ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پاش لەشکرکێشیەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا ، کە ئاکامەکەی وێرانکاری و کووشتن و داگیرکردن و ئاوارەو سەرگەردان بوونی پتر لە [300] هەزار خەڵک بوو، جیهان هەمووی هاتە دەنگ ،شەقامەکانی زۆربەی باژێڕەکانی جیهان پڕبوون لە مرۆڤدۆستان و پرۆتەستی ڕژێمەکەی ئەردۆغانیان کردو پشتگیری خۆیان بۆ خەباتی کوردانی ڕۆژئاوا دەربڕی. هاوکات ئەردۆغانیان وەک تەرۆریست، داگیرکەر، کوردکوژ پێناسە کرد. کوردانیش لە هەموو جیهان ڕابوون و ڕێپێوان و چالاکیەکانیان بوونە جگەی سەرنجی جیهان.

هەر لەم سەروبەندەدا زۆرێک لە کوردە دڵسۆزەکان لە باشوور و هەندەران ،شێوازێکی نوێی تێکۆشانیان دۆزیەوە کە هەم شارساتنی و هەمیش کاریگەر، ئەویش بایکۆتی شمەک و کاڵای تورکی و سەفەرنەکردنە بۆ تورکیا.

ئەم بیرۆکەیە زۆر بەخێرایی چووە بواری جێبەجێکردنەوە ،چەندین گرووپ لە باژێڕەکانی باشوور و هەندەران پەیدابوون کە دانەیەکیان پتر لە 300 هەزار ئەندامی هەیە لە فەیسبووک .شایانی ئاماژەیە ئەم گرووپانە زۆر پرۆفیشیۆناڵانە کاردەکەن.

تەنانەت کاریگەری ئەم هەلمەتە پەڕیەوە بۆ کوردانی ڕۆژهەڵات و ئەوانیش دەستیان بەم کارە پیرۆزە کرد. لە باژێڕەکانی باشوور گەنجانی سەر بەم گرووپانە بە جۆرەها چالاکی برەویان بەم هەڵمەتەداو کاراکتەری کارابوون بۆ بڵاوکردنەوەی.

لەگەڵ هەوڵ و پڕوپاگەندەی هەندێک کەنالی نزیک لە دەسەڵات و بڕێک لە مەلاکان بۆ بەکەم سەیرکردنی ئەم کارە و بێ بەها کردنی کاریگەریەکانی ،لێ بەپێی بۆچوونی خەڵکان و هەندێک لە ئامارەکان ،ئەم هەڵمەتە کاریگەری خۆی لەسەر ئابووری تورکیا جێهێشتووە.

بەجۆرێک باڵوێزی تورکیا لە عێڕاق هاتە هەریم بۆ وەستاندنی ئەو هەڵمەتە.بەڵام دەرکەت هیچی پێ نەکرا چونکە ئەوە بڕیاری خەڵک بوو نەک حیزب و دەسەڵات.

ئا لەم کاتەدا هەموو چاوەڕێ بووین کە توێژێکی ئاینی نێو کۆمەڵگا کە بریتیە لە مەلاو بانگخوازەکان بێنە ژێر دەورای ئەم کارە پیرۆزەو ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و خەڵکی ئیماندار هانبدەن بۆ هاتنە نێو ئەم پرۆسەیە، بەڵام بەداخەوە نەک هەر ئەوەیان نەکرد بەڵکو بە سلبیانەش دەیانڕوانیە ئەو کارە و لە ڕێگەی میدیاکان و سۆشیال میدیاوە بە بۆچونە هەڵەو نالۆژیکەکانیان هەوڵی ساردکردنەوەی خەلکیان دەدا. ناکرێ هەڵوێستی هەندێک لەمەلاو بانگخواز نادیدە بکەین کە بەداخەوە ژمارەیان کەمە بەڵام هەڵوێستیان جوامێرانە بوو چ لە پرۆتەست کردنی رژێمی تورکیا وەچ لە بایکۆتدا ، کە شایەنی ستایشن.

[ یەکێتی زانایانی ئیسلام] و { لیژنەی فەتوا} ، دوو ئۆرگانانن کە مرۆڤە ئاینیە پۆستدارەکان کۆدەکاتەوە ،کە لە ڕاستیدا وەک یەک ئۆرگان کاردەکەن ،بە جیاوازیەکی کەمەوە و یەک بارەگاشیان هەیە لە هەولێر . لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم دوو ئۆرگانە هێندە بەیاننامەو فەتوا و ڕێنماییان دەرکردوە، کە کورد واتەنی [لە تام دەرچووە]. زۆربەی ئەو فەتواو بەیاننامانە دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ بووە لە ژیانی خەڵکدا، چوونە ناو وردەکاری ژیانی ڕۆژانەی تاک و خێزان و کۆمەڵگەبووە .زۆر بەدەگمەن ڕوویداوە فەتوایەک یا بەیاننامەیەک بۆ بەرژەوەندی خاک و نیشتمان و مەسەلەیەکی نەتەوایەتی دەرکرابێت.

هەر بە باشوورەوە نەوەستان بەڵکو مداخەلەکانیان پەڕیوە بۆ ڕۆژئاواو دژی دەرکردنی یاسا مەدەنیەکانی کانتۆنەکانی ئەوی بە بەیاننامە ژیان وەستانەوە، گوایە [دەستکاری یاساکانی خودایان کردوە]

دەمێک بابەتی بایکۆتی کاڵا و شمەکی تورکی هاتە ئاراوە ،خەڵکانێکی زۆر لە ناوەووە هەندەران پێوەی پەیوەست بوون.هاوکات ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ،هونەرمەندان،پیشەوەران ،خاوەن سوپەرماکیت و دوکاندارەکان کەم تازۆر ئەم بایکۆتەیان جێبەجێکرد.

