ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

له‌ دوای گۆرانکارییه‌‌ سیاسییەکانی عێراق له‌ پاش 2003 و سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژییه‌کان به‌ ناوی به‌رەنگاربوونه‌وه‌، چه‌ندین هه‌وڵی جۆراوجۆر دران بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی هزری ناتوندوتیژی له‌ نێو چالاکان و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و له‌ هه‌رێمی کوردستانیش له‌و هه‌وڵانه‌ بێبه‌ش نه‌بوون و چه‌ندین خولی ڕاهێنان و وۆرکشۆپ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئه‌نجامدران و له‌ دواییشدا چه‌ندیین که‌مپین ئه‌نجامدران له‌ چوارچێوه‌ی هه‌فته‌ی ناتوندوتیژی و هه‌موو ئه‌م هه‌وڵانه‌ش به‌ پاڵپشتی دارایی چه‌ندین ڕێکخراوی ئه‌وروپی ئه‌نجامدران و له‌م کاره‌شدا هه‌وڵدرا سوود له‌ ئه‌زموونه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کنی خه‌باتی ناتوندویژی وه‌ربگیرێت وه‌کو ئه‌زموونه‌کانی گاندی و مارتن لۆسه‌ر و ئه‌زموونی دیکه.‌ دیاره‌ له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تیش هه‌وڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی هزری ناتوندوتیژی هه‌بووه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ وڵاته‌کانی لوبنان و فه‌ڵه‌ستین.

له‌ ڕووی هزرییه‌وه‌ ناتوندوتیژی له‌ یه‌ک کاتدا ئامرازه ‌و ئامانجه‌.

بایکۆتکردنی کاڵا ئامرازێکه‌ له‌ ئامرازه‌کانی خه‌باتی ناتوندوتیژی، ئه‌وه‌ی ئه‌م ماوه‌یه‌ له‌ میانه‌ی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ یان که‌مپینی بایکۆتکردنی کاڵای تورکی ئه‌نجام ده‌درێت ئامرازێکی سه‌رکه‌وتووی خه‌باتێکی مه‌ده‌نی کاریگه‌ره‌ دژی دڕنده‌ترین ڕژێمی فاشستی سه‌رده‌م که‌ گه‌له‌که‌مانی کردۆته‌ ئامانج به‌ هه‌موو پێوه‌رێک کاریگه‌ری خۆی هه‌یه‌ و ئه‌وانه‌ی پاساو بۆ کاریگه‌رنه‌بوونی ده‌هێننه‌وه‌ به‌ داخه‌وه‌ بۆچوونه‌کانیان و نووسینه‌کانیان خزمه‌ت به‌ دوژمن ده‌کات، ئێمه‌ ناڵێین جێگره‌وه‌ی کاڵای تورکی کاڵایەکی دیکه‌ی بیانییه،‌ به‌ڵام له‌ قۆناغی ئێستا ئێمه‌ له‌شه‌ڕدایین لەگه‌ڵ دوژمنی سه‌رسه‌ختی ده‌وڵه‌تی تورک ئه‌مڕۆ شه‌ڕی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه،‌ به‌ چه‌کی بایکۆت به‌رەنگارییان ده‌بینه‌وه‌ و هاوپشتی برا و خوشکه‌کانمان ده‌بین له‌ ڕۆژئاوا و با ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ش بکه‌ینه‌ زه‌مینه‌سازییه‌ک و بۆ بره‌ودان به‌ به‌رهه‌می ناوخۆیی و به‌ هێزکردنی ئابووری نیشتمانی .

تکایه‌ به‌ هیچ جۆرێک پاساو بۆ کاریگه‌رنه‌بوونی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ مه‌هێننه‌وه‌ له‌ قۆناغی ئیستا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ ئامرازێکی خه‌باته‌ ئه‌وه‌ی دیکه‌ له‌ کاتی خۆی و له‌ داهاتوو گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌که‌ین.

