ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەم ساڵانەی دوایی رۆژێكیان چوومە پرسەێك لە گوندێكی ئەم بەركێوە..كە ماوەێكی زۆریش تیایدا مامۆستا بووم.خەڵكەكەم بەوردودرشتەوە زۆر باش دەناسی.ئەوانیش منیان زۆر چاك هەڵسەنگاندبوو.كاتژمێر 10ی بەیانی بوو.بینیم خەڵكێكی یەكجار زۆر لە حەوشی مزگەفتن.ناوەوەی مزگەفتیش ماشەڵڵا هەر جمەی دەهات!من لەژوورەوە دانیشتبووم.كاتێكم زانی ئەو خەڵكە لەناكاو تێكڕا دڕیاندا..!كەس بەپێ سۆلی خۆی رانەگەیشت..!ئەوانەی دانیشتبوون یەكسەر هەڵسانەوە سەرپێیان و پشتیان بەدیواردا و رەپ راوەستان!ئەوانەی بەپێوەش راوەستابوون،هەریەكسەر لەپێش چاوان نەمان!

بەڕاستی منیش دڵم داخورپا.خۆ گەر كاتەكە نەختێ زووتر بووایە واتە چێشتەنگاوبایە،دەمگوت لەوانەیە تازە گاڕان بەردرابێ.هەبێ و نەبێ،دیارە دەبێ گاجووتێكی(قۆچوەشێن)رووی لە حەوشی مزگەفت كردبێ بۆیە خەڵكەكە ئاوا یەك پێ دڕیانداو دەیانەوێ خۆیان قوتاربكەن..!لەهەمان كاتیش شڵەوقوڵەی بەعسیە فاشییەكانم كەوتەوە بیر كە چۆن رۆژی خۆی وەخت و ناوەخت بەنێك و دەمانچە و ورگی خڕ و كوركنەوە روویان لەفەرمانگە و قوتابخانەكان دەكرد!وەزعەكە تەواو دەشڵەژا.خەڵكەكەش هەر یەكە بەلایەكدا خۆیان قوتار دەكرد !بەڵام لێرەدا بەوە باشبوو هەر دەستبەجێ گوێم لێ بوو لەدەرەوە زۆر بەگەرمی سەلام وكەلام وەردەگیرایەوە.دەنگی بەخێرهاتن بەرزدەبۆوە.ئیتر دڵنیابووم گاجووت نییە رووی لە خەڵك كردبێ،سەردەمیش،سەردەمی حوكمی خۆماڵیمانە.كوزاتە دیارە بەرپرسێكی فرە مەزن رووی لە مزگەفت كردووە.

ئیتر دڵمان نەختێ هاتەوە سەرخۆ.كاتێك دیتم 10-12 كەسێك یەك دەنگ و یەك رەنگ لە دەرگای مزگەفت خۆیان چەماندۆتەوە و دەیانگوت:فەرموو فەرموو قوربان!هەر یەكسەر مەلا و قورئان خوێن لەشوێنی خۆیان بڵندبوون وهەستانەوە.دكتۆر بازێكی داو پشتی بەدیوارەوە نووساندو،رەپ راوەستا..ئەندازیار رەتێكی ئەندازیاریی بردو كشایەوە دواوە! خاڵ و خوارزاش لەگەڵ تەكانی هەڵسانەوە،شانیان بەشانی یەكتر كەوت.هەر وەخت بوو هەردووكیان بەسەریەكتردا وەرگەڕێن!ئەندامانی حیزبیش هەر بە پێ سوڵی خۆیاندا رانەگەیشتن!

هەڵبەتە منیش بە بینینی ئەو تابلۆ ناڕێكە زۆر پەست و دڵتەنگ بووم.لە دڵی خۆمدا گوتم:با وەك كەلتورێكی كوردەواری رێز لە میوان بگیرێت،بەڵام نەهێندە سوێرو نەهێندەش بێ خوێ!!بۆیە لەرقی ئەو بابەتە هەڵسوكەوتەی ئەو خەڵكە لە دڵی خۆم بڕیارمدا و گوتم: شەرتبێ نابێ من سانتیمیش لە شوێنی خۆم بجووڵێم.

