ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مارتن ڤان برونەسن 

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی شەشەم

"ناسیۆنالیزمی ئیسلامیی" کوردی

ژمارەیەکی زۆری کورد و رەنگە زۆرینەش بێت موسڵمانی سوننەی ئیماندارن، لەبەرئەوە رەنگە تاڕادەیەک جێی سەرسوڕمان بێت کەوا هەموو حیزبە سیاسییە گرنگەکان سێکولار بوون و هیچ کاتێک پشتیوانی بەجێهێنانی گشتیی رێوڕەسمی ئاینیی نەبوون. مەلا مستەفای بارزانی وا ناسرابوو کە پیاوێکی موحافزەکار و لەڕووی ئاینیشەوە ئیماندار بووە، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەژێر سەرکردایەتیی ئەودا بوو هەر بە سێکولاری تەواو ماوەتەوە. پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سەرەتاوە دژی ئاین بوو، بەڵام دواتر تا ئاستێک ئیسلامی قوبووڵ کردووە بەهۆی گرنگی و بایەخیەوە بۆ کەرتە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی کوردی. بەهەرحاڵ، لەم چەند دەیەی پێشوودا، ژمارەیەک لە جووڵانەوە ئیسلامییەکان دەرکەوتن کەوا لەهەمان کاتدا ئیسلامین و شانازیش بە ناسنامەی کوردییانەوە دەکەن و من زیاتر بەو لایەنەدا دایدەشکێنم کە ناوی "ناسیۆنالیزمی ئیسلامییان" لێبنێم، ئەگەرچی زۆربەشیان لەبنەڕەتدا بەرهەڵستیی ناسیۆنالیزم یان نەتەوەپەرستیی دەکەن. لە کوردستانی تورکیا، ئەوە چەند گرووپێکی بچووکی جووڵانەوەی نورسو دەگرێتەوە22، هەروەها بزووتنەوەی حیزبوڵڵای ریفۆرمیست و دەستپێشخەریی ئازادی کە نوێترینە، لە ئێرانیش مەکتەبی قورئان کە کۆچکردوو ئەحمەدی موفتیزادە دایمەزراندووە23، لە کوردستانی عێراقیش کۆمەڵی ئیسلامیی عەلی باپیر و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان24. من پێموایە ئەم ناسیۆنالیزمی ئیسلامییە کوردییە گرووپێکی سێهەمی گرنگ لە ناسیۆنالیزمی کوردی پێکدێنێت و رەنگە کاریگەرییەکانی روولەزیاد بێت لە دەیەکانی داهاتوودا.

پێکهاتووە کۆمەڵایەتییە ئیسلامییەکانی کەوا کوردە باوەڕدارەکانیان تێدا بەشدارە حەز بە کەمکردنەوەی ناسنامەی کوردی دەکەن، یان هەر ئیتنیک و نەژاد بەشێوەیەکی گشتی. زۆرێک لە خاوەن کارانی بچووک و مامناوەند کەوا نەجمەدین ئەربەکان لە حەفتاکانی سەدەی رابوردوودا لێیان نزیکدەبووەوە، کاتێ کە یەکەم جووڵانەوەی ئیسلامیی مۆدێرنی لە تورکیادا دامەزراند، ئەویش جووڵانەوەی میللی گوێرویش بوو، کە زۆربەی ئەندامانی کورد بوون بەڵام نە ئەربەکان و نە کەسانی تری پەیوەندیدار هیچ سەرنج و تێبینییەکی ئاشکرایان نەبوو لەسەر پاشخانی نەژادییان25 ، (کە دواتر ئەم حیزبە سەریکێشایەوە بۆ زنجیرەیەک حیزبی سیاسی، وەک میللی نیزام پارتیسی و میللی سەلامەت پارتیسی، کەوا رەگوڕیشەی پارتی داد و گەشەپێدانیشی AKP دەچێتەوە سەر). حیزبەکانی میللی گوێرویش نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی ئەوەی کە پێیدەوترێت پایتەختی ئەنەدۆڵیان دەکرد، کە بریتی بوون لە کۆمپانیا بچووک و مامناوەندییەکانی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ و لە رکابەرییەکی ناهاوسەنگدا لەگەڵ کۆمپانیا گەورە و زۆر نوێکانی کە لە رۆژئاوای تورکیادا چڕبووبوونەوە، چنگیان گیردەکرد. ئەڵبەتە ئەنەدۆڵی ناوەڕاست و رۆژهەڵاتیش ئەو ناوچانە بوون کە لە ساڵانی 1970کاندا حیزبی میللیی سەلامەت پارتیسیMSP رێژەیەکی بەرز دەنگی تێدا دەهێنا. لەڕووی ئایدیۆلۆجییەوە بزووتنەوەی میللی گوێرویش زۆر بەتوندی لە ژێر کاریگەریی ئیخوان موسلیمیندا بوو، هەرچەندە ئەربەکان بیروباوەڕەکەی لەگەڵ بارودۆخی تورکیادا گونجاندبوو26. مەبەست و مانای تێرمی "میللی" (نیشتمانی یان نەتەوەیی) بزووتنەوەکە ئاماژە نیە بۆ ئیتنیک یان نەژاد یان رەگەزی مەدەنی و سێکولاری "تورک" یان "تورکچێتی"، بەڵکو مەبەست کۆکردنەوەی موسڵمانە سوننە مەزەبەکانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانییە و بە شێوەیەکی زیاتر دیاریکراو لە ئەنەدۆڵدا. 

