بڕیاردانی مافی چارەنووس و سەربەخۆیی کوردستان بەڕێگەی جیابوونەوەو دامەزراندنی دەوڵەت بیرێکی دێرینەو کەی دەبێت بە ڕاستییەکی هەستپێکراو؟
با نەکەوینە درێژەی باسی مێژویی و چونێتی دروستبوون و پەرە سەندنی ئەو بیرۆکەیەی سەرەوە تا گەیشتنی بە ئەمڕۆ.
با بەشەکانیدیکەی کوردستان لێگەڕێین با گەڵانی کوردستان لەو بەشانە خۆیان شێوازی هەڵسوڕان و ریبازی خۆیان بڕیار بدەن و دەستنەخرێتە کاروباریانەوەو رۆڵی هەر بەشێک بۆ بەشەکانیتر بریتیبێت لە دووخاڵ:
یەکەم: یارمەتی و پشتیوانیی خەباتیان بە هەر شێوازێکی گونجاو.
دووەم: هاوکاری و پشتگیرییان لە تێکۆشانی رزگاریخوازی و هەموو چالاکییەکی تیکۆشەرانەیاندا.
لە باشووری کوردستانیش کە گەل و هێزو حیزب و بزوتنەوەکانی ئەم بەشە خاوەن بڕیارن و بەشەکانی دیکەی کوردسانیش بەهەموو شێوازێکی گونجاو یارمەتیدەروهاوکاریانبن.
ئینجا ئەگەر بە وردی رووداوو بارودۆخی عێڕاق و باشوری کوردستان بخوێنینەوەوسەرنجی هەڵسوڕان و چالاکییەکانی هەندێ لایەنی دەرەوەو ناوخۆ بدەین دەگەینە چەند خاڵێکی گرنگ:
- باری سیاسی و ئابوری وکۆمەڵایەتیی و بارودۆخی دیکەی عێڕاق زۆر ئاڵۆزو شڵەژاوەو ڕاپەڕینی ئاشتیخوازانەی گەڵ بەردەوامەو لەشێوازی خۆپیشاندانی سەرانسەریی بەغداو گەلێک شارو شارۆچکەی عێڕاق درێژەیان هەیەو، لەسەرەتاوە هەندێ داخوازیی جەماوەریی ڕەوای سیاسی و ئابوری بۆ باشکردنی باری بژیوی ئەو خەڵکەو کەمکردنەوەی بێکاری و رێگرتن لە گەندەڵی و دزی و، دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆو پەیمانگەکان و، هەندێ داوای چاکخوازیی گەیشتە ئاستی داوای روخاندنی حکومەت و، رێژیمەکەو دامەزراندنی رێژیمێکی نوێ لەسەربنەمای ئازادی و دیموکراسی و مافی رۆڵەکانی گەل لە ژیانێکی باش و هێنانەدیی ئاستێک لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی. بەڵام حکومەت و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی هەر لەسەرەتاوە خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانەی کۆمەڵانی جەماوەریان دایە بەر شەپۆلیکوشتار بەگازیفرمێسکڕێژو تەقەی چەکی جۆربەجۆرو لێدان و شاڵاوی گرتن و ئازاردان. ئەم تاوانە گەورەیەش زۆرتر جەماوەری ڕاپەڕیوی توڕەو بێزارترکردو وێڕای بریندارکردن و کوشتنی هەزاران هاونیشتیمانی،خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەیە.
- دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیم ومیلیشیای چەکداری دەوڵەتانی هەرێمەکە لەناو عێڕاقدا لەکاردان دژی خۆپیشاندانەکانی گەلی ڕاپەڕیوی عێڕاق.
- من پێموانییە هیچ کام لەم حکومەتانەی عێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە کێشەکانی نەوت و بوجەو پارێزگای کەرکوک و ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان کە ناویان ناوون ناوچە "کێشەلەسەرەکان!" چارەسەر بکەن و، پێموانییە نە ئێستاو نە لە ئایندەدا دەستورو قانونەکانیتر پەیڕەوبکەن.
- زۆر ناوەندی هێز لە ناو ڕێژیم و دەرەوەی ڕێژیم، لەناو عێڕاق و دەرەوەی عێڕاق بەتایبەتی نەیاران و دوژمنانی گەلی کوردستان ومەسەلە ڕەوایەکەی هەوڵدەدەن ڕاپەڕینەکەی گەل بە رێبازێکی چەوتدا بەرن و لەباری بەرن، بەرەو ئەو رەوتەی کە گوایە مەسەلەکە لە کەم وکوڕی دەستوردایەو دەبێت دەستکاری بکرێت و سەرلەنوێ واژۆبکرێتەوە..!تا خۆپیشاندەران سەرقاڵی کاروباری واژۆکردنەوەی دەستور بکەن بەرەو کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی دەستکەوتەکانی..!
