ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

موصل 10-6-2014 ، لەلایەن (داعش) ەوە داگیركرا و پاش سێ‌ ساڵ و یەك مانگ ، واتە لە 29-6-2017 دا پاش شەڕێكی خوێناوی وێرانكار ڕزگاركرا و 10-7-2017 ڕاگەیەنرا كە پاشماوەی داعش لە شاری موصل بنەبڕكرا .....هتد .

لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و (حشدی شەعبی) بە یارمەتی ئەمریكا و هاوكارانی سەرگەرمی ڕاوەدونانی پاشماوەی چەكدارانی داعش و شانە نووستوەكانی ئەو دوژمنەن لە پارێزگاكانی موصل ،ئەنبار، صلاالدین، دیالی و بغداد و كەركوك و پەیتا پەیتا ڕاگەیاندن بڵاو ئەكرێتەوە كە ئەوەندە لە چەكدارانی داعش گوژران و برینداركران و دەستگیركران ئەوەندە بنكەی نهێنی و ژێر زەمینی داعش تێكدرا و هەڵتەكێنرا و بە هەزاران چەك و تەقەمەنی یان كەوتە دەست هێزەكانی حكومەت هەرچەن جارێك نەخشە و پلانێكی نوێ‌ لەلایەن سوپاوە ئەكرێ‌ بەبەرنامە و شوێن و ماوەی بۆ دیاری ئەكرێ‌ و ڕائەگەیەنرێ‌ كە ئەو شوێنانە بە تەواوی لە پاشماوەی داعش پاككرایەوە .

كەچی سەرەڕای ئەم هەول و تەقەلاو ماندووبوون و زیانە هەمەجۆرەی ( گیانی و ماددی) یەی كە لە سوپای وڵات ئەكەوێ‌ لەم ڕۆژانەدا ئەمریكا و هاوكارانی حكومەتی عێراق وریا ئەكەنەوە كە داعش لە عێراق و سوریا خۆی ڕێك ئەخاتەوە و نزیكەی (4)هەزار چەكداری لە عێراقدا هەیە .

هەر لەم ڕۆژانەدا وەزیری پێشمەرگەی هەرێم لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەڵمانیادا ڕایگەیان كە داعش ماوە و خۆی ڕێكخستۆتەوە !!

پێَداگرتنی هەموان لەسەر مەترسی هەستانەوەی داعش لە عێراقدازۆر ماناو مەبەستی بەدواوەیە و لێ‌ ئەكەوێتەوە :

واتە ، سوپا و هێزی چەكداری عێراق نەیتوانیوە و ناشتوانێ‌ داعش لەسەرتاپای عێراق دەربكات !! كەواتە لەمەو دوایش هەر پێویستی بە یارمەتی هەمەجۆری ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی ئەبێ‌ .

كەواتە بنكە و بارەگا جۆراو جۆرەكانی ئەو دەولًَەتانە ئەبێ‌ لە عێراقدا هەربمێنێ‌ و بەهێزیش بكرین و كورد واتەنی (ئەم هەویرە زۆر ئاو ئەكێشێ‌)!!

شەڕی داعش لەمەودوا پێویستی بە هاوكاری هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە بە تایبەتی لە سنوری پارێزگای (موصل و كەركوك و صلاح الدین و دیالە)دا بێگومان لەو ڕێگەیشەوە بوارێكی تر بۆ پەرەسەندنی بنكەو بارەگای هێزە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا مسۆگەر ئەكات لە هەرێمی كوردستان و كە ئەمە یەكێك لە ئامانجەكانی ئەوانە .

بەم حسابە عێراق تا ماوەیەكی دوور هەر ژێر دەستە و داگیركراوئەبێ‌ !!پرسیارەكە لێرەدایە ، داعش بۆچی ماوە و بەرەو بوژاندنەوە و خۆ ڕێكخستنەوە ئەچێ‌ .

یەكەم / پرۆژە دێرینەكەی ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا (هەڵوەشاندنەوەی كەوانەی شیعە) و دابڕینی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكە هێشتا هەر ماوە و لە كاردایە سەخت تر بووە !!

دووەم / كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسوریا – بەرەبەرە لە خۆیدا بواردانی بە هەستانەوە و بوژاندنەوەی داعش لە سوریا و لەوێشەوە بۆ عێراق !

