ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

من بڕیارم دابوو بە دوور و درێژی لە سەر ئەو بابەتە هەڵوەستە بكەم ، بەڵام لێرەو لەوێ‌ تا ئێستا ئەو پرسیارە دەكرێت ، بۆچی وام كرد ، من زۆر كەم دوای روداوەكە لەوێ‌ مامەوە ، ئیدی مانەوەم هیچ مانایەكی نەبوو ، لە كاتێكا ئامانج لەكارەكە ئەوە بوو روداوی ناخۆش ڕوبدات ، دەقی روداوەكە بەم جۆرە بوو چەند مانگێكی كەم بوو نوسینگەی پارلەمان بە هەوڵی تاكەكەسی من كرابوەوە ، بۆ ئەوەش پێش دروستبوونی گۆڕانیش هەوڵم بۆدابوو لە گەڵ كاك ئەرسەلان بایز ئەو كات سەرۆكی پارلەمان بوو، بۆ ئەو مەبەستەسەردانیشم كرد ، من نەك ئەوە رام وابوو كەركوك 6 نوێنەری هەقیقی لە پارلەمانی كوردستان هەبێت بە دانان ،بۆ قسەو باسی تایبەت بە كەركوك" نوێنەرەكان هی نەتەوەكان بن " .

نوسینگەكە كرایەوە ، حزبە گەورەكان هەڵپەیان بوو زۆرترین خەڵكی خۆیان دابنەن ، ئەمە تا چایچی و كارگوزاریش هەر بەو جۆرە بوو دەیان نوسراوم لێرەو لەوێوە بۆ دەهات ،لایەنە عەرەبی و توركمانیەكانیش لێی كەوتبونە تەققە " لایەنە توركمانی و عەرەبیەكان چەندین لێدوان و بەیاننامەیان دەركرد" ، منیش پەیتا پەیتا كارم دەكرد ، لەو ماوە كەمەدا كەلەوێ‌ بووم پەیوەندیم لە گەڵ زۆر لادا بەست ، ئەنجومەنەكانی سلێمانبەگ و دوزو شوێنگەلی دیكە دەیانوویست سەرۆكی پارلەمان ببینن، ئەویش هەر جارەو بەبیانوویەك كاتەكەی دوادەخست ، لەسەر مافی خەڵك وبابەتگەلی دیكە راپۆرت و بە دوادا چوونمان هەبوو ، سەرۆك هۆزی عەرەب بۆ سۆراغی كوڕەكەی سەردانی دەكردین ، گوندەكان سكاڵایان دەهێنا ، ئێمەش بە گەرمی لە كارەكەدا بووین لەگەڵ هەموو هاوڕێكانما .

ئەوەی لەوێ‌ دەمانكرد لە دەرەوەی كاری حزبایەتی و ئایدۆلۆژیا بوو ، بۆ خۆم منیش هەرگیز نەبڕوام بە كاری حزبیانەی كوردی بەو جۆرە هەبوو ، نەبڕوام وایە حزب لە مرۆڤ گەورەترە وەك ئەوەی لە كوردستان بیركردنەوەی هەندێ‌ لایەن بەو جۆرەن .

