ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ :

(محمه‌د پاشای جاف ) تا (نوخشه‌ ناصیح ) .

دانپیانانێکی تاڵ!

سه‌دو په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ر واته‌ ساڵی 1869 له‌لایه‌ن ده‌ولچه‌تی عوسمانییه‌كانه‌وه‌ بڕیاری به‌ قائیمقامیه‌تی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و (محه‌مه‌د پاشای جاف ) ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین قائیمقامی ئه‌م شاره‌ . وه‌ له‌ساڵی 2016 پاش تێپه‌ڕبوونی سه‌دو چل و حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر دانانی یه‌كه‌مین قائیمقامی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌بڕیارێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خاتوو (نوخشه‌ ناصیح ) ده‌بێته‌ په‌نجا و حه‌وته‌مین قائیمقامی شار كه‌واته‌ به‌درێژایی مێژووی بون به‌قائیمقامیه‌تی ئه‌م قه‌زایه‌ په‌نجاو حه‌وت قائیمقام كاری كارگێڕیی ئه‌م شاره‌یان به‌جێ گه‌یاندوه‌.

من له‌م نوسینه‌مدا نامه‌وێت به‌وردی باس له‌ مێژووی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كارگێریی شاره‌كه‌ بكه‌م ،ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه‌ گرنگ و مه‌به‌ستمه‌ ئه‌وه‌یه‌ بپرسم :

به‌درێژایی ئه‌م مێژوه‌ پڕ له‌سه‌روه‌رییه‌ له‌ ته‌واوی بواره‌كاندا كه‌ ده‌توانین بڵیین ته‌واوی سه‌روه‌رییه‌كان مایه‌ی شانازیی نه‌ته‌وه‌یمانن و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی پرشنگدارن له‌مێژووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و كارگێڕیی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا ،له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا بۆچی هه‌میشه‌ ئێمه‌ هێنده‌ی شانازی به‌ڕابردومانه‌وه‌ ده‌كه‌ین (لێره‌دا مه‌به‌ستم ڕابردویه‌كی دوره‌ نه‌ك نزیك ) بۆچی نه‌مانتوانیوه‌ ببینه‌ مایه‌ی شانازییكردن به‌ ڕابردویه‌كی نزیكه‌وه‌ كه‌ كاراكته‌ره‌كانی به‌رده‌وام بن له‌نوسینه‌وه‌ی ئه‌م ڕابردوه‌دا . 

به‌ ئیستاشه‌وه‌ كه‌ له‌ مێژووی ئه‌م شاره‌ پرسیارمان ئاراسته‌ ده‌كرێت ،ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژوی سالانی ده‌یه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوو .به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ مێژویه‌كی نزیكی ئه‌م شاره‌ پرسیارمان ئاراسته‌ بكرێت ،ڕه‌نگه‌ ده‌توانین وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌مان مایه‌ی سه‌رنج و خستنه‌ ڕووی زانیارییه‌كی به‌سود بێت بۆ به‌رامبه‌ر .

ئه‌گه‌ر ئه‌م سه‌رنجه‌ی ئێمه‌ بۆ به‌ره‌وه‌ پێشوچون و مێژووی كلتوری ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر له‌شاره‌كه‌دا بێت ئه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ش بۆ بواری ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌نانه‌ت بۆ پێشوه‌چونی سیمای شارستانیه‌ت و كارگێریی شار ڕاستر و دیار تره‌.

