ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لێکۆڵینەوە و شیکردنەوە سیاسییەکان، بۆ پرسی ستراتیژیی ئەمنی قەومی عێراق، ئاگایی بە سەقامگیری نادەن و زێتر بەرەو پیشاندانی داهاتووێکی پڕ لەتەگژە و پێکناکۆکیدا دەچن، چونکە عێراق وەکو دەوڵەتێکی تازە و بەزۆر دروستکراو دادەنرێت، لەماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا، لەهیچ قۆناغێکدا، گەلێک بەناوی گەلی عێراق دروست نەبوو، پێناسی نیشتمانی هەموو هاووڵاتییانی ناو ئەو دەوڵەتە یەکگرتووی نەبووە، هەر ڕژێمکیش لەسەر تەختی حوکمداری بووبێت، بەناوی گەلێکی بەزۆر داتاشراو حوکمی کردووە و دواتر هەر ناوی ئەو گەلە و ڕژێمی دیکە هاتۆتە سەر تەخت و تا بەمڕۆش ڕادەگات، گەلی عێراق بەو هەموو پێکهاتانەی تێدا دەژین وجودی نییە.

لەهەموو ڕۆژهەڵاتی ناویندا، تەنیا شەش دەوڵەت مێژووی دەوڵەتدارییان بەمشێوەیە هەیە کە ئێستا هەن، ئەوانیش بریتین لە ئێران و تورکیا لەنێو وڵاتانی عارەبیدا، یەمەن و مەغریب و میسر و عەمان جۆرێک لەحوکمداری مێژووییان هەیە، ئەوانی دیکە بەعێراقیشەوە لەنێوان ماوەی هەردوو شەڕی جیهانی دروستکراون و سنووری بەزۆر ڕەسمکراویان هەیە و داننانی نێودەوڵەتیان پێکراوە، ئەگەرنا هەموویان بە چەندین کێشە و گرفتی سەرەکی کە بەزۆر سەپێنراوە بە بونیادی ئەم دەوڵەتانە دروست بوونە و هیچ کات ئیرادەی هاوبەشی پێکەوەژیانی نێوخۆییان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا، بەرژەوەندی دووجەمسەری و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوایی بەردەوام کاریگەریان بەسەر ڕێڕەوی ڕووداوەکان بووە.

لەم تێگەیشتنە و بەپیشت بەستن بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونە ستراتیژییەکان، عێراق و بەشی زۆری ئەم وڵاتانەی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بەردەوام لەتەنگژە و ململانێی نێوخۆیی و شەڕ و ئاشووبدا گوزەر دەکەن، هیچ کات نەیانتوانیوە ببنە مایەی ئەو وڵاتەی کە بۆ هاووڵاتییەکانی خۆشگوزەران بێت.

عێراق، لەهەمووان زێدەتر، بەشی ناسەقامگیری بەردەکەوێت، چونکە گەلی کوردستان، بەشی سەرەکی پێکهاتەی عێراقە و بە بەشی شیعەکەی و سوننەی عارەبیش ئەم وڵاتە ناسەقامگیر و بەزۆر دروستکراوە پێک دەهێنن و لەماوەی 100 ساڵدا، پێکەوەژیانی ئاسایی و ئیرادەی هاوبەش بۆ ئەم نیشتمانە دروست نەبووە. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، بەو ئەلیتی حاکیمەی دوێنی و ئەمڕۆی عێراق، چاوەڕێ ناکرێت، نە بونیادی ئابووری بەهێزی بۆ دروست ببێت، نە بونیادی کۆمەڵایەتی بە هەموو لێکەوتەکانی دینی و یاسایی و ڕێسا و عورفەکانی یەکگرتوو بێت، نە بونیادی مێژوویی و جوگرافیش.

ئەوەی چاوەڕێ دەکرێت، عێراقی چەند 10 ساڵی داهاتوو، عێراقێکی سێ پارچەیی بێت، کە سێ هەرێمی حوکمداری سەربەخۆی لەچوارچێوەی سنوری عێراقی ئێستا، وەنەبێت ئەم سێ پارچەییە بیرۆکەیەکی نوێ بێت، بەڵام ڕێڕەوی مێژوویی وای سەپاندووە و بەرەو ڕۆشنبوونی ئەم سێ پارچەییە هەنگاو دەنێت.

لەڕووی ستراتیژیی ئەمنی قەومی عێراق، هیچ کات یەکگرتوو نەبووە، تەنیا لەژێر زەبروزەنگدا ڕژێمەکان توانیویانە بەهێزی سەربازی خۆیان بسەپێنن، ئێستا ئەمە بەشێوەیەک لەشێوەکان بەسەرچووە، چونکە دەستوەردانی دەولی و هەرێمایەتی هیچی بۆ ئەم بابەتەی پێی دەگوترێ سەروەری نەهێشتۆتەوە و چەندین وڵات لەجیاتی (لیبیا) ( سوریا) (یەمەن) ...عێراق بڕیار لەسەر داهاتووی گەلانی ناوچەکە بدەن سەرەڕای بوونی سنورێکی دەستکرد، بۆیە بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز و بەرژەوەندی گرووپەکانی ناو ئەم وڵاتانە ڕەسمی ئاراستەی داهاتووی وڵاتەکان دەکەن، کە عێراق بەر لەهەمووان لەبەردەم ئەم ڕەسمکردنەوەیەدا دەبێت.

 

  • 1