ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

دوژمنایەتی دەسەڵاتی تورك بۆ نەتەوەکانی ناوچە زۆر کۆنە بە درێژایی مێژووی سەرهەڵدانیان و دەرکەوتنیان لەسەر شانۆی سیاسی لە رژهەڵاتی ناوین . هەر لە سەرەتاوە ئاینی ئیسلامیان بەکارهێنا وەك شمشێرێك بە سەر نەیارانیدا ، کوشتنی پتر لە 15 هەزار هاوڵاتی بولگاری لە نزیك شاری بلۆفدین هۆڤانانە و خامۆشکردنی راپەڕینەکەیان دژی ستەم و زۆرداری لە ئایاری 1876 . خامۆشکردنی راپەڕینی ئەرمەنەکان لە ساڵی 1894 و دواتر جینۆسایدکردنی 1.5 ملیۆنیان لە ساڵی 1915 . سەبارەت بە دۆزی کورد ، وەك نەتەوەکانیتر مێژوویەك پڕاو پڕ لە کوشتن و قەلاچۆکردن و راگواستنەوە . بەتایبەتی لە مێژووی تورکیای کەمالیزمی نوێ و تا ئێستاش تورکیا دژی دامەزراندنی هەر جۆرە ستاتیۆیەکی کوردیە لە رۆژهەڵاتی ناوین و بە هەڕەشەی دادەنێت بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و بە ئاگر و ئاسن و تەکنۆلۆجیای نوێ بەڕەنگاری دەبێتەوە ، لێدوانی هەڕەشە ئامێزی بەرپرسەکانیان حاشاهەڵنەگرن لە سەر ئەو دۆسێیە . هەر لە دوای راپەڕین / 1991 ، هەواڵگری میت کەوتە خۆ بەپلانی توکمە و ئەجیندای ژیرانە و تایبەت بۆ لە باربردنی دەسکەوتی کوردی باشوور . لە کاتێکدا ئەگەر بەزەبری هێز بۆی نەلوا ، پەنا بباتە بەر ئابووری سیاسی و وێرانکردن و بنکۆڵکردنی ژێرخانی ئابووریەکەی ، کە لە رواڵەتدا وەك بەرپرسەکان بۆیدەچن یارمەتی و هاوکاریە بەڵام لەناوەڕۆکدا دادۆشین و نەبوونی بە هیچە . هەر لە دوای راپەڕین کاتێ خەڵکی تووڕەکەوتنە خاپورکردن و تاڵانی فەرمانگەکان و کەرتی خزمەتگوزاری ، بەئاشکرا دەستی دەرەکی لەپشتبوو . میتی تورك لە رێگای تۆڕە جەنجاڵیەکەیەوە دەستی لەگەل ئاستی هەرە بەرزی بەرپرسەکان تێکەڵاوکرد و خستنیە نێو تۆڕی هەواڵگریەکەی ، ئەوەی پێویستە بوترێ ، لە وڵاتان کارگە و کارخانە دروستدەکرێ بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و سەربەخۆیی بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی هێزی کارکەری ناوەخۆ و پشتبەستن بە داهاتی ناوەوە و ...... . کەچی ئەوەی لەو باشوورە روودەدا نموونەی نەك هەر لە مێژوو ، بەڵکو لە هیچ شوێنێکا نیە !! فرۆشتنی بەنداوی بێخمەی ستراتیجی ، دەیان کارگەی وەك رستن و چنین ، چەمەنتۆ ، شەکر ، مافوور ، کاشی ، کەرپووچ و ..... . میت بە هەڵکشانی کات ، توانی ژینگەیەکی لەبار دروستبکا و تیایدا گەشە بکا ، جۆشدانی شەڕی PKK ، شەڕی یەکێتی و پارتی کە درێژەی ( ساڵانی شەستەکان و هەشتاکانی ناو شاخ ) بوو ، کە بە ئاشکرا و بەبێ پێچ و پەنا ( ئەرگەنەکۆن ) لاباڵی بەهێزی هەواڵگری میت بوو ، ئاگری شەڕەکەی خۆشدەکرد بە ناردنی چەك و پێداویستی و یارمەتی هەواڵگری و لۆجستی و ..... . چاودێریکردنی نزیکی سەرجەم دانیشتنەکانی هەر دوولایەنی شەڕکەر و جێگیرکردنی هێزی PMF وەك ناوەندێکی ناو بژیوان بەڵام لە ناوەڕۆکدا وەك هەواڵگری . لە ئۆپراسیۆنی رووخانی رژێم ، پەرلەمانی تورکیا بە تێکڕایی دەنگ ، رێگەی بە هێزی پیادەی ئەمریکی نەدا خاکیان بەکاربهێنرێت بۆ ئەو مەبەستە . لە دوای 2003 ، قۆناخێکی نوێ هاتە کایەوە لە کار و رەفتار ، بۆ زیاتر ئیفلیجکردن و سڕکردنی دەسەڵاتی باشوور ، پتر لە 3000 کۆمپانیای تورکی کە بەشێك لەو کۆمپانیانە هی کەسانێکن کە نزیکن لە ناوەندەکانی بڕیار و وەك هێزی ئابووری ، کاریگەریان هەیە لە سەر سیاسەتەکانی ئەنقەرە ، بە هەزاران کرێکار ، هاوردەکردن بە بەهای ساڵانەی پتر لە هەشت ملیار دۆلار لە کاڵا ، پاشەکشەی کەرتی کشتوکاڵی ( هێلکە و گۆشتی خۆماڵی بە نرخێکی هەرزانتر رێگەی پێنادرێت گەشەبکا ) ، چاڵاکی لەبواری پەروەردە و بەدەیان خوێندنگەی تورکی بۆ مەبەستی ژاراویکردن و تایبەت و ........ . تورکیا لە پاڵ گوتارە نەژاد پەرستیەکەیدا ، زیاتر پەرە بە پەیوەندی سیاسی و ئابووری کە مەسەلەی نەوت و غازە کە دەدا کە بوەتە پرسێکی ستراتیجی و سندوقە رەشەکەیشی جگە لە چەند کەسانێك کە لە پەنجەی دەست تێپەڕنابی ، نازانرێ چی تێدایە . هەر بۆیەشە کارتی هەڕەشەی سەربازی واتە لەشکر کێشی گۆڕیوە بۆ هێزێکی نەرم ( soft power ) کە لە باشوور پیادەیدەکا بە هەماهەنگی هەردوو کەناڵی میت و هەواڵگری سەربازی بۆ بنکۆڵکردن و لە دەستدانی بڕیاری سیاسی کە تیایدا سەرکەوتنی بەرچاوی بە خۆی بینیوە . پتر لە 9 مانگ تێپەڕ بوو ، نەتوانرا کابینەی نۆێ پێکبهێنرێ تا OK ی تورکی لەسەر نەبێ ، پرسی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە دوورە لە ئەتەکێتی هەڵبژاردن ، بەسەریاندا سەپێنرا و پەرلەمانیش وەك بووکەڵەیەك بەدەستی خۆیانەوەبێ لەبڕیار لە رێگەی کەناڵی تایبەت ، لە بەیاننامەکەی پەرلەمان سەبارەت بە لەشکر کێشیەداگیرکاریەکەی تورك بۆ سەر رۆژئاوا و بەکارهێنانی چەکی فسفۆری قەدەخە کراو دژی خەڵکی سڤیل ، لە 12 راسپاردەکەیدا جورئەتیاننەکرد ناوی تورکیا بهێنن و پەلامارەکە شەرمەزارکەن و داوابکەن ئیبراهیم خەلیل داخرێ و هەناردەی نەوت رابگیرێ ، پرسی پارێزگاری کەرکوك و هاندانی بەرەی تورکمانی ، ئابلۆقەی سەر کامپی مەخموور ، بێدەنگی بەرپرسە باڵاکان لە مەڕ ئەو قۆناخە چارەنووسساز و هەستیارە ، پڕچەککردنی بەناو ئەنجومەنی کوردانی سوریا ( ئەنەکەسە ) دژی ستاتیۆی خۆ سەرێتی رۆژئاوا وەك بۆمبێکی تەوقیتکراو لەکاتی پێویست بەکاریانبێنی . بوونی پتر لە 20 سەربازگە بۆ چاودێری و هەواڵگری . دەسەڵاتی باشوور ، سێبەرەکەی میت ، زەمینە سازی بۆ دەکا بەرێگای ( دەرگای واڵا ) بۆ قۆرخکردنی بازاڕ و تێکشکاندنی ئیرادەی تاکی کورد و توانای بەرهەمهێنانی نەبێ و ببێتە بەکارهێن ولاوازکردنی ئیرادەی بەرامبەر خاك و نیشتمان ، تاکیش بە خاك بەستراوە ، دەوڵەتیش بە میللەتی بەکارهێن دانامەزرێ و نا پارێزرێت ، ( ریفراندۆم ) وەك نموونە دەبێتە قەوارەیەکی شکستخواردوو . خۆ ئەگەر دەسەڵات نیشتمانیبی ، دەتوانی کارتی وزە و بازاڕ دژی تورکیا بەکار بێنی ، لە شەڕی ئۆکتۆبەری 1973 ی نێوان عەرەب و ئیسرائیل ، سعودیە نەوتی راگرت هەرچەندە هاوپەیمانی ئەمەریکابوو ، بەرمیلی نەوت لە 3 دۆلار بۆ 11 دۆلار بەرز بۆوە کەبوە هۆکاری وەستانی شەڕ . ئەوە مێژووە ، مێژووش شەرم لە کەسناکا .

 

  • 1