ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەندامانی لێژنەی شاری هەولێر لە ساڵی (1982) بەدواوە ، كاتی زۆرمان لەناو شاری هەولێر بۆ بەڕێوەبردن و جێبەجێ‌ كردنی ئەركەكانی رێكخستن دەبووین ، رێكخستنێكی فراوان و توكمەمان هەبوو ، رۆژانە چالاكیەكانی حزبیمان لەلایەن هاوڕێیانەوە بەوریایی و رێك و پێكییەوە ئەنجامدەدرا، بەردەوام هاوڕێیان بەتەنیا دەچوونە ماڵی هاوڕێیان بەمەبەستی ئەنجامدانی ئەركی حزبی ، بۆ ئەوەی سەرنجی پیاوانی ئەمن و حزبی بەعس بەلای خۆیاندا كێش نەكەن ، شەوێكیان لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی (1983) ، بۆ كارێكی حزبی بەرەو ماڵی هاوڕێ‌ (ابو دارا) چووین و شەو لەلایان ماینەوە ، باسی ئەرك و فەرمانەكانی حزبیمان بۆ ماوەی داهاتوو كرد ، بڵاوكراوەكانی حزبمان دابەش كرد .

هاوڕێ‌ (ابو دارا) لەساڵانی شەستەكانەوە ئەندامی لێژنەی مەحەلی هەولێر بوو ، بەردەوام ماڵەكەی ، ماڵی حزبی بوو ، خۆشی كاری حزبی پیشە و ئەركی بوو ، كاری تری نەبوو ، لە هاوینی ساڵی (1977)دا ، هاوڕێ‌ (فاتیح رسول) كە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی بوو ، سكرتێری لێژنەی مەحەلی هەولێریش بوو ، ئاگاداری كردم ، كە لە مەو دوا هاوڕێ‌ (ابو دارا) پەیوەندی بە لێژنەی مەحەلییەوە نامێنێ‌ ، حزب چەند هەزار دینارێكی دەخاتە بەردەست بۆ ئەوەی كاری (مەقاوەلات)ی پێبكات ، واتە كرین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە ، كە ئەو كاتە كارەكە قازانجی باشی هەبوو ، هاوڕێ‌ (ابو دارا)ش وەستای دروست كردنی خانووبەرە بوو ، پەیوەندی حزبی لەگەڵا تۆدا دەبێ‌ و جارجار دیداری لەگەڵدا بكە و دەنگ و باسی حزبی بدەرێ‌ ، بەڵام مەسەلەی پارەو ئیش و كارەكەی پەیوەندیت پێوە نەبێ‌ ، لە لێژنەی مەحەلی و مەكتەبیش باسی مەكە ... بەم شێوەیە هاوڕێ‌ (ابو دارا) لەناو شار ماییەوە و پارێزرا ، لەبەر ئەوەی ماڵەكەی لە شوێنێكی باش بوو لە گەرەكی باداوە ، بۆ ئێمە گونجاو بوو ، شەو لە ماڵی هاوڕێ‌ (ابو دارا) بووین ، بەیانی لەكاتی چوونی كرێكاران بۆ (مەیدانی كرێكاران) بەندە و هاوڕێ‌ (ئارام)یش لەگەرەكی باداوە بە پیادەوەكو كرێكاران بەرەو ناوەندی شار رۆیشتین ، هێشتا زوو بوو تاكسی لەم گەرەكە كەم بوو ، بە وریایی و ووشیاریەوە لە جادەی شەستی نزیك تانكی ئاوی گەرەكی سەیداوە پەرینەوە ، هاوڕێ‌ (ئارام) ووتی پیاوێك لە دوامانە ، ووتم با ئێمە تۆزێك خێرا برۆین بەڵكو ئەو بەجێدەمێنێ‌ بەڵام پیاوە كەش بەخێرایی و هەر بەدوامانەوە بوو ، ووتم با ئێمە لەسەر خۆ برۆین بەڵكو ئەو لە ئێمە رەت دەبێت ، بەڵام ئەو هەوڵی رەت بوونی نەدا ، ئێمە لەم قسانەدا بووین ، هاوڕێ‌ (ئارام) دەمانچەكی جواردەخۆر و دوو قونبلەی دەستی پێبوو ، منیش چەكم لابوو ، پیاوەكەش هەر 30مەترێك لێمانەوە دوور بوو ، لەناكاو قونبلەكەی بەرپشتی هاوڕێ‌ (ئارام) بەربۆوەو ، كەوتە سەر جادەكە و غلۆربۆوە ، هاوڕێ‌ (ئارام) لەسەرخۆ هەڵیگرتەوە و ، خستیەوە ژێر پشدێنەكەی ، پێكەنی و ووتی كاتی ئەوە بوو ، ئێمە رێگامان گۆڕی و بۆلای قوتابخانەی (ناوەندی چیمەن) لاماندا و بەرەو ناو گەرەكی سیداوە چووین كابراش بەردەوام بوو بەدوامانەوە ، چووینە ناو گەرەكی سیداوە و بەرەو رۆژهەڵات چووین ، هاوڕێ‌ (ئارام) ووتی بابیكوژین ، ووتم بۆ چی بیكوژین ؟ ئێمە نازانین ئەم پیاوە چ كارەیە ، پاشان ئێمە دوو كەسین و هەردووكمان چەكدارین ، ئەگەر بەرە و رۆژهەڵات هەر بەدوامانەوە بێت ، ئەوكاتە بیرێكی لێدەكەینەوە ، بریارێك دەدەین ، چونكە كاتمان نەماو رۆژهەڵات و جوولە كەوتە ناوگەرەك ، باش بوو ئەوەی نەمان دەویست رووبدات هاتە پێشەوە ، پیاوەكە بەكۆڵانێكدا بەرەو ناوشار رۆیشت و ، ئێمەش ناچار بووین كە بچینە ماڵی (مام مجید) كە برای (مام رەحیم) بوو ، ئەو خانەوادەیە ، واتە خانەوادە هاوڕێ‌ (مام رەحیم) هەموو ئەندام و دۆست و لایەنگرانی حزب بوون ، بەردەوام و لە هەموو بارودۆخێكدا دەرگایان بۆ كادیرانی حزب كراوە بوو ، ئەو رۆژە بەناچاری لە ماڵی (مام مجید) ماینەوە ، ئەگەر مەسەلەی بەدواداهتنی پیاوەكە نەبووایە ، پێویست بوو بچینە ماڵی (شێخ محمد) بۆ دیدرای لەگەڵا هاوڕێ‌ (بەختیار مام شێخ) ، (مام محمد شێخ) ئامۆزای هاوڕێ‌ (عزیز محمد) بوو ، لە كۆتایی ساڵانی شەستەكان ماڵەكەی ، ماڵی حزبی بوو ، بەریدی هاتوو بۆ مەحەلی هەولێر دەچووە ماڵی ئەم هاوڕێیە نەترسە ، سەڵاو لە گیانی پاكی ئەو هاوڕێ‌ و دۆستانەی كەلە پێناوی بەردەوام بوونی چالاكی حزبمان ماندوو بوونە و قوربانییان داوە .

 

1/9/2019

  • 1