ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئازادی وشەیەكە لەڕووی ڕێزمانەوە پێك دێت لە شەش پیت بەڵام بە كۆكردنەوەی ئەم پیتانە دەبێتە جوانترین ناسنامە بۆ تاكەكانی نێو كۆمەڵگادا, بەبێ جیاوازی ڕەگەزی و نەتەوەیی و ئاینی دەبێت هەموو تاكێك ئازادی بۆ خۆی دەستەبەر بكات بۆ ئەوەی كۆمەڵگایەكی تەندروست و پێشكەتوخواز درووست بێت, هەروەها لەپاڵ دەستەبەركردنی ئازادی پێویستە كەلتوورێك دروست بكەین كە ڕێز لە ئازادی و بیرو بۆ چوونەكانی یەكتری بگرین و هەوڵی شكانەوەی یەكتری نەدەین لە بەرامبەربە ئازادی وبیروبۆچوونە جیاوازەكانمان دا, بەداخەوە ئەمڕۆ كەلتوری شكاندنەوەی یەكتری لەنێو كۆمەلگای كوردی بۆتە بە پیشەیەك لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵگادا كە ئەمەش دڵ شكان و لێكترازانی لێ دەكەوێتەوە.

هەروەها سنورەكانی ئازادی بۆ مرۆڤ (تاك) زۆر فراوانە, بەڵام ڕەها نیە سەرەرای ئەوەی كە پێویستە سنورەكانی ئازادی فراوان بێت , لەگەڵ ئەوەش نابێت تاكەكانی كۆمەڵگا ئەو سنورە فراوانە ببەزێنن بەو ئەندازەیەی ببنە ئەگەری دەست درێژی كردن بۆ سەر ئازادییەكانی تاكەكانی دیكەی كۆمەڵگا, بۆیە پێویستە تاكەكانی كۆمەڵگا خۆیان ببنە چاودێر لەسەر ڕەفتارەكانی خۆیان و خۆیان ملكەچی یاساسنورەكانی كۆمەڵگا بن جا ئەو تاكە لە هەر پلەو پۆستێكدا بێت.

ئازادی لە چەندین چەمكی ڕەهادا پێك دێت لەوانە:

1.ئازادی ئاین|2.ئازادی ئافرەت|3.ئازادی بیڕورا|4.ئازادی كاركردن|...هتد

*لە بەشێكی جیهان ئازادی( ئاین) بۆتە خاڵی ناكۆكی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگا ڕۆژانە لە جیهاندا لەسەر ئاینە جیاوەزەكاندا مڕۆڤەكان دەبنە قوربانیوە هەروەها لەنێو كۆمەڵگای كوردی و عێراقی دا ئەم جۆرە هێرشكردنە لەلایەن بەشێكی تاكەوە دەبینین كە هێرش دەكەنە سەر ئازادی ئاینی كەسانی ترەوە ئەوجا چ بە قسەی ناشرین بێت یاخود بەهێرشكردن كە ئەمەش دەبێتە هۆی تێك چوونی ئاراستەی هێمنی و ئارامی بەیەكەوە ژیان لە كۆمەڵگادا, خوای گەورە مرۆڤەكانی بەئازادی درووست كردوە كە چ ئاینێك بۆخۆیان هەڵدەبژێرن وە چۆنیش دەژین وە هەرخۆیش سزاو لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەكات لە بەرامبەر هەر هەنگاوێك كە مڕۆڤ دەینێت لەژیانی دا بۆیە

ئێمە بۆمان نیە لێپیچینەوە لەگەل یەكتری دا بكەین بەرامبەر بە هەلبژاردنی هەر جۆرە ئاینێك و ڕێبازێكی دیاری كراودا بە پێچەوانەوە دەبێت ڕێز لە ئاین و ڕێبازی یەكتری بگرین كە ئەمەش دەبێتە بەشێك لە ڕەوشتە بەرزەكانی مڕۆڤی ئازادی خواز.

