ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لەم دوو ساڵەی دواییدا هەرچەند سەردانی سلیمانیم کردبێت هەوڵمداوە سەردانی هاوڕێی تێکۆشەرمان عیزەدین مستەفا ڕەسول بکەم، و دوای هەر سەردانێکیش مەترسی ئەوەم هەبووە کە مەرگ زەفەری پێ ببات و لە چرکەیەکدا ماڵئاوایمان لێ بکات، بەتایبەتی کە نەخۆشی کارتێکردنی خۆی بەسەر جەستەیدا نەک بەسەر هزر و هۆشیدا جێهێشتبوو. لە هەر سەردانێک د. عیزەدین کۆمەڵێک زانیاری لە بواری مێژووی کوردستان و مێژووەی حزب و یادگاری شۆڕشگێڕی و زانیاری بواری زمان و ئەدەب بۆمانی هەڵدەڕشت و من و ئەو هاوڕێیانەی لەگەڵمدا بوون وەک شاگرد و قوتابییەک دەمانویست زیاتر زانیاری لە مامۆستاکەمانەوە فێربین، و هەستمان بە ڕۆیشتنی کات لەو دانیشتنانەدا نەدەکرد، و هەردەم خۆزگەمان بە زیرەکی و بیری تیژی هاورێ عیزەدین دەخوازت، و لە کۆتایی هەر دانیشتنێکدا دەیگوت من ئابوونەی حزبیم داوە، و بۆ گاڵتە و خۆشی دەیگوت بەڵام لێپرسراوە حزبییەکەم باش نییە.

یەکەم جار کە لەگەڵ هاوڕێ د. عیزەدین گفتگۆی ڕاستەوخۆم هەبوو، دوای ڕاپەرینی 1991 بوو کە لە ماڵی هاورێ کەریم ئەحمەد لە شەقڵاوە بوو، و قاچی دکتۆر لە ماوەی ڕاپەریندا تووشی شکستی ببوو. ئەو کاتە من سەرنووسەری ڕێگای کوردستان بووم، و بۆ بابەتی سەروتار سەردانی هاورێ کەریم ئەحمەدم دەکرد و پێش بڵاوبوونەوەی ژمارەی نوێی ڕۆژنامە، سەروتارەکەم بۆ دەخوێندەوە و تێبینییەکانی بەرێزیانم وەردەگرت. هاورێ دکتۆر عیزەدین کە گوێی لە بابەتەکە دەگرت تێبینی سیاسی و زمانەوانی خۆی پێدەدام. هاورێ دکتۆر جگە لەوەی کەسێکی ئەکادیمی لە بواری زمان و ئەدەبی کوردی و عەرەبی، و شارەزایی لە بواری زمانی فارسی و رووسی هەبوو، رۆژنامەنووسێکی خاوەن ئەزموون و شارەزا بوو. ماوەیوک لە ساڵانی شەستەکاندا لە ڕۆژنامەی ئازادی و دواتر لە ئێزگەی شۆڕش شوێن دەستی دیاربووە. جگە لە کتێبی یواری ئەدەب و کەلتوور لە بواری ڕۆژنامەکەیدا هەردەم وتارەکانی ڕۆژنامەی ئازادی دەڕازاندەوە، و یەکێک لە کارە رۆژنامەنووسییەکانی ئەو بەداواداچوون و ڕاپۆرتە رۆژنامەگەرییەیە کە وەک رۆژنامەنووسێکی پێشمەرگە و ئاگادار لە ڕێڕەوی ڕووداوەکان کە تیایدا ژیاوە، سەبارەت بە داستانی هەندرێن لە ساڵی 1966 نوسیوێتی، و دەستنووسەکەش کە چەندین ساڵ بوو لای خۆی نەبوو، توانیم لە ساڵی 2018 پەیدای بکەمەوە و بۆم برد، و هیوادارم لە ماوەیەکی نزیکدا وەک نامیلکەیەکی مێژوویی گرنگ چاپ بکرێت.

هەرچەندە وەکو گوتم لە دوای ڕاپەڕینی 1991 ڕاستەوخۆ گفتوگۆم لەگەڵ دکتور هەبوو، بەڵام دەنگوباسی دکتۆر جگە لە کەسایەتییەکی ئەکادیمی ناسراو، وەک تێکۆشەرێکی شیوعی خاوەن هەڵوێست لە هەلومەرجی کاری نهێنیدا دوای 1980 بۆ من ناسرابوو، ئەمەش لە لایەن هاورێی و خاڵۆزام شەهیدی شیوعی مهەندیس نەبەز موتابچی کە لە 1985 لە لایەن رژێمی بەعسەوە لە ئەبوغریب لە سێدارە درا.

