ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

هەركاتێك كە ناوی مێژوو دەهێنرێت پێویستە لە دوو ئاراستەدا كۆی بكەینەوە:

*ئاراستەی یەكەم (مێژووی سپی)

*ئاراستەی دووەم (مێژووی ڕەش)

هەربۆیە مێژوو دەكرێتە دوو ئاراستە چوونكە گێرانەوەی رووداوەكانە لە رابردودا, وە هەروەها من لەم باسەم دا دەمەوێ تیشك بخەمە سەر مێژووی كەسە فەرمانڕاوەكان كەبە درێژایی مێژوو لە نێو لاپەڕەكانی مێژوودا گوزەریان كردوە بە, بە دووئاراستەی جیاوازدا.

بەڵام ئەوەی گرنگە لە كاتی نووسینەوی مێژوو پێویستە هەوڵی دووركەوتنەوە بدرێت لە نەتەوە پەرستی و شۆڤێنیزمی و نەچوونە ژێر باری ئاینەوە, هەركاتێك لە نوسینەوەی مێژوودا بكەوینە ژێر ئەم سێ ئایدیاوە , لە دەرئەنجام دا لاپەڕەكانی مێژوو دەشێوێنین و لەهەمان كاتیشدا ستەمی مێژوویی ئەنجام دەدەین,بۆیە پێویستە مێژووی ڕەش وە هەروەها مێژووی سپی وەكو خۆیان تۆماری بكەین بۆ نەوەكان پاش خۆمان.

لە كاتی هاتنە سەر تەختی هەر فەرمانڕەوایەك بە درێژایی مێژوودا, هەموو جۆرە كارو كردەوەیەك ئەنجام دەدات و لە هەموو خۆشیەكانی ژیاندا خۆی بێ بەش ناكات بەڵام ئەوكاتەی كە دەكەوێتە سەر لێواری مەرگدا, ئیتر هەموو شتێكی لە یاد دەچێتەوە وە تەنها بیری لای ئەوەیە كە چۆن خۆی لەم لێواری مەرگەدا ڕزگار بكات, بێگومان ڕزگار بوون لە لێواری مەرگ شتێكی مەحالە چوونكە ئیتر زەنگی مردن بۆ ئەو كەسە لێدراوە دەبێت خۆی بۆی ملكەچ بكات,بەڵام پاش كۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئەو فەرمانرەوایە وە نەمانی لەسەر ژیان دا,تاكە شت لە پاش خۆی بەجێی دەهێڵتەوە ئەویش مێژووەكەیتی بە درێژایی ئەو رۆژگارانەی كە بەڕێیان كردوە,واتە ئەو دەسەڵات دارە بە درێژایی ئەو تەمەنەی كە ژیاوە و خاوەنی دەسەڵات بووە چ جۆرە كارو كردەوەیەك ئەنجام داوە,بێگومان ئەوە تەنها مێژوو بۆ ئەو دەسەڵات دارە شاهێتی دەدات,بۆیە ئێستا لێرەوە دووبارە ئاراستەی مێژوو خۆی لە دوو ئاراستەدا دەبینێتەوە, كە ئەویش لە سەرەتادا باسم لێوەی كرد كە گوتمان بریتیە لە مێژووی ڕەش و مێژووی سپی, واتە ئەو دەسەڵات دارەی كە بە درێژایی تەمەنی بەردەوام هەوڵی خۆش گوزەرانی و ئاوەدانی داوە بۆ خەڵكەكەی وە لەهەمان كاتیشدا خۆیشی پاراستوە لە هەموو جۆرە جەنگێك و كاولكاریەك بۆ سەر خاك و نەتەوەیەكی بەرامبەری دا, بۆیە لە نێو لاپەڕەكانی مێژوودا ئەم جۆرە دەسەڵات دارە بە مێژووی سپی تۆماردەكرێت كە ئەمەش بۆنەوەكانی ئەو نەتەوەیە و وەلەهەمان كاتیشدا بۆ نەوەكانی هەموو جیهان بە جێگای شانازی دادەنرێت ,هاوكاتیش بە پێچەوانەی ئاراستەی یەكەم دا ئاراستەی دووەمیش لەنێو لاپەڕەكانی مێژوودا خۆی دەبینرێتەوە, ئەم ئاراستەیەش دەتوانم بڵێم زۆرترین ئاراستەیە كە لە نێو مێژوودا بەرچاومان دەكەوێت كە ئەویش (مێژووی ڕەشە) ئەم ئاراستەیە پێچەوانەی ئاراستەكەی ترە, واتە هەر دەسەڵات دارێك لە پاش ماڵئاوایی كردنی لەژیان دا,وە بەدرێژایی ئەو ماوە دەسەڵات داریەی كە هەیبووە لە بەرامبەر خەڵكەكەی دا كە تێیدا بەبەردەوامی هەوڵی چەوسانەوەی خەڵك و ئارەزووكردنی بۆ بەرپاكردنی جەنگ وكاوڵكاری داوە, هەربۆیە ئەم جۆرە دەسەڵات دارە لە (مێژووی ڕەش) تۆماردەكرێت, كە زۆرجاران دەبێتە مایەی شەرمەزاری بۆ ئەو نەتەوەیە كە دەسەڵات دارێكی لەم جۆرەی دا هەبووە.

