ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

مارتن ڤان برونەسن 

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی پێنجەم

کۆنفیدراڵییەتی ئەنجومەنە ناوخۆییەکان سنوورەکانی ئیتنیک و نەژاد و هەرێمەکان رەچاو ناکات. هێشتا کوردستان هەر ناسنامەی جوگرافیی هەموو بزووتنەوەکانە، بەڵام لەڕووی تیۆرییەوە دەکرێت ئەم شێوازی رێکخستنە بەشی گەورەی تورکیا یان سووریا بگرێتەوە و کۆمەڵگە ئیتنیکییەکانی تر بە یەکسانی تێکەڵ بکات – وەک دەردەکەوێت لە هەرێمە کوردییەکەی سووریادا (رۆژاڤا)، کە پەیەدە PYD ی رێکخراوی دەستەخوشکی پەکەکە کۆنترۆڵی کردووە. کەجەکە (کۆما جڤاکێن کوردستان) کە لە ساڵی 2007 دا دامەزرا، دەستەیەکی کۆنفیدراڵیی ئاست بەرزە و رێکخراوێکی چەترە بۆ تۆڕە سەربازی و سیاسی و مەدەنییە جۆراوجۆرەکان، بە پەکەکە و حیزبە دەستەخوشکەکانی وڵاتانی دەراوسێوە. سەرەڕای ئایدیاڵی دیموکراتیی رادیکاڵی، کەجەکە هێشتا هەر لە سەرەوە رابەرایەتی دەکرێت، لەلایەن یەکێک لە سەرکردە سەربازییە باڵاکانی پەکەکەوە13.

راپەڕین لە سووريادا تاقیگەیەکی بۆ کوردەکان رەخساندووە بۆ ئەزموونکردنی چەمک و تێگەیشتنیان لەبارەی دیموکراسیی رادیکاڵەوە. ژمارەیەکی زۆر لە حیزب و رێکخراوی کوردی لە سووریادا هەن و گەلێکیان بە هەر شێوەیەک بووە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان یان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن و شوێنکەوتووانێکی کەم و دیاریکراویان هەیە. بەڵام پارتی پەیەدەی دەستەخوشکی پەکەکە یەکێکە لەو حیزبە کەمانەی پێچەوانەی ئەوانیتر شوێنکەوتەی زۆری خۆی هەیە و بێجگە لەوەش ژمارەیەکی زۆری چەکدار هەیە و توانیوێتی باڵادەست بێت لە هەر سێ ناوچەکەی باکووری سووریا کە چڕیی دانیشتوانی کورد تێیاندا بەرزە – تەنانەت لە ناوچەی جزیرەش لە باکووری رۆژهەڵات کە پێشتر زۆر کاریگەر نەبوو تێیدا14. لە سەرەتادا ناوچە کوردییەکان بە پارێزراوی مانەوە لەو ناکۆکی و شەڕوشۆڕەی لە سەرانسەری سووریادا تەشەنەیان کردبوو، لەبەرئەوەی پارتی یەکێتیی دیموکراتی و هێزە چەکدارەکانی (یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG و یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ) راستەوخۆ بەرەنگاری حکوومەتی ناوەندی نەبوونەوە و قەناعەتیان بە سوپای سووریا کرد خۆبەخشانە لە ناوچەکە پاشەکشە بکات و کۆنترۆڵی رادەستی پارتی یەکێتیی دیموکراتی بکات. بڵاوبوونەوەی داعش لە ساڵی 2014 دا و هێرشکردنی بۆ سەر کۆبانی بوو بە هۆی بەرپابوونی پشێوی و شڵەژان و بەشێکی زۆری خەڵکەکە لە شوێنی خۆیان هەڵکەنران، بەڵام لەهەمان کاتدا بوو بە هۆی ئەوەی کە پارتی یەکێتیی دیموکراتی و هێزە چەکدارەکانی، کە قارەمانانە بەرگرییان لە ناوچەکە کرد، هاوسۆزییەکی نێودەوڵەتیی بەرفراوان بەدەستبێنێت. 

