ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەوانەی تا ئیستاش ئومیدیان بەوە بوو کە ترامپ لە کۆشکی سپی گوێچکەی ئەردۆغان ڕادەکێشێت و لە ئاستی خۆیدا دەیوەستێنێت ، ئێستا ئەوکەسانە ئومێدبڕاو بوون.

لە پریس کۆنفرانسە هاوبەشەکەی نیوان هەردو سەرۆک ،شتەکان تەواو ئاشکرا بوون.

ترامپ تەنها باسی [پارە]ی کرد نەک[مرۆڤ]،گووتی پەیوەندی نێوانمان باشەو ئەردۆغان برادەرمە و بازرگانیش بەرەو پیش دەچیت و بەئومێدین لە ئایندەدا ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان بگاتە [100] ملیارد دۆلار.

ئەمە وای نیشاندەدا ترامپ سەرۆکی کۆمپانیایەکی بازرگانیە و بەناوی کۆمپانیاکەوە لێدوان دەدات نەک سەرۆکی مەزنترین وڵات.

هەر هێندە باسی سیاسەتی کرد گووتی تورکیا هاوکارمان بووە لە لەناوبردنی داعش و کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادیدا ،{کە پێچەوانەکەی ڕاستە}.

ترامپ زۆر بەکورتی باسی سیستەمی مووشەکی [ئیس400]ی کرد و گووتی دانووستانی زیاتری لە بارەوە دەکەین، ئەمەش جۆریک بوو لە خۆدزینەوە لەو کەیسە هەستیارە کە پێدەچێت بیکاتە قوربانی بزنس.

هەروەها دەربارەی ئاگربەست گوتی ، لەگەڵ ئەوەی هەندێک کیشەی تێدایە، بەڵام بەردەوامە.

جگە لەمە هەندێک قسەی دیکەی هەلەق و بەلەقی کرد کە لە هیچ شوێنێکدا جێگەیان نەدەبووەو تەنها بریتی بوون لە مجامەلەی وشکی ئەردۆغان.

بەسیمای ئەردۆغاندا دیار بوو بەو قسانەی ترامپ زۆر خەنی بوو،چونکە هەموو قسەکانی ترامپ لە بەرژەوەندی ئەوبوون.

ئەردۆغانیش بە کەماڵی ئیسراحەت ژەهری خۆی ڕژاند و هەموو نەیارانی خۆی لە پەکەکە ، پەیەژە ، پەیەدەو فەتحوڵا گوولەن و لایەنی دیکەش بە تەرۆریست ناساند ، وە لەبەرامبەردا ترامپ هیچ کارادانەوەیەکی نەبوو، بەڵکو هەندێک جار وەک ڕەزامەندی سەری بۆ دەلەقاند.

سەبارەت بە لەشکرکێشیەکەی رۆژئاوایش ئەردۆغان گووتی ئەو دەڤەرانەمان لە تەرۆریست پاک کردوەتەوە و بەنیازین تا سنوری عیراق بڕۆین.

بە بۆچوونی من ئەردۆغان لەو پرێس کۆنفرانسدا سەرکەوتووبوو لە گەیاندنی ئەوەی کە دەیوست ،بەڵام دیارە ئەوە بۆ رای تورکیا بوو نەک بۆ ناوخۆی ئەمریکا و جیهان ،چونکە سەرتاپای قسەکانی درۆ و چەواشەکاری بوون.

ئەردۆغان ڕەخنەی توندی ئاراستەی کۆنگرەس کرد بەهۆی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان. گووتی ئەوە کاری میژوونووسانە نەک کەسانی سیاسی.هەر سەبارەت بەم مەسەلەیە هەندێک درۆی دیکەی کرد کە زۆر بێ مانابوون.

ئەوەی بێئومیدی کردم پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسان بوو، چاوەڕێم دەکرد بە پرسیارەکانیان هەردوو سەرۆک شەرمەزار بکەن بەتایبەت دەربارەی ئاکامە نا ئینسانیەکانی لەشکرکیشیەکەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواو هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ترامپەوە بۆ ئەو کردەیە . مەخابن یەک دوو پرسیاری لێدەرچێت کە تاڕادەیەک باش بوون ئەوانی دیکە پرسیاری ئەوتۆ نەبوون. هەندێکیان دەربارەی پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی نێوان ترامپ و سەرۆکی ئۆکرانی بوو ، کە هەر ئیمڕۆ کۆنگرەس لێکۆڵینەوەی ئاشکرای لەوبارەوە دەستپێکرد. ئەم پرسیارانە جگە لەوەی ترامپی سەغڵەت کرد هاوکات کاتێکی زۆریشی بە وەڵامدانەوەکەی بەخشی.

