك بە دوو خول كە دەكاتە هەشت ساڵ، نەتوانێت هیچ بكات، ئاخۆ بە چەندان ساڵی تر چی دەكات؟.ئەو پەرلەمانتارە دەزانێت پێنچ خول بیست ساڵ دەكات و چ دادپەروەرییەك لەوەدایە كەسێك بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە مووچەیەكی بەرز وەربگرێت. كۆمەلگای كوردی چونكە لە ئاستی هوشیاری سیاسی و فیكری پێشكەوتوو نییە و بنەمایەكی نییە بۆ دەنگدان، ئیدی بە ئاسانی فریو دەدرێت و كەسانێك سوود لە ساویلكەییبوونی وەردەگرن و لەسەر پشی ئەوان دەپەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و دواتریش كەسی بە بیرنامێنێت. ئەگەر ئەمە بۆچوونی پەرلەمانتارێكی گوایا یەكسانخوازبێت، بۆچی گلەیی لە پەرلەمانتارانی دیكەی حزبەكان بكەین كەلە دەسەڵاتن؟ هیچ نەبێ خۆ ئەوان هێندە باسی چاكسازیی و دادپەروەری و نەمانی گەندەڵی ناكەن.نوێنەرانی گەل، دەبێ بیر لە خزمەتكردنی هاووڵاتییان بكەنەوە، نەك هەر تەنها بەرژەوەندی كەسی و تایبەتی خۆیان. چۆَن دەبێت دروشمێك بەرزبكەینەوە، لافی پێ لێ بدەین و خەڵكی پێ چەواشە بكەین،كەچی خۆمان باوەڕمان پێ نەبێت!. جارێكییان ژنێك منداڵەكەی زۆر حەزی لە شەكر بوو، بەردەوام شەكری دەخوارد. بردییە لای گاندی بۆ ئەوەی ئامۆژگاری بكات كە چیتر ئەوەندە شەكر نەخوات،چونكە بۆ تەندروستی باش نییە، گاندی بە دایكی منداڵەكەی گوت: دوو هەفتەی تر وەرەوەوە،دوا تەواوبوونی ماوەكە، دایكەكە دیسانەوە ڕێگایەكی دوری بڕیەوەوە چووەوە لای گاندی، ئەمجارەیان بەمنداڵەكەی گوت:_(شەكرزۆر مەخۆ باشە، بۆ تەندروستیت خراپە). دایكەكە بە سەر سوڕمانەوە بە گاندی گوت:_( مادام ئامۆژگاریەكەی تۆ هەر ئەو چەندقسەیە بوو بۆ منداڵەكەم، بۆچی یەكمجار كە دەهاتم پێت نەدەگوت و جارێكی تر ئەم هەموو ڕێگایە دوورەم بڕی) گاندی لەوەڵامدا گوتی:_( ئاخر من ئەو كات خۆم شەكرم دەخوارد، نەدەكرا ئامۆژگاری ئەو بكەم نەیخوات، بەڵام ئێستا خۆم نایخۆم بۆیە بە منداڵەكەی تۆش دەڵێم كە نەیخوات). ئەگەر ئەمە تێڕوانینی پەرلەمانتارێكی دیدگا ئۆپۆزسیۆنی بێت، دەبێ بڵێین خۆزگەمان بە كفن دز!!من چاوەڕێی ئەوەبووم ئەو پەرلەمانتارە هەوڵی كەمكردنەوەی مووچە و دەسكەوتی پەرلەمانتاران بدات، نەك هەڵوێستێكی لەو شێوەیەی هەبێت! ئەگەرچی خۆی نایەوێت ئەوەندە لە پەرلەمان بمێنێتەوە، وەلێ كە باوەڕت پێبوو،بۆ كەسانی دیكەت بەلاوە ئاساییبوو، مانای وایە لە گەڵیدای!!!..

 

پەراوێز:_ ڕۆژنامەی زەمەن ژمارە(28) لە 30-7-2019

  • 1