ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

سەرلەنوێ بابەتی دانانی دەستوری هەرێمی كوردستان وەك مەسەلەیكی هەنووكەیی و پێداویستییەكی بابەتی، خۆی بەسەر ڕەوشی سیاسی كوردستاندا فەرز دەكات، و ڕووداوە سیاسییەكان بەتایبەتی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و هەوڵدانی حكومەتی ناوەند بۆ فەرزكردنی كۆمەڵێك یاسا و بریار بە سوود وەرگرتن لە بۆشایی نەبوونی دەستووری هەرێم و هەندێ یاسای پێویست لە كوردستاندا، ئەو ڕاستییە دەردەخات كە چەند هێزە سیاسییە كوردستانییەكان كەمتەرخەم بوون و لە ڕوانگەی ململانێی و بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی ڕێگریان لە دانانی دەستوری هەرێمی كوردستان كرد، لە كاتێكدا دەركەوت كە بوونی ئەو دەستورە بە كەموكوڕییەوە كە بواری هەمواركردنی دەبوو، ئێجگار باشتربوو لە نەبوونی دەستور كە ئەمڕۆ بۆشاییەكی درووست كردوە بەتایبەتی لەو بابەتانەی كە پەیتا پەیتا بەغدا كار لەسەر كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و یاساكانی خۆی بەسەردا فەرز دەكات.

مامەڵەكردن لە گەڵ بابەتی دانانی دەستور بۆ هەرێمی كوردستان وەك ئەرك و پێداویستییەكی نیشتمانی و كۆمەڵگایی پێویستی بە ڕچاوكردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە هەیە:

1ـ گرنگە میكانیزمی دانانی لێژنەی ئامادەكردنی دەستور لە سەر هەمان بنەمای دابەشكردنی لێژنەكانی نێو پەرلەمان نەبێت كە پێوەرەكەی دابەشكردنی حزبییانە بوو، لە كاتێكدا دانانی ئەندامانی ئەم لێژنە دەستورییە دەبێ ڕچاوی پسپۆری تیایدا بكرێت.

2ـ كاتێك دەڵێن بابەتی دانانی دەستور مەسەلەیكی نیشتمانی و كۆمەڵگاییە، مەبەستمان ئەوەیە نەك تەنها ئەو هێزانەی كە بوونیان لە پەرلەماندا هەیە، ئەم ئەركە لە ئەستۆ بگرن، بەڵكو پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییەكانی دەرەوی پەرلەمان و كەسایەتی ڕۆشنبیر و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و سەندیكاكان و كەسایەتی یاسایی و پسپۆر بە میكانیزمی گونجاو لەم ئەركەدا بەشدار بن، و تێبینییەكانیان بە هەند وەربگیرێت.

3ـ لێژنەی ڕاسپێردراو لە لایەن پەرلەمانەوە كاتێك دەست بە كارەكانی دەكات، لە خاڵی سفرەوە دەستپێناكات، و پێشتر لە دووەمین خولی پەرلەمان پرۆژەی دەستور ئامادە كرا و لە پەرلەماندا دەنگی لەسەر درا، و دەبوایە گشتپرسی لەسەر بكرایە، و لە خولی پێشتریش 72 ماددەی لە پرۆژەی دەستور سەرلەنوێ دارێژرایەوە. ئەم هەنگاوانەی پێشتر یارمەتی ئەم لێژنەی نوێیە لە ئەنجامدانی كارەكانی دەدات، بەڵام پێشتر گرنگە سەرۆكایەتی پەرلەمان بە هەماهەنگی سەرۆكی فراكسیۆنەكان خاڵە گرێیەكانی نێو دەستور دەستنیشان بكات، و بەم جۆرەش یارمەتی كارەكانی ئەو لێژنەیە دەدەن و گفتوگۆكان چڕ دەكەنەوە.

4ـ پێم وایە ئەو بابەتانەی كە لە دانانی پرۆژەی دەستور پێویستی بە ڕوونی و هەڵوێست وەرگرتن هەیە ئەمانەی خوارەوەیە:

ــ ئاماژەكردن بە ڕوونی و ڕاشكاوی بە مافی گەلی كوردستان لە باشوردا بە دەستنیشانكردنی چارەنووسی خۆی بە پێی ئیرادەی ئازادانەی خۆی، و پاراستنی یەكێتی خاكی كوردستانی باشور.

