ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

1

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی كابینەی پێشوی حكومەتی هەرێم لە دواین رۆژەكانی تەمەنی رێنمایی ژمارە (2)ی تایبەت بە راِدیۆ و تەلەفزیۆنی دەركردووە بە بیانوی باشتركردنی راِپەراندنی كاری میدیایی بەتایبەت لە بوارەكانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن ؟

رێنماییەكە لە حەوت خاڵ پێكهاتووە بەڵام مەبەستی سەرەكی كۆی رێنماییەكە خاڵی سێیەمینە كە تیایدا هاتووە " لە كاتی پابەند نەبوون بە یاساو رێنماییەكان و ناوزڕاندن و سوكایەتی بەخەڵك و ڕەمزەكانی بزافی ڕزگاریخوازی كوردستان و بڵاوكردنەوە و هاندانی خەڵك بۆ گێرەشێوینی و توندوتیژی، وەزیری رۆشنبیری و لاوان بۆی هەیە بۆ جاری یەكەم كەناڵەكە دابخات بەمەرجێك لە (72) حەفتاو دووسعات زیاتر نەبێت و جاری دووەم لە هەمان ساڵ هەفتەیەك زیاتر نەبێت و جاری سێیەم لە هەمان ساڵ یەكجاری كەناڵەكە دادەخرێت و جارێكی دیكە بەم ناو و لۆگۆیە مۆڵەتی پێ‌ نادرێتەوە ." ؟!

ئەم خاڵە تەڵەیەكە بەناوی رێنمایی و یاساوە بۆ داخستنی هەركەناڵێكی راگەیاندن كە رۆژێك لە رۆژان بتوانێت رای گشتی لەسەر هەربابەتێك بگوازێتەوە و دروستبكات .

ئەگەر دیقەتی وشەكانی ناو خاڵی سێیەم بدەین وەك (ناوزڕاندن و سوكایەتی و بڵاوكردنەوە و هاندانی خەڵك بۆ گێرەشێوینی و توندوتیژی ) زۆر لێزانانە بەشێوەی لاستیكی جێگیركراوە لەو رێنماییەدا هەر قسەو كردارێكیان بە دڵ نەبێت دەتوانن بە یەكێك لەم وشانەی هاتووە بەناوی یاساو رێنمایی كەناڵەكە دابخەن، خالێكی تری ترسناك لەو رێنماییەدا ئەوەیە وەزیری رۆشنبیری رۆڵی دادوەری پێدراوە، بۆ داخستنی هەركەنالێكی راگەیاندن پێویست بە دادگا ناكات، فەرمانێكی وزاری و بەپێی تەقدیری جەنابی وەزیر دەتوانێت بە یەكێك لەم وشە لاستیكیانەی هاتووە كەناڵی راگەیاندن دابخات، ئەم رێنماییە لە لایەكی تریش پێچەوانەی یاسای ژمارە (35) رێكخستنی رۆژنامەوانییە چونكە لە یاسای كاری رۆژنامەوانی توندترین سزا پێ‌ بژاردنە و بەهیچ شێوەیەك داخستنی كەناڵی تێدانییە.

2

دەركردنی رێنمایی ژمارە (2) لە كاتێكدایە ماوەیەكە ژمارەیەك لە رۆژنامەنووس بە پاڵپشتی سەندیكای رۆژنامەنووسان خەریكی پرۆژەیەكن بەناوی دامەزراندنی (ئەنجومەنی باڵای ڕاگەیاندن ) ئەو كارە تا بەئێستا لە چوارچێوەیەكی بەرتەسكدا ئەنجامدراوە، پرۆژەیەكی ناروونە، مەترسی هەیە درێژكردنەوەی دەستی زیاتر حزبەكان بێت لەناو كاری میدیا و كاری سەندیكاكان، ئەمەش بۆ كاری خۆ رێكخستن و فراوانكردنی ئازادی رادەربرین هیچ لە دۆخەكە ناگۆرێت . ئەمرۆ لە هەمووكات زیاتر هەرێمی كوردستان پێویستی بە رێكخستنی میدیای نوێ‌ و دابینكردنی مافەكانی رۆژنامەنووسانە دژ بەو پێشێلكارییانەی دەكرێتە سەریان لە لایەكی تر دابینكردن و رێكخستنی ژیانیانە لە چوارچێوەی گرێبەستی كارو دابینكردنی بیمە كۆمەڵایەتییەكانە نەك ئەنجومەنێك بە ئاراستەی فشاری زیاتر لەسەر رۆژنامەوانان .

3

لە هەلومەرجی ئەمرۆماندا رۆژنامەوانان پێویستیان بە خۆرێكخستنێكە تا لە رێگایەوە ئاسایشی ئابوڕی وئاسایشی كەسیان بپارێزرێت لە بەرامبەر ئەو هەرەشەو پێشێڵكاریانەی رۆژانە رووبەرووی ئاسایشی ئابوری و كەسیان دەبێتەوە ، تابە ئێستاش تۆمەتبارانی كەیسەكانی كوشتنی رۆژنامەنوسان لە دەرەوەی یاسادان و دیزە بە دەرخۆنەكراوە، هەر لەم چەند هەفتەیەی رابردوو چەندین رۆژنامەنووس بەهۆی كاری رۆژنامەوانییەوە لە دەرەوەی یاسای كاری رۆژنامەنوسی دراونەتەدادگا؟! ئەوەی روودەدات لە یەككاتدا پێشلكاری زەقە دژبە مافی رۆژنامەنوسان و یاساش .

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو چەندین كەمپین و نارەزایەتی ئەنجامدرا دژ بە دیاردەی "هەڵاتن لە سزا"و پێشێلكارییەكانی سەر ئازادی رادەربرین بەڵام تا بەئێستا پرسی ئازادی رادەربرین لە چوارچێوەی مافە سیاسی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو بابەتانەی رۆژانە رووبەرووی پێشێلكاری یاسایی و نا یاسایی دەبێتەوە، ئەوەشی ئێستا روودەدات بە ئاراستەی تەراجوعی زیاترە لە ژێر عینوانی جیاوازدا .

  • 1