کاتێک تەماشای کاروانی ژیانی د. عیزەدین دەکەی ڕاستەوخۆ ئەو پێناسەیەی گرامشی سەبارەت بە ڕۆشنبیری ئۆرگانی بەسەر ئەم کەسایەتییە شۆڕشگێرییە جێبەجێ دەبێت. ئەم کاروانە لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو بە پشتبەستن بە پاشخانی پەروەردەیی نیشتمانی خێزانی و ڕێنماییەکانی باوکی مەلا مستەفا ڕەسولی دێلێژەیی و هەڵوێستە نیشتمانییەکانی، دەستپێدەکات، و لە ڕاپەرینی کانوونی 1948 بە بەشداری کاریگەرانە قوڵتر دەبێتەوە، و ڕێبازی شیوعیەت و کوردایەتی بەیەکەوە گرێدەدات، و هەڵوێستەکانی وەک تێکۆشەرێک و کەسایەتییەکی نێونەتەوەیی و کوردستانی گەڵاڵە دەبێت، و ئەم کەسایەتییەی لە سەرجەم وێستگەکانی ژیانی لە بەندیخانە و لە تاراوگە و لە شام و لە کاتی خوێندن لە ڕووسیا کە باڵاترین بڕوانامە لە بواری تایبەتمەندی خوێندنەکەیدا بەدەست دەهێنێت، و دواتر لە چیاکانی کوردستان وەک پێشمەرگەیەک و لە هۆڵی وانەوتنەوەی زانکۆ وەک مامۆستایەک و دواتر لە سەرۆکایەتی یەکێتی نووسەرانی کورد، و لە کار نهێنی تا ڕاپەڕینی ئاداری 1991، و وەک پەرلەمانتاریکی خاوەن هەڵوێست، هەردەم وەک تێکۆشەرێکی نموونەیی، دیار بووە.

مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی و تێکۆشان بۆ مافی بریاردانی چارەنووس و باوەڕبوون و کارکردن بۆ سەربەخۆیی بنەمای سەرەکی هزری د. عیزەدین بووە. ئەم بنەمایەی بە ناکۆک نەزانیوە لەگەڵ باوەڕبوونی بە بیری کۆمۆنیستی کە هەردەم بە شانازییەوە باسی ئەندامێتی لە حزبی شیوعی دەکرد، و کاتێکیش کە یەکێتی سۆڤیەت و ئەزموونی سۆشیالستی لەو وڵاتە هەرەسیهێنا، هەڵوێستی دکتۆر عیزەدین ئەوە بوو کە ئەزموونێک ڕووخاوە، بەڵام هزری مارکسیەت و بیری کۆمۆنیستی هەرەسی نەهێناوە، و بە ئێمەشی ڕادەگەیاند کە تەنانەت ئەگەر بە تەنیا بمنێتەوە ئاڵای کۆمۆنیستی بەرزدەکاتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا لە کاتی سەردانکردنیدا کە باسی ئەزموونی سۆشیالیستی لە چینم بۆ دەکرد، بە ئاسۆیەکی گەشبینییەوە دەیڕوانییە ئەم ئەزموونە، کە دیسانەوە ئاماژەکردنە بەوەی ئاڵای سۆشیالیستی و مارکسیەت لە جیهاندا کۆتایی نایەت و بەردەوامبوونی هەیە.

لە دوای ساڵانی 1991وە هاورێ دکتۆر لە ژمارەیەکی کۆنگرەکانی حزبی شیوعی کوردستان و حزبی شیوعی عێڕاق بەشدار بوو. خەمخۆری بۆ هزری مارکسیەت و بۆ مافەکانی گەلی کوردستان و دیموکراسی بۆ عێراق لە سەرجەم ئەو بابەتانەی کە لە کۆنگرەکاندا پێشکەشی دەکرد، ڕوون بوو.

لە ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، ئەوەی لێی دەترسیان ڕووی دا و نەخۆشی زەفەری برد و هاورێی تێکۆشەر پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول ماڵئاوایی لێکردین، و بەم جۆرە گەنجینەیەکی گەورەی زانست و ناودارێکی گەلی کوردستان و رۆشنبیرێکی پێشکەوتنخوازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و تێکۆشەرێکی شیوعی، بۆشاییەکی گەورەی بەجێهێشت و هەرچەندە گەلی کوردستان و حزبەکەی دکتۆر عیزەدین نەزۆک نین، بەڵام جێگای ئەم تێکۆشەرە مەزنە بە ئاسانی پڕ نابێتەوە. 

 

  • 1