بەشێك لە فێرخوازە دانەمەزراوەكان دوای ئەوەی پەروەردەیی كوردی سەر بە هەرێم هیچی بۆ نەكردبوون ، هاتنە لای ئێمە گوێمان لێگرتن، بەڵێنی كار بۆ كردن و بینینی وەزیری پەروەردەمان بۆ دان ، ئەوان دیار بوو هەندێكیان هاندرابوون ئەمە ببێتە بیانویەك بۆ لێدانی ئێمەو نوسینگەكەش ، هەمان ئەو رقەی لایەنە عەرەبی و توركمانیەكان ، شەوەكەی بەیانێكیان نووسی بوو " وێنەی بەیانەكەم لایە بڕیاری هێلكە باران وتەماتە بارانی نوسینگە دەدەن ، هەڵبەت بە زمانێكی پیسییش نووسرابوو ، دواتر بەیانەكەیان گۆڕی بوو من نوسخەكەی شەویان و گۆڕاوەكەشم لایە ، ئەو بایەنە هەمان ئەو دیدە بوو توركمان و عەرەبە ناسیونالیستەكان هەیانبوو" ، وەك وتم هەمان بەیان دواتر دەسكاری كرا ، من هەردوو بەیانەكەم لایە ، زۆربەی ئەوانەی هاتن دۆست و برادەرم بوون ، پێشتریش لە دڵەوە هیوای سەركەوتنم بۆ خواستون و هاوكاریم كردون ، ئەوان هێلكەوتەماتەیان هێنابوو بۆ لێدانی ئێمە ، لە كوێ‌ لە كەركوك ، لە كێ‌ لە لەتیف و نوسینگەی پارلەمان ، سەیر ئەوە بوو بەو بەیانیە ستافی تۆپ ستۆری رووداوهێنرابون ، كە هاتن من زۆر بە هێوری قسەم لە گەڵكردن پێم وتن ئێمە لە سەر خەتین ، هەرچەند ئەوە كاری ئێمە نەبوو ، ئەوانەی ئەوانیان ناردبوو ئامانجی تریان هەبوو ، بەڵام لە پڕ بە هۆی هەر چیەكەوەبێت تەققە كرا ،ئایە ئەو كوڕانەی پاسەوانی نووسینگە بوون دەستپێشخەر بوون ، یان لە شوێنی ترەوە ، نەمهێشت تەشەنە بكات ، هەموو سوكایەتیەكەم قەبوڵكرد تەققە كەرەكان كارێكی باشیان نەكرد ، بەڵام سەرەڕای ئەوەی لای خۆمەوە سزام دان و نەمهێشت خوێن لە پەنجەی كەس بێت ، نەمهێشت دەربكرێن ونان بڕاو بكرێن .

ئەوانەی ناردرابوون ، هەندێكیان خەونی خۆیان هەبوو ، چاویان لە شوێنەكە بوو ، هەندێكیان بێ‌ ئاگاو قوربانی بوون ، هەندێكیش دەشێت بە بڕێ‌ پارەی كەم و بەڵێنی دامەزراندن ئەو شەڕەیان پێكرابێت ، من دەتوانم لێرەدا ناوەكان و هۆكارەكان بنووسم ، بەڵام بۆ كاتی خۆی .

زۆر درەنگ یەكێ‌ لە خۆپیشاندەرەكان بەشاهیدی "مامۆستا هەڵوێست نەریمانی هونەرمەندو شانۆكاری چەمچەماڵ" ووتی ئێمە زۆر غەدرمان لە تۆ كردوو هاندرابووین ، خوا چاكەی هەموولایەك بداتەوە ، من دوای یەكدوو رۆژ دەست لە كار كێشانەوەم نووسی دیار بوو سەرۆكی پارلەمان وئەندامێكی پارلەمانی سەر بە هەمان ئەو شوێنەی هەرسێكمان نوێنەرایەتی دیدەكەیمان دەكرد ، زۆر پەلە بوون لە قەبوڵكردنی دەستلەكار كێشانەوەكەوسێ‌ و دوویان لێ‌ نەكرد ، دوای ماوەیەك كە كاك نەوشیروانی رێكخەری ئەوسای بزوتنەوەی گۆڕانم بینی زۆر بە داخبوو ووتی نابوو وات بكردایە ، من زۆر پێش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئەوێم بە جێهێشت ، بەڵام هەرگیز نەبوومە هۆی ئازاردانی كەسێك، تا ئێستاش هەقم لای ئەو پارلەمانەیە" نزیكەی 75 رۆژ خۆبەخش كارم بۆ كردوون ، لە بەر ئەوەی لە گرێبەستا نەبووە یەك قڕانیان نەداوەپێم " .

بەراستی هەستم كرد بە پەلاماردانی نوسینگەی پارلەمان جگە لەوەی دەیانەوێت دەستی گۆڕان و وەكی تر منیش بە خوێنی لاوانی كەركوك سور بكەن و دواتر بیكەن بە هەڵڵا لە سەر گۆڕان ، حەزو ویستی دیكەش هەبوو ، شەڕی شوێنەكە ش كە لەوەدا شوێنكەوتەی گۆڕانیش هەبوو ، هەوڵی داخستنی نوسینگەكەو دور خستنەوەی من و زۆر شتی تر ، بۆ كاتی تر .

  • 1