بۆیە وەك سنگێك لەمیحرابی مزگەفت لەسەر مافوورەكەوە داكوترابێ، لە شوێنی خۆمدا چەقیم. كابراش سەری هێنایە ژوورێ و سەلامێكی كرد كە پیاوێكی نەختێ بەتەمەن بوو هات لە شوێنەكەی مەلا لەتەك منی(خزمدۆست) دانیشت.. منیش هیچم لەدەست نەهات تەنها ئەوەندە نەبێ كە بەشێوازی و رێ و رەسمی ئاغایەتی و لووتێكی بەرزە نیمچە ئاوڕێكم لێ دایەوە و بە دەنگ و تۆنێكی بەرزەوە گوتم: (بەخێر بێی بابەلە !) هەڵبەتە زاراوەی (بابەلە) پیاوی گەورە و بەتەمەن بۆ هەرزەكار و منداڵان بەكاری دەهێنێ! ئیتر كابرای بەرپرس وەڵامی دایەوە گوتی: سەلامەت بێ یاخوا. جاروباریش دەیویست روخسارم بخوێنێتەوە، دیارە لەدڵی خۆیدا وای دانابوو كە من هێندە پیاوێكی ماقووڵ و هەڵكشاو داكشاو و براگەورەی هەموویانم تەنها هەر لەبەر ئەوەی كە لەبەری هەڵنەستام و رێزم لێ نەگرت سەنگی مێرد منداڵێكم بۆ دانا..! چونكە لە فەرهەنگ و گۆشەنیگای ئەو بابەتە كەسانە پیاوی ماقووڵ ئەوەم كە ((وەكو پێویست رێز لە خەڵك نەگرێ و خەڵك بە پێشكەو مێشولە بزانێ..!!))

ئیتر ماوێكی باش كابرا دانیشت. ئیجا فاتیحا خوێندراو بەهەمان مەراسیمی پڕ لە هیمەت و ویقار بەڕێكرا. وەزعەكە ئاسایی بۆوە. خەڵك هاتنەوە شوێنی خۆیان. ئینجا 1-2 كەس بەدەنگێ نزمەوە گوتیان چما مامۆستا ئەتوو ئەو پیاوە زەریفەت نەناسی؟ گوتم: نەخێر نەمناسی. بەڵام باش دەزانم بەرپرسێكی گەورەی حیزبییە ! هەڵبەتە ئەو هەڵسوكەوتە ناڕێكەی ئێوە وای لەمن كرد كە رێزی نەگرم و ئاواش بەخێرهاتنی بكەم! هەرچەندە ئێوە زۆر باشم دەناسن. من حەز دەكەم گەر كێشكە نێرە بێت لە تەنیشتم هەڵنشێ لەبەری هەڵسم و رێزی لێ بگرم! بەڵام چونكە ئێوە زیاد لەپێویست چەمانەوە و هەر بوونە خاك و خۆڵ لەبەر دەستی ئەو(زەلامە!) بۆیە من ئەو كاردانەوەم ئەنجامدا. خۆ نابێ ئەوەشمان لەبیربچێ كە پێش هاتنی ئەو (زەلامە) من تێبینم لەسەرتان هەبوو، دەمبینی زۆرێك لە باوك و براو خاڵ و مام وجوامێرو پیاوە ماقوڵی گوند دەهاتنە ژوورێ ئێوە بەم شێوازە نەلەبەری هەڵدەستان و نەبە خێرهاتنێكی گونجاویشتان دەكردن!! جا بۆم دەركەوت ، كە بەمەلا و دكتۆرو ئەندازیار و كادیرو تەواوی فەرمانبەرە فرە جۆرەكانتانەوە ئەو كابرایە تەزكیەی كردوون! دایمەزراندوون بۆیە لاتان زۆر پیاوێكی زەریفە و بەرزە لەكەس و كاری خۆتانی زیاتر رێزی لێ دەگرن. چونكە ملی زۆركەسانی دیكە شایستەتری و بێ واسیتەی بۆ شكاندوون! منداڵی ئێوەی لەشوێنیان داناو! بۆیە یەك پێی لەبەری هەڵدەستن. جا ئەو پلەو پایەی كە پێیان دراوە بە عەسكەری و مەدەنیتانەوە بە وێژدانم لەسەوی نەوەت و نۆیان لە ئاست سروشت و توانای راستەقینەی ئەواندا نییە بەڵكە( تەكانێكی بەناو حیزەیە!) ئاوا زەلیل و شەرمەزاری كردوون! بۆیە هەر لەگەڵ پێشمینی كابرای بەرپرس دەبێ ئێوە چەند مەتری لەسەر چەنگان بەگاگۆڵە بڕۆن!!!

30/9/2019

 

  • 1