ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

مارتن ڤان برونەسن 

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی حەوتەم و كوتایی

لە نێو کوردەکانی رێبازی نورسوودا هۆشیارییەرکی روولەزیاد هەبوو بە گرنگیی ناسنامەی کوردییان، بە پێی بنەمای ئەو دانپێدانانەی کەوا کوردەکان بە یەکسانی مامەڵە ناکرێن لە لایەن دەوڵەتەوە یان تەنانەت لەلایەن سەرکردایەتیی بزووتنەوە باڵادەستەکانی نورسووشەوە، کە سانسۆریان خستووەتە سەر نووسینەکانی سەعیدی نوورسی و ناوە رەسەنەکەی کە سەعیدی کوردییە و هەموو ئاماژەیەکیان بە ناوی کورد و کوردستان سڕیبووەوە. سەبارەت بە گرووپەکانی مەد - زەهرا و زەهرا، قۆناخەکانی پێشتری ژیانی سەعیدی کوردی، کاتێ کە بەشداریی ئەو لە چالاکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە کوردییەکاندا بەشێکی دانەبڕاو بوو لە کەسایەتییە نموونەییەکەی و هەردوو گرووپ جەختیان لەسەر ناسنامەی کوردییان دەکردەوە – زەهرا لە چاندنی کولتووری مەدرەسەی کوردی و زمانی کوردیدا و مەدزەهراش لە دەربڕینی وابەستەیی ئیسلامیی کوردیدا بەدیاریکراوی، کە لەپاڵ سەعیدی نوورسیدا شێخ سەعیدیشی وەک ئایکۆنێک دەچاند32. زۆربەی زۆری ئەم کوردانەی رێبازی نورسوو بەئازادی قسەیان دەکرد لەبارەی خۆبەختکرنیان بۆ میللەتی کورد (میللییەت – تێرمێکە بەواتایەکی ئەرێنی لەلایەن سەعیدی نورسی خۆیەوە بەکاردێت) بەڵام ئایدیای ناسیۆنالیزمی کوردیی (milliyetçilik) رەتکردووەتەوە. بەهانە و پاساویشیان ئەو مشتومڕانە دێنێتەوە یاد کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا لەناو کۆڕ و کۆمەڵە کوردییەکاندا گەرم بووە، کە تێیدا لایەنێک هەڵگری ئایدیا و بۆچوونی نەتەوەیی سێکولار بووە و لەپێناوی سەربەخۆیی کورددا تێکۆشاوە و ئەویتر – کە سەعیدی کوردی و عەبدوڵا جەودەت پابەندی بوون – ئایدیای ناسێنتراڵی (`adem-i merkeziyetçilik) بە چارەسەر زانیوە33.

لەنێو کۆمەڵگە و کۆڕ و کۆمەڵە ئیسلامییە کوردییەکاندا، کە زیاتر و راشکاوانەتر نەتەوەیی بوون دەستپێشخەریی ئازادیی ئەم دواییەیە (Hak، Adalet ve Hürriyet için Kürdistan İslami İnisiyatifi)، کە ساڵی 2012 لە دیاربەکر لەلایەن کەسایەتییە جۆراوجۆرە پاشخان ئیسلامییەکانەوە دروستبووە. ناوی ئەم گرووپە کە ئازادییە ئیشارەتێکی بەئەنقەستە بۆ هەمان ناو کە راپەڕینەکەی شێخ سەعیدی بەرپاکرد. ئەم گرووپە لە راگەیاندنی دامەزراندنیدا ئامادەیی و ئارەزووی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاری لەگەڵ بزووتنەوە کوردییەکاندا بە بیروڕای جۆراوجۆریانەوە، لەنێویاندا حیزبوڵڵا و و تەوژمی نەتەوەی کوردیی باڵادەست و باویش34.

