ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

گرنگیدان بە ڕۆڵی ئاسیا لە سیاسەتی دەرەکی نوێی چیندا

لەگەڵ سەرەتاکانی سەدەی بیستویەکەمدا ڕۆڵی وڵاتانی  ئاسیا لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی و گەشەی ئابووری گۆڕانکارییەکی چلۆنایەتی بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک ئاسیا بوژانەوەیەکی خێرا بە خۆیەوە دەبینێت و بەشێک لە وڵاتەکانی توانیویانە وەبەرهێنانی ستراتیجی لەگەڵ هێزە جیهانییە سەرەکییەکان بکەن. ئەم ئاراستەیە وای کردووە کە گەشەپێدانی هەرێمایەتی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئاسیا بە بەراورد کردن لەگەڵ سەدەی ڕابردوودا بە تایبەتی لەگەڵ سەرەتاکانیدا، گۆڕانکاری بە خۆوە ببینێت. و ئەم ڕەوشە وای کردووە کە ئاسیا قەرەبووی ئەو زیان  و کارتێکردنە نەرێنییانە بکاتەوە کە لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی بەری کەوت، و دوای ئەوەی کە لە سەرەتای مێژوودا و تەنانەت پێش زایین، شارستانییەکانی ئاسیا بەتایبەتی شارستانی چین زێدی داهێنان و ئەفراندن بوو، و چەندین دۆزینەوەی گرنگی مێژووییان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد. لە دوای شۆڕشی پیشەسازی و پرۆسەی مودێرنزمی ڕۆژئاوایی، زۆربەی وڵاتانی ئاسیا و و بەتایبەتی چین دووچاری هێرشی کۆلۆنیالزم لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا بوونەوە، و مەینەتییەکانی هەردوو شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی و خولیای عەسکەرتاریای ژاپۆن گەورەترین زیانی بە گەلانی ئاسیا گەیاند و بواری ژیانی ئاسودە و خۆشگوزەران بەرانبەر هەژاری و نەداری و دواکەوتوویی ئابووری و شەڕی لاوەکی، پاشەکشەی کرد.

پاش کۆتای هاتنی دووەمین شەڕی جیهان و ئەو سەرکەوتنانەی بزووتنەوە نیشتمانییە ڕزگاریخوازەکانی وڵاتانی ئاسیا ئەنجامیان دا، وەرچەرخانێکی چلۆنایەتی لەم ناوچانە ڕوویان دا، و ئەوە بوو بیر لە پەیڕەوکردنی رێگای گەشەپێدانی تایبەتی ئەو وڵاتانە و کاری بە کۆمەڵ و دروستکردنی کۆڕبەندی هەرێمایەتی کرایەوە.  لەم بوارەدا کۆنگرەی باندونگ بازنەیەکی هاندەری یەکێتی و کاری هاوبەشی دەوڵەتەکانی ئاسیا بوو. بەڵام ئاسەوارەکانی و کارتێکردنەکانی شەڕی سارد بە نەرێنی کاری کردە سەر کاری هاوبەش و هاریکاری لە بواری کاری سیاسی و گەشەپێدانی ئابووری، و ئەمەش بە هۆی دابەشبوونی دەوڵەتانی ئاسیا لە نێوان بەرەی ڕۆژهەڵات و بەرەی ڕۆژئاوا لە میانەی شەڕی سارددا.

بۆیە دەتوانین بڵێین کە هاریکاری هەرێمایەتی نێوان دەوڵەتانی ئاسیا بە تەواوی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی سارد دەستی پێکردووە، بەڵام ئەم هاوکارییە بێ کێشە و گرفتی بنیاتگەرانە نەبووە، ئەمەش بە هۆی مانەوەی ئاسەوارەکانی شەڕی سارد لە لایەک و قورسایی ئەو گرفتانەی کە قۆناغی کۆلۆنیالزم لە چەندین وڵاتی ئاسیا بەجێی هێشتووە، و مانەوەی کۆمەڵێک گرفتی سیاسی و سنووری نێوان وڵاتانی ئاسیا کە تێکرای ئەو گرفتانەش لە لایەن سیاسەتی کۆلۆنیالزمی سەرمایەداری رۆژئاوا بەجێ مابوو.

