ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

مارتن ڤان برونەسن 

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی دووەم

بزووتنەوەی کورد لە عێراقدا: ناسیۆنالیزم قورسایی خۆی دەخاتە سەر کۆنترۆڵ کردنی خاک

بزووتنەوەی کوردیی عێراقی لە ساڵی1961وە شەڕ و ململانێیەکی چەکداریی دژ بە حکوومەتی ناوەندی بەرپا کردووە، کە تێیدا بەدیهێنانی ئامانجەکەی بەوە دەسنیشان کردووە کە ئۆتۆنۆمی (حوکمی زاتی) بێت بۆ کوردستانی عێراق و بەرجەستە کردنی دیموکراتی لە دامودەزگا ناوەندییەکانی دەوڵەتی عێراقدا. ئەم دوو ئامانجە بە هەمان ئاست گرنگ نەبوون بۆ هەموو کەرتەکانی بزووتنەوەی کوردی و بەرجەستە کردنی دیموکراسی لە ناوەنددا تەنها جێی بایەخی خەڵکە شارستانییەکە بوو، لەکاتێکدا خێڵ و عەشیرەتەکان دەستێوەردانی کەمتری حکوومەتیان دەویست. بزووتنەوەکە هەمیشە پێکهاتبوو لە هاوپەیمانییەکی ناجێگیری توخمی جۆراوجۆر کە بریتی بوون لە چالاکوانە سیاسییە خوێدەوارەکانی ناوچە سارستانییەکان کەوا هێزی بزوێنەری دەزگای حیزب بوون کە (پارتی دیموکراتی کوردستان) بوو، لەگەڵ خێڵ و عەشیرەتەکان کە بەشێکی زۆری هێزی سەربازیی بزووتنەوەکەی دابین دەکرد بەڵام دڵسۆزییان مەسەلەیەکی مسۆگەر و بڕاوە نەبوو، لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی و شوێنکەوتووە قاڵبووەکانیان لە شەڕدا، کەوا کرۆکی هێزی شەڕکردنی جووڵانەوەکەیان پێکدەهێنا. لە ساڵانی 1960کاندا، ئەندامە چالاکەکانی حیزب بەزۆری خەڵکی سلێمانی و شارەکانی تری سۆرانی زمان بوون، لەکاتێکدا کە بارزانییەکان و هاوپەیمانە خێڵەکییەکانیان و (بەهەمان شێوەش دوژمنە خێڵەکییەکانیان) بەزۆری خەڵکی ناوچەی بادینانی باکووری کرمانجی زمان بوون.

کاتێ رکابەری و ناکۆکی سەریهەڵدا لە نێوان مەلا مستەفای بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا (بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی) سەبارەت بەو رێباز و ئاڕاستەیەی کە بزووتنەوەکە پێویستە پەیڕەویی بکات، بارزانی زۆر بە سادە و ساکاری گرووپەکەی ئەحمەد - تاڵەبانیی دەرکرد و کەسانی دڵسۆزی خودی خۆی لە جێیان دانا بۆ سەرکردایەتیی پارتی.