سێیەم / سەرەتای شەڕی داعش لە عێارقدا ، موخابەراتی ڕوسیا ، رایانگەند كە حكومەتی توركیا یەكێكە لە پشتیوانە سەرەكیەكانی داعش و یارمەتی دەریان !! ئێستایش بەردەوامە

چوارەم / داهێزرانی باری ئابووری ،برسێتی ، بێكاری دەربەدەربون ، كوشتن و وێرانكاری ، سەرچاوە و پاڵپێوەنەری ، خەڵكی بێزار و برسی و برینداری سوریا و عێراقە بۆ چوون بۆ ناو ڕیزەكانی داعش ، هیچ نەبێ‌ ئەوان ئەیان ژیەنن ، هەر ئەم خەڵكە ناڕازی و داخ لە دڵە بوون بە هێلانە بۆ داڵدەو پەنای چەكدارانی داعش لە زۆر شوێنی عێراق !!

پێنجەم / نابێ‌ ئەوەیش لەیاد بكەین كە كاتی خۆی هیلاری كلنتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە ( دەسەڵاتی ئۆباما) دا وتی : داعش ئێمە دروستمان كرد !!

واتە ئەمریكا خۆیشی یارمەتیدەرە بۆ مانەوەو بوژاندنەوەی داعش لە ناوچەكە وەكو هۆكارێكی یارمەتیدەر بۆ هێنانەدی پرۆژەكەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی كە ئێستا هەموو هەڕەشەكان ئاراستەی ئێران كراوە .

سەباری ئەمانە عێراق ولاتێكی خێلایەتی و دەرەبەگایەتی فرە ڕەگەز و چین و تایەفە و نەتەوەیە ، دواكەوتوە لە بوارەكانی ئابوری و سیاسی و ڕٍوناكبیری دا لەسەرەتای جەنگی یەكەمی جیهانەوە مۆڵگەی و بنكەی دەوڵەتە ئیمپریالیەكان بوو بێجگە لەو چوارساڵەی پاش شۆڕشی 14تموز958 .

بەهۆی سامانی نەوتیشەوە ئەو ڕایەڵ و پەیوەندیەی چینە دەسەڵاتدارەكانی عێراق لەگەڵ سەرمایەدارانی جیهاندا نەك هەر بەردەوام بەڵكو لە پتەوبوون و پەرەسەندندایە !!

ئالێرەوە بوژاندنەوەی داعشیش لە خزمەت ئەو چین و توێژە دەسەڵاتدارەدایە ئەبێ‌ ئەوەیش بزانین كە داعش ئێستا شەڕی پارتیزانی ئەكات هەردەمەی لە شوێنێك پەلامار ئەدا و ئەكشێتەوە لەلایەكەوە ورەی لایەنگرەكانی بەرز ئەكاتەوە و كۆیان ئەكاتەوە لەلایەكی ترەوە هێزە چەكدارەكانی عێراق پەرت و بڵاو و ماندوو ئەكات و بەردەوام زیانی هەمەجۆری پێ‌ ئەگەیەنێت هەروەها لە بواری ئابوریدا عێراق تووشی قەیرانێكی بەردەوام و سەخت ئەكات ئەمانە جگە لەوەی كە بەردەوام مایەی ترس و نائارامی ئەبێ‌ لەم وڵاتەدا و حكومەت ناچار ئەكات پەنا بۆ دەوڵەتە زلهێزەكان ببات بۆ یارمەتی دانی !!

پێم وایە ڕۆژگار سەلماندویەتی كە داعش تەنها بە هێزو بەچەك لەناو ناچێ‌ چونكە پەیدابوونی بۆمەبەستێكی سیاسی بووە لەلایەن دەوڵەتە ئیمپریالیەكانەوە واتە ئەوان و هاوپەیمانەكانیان لە ناوچەكەدا یارمەتیان ئەدەن ڕایان ئەهێنن و چەكداریان ئەكەن ، كەواتە خۆڕزگاركردن لە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بێگانە یەكەم هەنگاوە .

دووەم هەنگاو هەوڵدانی جدیە لەلایەن حكومەتەوە بۆ نەهێشتنی بێكاری و هەژاری واتە خۆشگوزەرانكردنی ئەو خەڵكە (ڕەشۆكیە) پشتگوێ‌ خراوەی وڵات بۆ ئەوەی نەبێ‌ بە یارمەتی دەر و بنكە بۆ داعش و نمونەی داعش .

 

 

 

 

 

 

  • 1