ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

تێڕامانێک لەناڕەزاییەتەکانی (بەغدا و بەیروت)

نووسینی: د.چواس حسن

(١)

قۆناغی یەکەم: سەرەتا هاووڵاتی گرفتی لەگەڵ تاکەتاکی کەسەکانە وەک بەڕێوەبەری فەرمانگەکەی یان ئەو فەرمانبەرەی باج دەستێنێت یان ئەو ئۆتۆمبێلە تیژڕەوەی کە لەترافیک لایت لەسوور دەدات و سزانادرێت، یان کێشەی لەگەڵ بڕیارێکی حکومەتە وەک ئەوەی چاڵی بەردەم ماڵەکەی پڕناکرێتەوە، یان کێشەی لەگەڵ یاسایەکە وەک ئەوەی دەرماڵەکەی کەم دەکاتەوە، بەڵام هێشتا هەست دەکات گرفتی لەگەڵ کۆی سیستەم نیە، چونکە کەسان و بڕیار و یاسای پتر هەن کە لەئاست وویستەکانیدایە یان هیوای پێیانە، هەروەها هێشتا هەست دەکات و پێی وایە دەکرێت بەگۆڕانی کەسەکان یان بەتێپەڕبوونی کات دیاردە دزێوەکان یان بڕیار و یاسا نادادپەروەرەکان باش دەکرێن، بۆیە تەنها بیر لەبەرزکردنەوەی داواکان و گەیاندنیان بەلایەنە پەیوەندارەکان دەکاتەوە، زیاتر بەشێوەیەکی کەسی و بەتەنیا، هێشتا باوەڕی بەتەواوی سیاسەتەکانی حزبەکەیەتی، ئیتر چاوەڕوانە.

قۆناغی دووەم: ئەگەر قۆناغی یەکەم چارەسەر نەکرا، یان لانی کەم چوارچێوە نەدرا، ئەوا هاووڵاتی گرفتی لەگەڵ پارێزگار و وەزیر و بەرپەرسە باڵاکانی حزب بۆ دروست دەبێت، کۆمەڵێک بڕیاری گشتگیرتر و یاسای فراوانتر و ژیاریتری بەلاوە پەسند نابێت، هەست دەکات کێشەکان قورسترن، فراوانترن، خەڵکانێکی زیاتر دەگرنەوە، کاتێک قسە دەکات دەبینێت خەڵکانێک لەدەوروپشتی هەمان کێشە و بۆچوونیان هەیە، لێرەوە بیر لەگەیاندنی داواکان بەشێوەیەکی کاریگەرتر و فەرمی تر و فراوانتر بەسەرکردایەتی حکومەت و حزبەکان دەکاتەوە، وەک لەڕێگەی حزبەکان و کۆڕوکۆبوونەوە گشتیەکان، سەندیکاکان و کۆمەڵگای مەدەنی، هەندێک جار بەشێوازی نیمچە توندوتیژیش، لێرەدا هاووڵاتی هێشتا باوەڕی بەکۆی سیستەمی سیاسی ماوە، لانی کەم هیوای بە باڵێکی کاریگەری حزب ماوە یان بەسەرکردایەتی هەرەباڵای حزب یان هیوای بەحزبێک لەحزبەکان هەیە، ئەگەر بێهیواش بووبێت لەهەندێکی تریان، بەڵام زیاتر پەلەیەتی، کەچی هێشتا دەتوانێت چاوەڕوان بێت و بەرگە بگرێت.

قۆناغی سێیەم: دوای ئەوە لە قۆناغی دووەمیشدا کێشەکان چارەسەر نەکران و پتریش بوون، ئەوسا هاووڵاتی هەست دەکات بارودۆخی گشتی کۆمەڵگا (سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی) زەحمەتە و رۆژبەرۆژ خراپتر دەبێت، هیچ ئومێدێک نیە بەباش بوونی، بۆیە پتر بیر لەتوندوتیژی دەکاتەوە وەک لەداواکاری و گەیاندنی داخوازیەکانی بەئاستە باڵاکانی دەسەڵاتی ووڵات، تا ڕاددەیەکی زۆر لەسەرجەم حیزبەکان بێ ئومێد دەبێت و توانای چاوەڕوانی نامێنێت و رۆژ لەدوای رۆژ بیری بەلای توندوتیژیدا دەچێت، بیری بەلای بەرەوڕووبوونەوەدا لەگەڵ سیستەمی سیاسیدا دەچێت، پتر هەست دەکات ئەوخۆی بەرەیەکە و سیستەمیش بەکۆی توخمەکانیەوە حکومەت و حزبەکانیش بەرەیەکن، بۆیە چیتر ناتوانێت بەرگە بگرێت.