گرووپەکەی ئەحمەد – تاڵەبانی، کە لەنێوان بەغدا و پیاوەکانی بارزانیدا گیریانخواردبوو، لە ساڵی 1966دا بۆ ماوەیەکی کورتخایەن بەواقیع کەوتنە شەڕ و پێکدادانەوە دژ بە بارزانی. ئەم ناکۆکی و ململانێیە بوو بە هۆی دابەشبوونێکی سیاسیی هەمیشەیی بۆ بزووتنەوەی کوردی لە عێراقدا و قۆناخەکانی شەڕ و پێکدادانی توند ماوە نا ماوە دەگۆڕا بە قۆناخی رێککەوتن و هاوکاری. دواجار لەپاش ساڵێک لە شکستی مەلا مستەفای بارزانی لە ساڵی 1975دا، جەلال تاڵەبانی حیزبێکی نوێی دامەزراند، کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (PUK) بوو و خوێندکاران و رۆشنبیرانی ناوچەی سلێمانیی لەخۆگرت شانبەشانی پێشمەرگە دڵسۆزەکان بۆ تاڵەبانی، هەروەها تاڵەبانی بنکەیەکی سەرەکیی لەسەر سنووری عێراق – ئێران دامەزراند. لەلایەکی ترەوە مەسعود و ئیدریسی کوڕانی بارزانی سەرلەنوێ پارتی دیموکراتی کوردستانیان رێکخستەوە و بنکەیەکی هاکەزایی پێشمەرگەیان لە نزیک سنووری تورکیا دامەزراند. ساڵانی دواتر و بەدرێژایی ماوەی جەنگی ئێران – عێراق هەردوولا بەزۆری کاری رەمزییان ئەنجامدەدا و داواکارییان نوێنەرایەتی کردنی بەشەکانی خوار و ژووری کوردستانی عێراق بوو، بەڵام خۆیان دەپاراست لە بەرەنگاربوونەوەی گەورە لەگەڵ سوپای عێراقدا، هەرچەندە گەلێ جاریش شەڕی گەورە لەنێوانیاندا بەرپا دەبوو و لە یادەوەریی هەردوولادا مایەی تووڕەییە.6

لە کاتی دەستێوەردانی نێودەوڵەتییەوە لە ساڵی1991دا و بەهۆی پارێزگاریی بەردەوامی نێودەوڵەتییەوە، بەشێکی گەورەی کوردستانی عێراق بە شێوەی دیفاکتۆ کەوتە ژێر دەسەڵاتی هەردوو حیزبی سەرەکی، کە لە پێکەوەژیانێکی ناجێگیردا بەیەکەوە حوکمیان دەکرد و هەر لایەکیان کۆنترۆڵی بەشێکی ئەو هەرێمەیان کردبوو و پشکێکی یەکسانیان هەبوو لە حکوومەتی هاوبەشدا. پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک) کۆنترۆڵی ناوچەکانی سنووری تورکیای کردبوو کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچە سنوورییەکانی ئێرانی کردبوو، بەڵام بایەخێکی ئابووریی کەمتری هەبوو. لە ناوەڕاستی ساڵانی 1990وە، هەردوک پدک و ینک کەوتنە شەڕی ناوخۆی براکوژییەوە، کە یەک لە هۆکارەکانی دووبارە دابەشکردنەوەی داهاتی هەرێمەکە بوو. پدک توانی ینک لە هەولێر دەربکات (کە بۆ ئەمەش پەنای بردە بەر هاوکاریی سەددام حوسێن!) و لەو کاتەوە بوو بە حیزبی باڵادەستی هەرێمەکە7. فشاری نێودەوڵەتی کوردەکانی قەناعەت پێکرد کە شەڕی ناوخۆ کۆتایی پێبێنن و بۆ ماوەی چەند ساڵێک دوو حکوومەتی کوردی دامەزراند، یەکێکیان لە هەولێر و ئەویتر لە سلێمانی و تەنها لە دوای داگیرکردنی ئەمریکا بۆ عێراق لە ساڵی 2003 دا هەردوو حکوومەتەکە یەکیانگرتەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان (KRG) دامەزرا، کە بەشداری کرد لەو دانوستانەدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیی دەکرد بۆ دانانی دەستوورێکی سەرەتایی عێراق و تێیدا حکوومەتە یەکگرتووەکەی هەرێم دەسکەوتی سیاسیی گەورەی بەدستهێنا. 

لەکاتێکدا کە ئەمریکییەکان پشتگیریی عێراقێکی یەکگرتووی ناوەندییان دەکرد، یاسای بەڕێوەبردنی کاتی کە لە ناوەڕاستی ساڵی 2004 دا دەرچوو رێگەی کردەوە لە بەردەم فیدراڵییەتدا و بواری دەسەڵاتی بەرفراوانی دا بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاروباری هەرێم و پشکێکی رەوای بودجەی نیشتمانی و هەروەها نوێنەرایەتییەکی گەورە لە حکوومەتی ناوەندیدا. لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی 2005، مەسعود بارزانی بوو بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هۆشیار زێباریی خزمی نزیکی بوو بە وەزیری دەرەوە لە حکوومەتی بەغدادا و پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیش درا بە جەلال تاڵەبانی8. پۆستە وەزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەنێوان (پدک) و (ینک)دا دابەشکران و هەردوولا رێککەوتن لەسەر دامەزراندنی سەرۆک وەزیران بەنۆرە.