ئامانجە سیاسییە بنەڕەتییەکانی "ناسیۆنالیزمی ئیسلامیی" کوردی زۆر روون نین و رەنگە لە دەستە و تاقمێکەوە بۆ ئەویتر جیاواز بێت، بەڵام بۆ هەر هەموویان ئەوە هەردوک شێخ سەعید و سەعیدی نوورسی سەرچاوەی ئیلهامبەخشن. ئەمانە زۆربەی ئەندامانیان بە نەریت و رێوڕەسمی رێبازەکانی نەقشبەندی و نوورسوو فێرکردووە و ئەم دوو زاتە سەییدە بە باشترین نموونەکان دەزانن بۆ بەرجەستە کردنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورد. بەراورد بە جووڵانەوەی کوردیی باڵادەست، "ناسیۆنالیزمی ئیسلامیی" کوردی لە تورکیادا تا ئێستا لاوازە و توانای کۆکردنەوە و جووڵاندنی جەماوەری لەوە زیاتر نیە کە کۆکردنەوەیەکی ئاینی بێت. بۆ نموونە، ئەدا و خۆسەلماندنی هوداپار لە هەڵبژاردنەکاندا ئەوپەڕی لاوازە و بەراورد ناکرێت بە پارتی باڵادەستی پشتیوانی کوردەكان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەراورد کردنێک لەگەڵ کوردستانی عێراقدا ئەوە دەردەخات کە کۆڕ و کۆمەڵی "ناسیۆنالیستە ئیسلامییەکان" توانای گەشەکردنیان هەیە.

هەردوک کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کە لە پەڕگرترین و پەراوێزکەوتووترین تەوژمی ئیسلامییەوە پەرەیانسەندووە، هەوڵدەدەن و بەدوای رێککەوتندا دەگەڕێن لەگەڵ دامودەزگای سیاسیی کوردستانی عێراقدا بۆ ئەوەی بەشداربن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمە کوردییەکەدا. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2009 دا، یەک لە دوای یەک رێژەی 4 و 6 لە سەدی دەنگەکانیان هێنا و لە ساڵی 2013 دا، رێژەی دەنگەکانیان بەرزکردەوە بۆ 6 و 10. ئەڵبەتە کاریگەریی ناڕاستەوخۆی زۆریان داناوە لەسەر توێژە باوەڕدارەکەی خەڵکەکە و ئیدیعای ئەوە دەکرێت کە نزیکەی 80 لە سەدی فەرمانبەرە ئاینییەکان (مەلاکان) سەر بە کۆمەڵ و یەکگرتوون.

شایانی باسە کەوا هەموو گرووپە ئیسلامییەکانی کە ئەندامەکانیان کوردن بەرەو هۆشیارییەکی بەهێزی ئیتنیکی کوردیی بەهێز و "ناسیۆنالیزمێکی ئیسلامیی" پەرەیان نەسەندووە. لە هەر بەشێکی کوردستاندا، زۆرێک لە دەستە و تاقمی سەلەفی و ئیخوانی هەن کەوا بە هیچ شێوەیەک پەیوەندییان نیە بە مەسەلەی نەژاد و نەتەوەوە. رەنگە ئەم گرووپانە ژمارەیەکی زۆری شوێنکەوتوویان نەبێت بەڵام کاریگەریی گەورە دادەنێن لەسەر پەرەسەندنە سیاسییەکان. هیچکام لە تاقمی سەلەفییەکان لە کوردستانی تورکیادا، بە تاقمی نورسو و تەریقەتی جۆراوجۆرەوە (بێجگە لە زەهرا و مەد- زەهرا) بە "میللی" ماونەتەوە بە چەمک و مانای میللیی گوێرویش، بە توندی دڵسۆزی ئەکەپەن AKP و ناسیۆنالیزمی ئیسلامی و هەروەها سێکولاریش دەدەنە دواوە.

تێبینییەکانی ئەنجامگیری

حاڵی حازر، مشتومڕی گرنگی ئایدیۆلۆجی و ململانێی دەسەڵات لە نێو کوردەکاندا ململانێی جۆرەکانی ناسیۆنالیزمە کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پدک) و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نوێنەرایەتیی دەکەن. لە سووریا و تورکیادا، ئەو جووڵانەوانەی کە پەیڕەویی چەمک و تێگەیشتنی پەکەکە دەکەن لە خۆڕێبەریی دیموکراتی و کۆنفیدراڵیزم کە زاڵ و باون، بەڵام لە هەردوولادا گەلێ لە گرووپ و تاکەکەسان هەن کە پەکەکە و بیروبۆچوونی دەدەنە دواوە لەبارەی سەرلەنوێ رێکخستنەوەی کۆمەڵگا و روویان لە (پدک)ە وەک تاقە ئەڵتەرناتیڤ و هێزی کاریگەر و تەواو. ئەمە لە تورکیادا، پاشماوەی ئەو بزووتنەوە سیاسییە کوردانەی پێشوو دەگرێتەوە و هەروەها ئەوانەی کە لە پەکەکە جیابوونەتەوە، بە هەمان شێوە زۆرێک لەوانەش کە من ناوی "ئیسلامییە نەتەوەییەکانم" لێنابوو. مەسعود بارزاني، وادادەنرێت کە سەرکردەیەکی موحافزەکار و خاوەن ئەقڵییەتێکی ئاینییە لە هەر سەرکردەیەکی تری سیاسیی کورد زیاتر پەسەند کراوە لەلایەن دواین گرووپەوە کە باسی لێوەکرا. 