ڕێڕەو و کاروانی گەشەپێدان لە وڵاتانی ئاسیا لە دوای دووەمین شەڕی جیهانیدا بە یەک ڕیتم و ڕێچکە نەڕۆیشتەوە، و ئەم کاروانە هەستان و دابەزینی و سەرکەوتن و نووشستی بە خۆوە بینییەوە، و هەندێ جار بەشێک لەو وڵاتانە لە ماوەی کۆتاییەکانی شەڕی سارددا دووچاری قەیرانی ئابووری ئێجگار ئاڵۆز بوونەتەوە هەر وەک قەیرانی "پڵنگە ئاسییەوەییەکان" کە مەترسی گەورەی لە سەر ئابووری کۆریای باشوور و مالیزیا و ئەندونیسیا و ... هتد، دروست کرد.

سەڕەڕای کێشە و گرفتەکان وڵاتانی ئاسیا توانییان بەتایبەتی دوای قەیرانی دارایی جیهان ساڵی 2008 ئەفراندنێکی تەواو دروست بکەن، و هەنگاو بۆ نەهێشتنی مەترسییەکانی هەژاری و لاوازی ئابووری بنێن، و لە بواری گەشەسەندندا بوونە  خێراترین ناوچەی گەشەسەندنی جیهان. بۆیە دەبینین هەر وەک ئامارەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی پێدەکات، ڕێژەی بەشداری وڵاتانی ئاسیا لە گەشەپێدانی ئابووری جیهان بریتی بوو لە دوو لە سەر سێی ڕادەی گەشەسەندنی جیهانی لە پێنچ ساڵی دوای قەیرانی دارایی. هەر لەم ماوەیەدا هاریکاری هەرێمایەتی نێوان دەوڵەتانی ئاسیا گەشەی تەواوی بە خۆوە بینی، و بەهای بارزگانی نێوان ئەو دەوڵەتانە لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەم بە پلەی بەرچاو بەرزبۆتەوە، و وەک ئەو ئامارەی کە بەرپرسان لە وەزارەتی دەرەوەی چین دەیخەنە ڕوو ئەو بەهایە لە 800 ملیار دۆلاری ئەمەریکی گەیشتۆتە سێ ترلیۆن دۆلار لە سەرەتاکای سەدەی بیستویەکەمدا. بە هەمان شێوە بانکی گەشەپێدانی ئاسیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئاسیا گەشەترین ناوچەی جیهانە لە بواری دروستکردنی ناوچەی بازرگانی ئازاد و رێککەوتننامەکانی ناوچەی بازرگانی ئازاد لە 70 ڕێککەوتنەوە گەیشتۆتە 250 ڕێککەوتنی بازرگانی لە ساڵی 2013دا و بە بەردەوامیش زیاد دەکات.

تێکرای ئەم پەرەسەندنانەی کە لە وەزعی وڵاتانی ئاسیا و لە ڕەوشی ئابووری جیهاندا هەیە، لە بواری سیاسەتی دەرەکی وڵاتی چین بە ڕەچاوکردنی پرۆسەی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمی هاوچەرخدا بەتایبەتی دوای ئەنجامدانی هەردوو کۆنگرەی هەژەدەمین و نۆزدەمینی حزبی شیوعی چین، بە هەند وەرگیرا، و بەشێک لە سیاسەتی چارەنووسی هاوبەش کە لە کۆنگرەدا بریار درا، کارکردن بە مەبەستی هاریکاری و قازانج و بردنەوەی هاوبەش و بنیاتنانی کیانێکی ئاسیایی لە سەر بنەمای چارەنووسی هاوبەش بوو.

سیاسەتی دەرەکی چین سەبارەت بەم بابەتە گرنگە پشت بە کۆمەڵێک هۆکار و فاکتەری گرنگ دەبەستێت لە سەر بنەمای ئەوەی کە بنیاتنان و  پەرەسەندنی ئەم پێکهاتەیە هەڵبژاردەیەکی حەتمی و چارەنووسی پەرەسەندنی مێژووییە لە بەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