هەركاتێك گوێبیستی چەند كەسایەتیەكی مێژوویی دەبینەوە وەكو (غاندی وگیڤارا و ماندێلا)...هتد لەگەڵ چەندین كەسایەتی تری هاوشێوەی ئەوان, كە توانیویانە ئەم كەسایەتیانە بۆ خۆیان مێژوویەكی سپی تۆمار بكەن لە نێو لاپەڕەكانی مێژوودا, كە لەهەمان كاتدا نەتەوەكانی خۆیان و نەتەوەكانی دیكەش شانازیان پێوە بكەن, چوونكە ئەم كەسانە خۆیان بە دەنگی ڕاستەقینەی هەژاران داناوە و تەواوی ژیانی خۆیان و هەموو خۆشیەكانی ژیانیان پشت گوێ خستووە لە پێناو بەدەست هێنانی خۆشگوزەرانی بۆ نەتەوەكانیان و بەرپاكردنی ئاشتی و ئارامی لە تەواوی جیهاندا, كەچی لە پاڵ ئەوەشدا كەسانی لەم جۆرە بەبەردەوامی ڕوبەرووی هێرش و زیندان و تیرۆكردن دەبنەوە,هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمە لەسەر گۆیەكی زەویدان ڕێژەی كەسانی خراپەكار و خوێن رژ زۆرترە لە كەسانی باش و ئاشتی خوازدا.

 

*جیاواز لەوانەی كە باسم لێوەی كرد ئەگەر باسی كەسێكی تری ئەم سەردەمەدا بكەم كە بەردەوام خۆی لەنێو لاپەڕە رەشەكانی مێژوودا تۆمار دەكات كە ئەویش (رەجەب تەیب ئەردۆغانە) كە كەسێكی خراپەكارو شەڕخوازی مێژووە, بەردەوام ئارەزووی لە جەنگ و كاوڵكاریە وە بەهۆی ئەو جەنگ و كاوڵكاریانەی كە بەرپایان دەكات بۆ سەر وڵات و ناوچەی دیكەدا بووەتە بكوژی سەربازی وڵاتی خۆی دا,كە ئەمەش دەبێت كەس و كاری ئەو سەربازانە لە كەسێكی لەم جۆرەدا خۆش نەبن چوونكە لەسەر شتی بێكەڵدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن, تەنها لە بەرژەوەندی سەرۆكەكەیانە ئەم جەنگ و كاولكاریانەی, بەڵام ئاخۆ كەسێكی لەم جۆرەدا كە بەردەوام خوێنی بێ تاوان دەڕژێنێت لەسەر خاكی خۆیدا بەبێ هیچ تاوانێكدا, دەبێت ئەم كەسە ویژدانی چۆن ئاسوودە بێت لە وكاتەی سەر دەنێتەوە بەسەر بالیفەكەی , بۆیە ئەم كەسانە ویژدانیان كۆچی دوایی كردوە,وە دەبێتیش میژوو بە بێ ویژدانی باسی ئەم جۆرە كەسانە بكات.

*ئەم دنیایە كە ئێمەی تێداین زۆر كورتە وە موڵكی هیچ كەسێك نیە بۆ هەتا هتایە, بۆیە هەمووی بەجێی دەهێڵێتەوە هەتا تۆ لەم ژیانەدای و هەناسە دەدەیت بەردەوام كاری چاكە و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بەرپا بكە بۆ دەوروبەرەكەت بەتایبەتی ئەوەی دەسەڵات دەگرێتە دەست چوونكە ئەركێكی گەورەی مێژوویی دەكەوێتە سارشانی.

 

 

 

  • 1