تەنها پرسیارێک کە لە جێگەی خۆیدا بوو ئەو پرسیارە بوو کە یەکێک لە ڕۆژنامەنووسەکان ئاراستەی ئەردۆغانی کرد ،پرسی[ دەمێک ترامپ نامەیەکی ئاگادرکردنەوەی بۆ ناردیت کە هێرش نەکەیتە سەر باکووری سوریا و پێتی گووت گەمژە مەبە ،بۆچی بەگێوێت نەکرد؟]

من دڵنیا نیم لەوەی وەرگێڕە تورکیەکە وشەی { گەمژە}ی بۆ ئەردۆغان وەرگێرا بێت ،چونکە پێدەچێت ترسابێت یا شەرم گرتبێتی ئەو وشەیە بکاتە تورکی .

لەوەڵامدا ئەرۆغان هەر هێندەی گووت من نامەکەم هێنایەوە بۆ سەرۆک ترامپ وە ئێمە دژی تەرۆر ئەو لەشکرکێشیەمان کرد.

پەیامنیرەکەی کەناڵ 24 ، دووپرسیاری ئاراستەی ترامپ و ئەردۆغان کرد.

ئەوەی ترامپ بەکوورتی بریتی بوو لە سوپاسگوزاری ئەمریکاو ترامپ لە پاراستی کوردو هاوکاری پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا. بەشی دوومی پرسیارەکەی بۆ ترمپ کە زۆر گرنگ بوو ،تێڕوانینی ئەمریکایە دەربارەی چارەسەری کێشەی کورد. ترامپ خۆی لەوەڵامی جەوهەری دزیەوەو گووتی ،پەیوەندیمان لەگەڵ کورد باشەو بەردەوام دەبین لەو پەیوەندیە.

پرسیارەکەشی بۆ ئەردۆغان ئەوەبوو[ ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ کوردی باشوور باشە ، بۆچی هەوڵنادەن هەمان پەیوەندی لەگەڵ کوردی سوریا ببەستن؟]

ئەردۆغان لە وەڵامدا گووتی ،{ئەوان تەرۆریستن و ئێمە پەیوەندی لەگەڵ تەرۆریست نابەستین. }ئەمەش وەڵامێکی چاوەڕوانکراوبوو بۆ کەسێک کە تا سەر ئێسقان دژەکوردە.

وەڵامێکی ترمپم تا ڕادەیەک بەدڵ بوو کە بەرسیڤی کچە ڕۆژنامەنووسێکی تورکی دایەوە ،کە من گومانم هەیە ڕۆژنامەنووس بێت.

ئەو کچە، مەزڵوم کۆبانی بە تەرۆریست ناساند و تەقینەوەکانی ساڵی2014 ی باژێڕەکانی تورکیای خستە ئەستۆی ئەو ،کە لە ڕاستیدا داعش بە چاوپۆشی میتی تورکی ئەنجامی دان و زۆربەی کوژراوەکان کورد بوون. ئەو کچە پرسی ئایا پەیوەندیتان دەمێنێت؟

لە وەڵامدا ترامپ گوتی ئاساییە حکومەتی تورکیا بە جۆرێکی تر بڕوانێتە هەندێک لە گرووپە کوردیەکان ،بەڵام ئەوان هاوکاری چاکی ئیمە بوون لە شەڕی داعشداو پەیوەندیمان بەردەوام دەبێت لە گەڵیاندا.

ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ ئەمەریکا ئەوەی پێ گووتین کە ترامپ لەبەر خاتری کورد دەستبەرداری ئەردۆغان نابێت ،چونکە لە ڕێگەی ئەردۆغانەوە بەتەمای بەدەستهێنانی 100 ملیار دۆلارە، کە ئەمەش بۆ ترامپ وەک بزنس مانێک گرنگترە لە سیاسەت و مافی مرۆڤ و قسەو ڕەخنەی دەزگاو ناوەند و دامەزراوە ئەمریکیەکان.

جا ئێمەی کوردی بێ پشت و پەنا دەبێ چاوەڕێ بین تا بزانین لێکۆڵینەوەکانی کۆنگرەس دەربارەی پەیوندی نا یاسایی نیوان ترامپ و سەرۆکی ئۆکرانیا بەچی دەگات. گەر توانرا متمانەی لێ بستێننەوە و لەسەر کار لایدەن{ کە ئەوە گریمانەیەکی زەحمەتە} ، ئەودەمە تا ڕادەیەک ئومێدێکی نوێ بە کورد دەبەخشێت . خۆ گەر ئەوە ڕووینەدا ئەو کاتە دەبێ بە هیوای ئەوەوە بژین کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا نەبێتەوە بە سەرۆک، چونکە ئەم ترامپە خراپترین و مەترسیدارترین و گەمژەترین و ناسیاسیترین سەرۆکە لە دیرۆکی ئەمریکادا.مانەوەی زیانی مەزنی بۆ خودی ئەمریکاو بۆ جیهانیش هەیە ،وە بە تایبەتی بۆ ئیمەی کورد.

  • 1