لەنێو جووتە ئامانجی ئۆتۆنۆمی (مەبەستی سەربەخۆییە - وەرگێڕ) و نوێنەرایەتی کردن، کە هەردوکیان دوو ئامانجی درێژخایەنن، وادیارە پدک و بنەماڵەی بارزانی بەشێوەیەکی سەرەکی قورسایی خۆیان خستووەتە سەر یەکەمیان و تاڵەبانی و ینک رۆڵێکی پێشەنگ دەبینن لە دووەمدا. بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ تاڵەبانی ئەو سیاسییە کوردە بوو کە سیاسییە عەرەبەکان متمانەیەکی زۆریان پێی هەبوو و باوەڕیان وابوو کە لە نیگەرانییان تێدەگات. بەڵام زۆرینەی زۆری کوردەکانی عێراق چیتر بایەخیان بە پارچەکانی تری عێراق نەدەدا وەک دەوڵەتێکی یەکگرتوو و لە سەربەخۆیی بەولاوە هیچیتر ناخوازن. ئەزموونی شاڵاوی جینۆسایدی ئەنفال لە ساڵی 1988 دا (کاتێ کە بەلای کەمەوە 50000 یان رەنگە زۆر زیاتر بووبێت لە گوندەکانیاندا رەشبگیر کران و راپێچی کوشتن کران)* ئەو بیر و باوەڕەی تێکشکاندن کەوا ئۆتۆنۆمی بەس بوو بۆ ئەوەی بیانپارێزێت. ئەگەرچی سەرکردە سیاسییەکان باش ئاگاداری ئەو کۆسپ و تەگەرە سەختانە بوون کە دێنە رێگەی سەربەخۆیی، بەڵام فشاری خوارەوە ناچاری کردن و بە تایبەتی بارزانی کەوا گوتاری سەربەخۆیی تەواو بکەن بە ئامانجی کۆتایی. هەروەها کۆدەنگییەکی بەرفراوان هەیە لەناو کوردە عێراقییەکاندا کەوا پێویستە هەرێمە ئۆتۆنۆمیدارەکەیان فراوان بکەن بۆ ئەوەی شاری کەرکووک و زۆربەی پارێزگاکەی بگرێتەوە و دیسان ئەوە ناوچانەی تریش کە زۆرینەی کورد تێیدا نیشتەجێن. هەڵکشانی کوتوپڕی داعش لە ساڵی 2014 دا، کە مووسڵی گرت و بەرەو کەرکووک و هەولێر کشا و سوپای عێراق لە بەردەمیدا خۆی پێنەگیرا و هەڵات، هەل و دەرفەتێکی باشی بۆ کورد رەخساند. هێزەکانی پێشمەرگە هێرشەکەی داعشیان وەستاند و کۆنترۆڵی ناوچە کێشەلەسەرەکانیان کرد و لەو کاتەوە ئیتر بەجێیان نەهێشتووە، بەڵام بەتەواوی دوودڵ بوون کە شەری دژی داعش بخەنە ناوچە عەرەبنشینەکانەوە و پێداگرییان لە بەرگری کرد لە ناوچە کوردنشینەکان و ئەمەش وێکدەهاتەوە لەگەڵ خولیا و ئاواتی نەتەوەیی کلاسیکی بەوەی سنووری سیاسی و ئیتنیکی هاوزەمان بێت.

