ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالیستی بە تایبەتمەندی چینی

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی سیاسەتی "چاکسازی و کرانەوە" لە ساڵی 1978وە، سیاسەتی دەرەکی چین وەک هەر بوارێکی دیکەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتووری، سەرەتاکانی گۆڕانکاری پشتبەستن بە بنەما سەرەکییەکانی هزری سۆشیالستی بۆ شیکردنەوە و لێکدانەوەی ڕەوشی نێودەوڵەتی، بەخۆوە بینی، و لە ئاستێکی چەقبەستوودا ئەم سیاسەتە ڕانەوەستا، بەڵکو بەردەوام لە چوارچێوەی بیری سۆشیالستی کە بناغەی بنیاتنانی دەوڵەتی نوێی چین دوای سەرکەوتنی شۆڕش بوو، سیاسەتی دەرەکی بە ڕەچاوکردنی ململانێ و ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان لە قۆناغێکی دیاریکراودا، هەردەم پێناسەکردنی ئەو قۆناغە و دەستنیشانکردنی هێزە کاریگەرەکانی و ئایندەی پەرەسەندنەکان دوور لە تاکە خوێندنەوە لە چوارچێوەی خودی هزری سۆشیالیستی ئەرکێکی پێویست بووە. لەم ڕوانگەیەوە ئاستی پەرەسەندنی قۆناغەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە ماوەکانی تێکۆشانی گەلان دژ بە کۆلۆنیالزم و بابەتەکانی پەیوەند بە شەڕی سارد و دوو جەمسەری و ئاماژەکردن بە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بوونی گڵۆباڵیزم و دروستبوونی ڕێککەوتننامەی هاوبەشە هەرێمایەتی و کیشوەری و نێودەوڵەتی، تێکڕای ئەم بابەتانە ڕەنگدانەوەی ڕاستەخۆی لە سەر سیاسەتی دەرەکی چین هەبووە. بێگومان سیاسەتی دەرەکی بە هیچ شێوەیەکی دوور لە پەرەسەندنەکانی سیاسەتی ناوخۆیی چین دانەڕێژراوە، و ئاراستەی پەرەسەندنەکان ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوەندییە ئۆرگانیکەیە.

ئەمڕۆ دوای ئەوەی سیاسەتی "کرانەوە و چاکسازی" هەنگاوی مەزن و پەرەسەندنی بەرچاوی لە نەخشەدانانی هەمەلایەنی و هەماهەنگی سەرجەم سێکتەرەکانی ژیانیی وڵاتدا بینیوە، سیاسەتی دەرەکی چین توانی هەنگاو بە هەنگاو لە گۆشەگیری سیاسی کە وڵاتە سەرمایەدارەکانی جیهان دەیانویست بەو شێوە گۆشەگیرییە بمێنێتەوە، نەک تەنیا ئابلۆقەی ئەو گۆشەگیرییەی شکاند، بەڵکو کرانەوەیەکی نەخشە بۆکێشکراوی بەرنامەیی بە خۆوە بینی، کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێشخەری و داهێنان و پەرەپێدانی بنەماکانی سیاسەتی دەرەکی نەک تەنیا لە چین بەڵکو لە ئاستێکی جیهانی و نێودەوڵەتییدا بە جۆرێک هەماهەنگی نێوان بەرژەوەندی گەلان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکرێت، و جەخت لە سەر ئاراستەی هەماهەنگی ئۆرگانیی نێوان چەمکی سەقامگیری لە سیاسەت و پەیوەندی نێودەوڵەتی لەگەڵ چەمکی گەشەپێدان و بوژاندنەوە و پەرپێدانی بازرگانیی نێودەوڵەتی و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و چارەسەرکردنی چاوگەکانی بارگرژی لە ڕێگای شەرعیەتی نێودەوڵەتی بکاتەوە و دواتریش خستنە ڕووی چەمکی "حەوکەمەی نێودەوڵەتی"، تا دەگاتە دەستێشخەری و داهێنان لە خستنە ڕووی چەمکی" کۆمەڵگای چارەنووس هاوبەش" کە بابەتێکی هزری و داهێنەرانەی نوێیە و حزبی شیوعی چین لە نۆزدەهەمین کۆنگرەی نیشتمانی خۆی لە 2017 خستییە ڕوو و بنەماکانی شیکردەوە و وەک سیاسەتێکی فەرمی کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات و ئەڵتەرناتیڤێکی کردەییە بۆ ڕاگرتنی پێکدادانەکان و ململانێیەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی دەرەکی چین بە شێوەیەکی گشتگیر هەنگاوی کردەیی بەرچاوی ئەنجام دا. بۆ نموونە خستنە ڕوو و کارکردن بە دەستپێشخەری "پشتین و ڕێگا"، و دامەزراندنی بانکی ئاسیا بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری، و دامەزراندنی "سندووقی ڕێگای ئاوریشم"، و ئەنجامدانی دوو خولی کۆڕبەندی "پشتین و رێگا" بۆ هاریکاری نێودەوڵەتی، و کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ڕێکخراوی هاریکاری ئاسیا و باسفیک، و کۆنگرەی باڵای هانگتشو بۆ سەرکردەکانی "کۆمەڵەی بیست"، و چاوپێکەوتنی چیامن بۆ سەرکردەکانی وڵاتانی بریکس، و کۆنگرەی تێکەڵبوون و متمانە دروستکردن لە ئاسیا، و جگە لە بەستنی کۆنگرەی شارستانییەکانی ئاسیا کە چالاکییەکی بەرچاوی بواری سیاسەتی دەرەکی و سیاسەتی کەلتووری بوو.