*ئازادی ئافرەت بەیەكێك لە بەشە هەرە گرنگەكانی چەمكی ئازادی دادەنرێت, كە لەسەردەمی ئەمڕۆدا زۆرترین قسە و مشتمڕی لەبارەوە دەكرێت بەتایبەتیش لە نێو كۆمەڵگای خۆماندا,هەركاتێك سەبارەت بە ئازادیەكانی ئافرەت قسەو گفتگۆ بكرێت, ڕاستەوخۆ هەندێ كەسانی بیر تەسك , ئەم جۆرە ئازادیە بەرەو ئاراستەی بەڕەلایی و خۆ ڕووت كردنەوە دەیبەن, چوونكە تەنها وا دەزانن كە سنووری ئازادی ئافرەت لە خۆ ڕووت كردنەوە دایە, هەرچەندە ئافرەت لە ڕووی پۆشینی جلو بەرگەوە پەیوەستە بەخۆیەوە كە چ جۆرە جل و بەرگێك بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت بۆ لەبەركردن دا, بەڵام ئەوەی پێویستە قسەی لەسەر بكەین دەربارەی ئازادیەكانی ئافرەت زۆر لە لە هەندێ شتی بێ بەها گەورەترە, بەداخەوە ئەوەی جێگای نیگارانیە لەلای من ئەوەیە كە كاتێك گوێبیستی كووشتنی ئافرەتێك دەبمەوە لە سەر هەندێ كیشەی بێ بەهادا, كە دەتوانرێت ئەم جۆرە كێشانە بەچەندین ڕێگای جۆراو جۆری دیكەدا چارەسەریان بكەین , نەك پەنا بردن بۆ كوشتن یاخود زۆربەی جار ئافرەتەكە خودی خۆی بەهۆی پەستانە دەروونیەی بەسەری دا دەكرێت یاخود داخستنی هەموو جۆرە دەرگاكانی چارەسەركردن لەو ئافرەتەدا, كە ئەویش لە ئەنجام دا تاكە شت پەنای بۆ ببات یاخود بیری لێبكاتەوە خۆ كوشتنە بەدەستی خۆی دا,ئازادی ئافرەت لە هەڵبژاردنی ژیانی هاوسەرگیریدا كە لەهەمان كاتدا دەتوانین ئەم جۆرە بە لقێكی بەستراو بە چەمكی ئازادی و ئافرەت ببەستینەوە, چوونكە كاتێك كوڕێك بەرەو داخوازی كچێك دەڕوات كە زۆری خۆش دەوێت وە چەندین ساڵە بە ئاواتی ئەوەن بگەن بەیەكتری و لانكەیەكی بەختەوەری بۆ خۆیان بنیات بنێن, بەڵام لە كاتی داواكردنی كچەكە دەبینرێت كێشەو گرفتی جۆراو جۆری تێدەكەوێت لەلایەن باوك و برا و كەس و كاری كچەكەوە, كە ئەمەش دەبێتە هۆی ڕووخانی تەواوی هیواو ئاواتەكانی ئەو دوو خۆشەویستە كە چەندان ساڵە بە ئاواتی یەكتریەوە ژیاون, بۆیە لە ئەنجامی درووستبوونی ئەو بەربەستە نا سروشتیانەی كە بۆیان درووست دەكرێت ,هەردوولا بیر لە زۆرترین شتی خراپ دەكەنەوە بەتایبەتیش , كچەكە چوونكە ئەو لەلای خۆیەوە دەڵێت ئیتر شەمەندەفەری خەونەكانم ڕۆیشت نەمتوانی فریای بكەوم بۆیە ئیتر من لەم ژیانەدا هیچ سوودێكم نیە, هەربۆیە ئیتر پەنا بۆ ناخۆشترین شتەكان دەبات كە ناخۆشترینیان خۆ كوشتن وخۆسوتاندنە.