لەگەل ئەوەشدا، خولیا و چاوتێبڕینی خاک هێشتا هەر لەسەر کوردستانی عێراقە و تەواوی حیزبەکان و سیاسییەکان بیرۆکەی کوردستانی یەکگرتوو رەتدەکەنەوە. بەم دواییە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا دیالێکتی سۆرانی تەنها زمانی رەسمی بێت و ئەمەش پێگەی دیالێکتی کرمانجی لە بادیناندا کەمدەکاتەوە و دواجار وادەکات کە دیالێکتەکە هاوسنوور بێت لە نێوان کوردستانی تورکیا و عێراقدا و ئەمەش زیاتر پاڵ بە کوردستانی عێراقەوە دەنێت وەک قەوارەیەکی تایبەت و جیاواز. لەگەڵ ئەوەشدا پدک وا خۆی دەردەخات کە برا گەورەی حیزبە پەیوەندیدارەکانی بەشەکانی تری کوردستانە، بەتایبەتیش لە سووریا و تورکیادا. زۆربەی حیزب و بزووتنەوە کوردییەکانی وڵاتانی دراوسێ بوون و تەنانەت بنکەی سەربازیشیان هەیە لە کوردستانی عێراقدا – بەو حیزبانەشەوە کە پدک ناکۆکیی ئایدیۆلۆجیی هەیە لەگەڵیان، وەک پەکەکە.

هەرێمە کوردییەکە ئەو بەشەی عێراقە کە زۆرترین ئازادی و سەقامگیری تێدایە و بە شێوەیەکی فەرمی، یان بە پێی دەستوورەکەی، دیموکراتییەکی لیبراڵییە و هەڵبژاردنی دەوریی تێدا دەکرێت و سەرۆکی هەڵبژێردراویش ماوەیەکی دیاریکراوی هەیە. لە بواری پراکتیکیدا، سیستەمەکە بەتەواوی پشتی بە مەحسووبییەت و خزم خزمێنە بەستووە و زۆربەی سەرچاوە و داهاتەکان لەلایەن (پدک و ینک)وە کۆنترۆڵ کراوە و هەل و دەرفەتیش لەسەر پەیوەندیی خەڵک وەستاوە بە یەکێک لەم دوو لایەنەوە. ئەو خاوەن کارانەی پەیوەندیی باشیان هەیە دەتوانن سامان بەدەستبێنن بەڵام ئەوانەی ئەم جۆرە پەیوەندییانەیان نیە ئەوە دەرفەتی بەدەستهێنانی کار و خوێندن و خزمەتگوزاریی تر کەمە. ئابوورییەکەی لە هی دەوڵەتێکی کرێچی دەچێت و زۆربەی داهاتەکەی لە بازرگانیی نەوت و ترانزێتەوەیە و لەلایەن هەردوولاوە بەسەر ئەندام و بریکارەکانیاندا دابەش دەکرێت9. عەشیرەتەکان، بەوانەشیانەوە کە لە ساڵانی 1980کاندا هاوپەیمانی حکوومەتی ناوەندی بوون و شەڕی بزووتنەوەی کوردییان دەکرد، دایانە پاڵ هەردوو حیزبە سەرەکییەکە و چوونە ژێر رکێفیانەوە و ئەم سیستەمەش پێگەی سەرۆک هۆزەکانی بەهێز کرد.

بە چاوپۆشی لەوەی کە لە دەستووردا هاتووە، پدک و بەدوای ئەویشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا رادەیەکی زۆر لە پرۆژەیەکی خێزانی دەچن بۆ بنەماڵەی بارزانی و زۆر زەحمەتە بیر لەوە بکرێتەوە کە مەسعود بارزانی یان نێچیرڤان بارزانی پێگەی دەسەڵاتیان لەدەستبدەن. لە ناوچەی سلێمانیش هەمان شتە بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی و کەسە هەرە نزیکەکان لێیانەوە. حیزبی گۆڕانیش پێش چەند ساڵێک دروستبووە وەک ئەڵتەرناتیڤێکی زیاتر دیموکراتی و کەمتر "گەندەڵ" لە دوو حیزبەکەی تر، بەڵام هەر زوو بەو ئاڕاستەیەدا پەرەیسەند کە ببێتە ئامرازێکی سیاسیی راوەستاو لەسەر مەحسووبییەت و پەیوەندیی خزمایەتی.

 

  • 1