ئەو رێکخستنە سەربازی و بەڕێوەبردنە مەدەنییەی پارتی یەکێتیی دیموکراتی دایمەزراندبوو پشت بە ئایدیای دیموکراتیی رادیکاڵ دەبەستێت، لەگەڵ ئەنجومەنە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی خۆبەڕێوەبەری و یەکسانیی نێوان رەگەز و ئیتنیک و رێکخستنی کۆنفیدراڵی لە بنەوە بۆ سەرەوە. هەر سێ کانتۆنەکەی عەفرین و کۆبانی و جزیرە کە پێکەوە کوردستانی رۆژئاوا یان کوردستانی سووریا (رۆژئاڤا) پێکدێنن، گەورەترین قەوارەی ناوچەیین. لەسەر هەموو ئاستێک، پارێزگاریی لە سەرەتای سەرۆکایەتیی هاوبەش دەکرێت (واتە پێگە و پۆستە وەزیفییەکان ژنێک و پیاوێک تێیدا هاوبەشن)، هەروەها هەوڵی ئاوێتەکردنی گرووپە نەژادی یان ئیتنۆ- ئاینییە غەیرە کوردەکان دەدا، وەک عەرەب و تورکمان و سریانی و یەزیدی. هەندێک لە حیزبە کوردییەکانی تر قایل بوون بە هاوکاری و کارکردن لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا، بەڵام ئەوانیتر هەر بە نەیار و بەرهەڵستکاری نەرێنی ماونەتەوە. بەهەمان شێوە، هەندێک لە کۆمەڵگە کریستیانەکان رۆڵێکی باش دەبینن لە چالاکییە مەدەنی و سەربازییەکاندا و روون و ئاشکرا ئەوانیش هەر بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ئەوانیتر ئەو دانپیانانە رەتدەکەنەوە کە حوکمی پارتی یەکێتیی دیموکراتی شەرعی بێت.

بەهۆی بارودۆخی جەنگەوە، زۆر زەحمەتە ئەگەر مەحاڵیش نەبێت چۆنێتیی کاری ئەنجومەنەکانی خۆڕێبەری دیاری بکرێت لە پراکتیزەدا و من ئاگام لە هیچ سەرنج و تێبینییەکی راستەوخۆی جیددی نیە15. ئەڵبەتە ژمارەیەکی زۆر راپۆرتی رۆژنامەوانی هەن کە هاوسۆزن لەبارەی بەرگری کردن لە کۆبانی و بەتایبەتی ژنە جەنگاوەرەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان YPJ، کە سەر بە پەیەدەن PYD و ئەمە هۆش و سەرنجی رۆژنامەوانە بیانییەکانی بۆ لای خۆی راکێشاوە. ئەکادیمییە رادیکاڵەکان زۆر پەسنی ئەم ئەزموونەیان داوە بەو پێیەی یەکێکە لە گرنگترین ئەزموونەکانی خۆڕێکخستنی بێدەوڵەت، بەڵام هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەزموونەکە پشتی بەوە بەستووە کە خانەخوێکانیان بۆیان باسکردوون، نەک سەرنج و تێبینیی راستەقینەی خۆیان16. سەردانیکەرە هاوسۆزەکان وێنەیەکی رەنگاوڕەنگ دەکێشن کەوا شۆڕشەکە بەردەوامە17، لەکاتێکدا کە رێکخراوە کوردییەکەی کورد وۆچ Kurd Watch، کە رێکخراوێکی ناحکوومیی ئاگادارە و پەیوەندیدارە بە بزووتنەوەیەکی سیاسیی رکابەرەوە، بەولایەدا دەیشکێنێتەوە کە رەخنەی توند بگرێت لە هەر شتێک کە پەیەدە PYD ئەنجامیدەدا18. بەهەرحاڵ، ئەوە روونە کەوا زۆرێک لەو ئەنجومەنانە پێکهاتوون کە لە رێگەیانەوە بەشێکی سەرەکیی دانیشتوان بەشدارن لە بڕیارداندا. بێگومان تا چ مەودایەک ئەم ئەنجومەنانە دەتوانن بگەنە بڕیارگەلی سەربەخۆ لە ئامۆژگاری و راسپاردەکانی سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی پەیەدە و یەپەگە ئەوە هێشتا جێی مشتومڕە.