قسەكرد ن و شیكردنەوەی ئەم چەمكە زۆر فراوانە كە قسە كردن لەسەری تەواو نابێت, بەڵام ئەوەی گرنگە لە كاتی درووستبوونی هەر كێشەیەكی كۆمەڵایاتی , ڕاستەوخۆ هەوڵی كوشتن نەدرێت لە كێشەكەدا,چوونكە كووشتنی مڕۆڤێك هەر ئەوەندە ئاسان نیە ,پاش كوشتنی ئەو مڕۆڤە ئاگری ویژدان هەرگیز لە كۆڵی بكووژ نابێتەوە.

ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین كە ئافرەتانی كورد شان بەشانی براكانیان بە چەكەكانی سەرشانیانەوە بەرامبەر بە دووژمنانی وڵاتەكانیان دەجەنگن, لەپێناو ئازادی خاكەكەیان ,دەرخەری ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگریە كە كە پێمان دەڵێت ئافرەتان خاوەن ئیرادە و شكۆیەكی بەهێزن بۆیە ئیتر نابێت شكۆی ئافرەتان بشكێنرێت , وەلەهەمان كاتدا ئەگەر هەر پیاوێك بە ڕاستی دایكی خۆی خۆشویستبێت و ڕێزی لێ گرتبێت ئەوكاتە لە بوونی گەورەیی ئافرەت تێدەگات چوونكە ئافرەت بەخشینی خۆشی و ئاسودەییە بۆ دەوروبەرەكەی ,وە هەركۆمەڵگایەك ئافرەتەكانی لە ژیانێكی ئاسوودەو ئارام دابوون , ئەوە دەرخەری پێشكەوتنی ئاستی كۆمەڵایەتی ئەو كۆمەڵگایەیە,لە هەمانكاتیشدا ئافرەت و خوێندەواری كە بە دوو پڕەنسیبی گرێدراوی یەكتری دادەنرێن چوونكە خوێندەواری بۆ ئافرەت واتە بەرهەمهێنانی نەوەیەكی تەندروست و ڕۆشنبیرە بۆ داهاتووی كۆمەڵگا,كە لەپاڵ ئەمانەدا ڕۆلی ئافرەت لە دارایی سەربەخۆدا گرنگترین بەشی چەمكەكانی ئافرەت و ئازادی, كە بەداخەوە لە ئەمڕۆدا بەشێكی زۆری ئافرەتان خاوەنی داراییەكی سەربەخۆ نین, چوونكە ئافرەتی خاوەن دارایی وا دەكات كە شان بە شانی هاوسەرەكەی بوەستێت و قورساییەكانی ژیانیان لە یەك تەرازوودا بوەستێنن, چوونكە زۆربەی جار دەبینین خێزانێك خاوەنی چوار منداڵە وە لەهەمان كاتدا ئافرەتەكە خاوەن دارایی نیە, كە تەنها پیاوەكە لە ماڵەوەدا كار دەكات و بژێوی ئەو خێزانە گەورەیە واتە پەیداكردنی بژێوی یەك خێزان تەنها لەسەر شانی یەك تاكی خێزانە, كەچی زۆربەی جار ئەو داراییە كە پیاوەكە پەیدای دەكات بەشی ئەو خێزانە ناكات , بەهۆی ئەو داواكاریە زۆرانەی كە لەسەردەمی ئەمڕۆدا هەیە, ئەمەش لە ئەنجام دا زۆربەی جار كێشەی جۆراو جۆری لێدەكەوێتەوە لە نێو ئەو خێزانەدا, ئەوەی لە ئەنجام باجی قوربانیەكە دەدات لە نێو خێزانەكەدا تەنها منداڵەكانی نێو ئەو خێزانەیە.