قۆناغی چوارەم و کۆتایی: لێرەدا دەرگا بۆ هەموو شێوازەکانی توندوتیژی کراوە دەبێت و دەکرێت بەگەلێک شێواز دەربکەوێت وەک ناڕەزایی توندوتیژ، شۆڕش، شەڕی ناوخۆ، هەڵگەڕانەوە و کودەتا...هتد، دەرەنجامەکان پشت دەبەستن بەکۆمەڵێکی زۆر لەفاکتەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و هەرێمی و نێودەوڵەتی و کلتوری و مێژوویی. هەروەک لە بەهاری عەرەبیدا بینیمان کە دەستپێکی ڕووداوەکان زۆر لەیەکدی دەچوون لەنێوان ووڵاتە جیاجیاکاندا، بەڵام دەرەنجام و کۆتاییەکانیان زۆر لەیەکدی جیابوونەوە، وەک لە تونس بەشێوەیەک و لە میسر بە ئینقلاب و لە لیبیا و سوریا و یەمەنیش بەشەڕی ناوخۆ، لەشەڕی ناوخۆشدا لەهەر ووڵاتە و بەپێی بارودۆخ و مێژووی خۆی هەریەک بەشێوازێک و بەئاستێکی توندوتیژی.

********************

(٢)

لەسەرجەم ئەو قۆناغانەی باسمان کرد، جگە لەقۆناغی توندوتیژی، گفتوگۆی کراوە و بەردەوام و شەفاف لەنێوان (هاووڵاتی و حکومەت و حزبەکان و کۆمەڵگای مەدەنی) ڕۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە هێشتنەوەی گرفتەکان لەهەنگاوێکی پێشوودا و نەهێشتن و بەرگرتن لەوەی بچێتە قۆناغێکی پەرەسەندووتر و بەرزتر، ئەم گفتوگۆیانە دەکرێت شێوازی جۆراوجۆر وەربگرن، دووقۆڵی و سێقۆڵی و هەمووان بەیەکەوە، هاووڵاتی و حکومەت، حزبەکان و حکومەت، حزبەکان لەنێوان خۆیاندا، حزبەکان لەناو خۆیاندا، کۆمەڵگای مەدەنی و حکومەت، کۆمەڵگای مەدەنی و هاووڵاتی....هتد

تەنها گفتوگۆ و لێک تێگەیشتن و شەفافیەت و متمانەدروست کردن و بەقسەی یەکدی کردن دەتوانێت هەمیشە کێشەکان لەقۆناغە نزمەکاندا بهێڵێتەوە. ئەگەر ئەو گفتوگۆیە ئەنجام نەدرێت یان خێرا و کاریگەر و بەپێی پێوویست فراوان نەبێت، ئەوا کۆمەلگا زۆر خێرا لەهەر قۆناغێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ قۆناغی دوای خۆی و تا دەگاتە قۆناغی توندوتیژی.

یەکێک لەکێشەکانی قۆناغی توندوتیژی ئەوەیە کە گفتوگۆ و متمانە زۆر زۆر لاواز دەبێت، بەگشتیش سەرجەم دامودەزگا سیاسەکانی ووڵات بەحکومەت و حزبەکانیشەوە دەیانەوێت داخوازی خەڵک بۆخۆیان بقۆزنەوە و خۆیان لەبەرپرسیارەتیەکان بدزنەوە و ئەستۆ پاکی خۆیان بسەلمێنن، بەڵام لەڕاستیدا ئەم قۆناغە هەموویان بەیەکچاو سەیر دەکات و جگە لە هاووڵاتی ئەوانی تر هەموو لەبەین دەبات، چونکە توانای کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەیان نامێنێت و وەهای لێدێت کۆمەڵگا جارێکی تر خۆی هەڵدەوەشێنێت و دووبارە خۆی دادەڕێژێتەوە، بەشیوەیەک ئەو پرۆسەیە گەلێک کات و تێچوونی ماددی و مەعنەوی و رۆحی کۆمەڵگا دەبات.

********

(٣)

لەماوەی دوور یان کورتدا، گۆڕانکاریەکی گەورە لە زیهن و بیرکردنەوەی خەڵکی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویداوە و ڕەوتێکی عەدالەتخوازی تاکگەرایی سەری هەڵداوە، کە بنبڕکردنی ناعەدالەتی و گەندەڵی و بێ خزمەتگوزاری و بێکاری و نایەکسانی و هەژاری لەپێشینەی داخوازی و داوا و بیرکردنەوەکانیەتی، و ئەگەر بێت و هەر حزب و حکومەت و دەوڵەتێک خۆیی لەگەڵدا نەگونجێنێت، بەدەنگیەوە نەیەت و حسابی بۆ نەکات، ئەوا درەنگ یان زوو لە شەمەندەفەری گۆڕانکاری دوادەکەوێت و لە وێستگەی مێژوودا بەجێدەمێنێت و دواجار دەکەوێت و لەبەین دەچێت.

  • 1