ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گوناح و تاوان دوو زاراوەن و یەك مانایان هەیە، بەڵام یەكێكیان زاراوەیەكی ئەخلاقی ئاینییە و بەسۆز مامەڵەی لەتەكدا دەكرێت و ئەویتریان مۆدێرن و یاساییە، رۆناكبیرانی رۆژئاوا بەپێی عەقڵی خۆیان و بەپێی ئەو پرنیسپە ئاینییە كۆنەی باوەڕیان پێی هەبووە، گوناح و تاوانیان وەكو دوو چەمكی ئەخلاقی جیاواز دۆزیوەتەوە و نەفرەتیان لە بكەرەكانیان كردووە، كەچی ئەم زاراوانە نەك هەر رۆژانە هەستی پێدەكرێت لەلایەن خەڵكەوە، بگرە لەلایەن دەسەڵاتیشەوە كاری پێدەكرێت بەبێ‌ ئەوەی لەرێگەی ئەخلاقیاتەوە یان لەرێگەی یاساوە رێگەی لێبگیرێ‌، چونكە دەسەڵات بەهەردوو بارەكەی دیار و نادیار، لێرە لەكوردستان خۆی گوناحبار و تاوانبارە بەهەقی گشتی. 

ئەو سیستمە رەوشتییەی كە پێشتر رۆژئاوای بەڕێوەدەبرد، ئێستا بە شێوەیەكی ئاڵۆزتر كایە جیاوازەكانی ژیانی رۆژانەی رۆژهەڵاتی تەنییوە، ئەوەی جیاوازی نێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵاتە، ئەوەیە كە ئەوان رەخنەیان لەو چەمكانە گرت كە ژیانی كۆنتڕۆڵ كردووە و رێگەی لەهەر جۆرە دابڕان و داهێنانێك گرتبوو، كەچی لە رۆژهەڵات روناكبیرەكان زیاتر پابەندی ئەو موفرەدانەن كە ئەخلاقی جێكەوتە بەرهەمیهێناوە، بۆیە كە قسە دێتە سەر رۆناكبیری كوردستان وەكو دەستەبژێرێك كە بەكاری خۆی هەڵناستن ئەویش بەكارهێنانی پرنسیپی فەرهەنگییە، بەگوناهبار و تاوانبار هەژماردەكرێت، لەوێوە سەرچاوەی گرتووە كە رۆناكبیر تاكێكی ئاساییە نییە لەمانا و جەوهەری گوناح و تاوان تێنەگەیشتبێت، بەڵكو ئەوان لەپشتی ماناكانیشدا خوێندنەوەیان بۆ جیاوازییە چینایەتی و رەگەزایەتیانە هەیە، بێدەنگبوونیان گوناح و تاوانە ددەرهەق بەمافی گشتی. 

زۆربەی شیكردنەوە دەروونیەكان گرینگیان بەو سوچ و گوناح داوە كە لەئەنجامی پەروەردەی رابردوو و سایكۆلۆژیای خێزان وەك یەكەیەكی بچووكی كۆمەڵگە درووستبووە، بۆیە تاوانبار و گوناحبار بەسەرسوڕمانەوە دەڕواننە سزاكەی، بەوپێیەی كە ئامرازەكانی ناپاكی و زیان گەیاندن بەگشت لەپێناو بەدەستهێنانی ویستی تاك یان پاراستنی كولتووری دواكەوتووی گشتی، هەستكردن بە گوناح و تاوان كردن لە كردەوەكانی رابردوودا دەردەكەون، ئەمەش لەوێوە هەستی پێدەكرێت وەختێك تاكێك بیر لە رابردوو و منداڵێتی خۆی دەكاتەوە چۆن پەروەردە نەكراوە بەپێچەوانەوە تەنها گەورەكراوە، چۆن سنووری گوناح و تاوانیان بە پێوەری كۆمەڵایەتی بۆداناوە كە بەشی زۆری هەڵە بووە، نەڕەخساندنی زەمینە بۆ منداڵ بۆ ناسینی گوناح و تاوانی راستەقینە، هۆكاری سەرەكین كە پیاوای دڵڕەق و توندڕەوی داهاتووی لێبەرهەمبێت وەكو ئەوەی لە كوردستان هەیە. 

ئەگەر مانای گوناح و تاوان بریتی بێت لە گوێڕایەڵ نەبوون بە پرنسیپە ئایینیەكان، یان ئەو سنوورانەی كە یاسا دایناوە، ئەوە دەبێت بەدوای ئەو كەسانەدا بگەڕێین كە تاوانیان نەكردووە و دەستیان لەئازاردانی كەسدا نەبووە، چونكە بەشی زۆری كردەی رۆژانەی خەڵك هەر لە خێزان و پەروەردە و مامەڵەی رۆژانەی بازاڕەوە بگرە كە پەیوەندیی بە ئەخلاقەوە هەیە، تادەگاتە ئەو ئازاردانەی یەكتر كە چێژی لێدەبینن، بەسووك تەماشا كردنی كەسێك و شكاندنەوەی كەسێك و زیان بەخشین بە كەسێك و بەگومڕاكردنی كەسێك لەلایەن گشتەوە و بەگومان تەماشاكردنی كەسێك بەتۆمەتی جیاواز، كۆمەڵە خەسڵەتێكن كە تەواوی كۆمەڵگەی كوردی هەڵگرییەتی، بەڵام پرنسیپێك نییە گشت سزا بدات، بۆیە تاك دەبێتە قوربانی ئەو سزایە و بە گوناح و تاوانبار تەماشا دەكرێت و هەمیشە ئەم چەمكە خۆی بەرهەمدێنێتەوە. 

  • 1