*ئازادی بیڕورا:بە چەمكێكی گرنگی ئازادی دادەنرێت كەئەمڕۆ لە جیهان و بەتایبەتی لە لەنێو كۆمەڵگای كوردی دا ڕووبەرووی ئاستەنگ دەبێتەوە, كە دەبینین زۆربەی جار لەسەر دەڕبڕینی بۆچۆنێكی جیاوازدا تووشی چەندین كێشەو گرفتی جۆراو جۆر دەبیتەوە كە تەنها لەبەر ئەوەی كە تۆ بۆچوونی خۆت لەسەر بابەتێك دەربڕیوە, بەتایەبەتیش ئەوانەی لە بواری ڕۆژنامەنووسی دا هەڵوێستی جۆراوجۆری خۆیان دەخەنە ڕوو بۆ ڕووداوەكان كەچی لە بەرامبەردا تووشی سزاو لێپیچینەوە دەبنەوە, بۆیە دەبێت تاكەكان ئازاد بن لە خستنەڕووی بۆچوونە جیاوازەكانیان دا لە بەرامبەر یەكتری دا كە ئەمەش لەئەنجامدا سیمایەكی جوان دەبەخشێتە تاكەكانی نێو كۆمەڵگا.بە پێچەوانەوە ئەگەر قبولكردنی بیڕورای یەكتری لەنێوانمان دا فەراهەم نەكرێت لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی تێكچوونی ئاراستەی كۆمەڵگا.

*ئازادی لە كاركردندا:هەرچەندە چەمكی ئازادی لە كاركردندا چەمكێكە پەیوەستە بە خودی تاكەوە كە خۆی بڕیاری هەڵبژاردنی كارێك دەدات بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خۆی پێ دابین بكات, بەڵام ئەوەی جێگای تێبینیە كە لەنێو هەندێ خێزاندا هەیە دەبینرێت كە دەبنە هۆی ڕێگری كردن لە منداڵەكانیان لە هەندێ كاركردندا بەهۆی ئەوەی كە پێیان وایە ئەم كارە لە ئاستی منداڵەكەیان و خێزانەكەیان دا نیە كە ئەمە لە بنەڕەتدا بیركردنەوەیەكی هەڵەیە, چوونكە ئەنجامدانی هەر كارێك پێویستی بە شەرم ناكات بە تایبەتیش ئەگەر كارێك لە بازنەی پیشەیەكی پاك و خاوێن دابێت دوور لە زیان گەیاندن بەخودی خۆی و دەوروبەرەكەیدا, لەئەمڕۆدا بەداخەوە بەهۆی كۆمەڵێك هۆكاری سیاسی و قەیرانی جۆراوجۆرەوە وای كردوە دەسكەوتنی هەلی كار بۆتە كارێكی ئەستەم بۆیە ئەگەر هەر كارێكت دەست بكەوێت بەڵام بە مەرجێك كارێكی خاوێن بێت وە دووربێت لە هەموو بەها مڕۆڤایەتیەكاندا, چوونكە بەهای مڕۆڤایەتی زۆر گرنگ ترە لە ئەنجامدانی كارێكی نابەجێ كە تەنها لە پێناو دەسكەوتنی كۆمەڵێك دارایی.

قسەكردن و شیكردنەوەی( ئازادی و چەمكەكانی) زۆر فراوانە هەروەكو ئاوی ڕووبارو دەریاكان وایە ,بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ تاكەكانی كۆمەڵگا كە بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئازادی چەمكەكانی دەكەن زۆر جار بەهۆی هەڵە بەكارهێنانی ئازادی ئەو تاكە نووقمی ژێر ڕووبارو دەریاچەكانی ئازادی بووە كە ئیتر هیچ كاتێك ناتوانرێت بدۆزرێتەوە.

*كاتێك تۆ بە ئازادی دەژیت و بە ئازادانە بیر بكەیتەوە هەرگیز هیچ جۆرە ستەمێك قبول ناكەیت و دەبیتە مڕۆڤێكی میهرەبان و بەخشندە بۆ خۆت و دەورو بەرەكەتدا.

(ئەحمەد كامەران)

31|10|2019

 

 

 

  • 1