ــ رێكخستنی پەیوەندی نێوان ئاین و دەوڵەت بە مەبەستی پاراستنی شوناسی مەدەنی و عەلمانی حوكومرانی، و رێزگرتنی سەرجەم ئاینەكان و پشتنەبستن بە هیچ ئاینێك لە بواری یاساداناندا، و ئەمەش وا پێویست دەكات كە دووركەوینەوە لەو داڕشتنە نارێكەی لە دەستوری عێراقدا سەبارەت بە چەمكی سوابتی ئیسلام و پرنسیپەكانی دیموكراسی هاتووە، و كەڵێنێكی تەشریعی گەورەی درووست كردوە.

ــ دەستنیشانكردنی سنووری جوگرافی كوردستانی باشور لە سەر بنەمای ڕاستییە مێژوییەكان.

ــ رێكەوتنی فراكسیۆنەكان لە سەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە یان لە لایەن خەڵكەوە، لە چوارچێوەی پاراستنی سیستمی پەرلەمانی.

ــ ئاماژەكردنی ڕوون بە ئازادییە سەرەكییەكان و مافەكانی مرۆڤ بە جۆرێك بوار نەمێنێتەوە كە یاسایەك دەربكرێ ئەو ماف و ئازادییانە پێشێل بكات.

ــ پاراستنی مافی ئیداری و كەلتوری نەتەوە و ئاین و پێكهاتە جۆراجۆرەكانی كوردستان، بە جۆرێك كە پێكەوژیانی ئاشتیانە لە كوردستان بپارێزێت.

ــ زامنكردنی خزمەتگوزاری تەندرووستی ومافی خوێندن و مافی كار و یەكسانی جەندەری و مافی ژنان لە چوارچێوەی پەرپرسیاری دەوڵەت لە پرۆژەی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام.

ــ جەختكردن لەسەر ئەوەی وەزیفەی گشتی و وەرگرتن لە هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی گشتی و پۆلیس بۆ هەموو تاكێكی كوردستان واڵایە.

ــ جەختكردن لە سەر لامەركزی ئیداری و پێدانی دەسەڵاتی پێویست بە ئەنجومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگاكان.

ــ بنیاتنانی سیستمی ئابوری لە سەر هەمەجۆری بواری خاوەندارێتی و پاراستنی مولكەیتی گشتی لە بواری بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییدا و بایەخ دان بە كەرتی تێكەڵاو، و هاندانی كەرتی تایبەت و كرانەوە لەسەر وەبەرهێنان لە بواری كەرتی تایبەت بە پێی پێوەر و رێنماییەكانی پلانی گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام.

ــ دانانی دادگای دەستوری كوردستان وەك مەرجەعێكی باڵا بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی ناكۆكی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری.

5ـ بابەتی هەمواركردنی دەستور یەكێكە لەو بابەتە گرنگانەی كە دەبێ بە وریاییەكی زۆرەوە مامەڵی لە گەڵدا بكرێت. دەستوری بەستەلۆك بە شێوەیكی ڕەها رێگا لە هەمواركردنەوەی پێویست و چاككردنەوەی كەلێنەكانی دەستور دەگرێت، و بە هەمان شێوە دەستوری نەرمی ڕەها ماوە بەزۆربەی پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوە لە دەستور لە ڕوانگەی پەرژەوەندی حزبییەوە دەدات. بۆیە ڕەوشی كوردستان پێویستی بە میتۆد و میكانیزمێكی میانڕەوی لەم بوارەدا هەیە.

لەم هەلەمەرجەدا كە شاڵاوی گۆڕانكاری دیموگرافی و تەعریب ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوی هەرێم دەگرێتەوە، حكومەتی ناوەند كار بۆ تەسك كردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێم دەدات لە كاتێكدا دەستوری عێراق دانی پێداناوە، و هاوكات لەگەڵ فشارەكانی حكومەتی ناوەند لە بواری بودجە و موچە و شایستەكانی خەڵكی كوردستان، پەلەكردن لە دانانی دەستوری هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی پێویستە، و دەچێتە خانەی بەرگری گەلەكەمان و بزوتنەوە رزگاریخوازەكەی لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان، و بۆیە چەند پەلە لە دانانی دەستور بۆ كوردستان بكرێت، درەنگە.

  • 1