بایکۆتکردن ئامرازێکی به‌هێزی کاری ناتوندوتیژییه‌. هه‌ر بۆیه‌ لێره‌دا به‌گرنگی ده‌زانم جارێکی دیکه‌ پوخته‌ی ستراتیژی کاری ناتوندوتیژی بخه‌مه ‌ڕوو که‌ له‌لایه‌ن بیرمه‌ندی ناتوندوتیژی فه‌ڕه‌نسایی ژان ماری مۆله‌ر خراوه‌ته ‌ڕوو:

 

قۆناغە جیاوازەکانی هەڵمەتی کاری ناتوندوتیژی

((ئادەمیزاد بە سروشتی خۆی بێئەوەی هەست بکات لە ڕاستییەکان زێدەڕۆیی دەکات، هەوڵدەدات سروشتی ڕاستییەکان بگۆڕێت و بیشارێتەوە ئەگەر دژی بەرژەوەندی خۆشی بێت، بۆیە بێ دەنگی دەکاتە پاساوێک تاکو بتوانێت زاڵبێت بە سەر لاوازییەکەی)) گاندی / هەموو مرۆڤ. بڕوانە / گالیمار 1969 لاپەڕە 194 .

1 - شیکردنەوەی بارودۆخ

هەست کردن بە ستەم بنەمای دەستپێکی جوڵەیە. مەرج نییە ئەم ستەمە تازە ڕووی دابێت، بەڵام کاتێ هەست دەکەین ئەم ستەمە چی دیکە لە توانادا نییە تەحمول بکرێ و تا سەر بەردەوام بێت، بۆیە هانمان دەدات بڕیار بدەین و سنورێک بۆ ئەم ستەمە دابنێین لەم کاتەشدا بریاڕی بەرەنگاربوونەوە دەدەین.

پێویستە کاتێ بڕیاری دەستپێک دەدەین بە وردی زانیاریمان هەبێت لە بارەی ئەو باردۆخەی کە ستەمەکەی تیادا ڕوودەدات‌ و ده‌مانه‌وێت کۆتایی پێ بهێنین و لە ناوی بەرین، ئەگەر نا باوەڕ و متمانەمان بە دەستپێشخەریەکەمان بە شێوەکی ترسناک لاواز دەبێت، تا ئەو ڕادەیەی کە دەرفەتی سەرکەوتن زۆر ئەستەم دەبێت.

بۆیە پێویستە زانیاری ڕاست و دروست لە سەر کێشەکە و ستەمەکە کۆبکەینەوە، ئەرکمان تەنیا تۆمارکردنی ڕووداوەکان نەبێت، زۆر پێویستیشە لە هۆکار و سەرەتا و شێوەی بەردەوام بوونی ستەمەکە بکۆڵینەوە و، هەروەها لەم ڕوانگەیەوە هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان بناسین، تاکو هەڵوێستی خۆمانی لە سەر دەستنیشان بکەین. ژیرخانی دەسەڵات شیبکەینەوە تاکو ناوەندەکانی بڕیار دەستنیشان بکەین، هەروەها زۆر گرنگە لە یاسای کارپێکراو بکۆڵینەوە تاکو بزانین لە کوێ ڕێگری هەیە و لە کوێ مافمان پارێزراوە تاکو بتوانیین نەیار و هەوادارانی خۆمان بناسین و پێویستە سەرەتا نەیاری خۆمان دەست نیشان بکەین تا کاریگەرانە بەرەنگاری ببینەوە.

