ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

مامۆستا ڕەوەند/ لەبەر تۆ نەبێت لێرە کێ من دەناسى .. !!

رەوەند (بەشی دووەم)

شەو دوای کۆبوونەوەکەی هاوڕێ (ئەبو فارووق) لەگەڵ (د. قاسملۆ و د. سادق شەرەفکەندی)، ئاگاداری کردم کە بەیانی بۆ ڕاژان دەچین، بۆ دیدار لەگەڵ پارتیدا، بەیانی برادەرانی حزبی دیموکراتی کوردستان–ئێران سوارڕۆیەکیان ئامادەکرد و بەرەو خانێ بەڕێکەوتین، ماوەیەک بەبێ وەستان بەرەو شارۆچکەی خانە ڕۆیشتین، لێخوری سوارڕۆیەکە ئاگاداری کردین کە ناتوانێت بۆ ناو خانە بڕوات، لەبەرئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران دابوو. گوتی لەم ئاوە بپەڕنەوە و دەگەنە گوندی شیناوە، شیناوە گوندێکی گەورەیە، لەتەک شارۆچکەی خانەیە، بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی لێبوو، لە ماشێنەکە دابەزین، هاوڕێ (ئەبو فارووق) گوتی تۆ بچۆ بۆ لای (زەعیم عەلی) کە بەرپرسی بارەگاکەی پارتییە و ئاگاداری بکە کە هاتووین، هاوڕێیان لە شوێنەکەی لە ماشێنەکە دابەزین، مانەوە، منیش بەرەو بارەگاکەی پارتی ڕۆیشتم، بەبێ گیروگرفت و بێ ئەوەی تووشی پاسدارببم، گەیشتمە لای بەڕێز (زەعیم عەلی) کە ئێستاکە پلەی فەریقە، بەگەرمی پێشوازی لێکردم، ماوەیەکی زۆر بوو یەکترمان نەدیبوو، شادبووم کە دیتم (زەعیم عەلی) وەکو جاران پاک و خاوێن و ڕێکوپێکە و ورە بەرزە و وەکو جارانی هەولێرییانە ئاخاوتن دەکات. ئاگادارم کرد کە هاوڕێ (ئەبو فارووق) و دوو پێشمەرگەی لەگەڵدایە و چاوەڕوانی ئێوەیە بۆ ئەوەی ماشێنێکی بۆ ڕەوانە بکەیت و بیگەیەننە بارەگا بەسەلامەتی، گوتی بەسەرچاو. من چاوەڕوانی هاوڕی (ئەبو فارووق) بووم، دیار بوو لەلایەن (م . س)ی پارتی ئاگادار کرابوو، ئاگاداری کاک (زەعیم عەلی)م کرد، کە هاوڕێ (ئەبو فارووق) دوو پێشمەرگەی بە چەکەوەی لەگەڵدان، گوتی ئاسانە و خەمت نەبێت، زەعیم عەلی دوای هەواڵپرسینی تەندروستی هاوڕێ (ئەبو فارووق) و هاوڕێیانی تر، گوتی نیوەڕۆ لای من دەبن و پاشان بەسەرچاو ڕەوانەی ورمێتان دەکەین، ناوەکانمان و جۆری چەکەکانیان وەرگرتین، بەرگەی هاتوچۆیان بۆ ئامادە کردین، دوای پشوودان و نان خواردن، بەسوارڕۆیەک بەرەو ورمێ بەڕێکەوتین، گەیشتینە شاری ورمێ، کاتژمێر چواری دوای نیوەڕۆ بوو، هاوڕێ (ئەبو فارووق) گوتی؛ ئێستاکە ئەگەر بچینە ڕاژان کاتەکە درەنگە و لەوانەیە برادەرانی پارتی لەوێ نەبن و کاریان هەبێت، بۆ ئەوەی نەبینە بارگرانی بەسەریانەوە شەو لە ورمێ بین و بەیانی بۆ ڕاژان دەچین، گوتم هاوڕێ (ئەبو فارووق) ئەمر دەکەی، پێکەنی و گوتی ئەمە لەکێ فێربووی، گوتم بەخوا منیش حەزم دەکرد شەو لێرە بین، کە تۆ وات فەرموو، زۆر شاد بووم، ئەمجارە هاوڕێ (ئەبو فارووق) تەواوێک پێکەنی، گوتی ئەم جارە فەرمووت زیادکرد دەبێ جارێکی تر چ بڵێیت؟ تێگەیشتم کە تەواو بوو، دەبێت کۆتایی بەم قسانە بێنم، چووینە ئوتێل (زیبا) و ماوەیەک پشووماندا. هاوڕێ (ئەبو فارووق) گوتی بەرنامەتان چییە و چی دەکەن؟ گوتم پێشنیار دەکەم بچینە گەرماو، گەرماوی ورمێ زۆر خۆش و پاک و خاوێن و باشە، پاشان دەچینە ناو بازاڕ و ئەگەر پێویست بوو نان دەخۆین، گوتی ئێوە بۆ گەرماو بچن من لە ئوتێل دەبم، بۆ خۆتان نانیش بخۆن، خەمی منتان نەبێت... گوتم منیش ئارەزووی گەرماوم نییە، با هاوڕێ (ملازم گۆران و سەربەست) بۆ دەرەوە بچن، چۆن دەبێ منیش بچمە گەرماو و هاوڕێ بە تەنیا لە ئوتێل بێت؟ شەو هاوڕێ (ئەبو فارووق) گوتی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ مەسەلەی دەرهێنانی گۆڕی بارزانی پێک دێنین، تۆ لە لێژنەکە نوێنەری حزب دەبی، گوتم باشە، لێژنەکە لەکێ پێک دێت؟ هاوڕێ (ئەبو فارووق) گوتی لێژنەکە لە نوێنەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی سۆشیالیست و پارتی و حزبمان پێک دێت، بۆ مەسەلەی پێکهێنانی لێژنەکە بۆ لای پارتی دەچین، بۆ ئەوەی ڕەزامەندییان وەربگرین، بەیانی ئامادە بووین و کاتژمێر دەی سەر لەبەیانی بەسوارڕۆیەک بەرەو بارەگای پارتی ڕۆیشتین، بارەگایەکە لەدەرەوەی گوندی ڕاژان بوو لە ژمارەیەک چادر (خیوەت) پێکهاتبوو، بۆ لای حەرەسەکان چووم و ئاگادارم کردن، کە ئەوە هاوڕێ (ئەبو فارووق)ەو بۆ لای برادەرانی مەکتەبی سیاسی هاتووە، پێشمەرگەکە گوتی بەسەرچاو فەرموون، دیار بوو ئاگادار کرابوون، بەسەردانەکەی هاوڕێ (ئەبو فارووق) بۆ لای سەرکردایەتی پارتی، بەرپرسی پێشمەرگەکانی پارتی یەکسەر هاوڕێ (ئەبو فارووق) منیش لە تەکیدا بۆ چادرەکەی کاک (ئیدریس بارزانی) بردین، کاک (ئیدریس بارزانی) بەڕێزەوە پێشوازی لێکردین، دوای پشوودان لەگەڵ هاوڕێ (ئەبو فارووق) باسی بارودۆخی سیاسی و بەرەکانی شەر و پاشان مەسەلەی پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوەیان کرد، لەم بارەیەوە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد، کاک (ئیدریس بارزانی) گوتی پێکهێنانی لێژنە و چۆنیەتی بەشداری پارتی لە لێژنەکەدا، بەباشی دەزانم لەگەڵ کاک (مەسعوود) باسی بکەن و ڕێک بکەون، چووینە لای کاک (مەسعوود بارزانی)، هاوڕێ (ئەبو فارووق) بەدرێژی باسی سەردانەکەی بۆ لای دکتۆر (قاسملۆ) و ڕا و بۆچوونەکانی خستەبەر دیدی بارزانییەوە، هەروا باسی مەسەلەی پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوەی کرد، کە لە حزبی دیموکرات و حسک و حشع و گرنگە نوێنەری پارتیشی تێدابێت، لەهەمان کاتدا ئەرکەکانی لێژنەکەی باس کرد، پاشان کاک (مەسعوود بارزانی) هەموو لایەکانی ڕووداوەکەی خستە ڕوو، (لەم نووسینەدا بیروڕایەکانی هەردوولا جێگای باس نییە)، لە کۆتایی گوتەکانیدا کاک (مەسعوود بارزانی) گوتی ئێمە نوێنەر بۆ لێژنەی لێکۆڵینەوە نانێرین، با ڕەوەند لە لێژنەکە نوێنەری پارتیش بێت، هاوڕێ (ئەبو فارووق) سەیرێکی منی کرد و لێی پرسیم چی دەڵێیت؟ گوتم ئەو ئەرکە، واتە نوێنەرایەتی پارتی کارێکی گرانە و ئەنجامدانی زەحمەتە و ناکرێت... کاک (مەسعوود بارزانی) گوتی ئێستاکە تۆ ڕای ئێمە و داواکانمان دەزانی، لە لێژنەکەدا ڕایەکان بخە ڕوو، داواکانیشمان ڕوون بکەوە، من ڕازیم نوێنەرایەتی ئێمە لەم لێژنەیە بکەیت، هاوڕێ (ئەبو فارووق) گوتی باشە، هاوڕێ (ڕەوەند) ئەرکی تۆ دیارە ڕایەکانی کاک (مەسعوود) بخە ڕوو، لەگەڵ داواکارییەکان بۆ ئەندامانی لێژنەکە باسی بکە... بەم شێوەیە هاوڕێ (ئەبو فارووق) و کاک (مەسعوود بارزانی) لەسەر پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە ڕێککەوتن و نوێنەری حزبی شیوعی دەبێتە بەرپرسی لێژنەی لێکۆڵینەوە... بەیانی لەگەڵ کاک (بارزانی مەلا خالید) کە نوێنەری حسک بوو بۆ شنۆ دەچین .

تێبینی:- لە بەشی یەکەمدا لە کۆتایی بابەتەکە هاتووە؛ مامۆستا (عەبدولڕەحمان زادە) ڕاستییەکەی مامۆستا (عەبدوڵا حەسەن زادە)یە .

 

  • 1