نەخشەی پلانی ستراتیجی سیاسەتی دەرەکی چین پشتی بە چەند بابەتێکی گرنگ بەستووە لەوانە:

ــ پاراستنی سەقامگیری پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و فراوانکردنی ئەو پەیوەندییانە، و بۆ ئەم مەبەستە سەرکردەکانی چین و لەسەرووی هەموویانەوە ئەمینداری گشتی حزب شی جین بینگ لە پەیوەندییە بەردەوام و سەردانەکانی بۆ وڵاتانی دراوسێی چین، بنەما نوێیەکانی سیاسەتی دەرەکی چینی خستۆتە ڕوو کە ئەم سیاسەتە پەیوەندی چینی بە دراوسییەکانی سەقامگیر کردووە.

ـــ کارکردن بۆ بەهێزکردنی هاریکاری لەگەڵ وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا، و سەردانەکانی ئەمینداری گشتی حزب بۆ ئەو وڵاتانە لە ئاسیا و ئەفریقیا و ئەمریکای لاتین، ڕەنگدانەوەی ئەو بایەخدانەیە.

ـــ بەشداریکردن لە کار و چالاکی فرەڕەهەند لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، و بایەخدان بە کاراکردنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانە کە کار بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن.

هەڵبەتە مەبەستی چین لە دانانی بنەما و نەخشەی بەرنامەیی بۆ سیاسەتی دەرەکی خۆی جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ئەرک و ئامانج بوو کە لەم خاڵانەدا بەرجەستە دەبێت:

1ـ حزبی شیوعی چین لە هەردوو کۆنگرەی هەژدەهەمین و نۆزدەهەمینی خۆی، ئاماژە بە چەمکی "خەونی چین" دەدات کە لە سیاسەتی دەرەکی بە چەسپاندنی ئاڵوگۆڕکردن و هاوکاری نێوان چین و وڵاتانی جیهان دەکرێت.

2ـ بنیاتنانی تەرزێکی نوێ لە پەیوەندی نێوان چین و ئەمریکا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان چین و سەرجەم وڵاتە زلهێزەکان لە جیهاندا. هەڵبەتە ئەو پەیوەندییانە بەرزی و نشیوی بە خۆوە دەبینی و هەندێ جاریش دەگاتە ئاستی شەڕی بازرگانی و پێشبڕکێ لە بوارەکانی گەشەپێدان و پەرەسەندن. سیاسەتی دەرەکی چین لە ڕوانگەی پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی و ئابووری خۆی و چارەسەرکردنی گرفتەکان بە دیالۆگ و دوور لە پەنابردنەبەر سزا سەپاندن مامەڵەی لەگەڵ کێشە و گرفتەکانی ئەم بوارە کردووە.

3ـ پشتبەستن بە چەمکی ڕاستەقینەی ڕەوشت و بەرژەوەندییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتە تازەپێگەیشتووەکاندا، و ئەمەش زەمینەی دروستکردنی متمانە و هاریکاری و کاری هاوبەش بووە لە بواری گەشەپێدانی دووقۆڵی و فرەیی و بە کۆمەڵ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان.

4ـ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلی چین و سەروەری نیشتمانی وڵات لە ڕێگای چاکسازی بەردەوام لە دیزاین و نەخشەکێشانی سیاسەتی دەرەکی.

لە سەر ڕۆشنایی بڕیار و ئاراستەکانی هەژدەهەمین و نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین، ئەمینداری گشتی حزب شی جین بینگ چەندین خاڵی گرنگی لە بواری چەمکی سیاسەتی دەرەکی چین گەڵاڵە کرد کە دەکرێ بەم شێوازەی خوارەوە ئاماژەیان بۆ بکەین:

ــ دەستیشانکردنی ئاراستەی سەرەکیی پەرەسەندنی قۆناغی ئەم سەردەمە کە دەبێ جەخت لە سەر ئاشتی و گەشەسەندن و هاریکاری و بردنەوەی هاوبەش، لە ئاستی نێودەوڵەتی بکاتەوە.

