ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

كاتێك كە ناوی كەركوك دەهێنینە سەر زارمانەوە, بە واتای سەرجەم ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان دەگرێتەوە, چوونكە من كەركوك بە پایتەختی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان دادەنێم, وە لەهەمان كاتیشدا بە گەورەترین ناسنامەی كورد و كوردستانی لە قەڵەمی دەدەم, بەڵام لە ئێستادا پرسی كوردو كەركوك لەنێوان پرسێكی چارەنوسازی دیار و نادیار دایە,بەتایبەتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو, كە لە ئەگەری هەر چركەیكدایە بە زیانی كوردا بشكێتەوە,بەڵام هیوا خوازم ئەو قسەیەی من پێچەوانە بكرێتەوە, وە دوبارە شكۆی كورد لە كەركوك بەرەو بەهێزی هەنگاو بنێت كە ئەوەش دەبێتە مایەی دڵخۆشی بۆ هەموو كوردێك, هەرچەندە لە پاش هاتنی ڕێكخراوی داعش و ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و پاشان ڕوداوەكانی 16 ئۆكتۆبەریشەوە, سەرجەم ئەو ڕوداوانە وایان كرد كە پێگەی كورد لە كەركوكی خۆشەویست بەردەوام بكەوێتە ململانێ و دەربەدەری دا,كە لە ئەنجامیشدا نەیارەكانی كورد سودو دەسكەوتی گەورەیان دەسكەوت لەو ناوچانەدا,

لەپاڵ ئەم هەموو ڕوداوانەدا جێگای داخە كە لایەنە كوردیەكانمان بەتایبەتیش پارتی و یەكێتی نەیان توانیوە بەشێوەیەكی ڕاستەقینە ببنە خاوەنی دەنگێكی ڕاستەقینەی گەلی كوردی بەش خوراوی كەركوك ,دەبوایە هەر لە ئێستاوە پارتی و یەكێتی بە هاوشانی لایەنەكانی تردا , خۆیان ئامادە بكەن بە یەك دەنگەوە پێ بخەنە نێو قودسی كوردستانەوە بۆ ئەوەی ئەم جارە تەواوی مافە خوراوەكانی كەركوكەیەكان بەدەست بهێننەوە, بەڵام كەچی دەبینین خەریكی یاریكردنن لەگەڵ یەكتری دا بە ڕێگری كردن لە بەرپرسانی یەكتردا و تەقەكردن بەسەر یەكتری دا , كە ئەمەش تەنها كات كوشتنە بۆ تەواوی میلەتی كورد, دەبێت پارتی و یەكێتی چركەیەك لە ژمارەكانی كات بە فیڕۆ نەدەن, چوونكە بەفیڕۆدانی هەرچركەیەك , تەنها زیان بە تاكی كورد دەگەینرێت و هیچی دیكە...

  • 1