چاوەڕێم دەکرد یەکێتی زانایانی ئیسلامیش وەک ئەرکیکی ئاینی و نیشتمانی لەو بارەوە بەئەرکی خۆیان هەستن و ئیمانداران هانبدەن کە بایکۆتەکە جێبەجێ بکەن، بەڵام مەخابن خۆیان لێ بێدەنگ کردو لە بەیاننامەیەکی لاواز بەولاوە کە [نیگەرانن] لە هیرشکاری تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا کە تێیدا تەنها جارێک ناوی تورکیا هێنراوە ، ئیدی لەوە بەولاوە هیچ هەڵویستیکیان نەبوو.

سەیرە لیژنەکە بۆ ڕانگرتنی سەگ لەماڵدا فەتوا دەردەکات کە وێرای ئەوەی کاری ئەوان نیە هاوکات شتێکی لاوەکی و بێ ماناشە ،کەچی ئەم لیژنەیە ئامادە نیە فەتوایەک ،بەیاننامەیەک بۆ پشتگیری لە مەسەکەیەکی وا گرنگی نەتەوەیی دەربکات.

بۆئەم مەبەستە بەتەلەفۆن پەیوەندیم کرد بەسەرۆکی لیژنەی فەتوا بەڕێز {دکتۆر حەسەن موفتی} و سەرۆکی یەکیتی زانایانی ئیسلام بەڕێز {عەبدوڵا وەیسی} ،پرساری ئەوەم کرد لێێان کە ئایا بەنیاز نین پشتگیری لەم هەڵمەتە بکەن؟سەیر ئەوە بوو نەک هەر لەگەڵ پشتگیریدا نەبوون ، بەڵکو بە قسەکانیاندا بۆم دەرکەوت کە دژی ئەو بایکۆتەن و بە پاساوی بێ بنەماو نالۆژیک دەیانویست وا نیشان بدەن ئەم بایکۆتە بێ بەرهەمە. بۆ نمونە ئەم بایکۆتە کاریگەری بۆ سەر ئابووری تورکیا نابیت ، ئیمە ئەڵتەرناتیڤمان نیە، زۆربەی خەڵک ئیلتزامی پێوە ناکەن و ئاگاشیان لێی نیە، دووکاندار گەر کاڵای تورکی نەفرۆشێت چی بفرۆشێت و زۆر قسەی دیکە.

ئەز ئەم هەڵوێستە دژو سلبیەی ئەم دوو لایەنە دوو جۆر لێکدانەوەی بۆ دەکەم،یەکەم کە بەهیزترە ئەوەیە بەهۆی ئیلتزامی ئاینیانەوە ناخوازن کاریک بکەن زیان بە ڕژێمەکەی ئەردۆغان بگەیەنن، دیارە ئەم دیدە ئاینیە زاڵە بەسەر هەستە نەتەوەیی و ئینسانیەکەیاندا . ئەوان ئەردۆغان بە موسوڵمانیکی پاک و دڵسۆزی ئیسلام و ئومیدی ئایندەو و خەلیفەی موسوڵمانان دەزانن و سەرسا من بە کەسایەتیەکەی. جا بەدەر لەمانە ئەردۆغان چۆن مامەلە لەگەل کورددا دەکات، ئەوە دەکرێ چاوی لیبپۆشن، چونکە ئەو لایەنە گرنگ نیە لە کنیان..

دووەم هۆکار نزیکی ئەم دوو ناوەندەیە لە پارتیەوە ، بەهۆی بوونی ئۆفیسی ئەم ئۆرگانانە لە هەولیر دەتوانین بڵێین پارتی هەژموونی خۆی بەسەریاندا هەیە وهەردوولا موراعاتی یەکتر دەکەن.هەروەها زۆرێک لە مەلاو بانگخوازەکان کە لە لەزۆنی زەرددا نشتەجین ،گەر ئەندام نەبن ئەوە هەودرای پارتین و موچەکانیان لە ڕێگەی وەزارەتی ئەقافەوە دەبەخشرێت کە وەزیرەکەی پارتیەو بە ڕێنمایی پارتی کاردەکات. بۆ ئەوەی بەدڵی پارتی بجوڵێنەوە، دیارە پاریتیش لە بەرامبەردا لە پێدانی ئیمتیازاتدا کەمتەرخەمی ناکات.

خاڵی دووەم دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە مادام پارتی وەک حیزب ،وەک دەسەڵات لەگەڵ بایکۆتدا نیە و ناخوازێت تورکیا لەخۆی بڕەنجێنێت ،کەواتە ئەو دوو ئۆرگانەش کۆدەکانی پارتی دەخویننەوە و لەو ڕوەوە کاریک ناکەن کە پارتیان لێ بڕەنجێت..

بەوە کۆتایی پێدەهینم دەڵێم ، گەر رێکخراویک یا هەر دامەزراوەیەک ئاکاری کارکردنی هەرچی بێت ،سود بە گەل و نیشتمان نەگەیەنێت،لەگەڵ ئازارو مەینەتی نەتەوەکەیدا نەبێت،دەنگی هەق دژی ناهەق و ستەم بەرزنەکاتەوە ، یاخود خۆیان بە جۆرە کارێکەوە خەریک بکەن کە شتی لاوەکین و گرنگیان لە ژیانی خەڵکدا نیەو هیچ گۆڕانکاریەکی ئیجابی درووست ناکەن ، ئەوە نەبوونیان لە بوونیان باشترە.

  • 1