ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگاکەمان خەسڵەتێکی ناڕێکمان هەیە، چونکە گەر (دوو ڕۆژ بکەوینە خۆشی، وا دەزانین کە تازە هەرگیز ناخۆشی و لێقەومان نابینینەوە!).

بۆیە هەر یەکسەر دەکەوینە زۆرانبازی خۆبەخۆیی. لەڕووی (کەمالیات)ی ژیان.. کە لەلایەک لاسایی لە خۆمان دەوڵەمەندتر و دەستڕۆیشتووتر دەکەینەوە، خولیای مۆدەبازی لە کەللەمان دەدات. کۆمپانیاکان نانیان دەکەوێتە ڕۆنەوە، بودجەی گیرفانمان لە کورتی دەدات. لەلایەکی دیکەشەوە (پۆز) بەسەر خوارەوەی خۆماندا لێدەدەین! خۆمانیان لەسەر هەڵدەکێشین! بەمەش خۆشەویستی نێوانمان دەڕەوێتەوە. وردە وردە بابەتە ڕق و کینەیەک لە (لاشعوور) خۆی مەلاس دەدات!

خۆ بە پێچەوانەشەوە، گەر (دوو ڕۆژ) بکەوینە ناو واقیعێکی (نائاساییتر) لە واقیعە نائاساییەکەمان وا دەزانین، کە تازە ئیتر دنیا ژێرەوژوور دەبێ، هەرگیز ڕاست نابێتەوە! بۆیە هەر یەکسەر پشت لە یەکتر دەکەین و هەریەکە هەوڵی چارەسەری تاکەکەسی خۆی دەدات. دەست لە کون و کەلەبەری تاریکدا دەگێڕێ! دووبارە خۆمان دەکەین بە پاشکۆی زەلامی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو... جا لەم حالەشدا، دیسان هەر ڕق و کینە بە سەرماندا زاڵ دەبێ! بۆیە زۆر پێویستە تاکی کورد، سەبارەت بە هەردوو بابەتە واقیعی (خۆش و ناخۆش) بە جیدی بە خۆماندا بچینەوە و زیاتر وشیار ببینەوە. چونکە بەم شێوە هەڵسوکەوت و هەڵوێستمان، ئایندەی میللەتەکەمان زەرەرمەند دەبێ، بۆیە دەبێ نووسەر و ڕۆشنبیرانمان هەر یەکە لە ئاستی تاکەکەسی خۆیاندا، ببن بە پێشەنگ، زیاتر تێکەڵ بەم جەماوەرە سادەیەی میللەتەکەمان بین. نموونە و وانەی وشیارکردنەوەی گونجاویان پێ ببەخشین، چونکە حکوومەتمان نییە!

  • 1