پێویستە ئەزموونی بەشداری لە گفتوگۆ و مشتومڕەکان لە ئەنجومونەکانی خۆڕێبەریدا لە خۆیدا پرۆسەیەکی شۆڕشگێڕی بێت، وەک توانادار کردنی ژن لە رێگەی بنەمای هاوسەرۆکییەوە و هاوکاری و هەماهەنگی کردنی یەکسانی لە نێوان کۆمەڵگە ئیتنیکی و ئیتنۆ – ئاینییە جۆراوجۆرەکاندا. بەهەمان شێوە، لە تورکیادا ئەزموون و تاقیکردنەوە هەیە لەگەڵ ئەم ئەنجومەنانە لە گەڕەکە شارستانییەکاندا، نەک تەنها لە شارەکانی باشووری رۆژهەڵاتدا، بەڵکو دیسان لە رۆژئاوای تورکیاشدا. لەڕووی تیۆرییەوە، ئەم فۆرمی خۆڕێکخستن و کۆنفیدراڵییەتە رەنگە فراوان بێت و تەشەنە بسێنێت بۆ دوورتر لە ناوچە کوردییەکان و پەنا و پەسێرە کوردییەکان و ببێتە نموونەیەک بۆ رێکخستنی هەموو سووریا و تورکیا بەتەواوی. رەنگە ئەمەش هەڕەشەیەک نەبێت بۆ سیستەمی ئێستای دەوڵەت، ئەگەر بتوانن پەیڕەویی ئاستێکی گەورەی ناسێنتراڵ بکەن. ئەوپەڕی زەحمەتە دیموکراتییەت بەدیبێنێت لە خوارەوە بۆ ترۆپکی سەرەوە، چونکە پێویستی بە هەڵوێست و رێگەیەکی بیرکردنەوەی تەواو جیاواز هەیە و لەڕووی پارادۆکسەوە پەکەکە لەوانەیە بتوانێت ئەوە بەدیبێنێت بەهۆی توندوتۆڵیی سێنتراڵیزە سەرکردایەتی و دەسەڵاتیەوە، کە لە رابردووە مارکسی – لینینییەکەیەوە بەجێماوە. ئەڵبەتە ئایدیاکانی ئیکۆلۆجی و دیموکراتییەتی میللیی رادیکاڵی و کۆنفیدراڵییەت لەلایەن کەسانی هەموو ئاستەکانی رێکخراوەکەوە دەخوێنرێت و دەتوانن بە ئەقڵانییەتەوە روونی بکەنەوە – هەرچەندە ئەمان لەڕووی سۆزەوە هێشتا نەیانتوانیوە لە خەونی سەربەخۆیی کورد جیاببنەوە.

ناسیۆنالیزمی پدک و پشت ناسیۆنالیزمی پەکەکە دوو ئایدیۆلۆجییەتی رکابەری سەرەکین، کە رەنگدانەوەی رێگەی تەواو جیاوازن بۆ گوزارش کردن لە خودی کورد و جەختکردنەوەی خود19. هەروەها ئەم دوو حیزبە هەردوکیان دوو هێزی سیاسیی سەرەکین و رکابەریی سیاسییان روون و ئاشکرایە لە سەرانسەری کوردستاندا. بێگومان هەندێ حاڵەتی دەگمەنی هاوکاریی هەبوو، وەک ئەوەی مانگی نۆڤەمبەری 2014 کاتێ کۆمەڵێکی بچووکی پێشمەرگەی کوردی عێراق، بە چەکەکانیانەوە، بەسەر تورکیادا رۆیشتن بۆ کۆبانی بە مەبەستی بەشداری لە بەرگری کردن لەو شارە21، بەڵام زۆربەی کات لایەنەکان دژ بە یەکتری کاریان دەکرد. پدک پشتیوانی لە هاوپەیمانییەکی حیزبە کوردییەکانی سووریا دەکات، کە زۆریان هاوکاری کردنی پەیەدە رەتدەکەنەوە. باسی ئەوەش هەیە کە پەیەدەش بە رۆڵی خۆی رێگە بە ئەندامانی ئەو حیزبانەی تر نادات بچنە رۆژئاوا، کە مەشق و راهێنانی سەربازییان لە کوردستانی عێراقدا کردووە. پەکەکە زۆر بەتوندی رەخنە لە پدک دەگرێت بە هۆی "فیوداڵیزم" و گەندەڵییەوە کە ئەو حیزبەی تێوەگلاوە، لەولاشەوە پدک لۆمەی پەکەکە دەکات لەبەر سیاسەتی توندی و تائیفییەت و ئامادە نەبوونی کە هاوکاری لەگەڵ ئەوانیتر بکات بێجگە لە هاوبەشە سەرەکییەکەی. حیزب و جووڵانەوە کوردییەکانی تورکیا، کە نەچوونەتە ناو بزووتنەوە بەرفراوانەکەی هاوپەیمانن لەگەڵ پەکەکە مەیلیان بەلای پارتی دیموکراتی کوردستانەوەیە و خۆشەویستی بۆ شەخسی مەسعود بارزانی دەردەبڕن وەک سەرکردەیەکی دیاری کوردەکان. ئەوانەی کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە خۆیان خستووەتە ژێر رکێف و پارێزگاریی پدک. پێدەچێت کێبڕکێ و ململانێ لە نێوان ئەم دوو حیزبە رکابەرە بمێنێتەوە و ئایدیۆلۆجیا فاکتەری گرنگ بێت بۆ چەند کاتێک لە داهاتوودا.

 

  • 1