بێگومان شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و نووسینەکانی عەلی شەریعەتی و ئەو برەوسەندنە میللییەی بەدوایدا هات کاریگەریی گەورەیان هەبوو بە سەر بیروبۆچوون و رێکخستنی ئیسلامییە کوردەکانەوە لە تورکیا و عێراقدا. لە پاش کوودەتاکەی 12ی سێپتەمبەری 1980 لە توركيا و لە کاتی جەنگی عێراق – ئێراندا کە لە هەمان مانگدا هەڵگیرسا، چالاکوانی ئیسلامی لە کوردستانی تورکیا و عێراقەوە هەڵاتن بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان، کە هەندێکیان بۆ ماوەیەکی کورت لە جیهاددا بەشدارییان کرد دژ بە داگیر کردنی روسی27. لەناو کوردستانی تورکیادا، گەلێ رێکخراوی ئیسلامیی لۆکاڵیی جۆراوجۆر دەرکەوتن بەڵام زۆربەیان هەر زوو نەمان و لەناوچوون. گرنگترین بزووتنەوەی ئیسلامی دەرکەوتبێت حیزبوڵڵا بوو، کە لە ساڵانی 1990کاندا لە شەڕ و ململانێیەکی سەختدا لەگەڵ پەکەکە تێوەگلا. حیزبوڵڵا لەو ساڵانەدا بەتەواوی هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی دژە یاخیبوونی دەوڵەتدا دەکرد و لەسەر ئاستێکی بەرفراوان وا تەماشا دەکرا کە دەسکەلای ئەو هێزانەیە و نازناوی "حیزبی کۆنترای" درابوویە. حیزبوڵلا بێجگە لە نەتەوەییە کوردەکان، گرووپە ئیسلامییەکانی تریشی کردبووە ئامانج، لەوانەش تاقمی نورسو زەهرای کوردی کەوا عیزەدین یڵدرمی سەرکردەیان رفێنرا و ئازار ئەشکەنجەی زۆریان دا و پاشان کوشتیان، بەهەمان شێوە تاقمی مەنزیلی ئیسلامیی رکابەریش28.