- جا ئەگەر دەسەڵاتێک ودامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی دەست لە هاونیشتیمانی و هاونەتەوەو هاو ئاین و هاوتایەفەی خۆیان نەپارێزن و بەهەزارانیان لێ شەهیدو بریندار بکەن، ئەی چۆن چاویان بەرایی دێت سەرکەوتنەکانیگەلی کوردستان ببینن و ئەگەر هەلیان بۆ هەڵکەوێت بە چ شێوازێک لە گەلی کوردستان دەسرەوێنن، بە مەبەستی سەرکوتکردنی و زەوتکردنی هەموو سامانەکانی ژێرخاک و سەرخاکەکەی؟
لە ڕاستیدا نابێ ئێمە ئەزموونگەرو"تەجریبی" بین و کونجی چاوەڕوانی بگرین تا بزانین چیمان لێدەکەن.؟
ئەزموون و تاقیکردنەوەی رابوردومان زۆرن ودەبێ دەرس و پەندو ئەزمون و تاقیکردنەوەی نوێمان لە ڕووداوەکانی مێژومان وەرگرتبێت.
-ئاڵۆزییەکانی باری هەرێمەکەو وڵاتانی دەرەوەش کەمنین. ئەوەتا ڕێژیمی تورکیا لە سایەی چاوپۆشیی ساسژکاریی ئەمریکادا پەلاماری سەربازیی دەستدرێژکارانەی بردۆتەسەر خۆرئاڤای کوردستان و زۆرتر باری سوریای شڵەژاندووەو، لەسەر زاری سەرۆکەکەی هەڕەشەی پەلاماردانی سەربازیی عێڕاق دەکات وبە باشترین چارەسەری بارودۆخی عێڕاقی دەزانیت ومەبەستی داگیرکردنی پارێزگای موسڵ و کەرکوکی ئاشکرا کردووە کە بیانخاتە سەر تورکیا.
لە بارودۆخێکی ئاواداناکرێ چاوەڕوانی رووداوەکانبین و خوێندنەوەمان بۆ ئێستاو ئایندەی ڕووداوەکان نەبێت.
- دەبێت لەسەر رۆشنایی دەرس و پەندوتاقیکردنەوەکان هەموو خۆ تەیارو ئامادەکردنێک ئەنجامبدرێت، لە ناوەوەو دەەوەی کوردستان بۆ راگەیاندنی بڕیاردانی مافی چارەنووس، بە جیابوونەوەو دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆوە. لەکاتی دیاریکراودا،ئەمەش بە چڕکردنەوەو پەیڕەوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
- حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێم وپەڕلەمانی کوردستان هەمویان دوای گفتوگۆو دیالۆگی چڕبگەنە یەک هەڵوێست وهاوبڕیاربن.
- ئەو هەنگاوانە تەواوبکرێن کە پێویستن بۆیەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگەو ریکخستن و بەهێزکردنیان وئامادەباشییان بۆ بەرگریکردنی هەر پەلامارو دەستدرێژییەکی سەربازی بۆ سەر باشووری کوردستان و خواستی ڕەوای گەلەکەمان.
- رێکخستنەوەو ئامادەکردنی هەموو ڕاگەیاندنەکان و گشت کەناڵەکانێان کە هەموو پێکەوە بە رەوتێکی هاوبەشدا ئامادەی کاربن بەرەو سەرکەوتنی ئامانجە پیرۆزەکەی کوردستان.
- هەموو حیزبەکان وهێزو بزوتنەوەو رێکخراوەو سەندیکاکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا کۆبنەوەو پێکەوە چی پێویستە ئەنجامی بدەن ولەو کارە سەرەکییەدا بە گفتوگۆو دیالۆگ بگەنەیەک و هاوڕاو هاوبیرو هاوکاربن لەو بوارەداو بەهاوبەشی تەواویی، سەرۆکایەتی جەماوەری کوردستان بکەن، بەیەکگرتن لەگەڵ سەرۆکایەتی و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان.
- لەبواری نێودەوڵەتیدا پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی هەرێم پەرەیان پێبدرێ و لەگەڵ ئەولایەنە نێودەوڵەتیانەدا کە چاوەڕوانی هەڵوێستی ئەرێنییان لێدەکرێت، بەنهێنی و بە ئاشکرا ئەو بابەتەیان لەگەڵ باسبکرێت و داوایان لێبکرێت کە لەکاتی خۆیدا بەفەرمی دانبەبوونی چاەنووسی کوردستاندا بنرێت.
- هەر لە ئێستاوە وەک مافێکی دەستوریی هەموو هاوڵاتیەک، بیروڕای ئازاد لەبارەی پشتگیریی مافی چارەنووسی گەلەکەمانەوە، ىەشێوازی جۆربەجۆر پیشانبدرێت، بەتایبەتی لەلایەن لوبیی کوردستانییەوە لە وڵاتان کاری بۆ بکرێت.
- لە کاتێکدا ئەو مافە ڕەوایەی چارەنووسی گەلەکەمان، پاش تەواوکردنی هەموو کاروبارە پێویستییەکانی، ڕابگەیەندرێت ئەوجا زۆرلە دەوڵەتان وحکومەتەکانیان بڕیاریمافی چارەنووسی گەلەکەمان بە فەرمی دەناسن.
سەرکەوتن بۆ ئامانجی ڕەوای گەلەکەمان..!