2- هەڵبژاردنی ئامانج 

هەڵبژاردنی ئامانج دەبێت لە سەر بنەمای شیکردنەوەی بارودۆخ بێت‌ و، ببێته‌ فاکتەرێکی سەرەکی دەسپێک. شکست و سەرکەوتن بەندە بە شێوەی هەڵبژاردنی ئامانج، لەم ڕوانگەیەوە دەبێت (وەکو پێویستیێکی ستراتیژی ئامانج ڕوون و دیاریکراو و شیاوی بەدەستهێنان بێت). بۆیە مەبەست دەبێت جیاکاری بکات لە نێوان ئامانجی ویستراو و ئەو ئامانجەی دەشێ بێتەدی. ئه‌گه‌ر ئامانجێک نەگونجاو بێت لەگەڵ ئەم هێزەی خۆت بۆ ئامادەکردووە بۆ هەر جوڵه‌یه‌ک وەکو ئەوە وایە بۆ خۆت بڕیاری شکست بدەیت، بۆیە زۆر پێویستە ئامانج لە توانای ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەدا بێت کە خۆیی بۆ جوڵه‌که‌ ئامادە کردووە و ئامانج بەپێی ئەو بنەمایە هەڵببژێرێت کە سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، تاکو هەڵمەتە جەماوەرییەکە تەنیا نەبێتە هەڵمەتی ناڕەزایی و کۆکرنەوەی خەڵک ‌و، دەبێت سەرکەوتن بەرهەم بێت تاکو بەشێک لەم سەرکەوتنە دڵنەوایی ببەخشێتە تێکۆشەران تا لە داهاتوودا ئامانجی زۆرتر دەست نیشان بکەن. 

پێویستە لە هەر هەڵمەتێکی بەرەنگاربوونەوەی ناتوندوتیژیدا ئامانجێک دەست نیشان بکەین کە هاوتابێت لەگەڵ یاسای خوێ کە گاندی وەکو ئامانجێک دەستنیشانی کرد لە ساڵی 1930 و هەڵمەتی یاخیبوونی مەدەنییانەی پێ ڕێکخست بەمەبەستی سەربەخۆیی وڵاتی هیند، لەم هەڵمەتە ئامانجی ستراتیژی سەربەخۆیی هیند بوو؛ بەڵام ئامانجە هەنووکەییەکە ڕەتکردنەوەی یاسای خوێ بوو.

بۆیە پێویستە لە هەر بزووتنەوەیێکی بەرەنگاربوونەوە پرسیار بکەین (خوێ لە کوێیە) و لە دواییشدا لە دوایی خوێیەکە بگەڕێین و بیدۆزینەوە.

3- خواستی ناتوندوتیژی 

خواستی ناتوندوتیژی خواستێکی ستراتیژییە، دەبیت هەموو کردەوەکان پەنا بۆ ناتوندوتیژی ببەن و ستراتیژیەتی ناتوندوتیژی کاریگەرییەکی تایبەتی خۆی هەیە؛ بۆیە ئەگەر هەر کارێکی توندوتیژی دزەبکاتە نێو هەر هەڵمەتێکی ناتوندوتیژی کاریگەری دەبێت لە سەری و لە کوتاییدا ئەم هەڵمەتە شکست دەخوات. بۆیە ئەگەر هەر هەڵمەتێک لە 90% ناتوندوتیژی بێت و تەنیا 10% توندوتیژی تێبکەوێت، ئەم هەڵمەتە بە کارێکی توندوتیژی دەژمێردرێت.

بۆ نموونە ئەگەر سێ سەد کەس مانگرتنێکیان ڕێکخست بەرانبەر پۆلیس و هەڵوێستی ناتوندوتیژی خۆیان پاراست؛ بەڵام لە ناو مانگرتووان سێ کەس هەستان بە بەردبارانکردنی پۆلیس، ئەم مانگرتنە سیمای توندوتیژی وەردەگرێت و کاتێک میدیاکان هەواڵی ئەم مانگرتنە بڵاو دەکەنەوە بە بزووتنەوەیێکی ناتوندوتیژی ناوی نابەن، بەڵکو داڕشتنی هەواڵەکانیان لە سەر بەرد بارانەکە چڕ دەبێتەوە و دەسەڵات و رای گشتی ئەم بزووتنەوەیە بە کارێکی توندوتیژی نابەجێ بەرانبەر پیاوانی پۆلیس ناوزەد دەکەن.