ئه‌گه‌ر له‌ ساڵانی ده‌یه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوو بزوتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری له‌ سه‌رده‌می زێرینی خۆیدا بوبێت له‌م شاره‌دا ئه‌وه‌ ،جوڵانه‌وه‌ی بازرگانیش به‌هه‌مان شێوه‌ بوزه‌ ،ئه‌وه‌تا مێژوی ئه‌مشاره‌ پێمان ده‌ڵێت هه‌ڵه‌بجه‌ مه‌ركه‌زی بارزرگانی ناوچه‌كه‌ بوه‌ و ناوه‌ندی گواستنه‌وه‌ و ڕێی بازرگانی نێوان (كرمانشاه‌ - بغداد و سنه‌ و پاوه‌ - سلێمانی و گه‌رمیان ) بوه‌ . له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕیی سه‌ره‌تای به‌قه‌زا بونی شار و تا كۆتایی سه‌ده‌ی ڕابردوو بكه‌ین ،قه‌ڵه‌مڕه‌ویی ده‌سه‌لاتی كارگێریی ئه‌م قه‌زایه‌ له‌سه‌رێكه‌یوه‌ پێنجوێن و له‌ولاتریشه‌وه‌ وارماوا بوه‌ ،له‌كاتێكدا ئیستا سنوری قه‌ڵه‌مڕه‌ویی كاگێڕیی ئه‌م قه‌زایه‌ تا گوندی ( قه‌ده‌فه‌ری ده‌شتی شاره‌زوره‌ ) .هه‌رچی بواری سیاسی و بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییمانه‌ به‌ شكڵیك كاریگه‌ریی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ له‌شاره‌كه‌دا (مه‌به‌ستم كه‌سانی سیاسی دانیشتوری شاره‌كه‌یه‌ ) به‌شكڵیك كاڵ بوه‌ته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكه‌ سیاسیه‌كه‌ی نێو شاره‌كه‌ له‌ قودره‌تی ئاڵوگۆڕه‌ سیاسیه‌كاندا نین و له‌ده‌ره‌وه‌ی موعاده‌له‌ سیاسیه‌كانی هه‌رێمایه‌تیدان . ئه‌گه‌ر سه‌یری گۆرانكاری له‌ سیمای شارستانێتی بونی ئه‌م قه‌زاته‌مه‌ن سه‌دو په‌نجا ساڵی و پارێزگا شه‌ش ساڵیه‌دا بكه‌ین ، ناتوانین هه‌ست به‌و جیاوازییه‌ بكه‌ین كه‌ په‌نجا ساڵ له‌مه‌وبه‌ری شار به‌خۆیه‌وه‌ بینویه‌تی .

كۆی هه‌موو ئه‌م به‌راوردكارییانه‌و به‌راوردی دیكه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ لێره‌دا بواری قسه‌له‌سه‌ركردنیان نه‌بوبیت ،ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و بڕوایه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌نی سه‌دو په‌نجا ساڵ به‌قه‌زابوون و شه‌ش ساڵ به‌پارێزگابونی ئه‌مشاره‌ ئێمه‌ نه‌مانتوانیوه‌ كار له‌سه‌ر به‌شاربوونی هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ین ،هه‌میشه‌ خه‌مساردانه‌ كارمان له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ كردوه‌ و په‌نجه‌مان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ داناوه‌ .وه‌له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئێمه‌ مه‌به‌ستمان بوه‌ مه‌سه‌له‌ی به‌شاركردنی ئه‌م شاره‌ بكه‌ینه‌ قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تیه‌كانی خۆمان ئه‌وه‌نده‌ هه‌وڵمان نه‌داوه‌ بۆ به‌شاركردنی .(لێره‌دا من نامه‌وێت نمونه‌ بۆ ڕاستی ئه‌م سه‌رنجم بخه‌مه‌ ڕوو ،پیم وایه‌ گوزه‌رێك به‌نێو شاره‌كه‌دا باشترین نمونه‌یه‌ ) .

له‌كۆتاییدا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بڵێم ،پێوێسته‌ هه‌وڵه‌كانی ئێمه‌ بۆبه‌شاركردنی هه‌ڵه‌بجه‌ بێت بۆئه‌وه‌ی بتوانین سود له‌و ڕابردوه‌ پڕله‌ سه‌روه‌رییه‌مان وه‌ربگرین ودرێژه‌ به‌و مێژوه‌ پرشنگدار بده‌ین و به‌رده‌وام بین له‌خستنه‌ ڕوی ئه‌و مێژوه‌ی ده‌بێته‌ مایه‌ی به‌شاربونی هه‌ڵه‌بجه‌ . نه‌ك به‌رده‌وام چاومان له‌ڕابردوو بێت و به‌ده‌ستی به‌تاله‌وه‌ ئیستامان بگه‌ینه‌ ڕابردوو .

  • 1