ــ دامەزراندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی هاریکاری هاوسەنگی سەرجەم لایەنەکان کە دەبێ جەخت لە سەر خاڵە هاوبەشەکان بکرێتەوە، بە جۆرێک کەرامەتی هاوبەشی سەرجەم وڵاتان دوور لە بچووک و گەورەیی بپارێزرێت، و هەمووان سوود لە دەستکەوتەکانی گەشەپێدان وەرگرن، و ئاسایشی سەرجەم وڵاتان و گەلان بپارێزرێت، و ڕێگای هاوبەش لە ڕێگای پەیڕەوکردنی ڕێنمایی و هاوبەش پیادە بکرێت.

ــ جەختکردن لە سەر چەمکی "چارەنووسی هاوبەش" کە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 2011 لە بەڵگەنامەی "گەشەپێدانی ئاشتییانەی چین" ئاماژەی پێکرا، و دواتر لە هەردوو کۆنگرەی هەژدەهەمین و نۆزدەهەمین حزب جەختی لەسەر کرایەوە، و مەبەستی ئەمینداری گشتی حزب لە چارەنووسی هاوبەش، تێکاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، و بواری چارەنووسی مێژوویی، و چارەنووسی گەشەپێدان، و بەرژەوەندییەکان، و بنیاتنانی ژێرخان، دەگرێتەوە.

ــ تێڕوانینی نوێ بۆ چەمکی بەرژەوەندی نیشتمانی بە جۆرێک هەست بە جیاوازی نێوان چەمکی کۆن و کلاسیکی بەرژەوەندی نیشتمانی و چەمکی نوێخوازانەی ئەم بەرژەوەندییە بکرێت لە سەر بنەمای هاوسەنگیی نێوان نموونەیی و واقیعبینی و کۆکردنەوەی بەرژوەندییەکان و عەدالەت، و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی بەرانبەر لە کاتی کارکردن بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانی. لەم ئاراستەیەدا دەکرێ بە هاوسەنگی مامەڵە لەگەڵ بواری ڕەوشت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ بواری بەرژەوەندییەکان بکرێت، و بەردەوام ڕەچاوی عەدالەتی نێودەوڵەتی و دۆستایەتی نێوان دەوڵەتان و گەلان بکرێت.

ــ خستنە ڕووی چەمکی ئاسایش نیشتمانی چین کە بریتییە لە ئاسایشی گشتگیر و هاوبەش و هاریکار، دوور لە بنەماکانی شەڕی سارد و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتان، بەڵکو جەختکردنەوە لە سەر کاری هاوبەش بۆ ئەنجامدانی هەنگاوی پێویست کە لە بەرژەوەندی گەلان دا بێت.

ــ دانانی گەل لە پێشینەی پێوەرەکانی داڕشتنی سیاسەتی دەرەکی، بە جۆرێک سەرجەم حکوومەت و گەلانی جیهان لە یەک ئاستدا بن.

ــ بایەخدانی تەواو بە هاریکاری نێوان دەوڵەتانی بەشداربوو لە "بریک" کە بریتین لە بەرازیل و ڕووسیا و هیند و چین و باشووری ئەفریقیا، و یەکەمین کۆبوونەوەی باڵای لە سەر ئاستی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2009 لە ڕووسیا بەست، و کار بۆ دانانی سیستەمێکی نوێ لە بەڕێوەبردنی ئابووری جیهان دەکات.

ــ گرنگیدان بە گەشەپێدان و هاریکاری هەرێمایەتی لە ڕێگای ڕێکخراوی شنگهای بۆ هاریکاری کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و کار بۆ هاریکاری هەرێمایەتی وڵاتانی چین و کازاخستان و قیرغیزستان و ڕووسیا و تاجیکیستان و ئۆزبەکستان دەکات، و لە ساڵی 2001 لە شەنگهای دامەزرا، و کار بۆ چەساندنی متمانە و کارکردن دژ بە تیرۆر و بازرگانی مادە هۆشبەرەکان و کار بۆ هاریکاری سیاسی و ئابووری و بازرگانی دەکات.

ــ جەختکردنەوە لە سەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئاشتییانە بۆ چارەسەرکردنی گرفت و ناکۆکییەکان. ئەم بۆچوونەش ڕەنگدانەوەی واقیعبینییە لە سیاسەتی دەرەکی چین و خوێندنەوەی ئاراستەی پەرەسەندنی وەزع و شوێنی چین لە نەخشەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا، و لەو ڕوانگەی کە چین سنووری وشکایی و دەریایی لەگەڵ بیست دەوڵەتدا هەیە، و ئەمەش وا دەخوازێ کە ڕێگای دۆستانە و لەیەکتر حاڵیبوون بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک لە نێواندا ڕووبدات، بگرێتە بەر. 

  • 1