پێدەچێت بایەخی روولەزیادی ئیسلامی و گرووپە ئیسلامییەکان لە ناو کورددا کاریگەریی فرە رەهەندیان هەبێت لە سەر جووڵانەوەکانی شوناس و ناسیۆنالیزمی کوردی. لەلایەکی ترەوە بزووتنەوە کوردییە سێکولارەکان ناچار بوون هەندێک ئاماژەی سیمبۆڵی بنوێنن کە گوتاری ئیسلامی و بەها موحافزکارەکانیان پێ پەسەندە و ئەمەش بەرۆڵی خۆی رەنگە ببێتە هۆی هەندێک فشار لەسەر کەمینە غەیرە سوننییەکاندا.

لە كوردستانی عێراقدا، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی کە لە ژێر دەسەڵاتی (پدک)دایە، بوونی ئیسلام لە ژیانی گشتیدا بایەخێکی گرنگی پەیداکردووە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی روولەزیاد بەها و پێوەرە موحافزکارەکان بەسەریاندا زاڵ دەبن. لەکاتێکدا کە لە رابوردوودا یەزیدی و کاکەیی و کەمینە ئاینییەکانی تر بێ هیچ گومان و دوودڵییەک بە کورد دادەنران، بەڵام لە ئێستادا مەسەلەکە وانەکەوتووەتەوە و تەنانەت لەپێش داگیرکردنی شنگالیش لەلایەن داعشەوە، پەیوەندیی نێوان یەزیدییەکانی شنگال و پدک گرژیی تێکەوتبوو. تا ئێستاش کاکەییەکان بەچاکی تێکەڵی دامودەزگا سیاسی و سەربازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن، بەڵام رەنگە بەهێزبوونی ئیسلامی سوننی لە ناوچەکەدا ببێتە مایەی ورووژاندنی نیگەرانی و گومان لە ناو ئەم کەمینەیەدا لەبارەی پاشەڕۆژیانەوە لەناو کورددا، بە دەردی ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە ناو کەمینە بچووکتر و لاوازترەکەی کۆمەڵگەی شەبەکدا.35

لە تورکیادا پارتی گەلی دیموکراتی (هەدەپە HDP) دەستیکردووە بە دیالۆگ لەگەڵ دەستە و تاقمە ئیسلامییە چالاکەکان لە کوردستاندا، بەڵام هەر بە توندوتۆڵی بە سێکولار ماوەتەوە و لەهەمان کاتیشدا لایەنگرانە یەزیدی و عەلەوییەکانیشی تێدا چالاک و گەرموگوڕن. بەهەرحاڵ، هێزە گەشەکردووەکانی جووڵانەوە ئیسلامییەکان لە ناو کورددا رەنگە سەربکێشێتەوە بۆ لێکتر دوورکەوتنەوەی نێوان عەلەوی و یەزیدییەکان لەلایەک و سوننە لەلایەکی ترەوە. لەلایەنی تیۆرییەوە، پێویستە ئایدیاکانی پشت نەتەوەیی (پۆست ناسیۆنالیزم) کە خۆیان دەبیننەوە لە ناسێنتراڵیزمی دیموکراتیی رادیکاڵ و دیموکراسیی میللیدا، کە بزووتنەوەی باڵادەستی کوردی پەیڕەویی دەکات، بەتواناتر بێت لە باوەش کردنەوە بۆ ئەو ناسنامە جیاوازانەی بەندن بە ئاین و زمانەوە بێئەوەی هیچکامێکیان ملکەچی ئەویتر بێت. بەڵام رەنگە بۆ زۆرێک زەحمەت بێت کە دەستبەرداری رەچاوکردنی نەتەوەپەرستیی کۆن (بەڵام مۆدێرنە) ببێت لەو ناوچانەی بە باشی دەستنیشان کراون و سنووری ئیتنۆ – نەتەوەییان روون و ئاشکرایە.

 

  • 1