بۆ نموونە لای خۆمان سەرجەم ئەم خۆپیشاندانانەی کە ئەنجامدراون کێشە و مافی ڕەوایان تیابووە و خۆپیشاندەران ڕێگایەکی شارستانییانەیان گرتۆتە بەر؛ بەڵام کاتێک توندوتیژی دەکەوێتە ناو کارەکە زیان بە هەردوولا دەگات و خوێیەکەش لە دەست دراوە.

بۆیە دەبێت لە سەرەتاوە بە ئاشکرایی خواستی ستراتیژیەتی ناتوندوتیژیمان هەبێت و بە هەموو لایەکی ڕابگەیەنین. (ڕای گشتی و نەیار و هەوادارانمان ).

4- خواستی ڕێکخستن

کاری ناتوندوتیژی بەندە بەوەی هەر کەسە و لەجێگای خۆی هەست بە بەرپرسیارێتی بکات؛ بەڵام دەبێت کارەکە بە کۆمەڵ و ڕێکخراو بێت تاکو کاریگەری خۆی هەبێت، ئەم ڕێکخستنە بۆ خۆی دەبێت توندوتیژی تیادا بەکارنەیەت؛ بەو مانایەی دەرفەت بڕەخسێت بۆ هەمووان بەشداری بکەن لە داڕشتنی پلان و بڕیاردان و هەموویان ئامادەباشیان هەبێت بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی و دەبێت ڕێککەوتن و هەماهەنگی تیا بەدی بکرێت کە ئەمەش هێز دەبەخشێتە کارەکە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی و گرنگی جێبەجێ کردنی بڕیارەکان لە ئەنجامی کاری ناتوندوتیژی ڕێگا بەوە نادات بەرپرسیارێتی سەرەکی ون ببێت؛ بۆیە دەبێت ئەم ڕێکخستنە دەستەیەکی هەبێت سەرپەرشتی ئەم کارە بکات؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت دەسەڵات خاڵی پەیوەندی بێت لە نێوان بەڕێوەبەرانی هەڵمەتی ناتوندوتیژی و تێکۆشەران؛ بەڵکو دەبێت متمانە جێگرەوەی بێت و سروشتییە کەسانێک لە کەسانی دیکە زیاتر ئامادەباشیان هەبێت بۆ وەرگرتنی ئەرک و بەرپرسیارێتی و لەهەموو بزووتنەوەیەکی جەماوەری سەرکردەیەک سەرهەڵدەدات بە ناوی بزووتنەوەکە دەدوێ هەندێک جاریش کێشە لەم نێوەندە سەرهەڵدەدات وەکو ئەوەی هەندێکی دیکە ویستی سەرکردایەتی کردنیان هەیە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر نابێت ئەم سەرکردەیە زێدەڕۆیی لە دەرخستنی ڕاستییەکان بکات دەبێت ژیرانە مامەڵە لەگەڵ باردۆخ بکات.

زۆر جاران ڕێکخراو وەکو (سەندیکا، حزب، بزووتنەوە، کۆمەڵە ....) یاخود کۆمەڵێک ڕێکخراو سەرپەرشتی هەڵمەتی ناتوندوتیژی دەکەن.

یەکێک لە ئەرکەکان کە ڕێکخستن دەبێت ئەنجامی بدات ڕاهێنانی تێکۆشەرانە لە سەر کاری ناتوندوتیژی و ئەم بڕیارەش کەسانێک بیدەن کە پابەندبن بە شێوازەکانی ناتوندوتیژی تاکو سەرکەوتن مسۆگەر بکەن و دووچاری ترس و دڵەڕاوکێ و ئاژاوە نەبنەوە کاتێک ڕووبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە.

5- وتووێژی یەکەم

پێویستە لە نزیکترین دەرفەتدا بکەوینە وتووێژ لەگەڵ نەیارەکەماندا بەرلەوەی ناکۆکییەکانمان بگوازینەوە گۆڕەپانی گشتی بۆ ئەوەی بگەینە پێشنیارێک دوور لە دەرخستنی هێز، لەبەرئەوەی کاری ناتوندوتیژی هەموو کاتێک وتووێژ بە گرنگ دەزانێ.