1ـ دروستکردنی ئەم پێکهاتە هاوبەشە ڕەنگدانەوەی کرۆکی کەلتووری مێژووی و ترادسیۆنی ئاسیایە، کە ئەم کەلتوورە لە مێژوودا پێشەنگی کەلتووری جیهانی بووە، و کاری بۆ پێشخستن و پەرەسەندنی شارستانی جیهانی داوە. لەم ڕوانگەیەوە بەشێکی سەرەکی لە سیاسەتی دەرەکی چین لە بواری هزریدا پشت بە چەمکی ڕۆڵی شارستانی چین و کۆکردنەوەی شارستانییەکانی ئاسیا دەبەستێت. سیاسەتی دەرەکی چین جەخت لەوە دەکاتەوە کە مێژووی شارستانی چین دوور لە کۆلۆنیالزم بووە، و هەردەم  شێوازێکی ئاشتیخوازانەی هەبووە، و پشتی بە ڕەوشت و پاراستنی دراوسێتی بەستووە، و ئەمەش وای کردووە لە مێژوودا ڕێگای ئاوریشم دروست بێت و بازرگانی گەشە بکات و لە جیاتی سوپا و داگیرکردن و تاڵانکردنی کۆلۆنیالزمی، چین ئاوریشم و چای بۆ جیهان ناردووە، و هەر ئەمەش بۆتە هۆی "دەستپێشخەری پشتین و ڕێگا" بە نوێکردنەوەی ڕێگای ئاوریشمی کۆن و ئاڵوگۆڕکردنی بازرگانی  نێوان وڵاتانی ئەو ڕێگایە بە گەشەپێدانی ئابووری و چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتانە دەبەستێتەوە و ڕەوشێکی نوێ لە پەیوەندی نێودەوڵەتی لە سەر بنەمای قازانجی هاوبەش دروست دەکات.

سەرکردایەتی سیاسی چین سەبارەت بە گرنگی بوونی کەلتووری هاوبەش و شارستانی ئاسیایی چەندین دەستپێشخەری بەرچاویان ئەنجام دا، لەوانە لە 14 تا 15ی ئایاری 2017 یەکەمین کۆڕبەندی باڵای هاریکاری "پشتین و ڕێگا" لە پەکین بە ئامادەبوونی سەرۆکی و سەرۆک وەزیرانی 29 دەوڵەت و نوێنەرایەتی هەزار و پێنچ سەد کەس لە 130 دەوڵەت و 70 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەسترا. لە نیسانی 2019دا دووەمین کۆڕبەندی باڵا بەسترا.  هەروەها لە ئایاری 2019 بە ئامادەبوونی شی جین بینگ ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین کۆنگرەی دانوستانی شارستانییەکانی ئاسیا لە پەکین بەسترا کە گەورەترین کۆنگرەی جیهانی بوو لە بواری رێکخستن و هونەری کە دوو هەزار بەرپرسی حکومی و نوێنەری 47 دەوڵەتی ئاسیایی و هەندێ دەوڵەتی دیکە و رێکخراوی نێودەوڵەتی تیایدا بەشدار بوون. لەم کۆنگرەیەدا ئەمینداری گشتی حزب گوتارێکی گرنگی پێشکەش کرد کە جەختکردن بوو بە سەر ڕۆڵی شارستانی ئاسیا و خاڵی هاوبەشی ئەم شارستانییە لە مێژوو  و لە جیهانی سەردەمدا و کارتێکردنی لەم سەردەمەدا بۆ کاری هاوبەش و قازانجی هاوبەش لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی چارەنووسی هاوبەش، بە جۆرێک کە یارمەتی نەهێشتنی چاوگەکانی بارگرژی لە ئاسیا و لە جیهاندا بکات و سیاسەتی دەرەکی وڵاتان لە سەر بنەمای گەشەپێدان و هاریکاری و سوود وەرگرتن لە دەسکەوتەکانی جیهانگیری مرۆییانە لە چوارچێوەی ئامێتەبوون و تێکەڵبوونی شارستانییەکان بێت، نەک لە سەر بنەمانی پێکدادانی شارستانییەکان، و گرتنەبەری ڕێگای پەلاماردان و هەڕەشەی شەڕ و پێکدادانی سەربازی.

2ـ سیاسەتی دەرەکی چین ئاماژە بەوە دەکات کە بنیاتنانی کیانێکی ئاسیایی خاوەن چارەنووسی هاوبەش لەگەڵ ڕەوتی پەرەسەندنی جیهانی و هەرێمایەتی دەگونجێت، بەتایبەتی جیهان بەرەو فرەجەمسەری دەڕوات، و لە هەمان کاتدا جیهانگیری ئابووری و بواری زانیاری و کۆمەڵایەتی قوڵتر دەبێتەوە، و بەرژەوەندی دەوڵەتەکان لەگەڵ یەکتردا تێکەڵ دەبەن، و سیستەمی سیاسی و ئابووری نێودەوڵەتی گۆڕانکاری بەردەوام بە خۆوە دەبینێت، و هاریکاری هەرێمایەتی لە ئاستی کێشوەرەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و ئەفریقیا ئەنجام دەدرێت، و بەم شێوەیە هاریکاری هەرێمایەتی لە جیهانی ئەمڕۆدا بایەخی خۆی هەیە.