ساڵی 2000، کاتێ سەرکردەی حیزب حوسێن وەلیئۆغڵو لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ پۆلیس لە ئەستەمبووڵ کوژرا و گەورە سەرکردەکانی تری دەسگیر کران، ئەمە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی رێکخراوەکەدا. پاشان لە ژێر سایەی سەرکردایەتییەکی نوێی گەنجدا، ویستی خۆی لە تاقمێکی نهێنییەوە بکاتە رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی (موستەزعەفدەر، واتە کۆمەڵەی بێنەوایان) و هەوڵیدەدا بنکەیەکی جەماوەری بەدەستبێنێت29. وێنە کاریکاتۆرییە دانمارکییەکان لە ساڵی2006 دا دەرفەتی بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایی رەخساند و یەکەم هەوڵی سەرکەوتووبوو بۆ جووڵاندنی جەماوەری خەڵک. لە فۆرمێکی نوێی رکابەری لەگەڵ جووڵانەوەی کوردیی سێکولاردا، کە نەورۆزی وەک بۆنەیەکی گەورەی کۆکردنەوە و جووڵاندنی خەڵک دەقۆستەوە، حیزبوڵڵا کەوتە سازدانی چەندین کۆبوونەوەی جەماوەریی هاوشێوە (لە دياربەكر لە هەمان شێوەدا و پاش مانگێک لە جەژنی نەورۆز) لە یادی لەدایکبوونی محەممەدی پێغەمبەردا و لە بۆنە و ئاهەنگی کوتلو دۆغەم Kutlu Doğum دا. ئەم حیزبە وایدەرخست کە دەتوانێت ژمارەیەکی زۆری خەڵک خڕبکات لەم بۆنە ئاینییە تایبەتانەدا – کە رەنگە نەگاتە ژمارەی ئەو خەڵکانەی لە ئاهەنگەکانی جەژنی نەورۆزدا کۆدەبوونەوە بەڵام ژمارەکە بەشی ئەوەی دەکرد هەمان ئەو رووبەرە گەورە و کراوانە پڕبکاتەوە. (بەپێی چاودێرە ناوخۆییەکان ژمارەیەکی زۆر لە هەردوو کۆبوونەوەی نەورۆز و کوتلو دۆغەمدا بەشدار بوون). لە ساڵی 2010 دا، حیزبوڵڵا کۆبوونەوەیەکی تری بەرفراوانی جەماوەریی رێکخست، کە ئاماژە بوو بۆ زیادبوونی نیگەرانی و مەترسی لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد و ئەم کۆبوونەوەش بە بۆنەی یادکردنەوەی شێخ سەعیدەوە بوو.

لە قۆناخەکانی پێشتردا، حیزبوڵڵا چووبووە سەر رێبازی نێونەتەوەیی ئیسلامی و بەتوندی ناسیۆنالیزمی (کوردیی) رەتکردبووەوە و هەموو جیاوازییەکی نێوان کورد و تورک و عەرەبی دابووەدواوە، هەرچەندە هەموو ئەندام و لایەنگرانی کوردبوون و تۆڕێک لە مەدرەسەی کوردییان بەکاردەهێنا بۆ دابینکردنی پشتیوانی (مەدرەسە لای خۆمان بە واتای خوێندنی ئاینیی ئیسلامیی حوجرە دێت – وەرگێڕ). لە دەیەی پێشوودا، ئەم حیزبە لە هەوڵ و کۆششیدا بۆ مسۆگەر کردنی بنکەیەکی جەماوەری، دانی بە ناسنامەی کوردیدا دەنا و بگرە جەختیشی لەسەر دەکردەوە. لە ناوخۆدا شوێنکەوتووانی بە زمانی کوردی پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر دەکرد و لە کۆڕ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکانیدا شانبەشانی یەکتر پەنایان دەبردە بەر هەردوو شوناسی ئیسلامی و کوردی و زۆرێک لە رێکخەرانی و بانگخوازانی مەلای کورد بوون کە لە مەدرەسە دەرچووبوون30. لە کتێبێکدا کە خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی تایبەت بە حیزب دەریکردبوو و لە ناسنامەی کوردی دەدوێت، دانەرەکەی راشکاوانە و بەتوندی رەخنە لە ناسیۆنالیزمی سێکولار دەگرێت (کە بە ئوڵوساڵجیلیک ناوی دێنێت ulusalcılık)، بەڵام لەبارەی "رزگارکردنی کوردەوە" وا ئیدیعا دەکات کە لە ناسیۆنالیزمی سێکولار ناوەشێتەوە. ئەمەش لە رواڵەتدا وادەگەیەنێت کە حیزبوڵڵا رزگارکردنی کورد، بە هەر واتایەک بێت، بە یەکێک لە ئامانجەکانی دادەنێت31.

 

  • 1