لەئەنجامی وتووێژی یەکەم دەبێت سەرجەم ئەو شیکار و زانیارانەی بەدەستمان هێناوە سەبارەت بە باردۆخ بیگەیەنینە گرووپی نەیار و داواکاری خۆمان پێشکەش بکەین، دەشێ نەیار هەر لە سەرەتاوە وتووێژ قبوڵ نەکات، ئەگەر ئامادەیی دیداریشی هەبێت دەگمەن هەڵدەکەوێ یەکسەر بگەنە ئەنجام لەگەڵ ئەوەشدا وتووێژی یەکەم ڕێگاخۆشکەرە تاکو لە مەرامی بەرانبەرەکەمان بگەین.

دەبێت تەنیا بە بەڵێن ڕازیی نەبین، بەڵکو دەبێت پێداگیری بکەین لە سەر دەرکردنی بڕیار، ئەگەر وتووێژ گەیشتە ڕێگایەکی داخراو دەبێت وتووێژەکە هەڵبواسین نەک بە یەکجاری وازی لێ بێنین.

6- هانابردن بۆ ڕای گشتی

لە کاتی شکستهێنانی وتووێژی یەکەم دەبێت کاربکەین لەپێناو ئاشکراکردنی ستەم بۆ ڕای گشتی بەهۆی ئامرازەکانی گەیاندن و ڕاگەیاندن و پێویستە بەرزترین ئاستی دابینکردنی هۆشیاری بکەین لە پروپاگەندە بۆ گەیشتن بە جەماوەر و ئاشناکردنیان بە هۆ و ئامانجی بزووتنەوەکەمان.

پێکهاتەی ستراتیژی کاری ناتوندوتیژی پێکهاتووە لە سێ بەش: بەشی یەکەم؛ بریتییە لەو تێکۆشەرانەی ستەم ڕەتدەکەنەوە و بەشی دووەم خاوەن بڕیارە (ناوەندەکانی دەسەڵات) و بەشی سێیەم ڕای گشتییە (ناوخۆیی و دەرەکی) بە پێی سروشتی ململانێیەکە، هەردەم ڕای گشتی ڕۆڵی دادوەر دەگێڕێ، بۆیە پێویستە لە سەرمان بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بدەین سەرنجی ڕای گشتی بۆ خۆمان ڕابکێشین و ڕاستی و ڕەوایی کێشەکانمانیان بۆ ڕوون بکەینەوە.

A-ئامرازەکانی ڕاگەیاندن 

دەبێت کاربکەین لە پێناو دروستکردنی فەزایەکی فراوان بۆ ڕاگەیاندن تاکو بتوانین سەرجەم زانیارییەکان بۆ خەڵک بگوازینەوە و لە پێناوی ئەم کارە دەبێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەین بە ناوەندەکان و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن تاکو بتوانیین پەیامی خۆمانیان پێ ڕابگەیەنین، دەکرێت لە قۆناغی یەکەم سوود لە دۆستایەتی (برادەرایەتی) ڕۆژنامەنووسان وەربگرین و؛ هەروەها دەتوانین کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجام بدەین بۆ ڕاگەیاندنی پەیامەکەمان، دەکرێت شێوازی دیکەش بگرینە بەر لە بڵاوکردنەوەی پۆستەر و بڵاوکراوە؛ بەڵام دەبێت هەموو ئەم کارانەش دوور بێت لە توندوتیژی و کاری نەشیاو.

B- دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ 

هەموو کاتێک پێویستە ڕاستەوخۆ پەیوەندیمان هەبێت لەگەڵ جەماوەر و دەبێت ئەم پەیوەندییە تەنیا چڕ نەبێتەوە لە سەر بەکارهێنانی قسە، بەڵکو ئەم پەیوەندییە بگوازرێتەوە بۆ بەکارهێنانی جەستە و کاتێک تێکۆشەران جەستەکانیان بەکاردێنن لە هەر جوڵانەوەیەکی ئاشکرادا دەبێتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ دەربڕین و پەیوەندی، بۆیە بڕوای ناتوندوتیژی نابێت تەنیا بڕیارێک بێت لە مێشکەوە درابێت، بەڵکو دەبێت جەستەش بۆ جێبەجێکردنی ئامادەباشی هەبێت.