3ـ بوونی بنیاتێکی ئاسیایی خاوەن چارەنووسی هاوبەش پێداویستییەکی گرنگی دەوڵەتە هەرێمایەتییە هاوبەشەکانی ئاسیایە کە دەتوانێ بەرجەستەکردنی بەرژەوەندی هاوبەش و هیوای هاوبەشی گەلانی ئەم دەوڵەتانە بێت. هەڵبەتە ئەم ئاراستەی لە خۆڕا نەهاتووە، و زۆربەی وڵاتانی ئاسیا بەشێکن لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان کە گەشەپێدان کلیلی چارەسەری ناکۆکی و کێشە و ململانییەکانی ئەم وڵاتانەیە. بۆیە گەشەپێدانی ئابووری و چاککردنی ژیانی گەلانی ئەم دەوڵەتانە بە پلەی یەکەم دێت و دەبێ سوود لە پێداویستی و چانسەکانی گەشەپێدان تیایاندا وەربگیرێت بەتایبەتی تا ئێستا مەترسییەکانی قەیرانی ئابووری جیهانی و پاشماوەکانی لە ئارادایە، و تا ئێستا ئابووری جیهانی سەقامگیر نەبووە، و هەر قەیرانێکی نوێ بێ کاری هاوبەشی ئەم وڵاتانەی ئاسیا بە زیان بە سەر ڕەوشی سەرجەم ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە.

4ـ ئاراستەکردنی سیاسەتی دەرەکی چین بەرەو ئاسیا بەشێکە لە سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە کە لە ساڵی 1978وە بە سەرکردایەتی دنگ شیاو بینگ دەستی پێکرد، و لەم ماوەی 40 ساڵدا چین توانی کۆمەڵێک سەرکەوتن و دەستکەوت لە بواری گەشەسەندن و بنیاتنانی ئابووری بەدەست بهێنێت کە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە زیاتر لە سەدەیەک بە دەستی هێناوە. بۆیە ئەم ئاراستەیەی چین بەرەو هاریکاری ئاسیایی لە لایەن بەشێکی زۆری دەوڵەتانی ئاسیا پێشوازی لێ دەکرێت و ئامادەبوونی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسە هاوبەشەکان دەڕبریوە، لەوانە پرۆسەی "پشتین و رێگا".

مەبەست لە سیاسەتی دەرەکی چین لە بواری کرانەوە و کارکردن و هاریکاری دەوڵەتانی ئاسیا لە چوارچێوەی ئاسیایەک کە چارەنووسی هاوبەش و قازانجی هاوبەشی هەبێت ئەم خاڵانەیە:

1ـ گەشەپێدانی خودی و خۆسەری لە سەرجەم دەوڵەتەکانی ئاسیا بێ کارکردن بۆ گەشەپێدانی هاوبەش نایەتە دی. ئەم کارکردنە هاوبەشە رێگای چارەسەرکردنی تێکرای ناکۆکی و گرفتەکانە کە لە نێوان ئەو وڵاتانە لە ئاکامی جیاوازی لە بەرژەوەندییەکان دێتە کایەوە.

2ـ کاری هاوبەش و کیانی چارەنوسی هاوبەش چارەسەرکردنێکی گونجاوی سەرجەم کێشە ئەمنی و ئاسایشییەکانە کە دووچاری ئەم وڵاتانە لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی دەبێتەوە. بەمەش بنەمای لەیەکتر تێگەیشتن و متمانە بەیەکتر و  یەکسانی و هاریکاری دەستەبەر دەکرێت.

3ـ ستراتیجی کاری هاوبەش لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتە رێگایەکە بۆ بنیاتنانی میکانیزمەکانی کرانەوە و یەکتر قەبوڵکردن، و رێزگرتنی سیستەمە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، و کارکردن کە ئەم هەمەجۆری و هەمە چەشنییە ئامرازی دەوڵەمەند کردن و برەودان بە کاری هاوبەش گەشەسەندن بێت نەک ناکۆکی و لەمپەرخستن.

4ـ فرەبوونی شوناسی کەلتووری نەتەوەکانی ئاسیا ڕێگا خۆشکەری دروستکردنی هەماهەنگی و تەوافق و دۆزینەوەی ڕایەڵەی کاری هاوبەشە و ئەمەش زەمینە بۆ مەشورەت کردن بە یەکتر و لە یەکتر وەرگرتن واڵا دەکات.

         

  • 1