ئەمانەی خوارەوە چەند ئامرازێکی تێکۆشانی ناتوندوتیژیی ئاشکرایە: 

- خۆپیشاندان : بریتییە لە کۆبوونەوە و دروستکردنی کەژاوەیەک لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە و، بانگەوازی خۆپشاندانیش تەنیا بۆ تێکۆشەران نییە؛ بەڵکو بۆ تەواوی خەڵکە و هەروەها خۆپیشاندان ڕێگایەکە بۆ دەربڕین لە سەر ئاستی گۆڕەپانی گشتی، ئەگەر هاتوو خۆپیشاندان بە بێدەنگی ئەنجامدرا، بەڵام دەبێت پەیامەکەی بدرکێنێ لە ڕێگای بەرزکردنەوەی ئاڵا و لافیتە و دابەشکردنی بڵاوکراوە.

- ڕێپێوان: لەم چالاکییەدا خۆپیشاندەران ڕێگای دوور بە پێ لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە دەبڕن ئامانجیش لەم چالاکییە هۆشیارکردنەوەی دانیشتووانی ئەو ناوچانەیە کە دەکەونە سەر ڕێگای خۆپیشاندەران بۆ ئاشکراکردنی ستەم و زۆرداری و گەیاندنی پەیام و لەم چالاکییەش دەبێت ڕێپێوانان لە ڕێگای لافیتە و بڵاوکراوە پەیامەکەیان ئاشکرا بکەن و هەروەها دەشێ کۆبوونەوەی گشتی ڕێکبخرێت لە هەر شارێکدا کە دەکەوێتە سەر ڕێگای ڕێپێوانەکە.

دەکرێت بیربکرێتەوە لەئەنجامدانی چالاکی بە شێوازی دیکە کە پێویستی بە ئامادەبوونی ڕێژەیەکی کەم بێت لە تێکۆشەران وەکو ئەم شێوازانەی خوارەوە :

- شانۆگەری: بریتییە لە نمایشێکی شانۆیی کاتێکی کەم دەخایەنێ پەیامەکە بە کورتی و ڕوونی پێشکەشی ئامادەبووان دەکات.

- مانگرتن: چالاکییەکە بریتییە لە دانیشتن لە شوێنێکی دیاریکراو کە پێش وەختە خۆی بۆ ئامادە کراوە.

- ڕێپێوانی بێ دەنگی ئافرەتان و پیاوان لە شێوەی ساندویش: لەم چالاکییەدا خۆپیشاندەران بە بڵاوەیی ڕێدەکەن لە شێوەی وێنەیەکی دیاریکراو جلێک دەپۆشن و بە دروشم نەخشیندراوە بۆ چەند کاتژمێرێک ڕێدەکەن.

- چەند کاتژمێرێک بێدەنگی: کۆمەڵێک کەس لە شوێنێکی دیاریکراو کۆدەبنەوە، بەڵام هیچ قسەیەک ناکەن تەنیا دروشم بە دەستەوە دەگرن.

- خۆبەستنەوە بە زنجیر: خۆپیشاندەران هەمان جل دەپۆشن کە لە سەرەوە باسمان کرد؛ خۆیان بە زنجیر بە دەرگای باڵەخانە گشتییەکان دەبەستنەوە و هەندێک جار پۆلیس دێت زنجیرەکان دەکاتەوە، بەڵام لە میدیاکان وێنەیەکی سەرنجڕاکێش بە دیاردەخات. 

- مانگرتن لە خواردن: ئەمەشیان جۆرێکە لە کاری ناتوندوتیژی تێکۆشەران پێی هەڵدەستن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئەم چالاکییەش ئامرازێکی بەهێزە بۆ جوڵاندنی هەستی ڕای گشتی.

 

  • 1