ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئامانجی دووەم؛ خوێندنەوەی نوێی واقعی کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستان و ناوچەکە و جیهان، بەردەوام یەکێک لەبنەماکانی تێگەیشتنی فیکری و سیاسی حزبی شیوعی بووە، بنەما بووە بۆ هەنگاوە سیاسییەکانی و پێگەیاندنی کادر و کاری بەتەنێ و هاوبەشی لەگەڵ لایەنەکانی سیاسی دیکەی گۆڕەپانەکە، کە هەندێک جار ئەندامی حزبی شیوعی لەوەش زیادتر دەڕۆیشت و وای دەزانی هەموو راستییەکان لەلای ئەوە، بۆیە، هەر کادیرێک و یان ئەندامێکی حزبی شیوعی، سەرگەرمانە بیروبۆچوونی حزبی دەگەیاندە جەماوەر، بێ ئەوەی دوودڵ بێت لەشیکردنەوەکە و تێگەیشتنەکە، بەردەوامیش لەنێو حزبدا، گفتوگۆی فیکری هەبووە، ڕای جیاواز ئەگەر بەکەمیش بێت ڕێگەپێدراو بووە، بەڵام بەدوور لەوەی ببێتە هۆکاری لادان لەهێڵی گشتی سیاسی و فیکری و بەکەسی کردن، هەندێکجار زیادەڕەویش لەخۆبەستنەوە بەهێڵی گشتی کراوە.

ئەی ئێستا چی؟ ئایا گۆڕانکارییەکانی سەردەم کاریگەری لەسەر حزب و ژینگەی حزبایەتی دانەناوە؟ ئایا بەهۆی کاریگەری کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پاڵپشتکراو لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی و سەرمایەداری و باهۆزی بەناو دیموکراسیەت و مافی مرۆڤ و سیاسەتی لیبرالیەت بەم سەرکەوتنە "کاتییەی" بەسەر بلۆکی سۆسیالیستی لەلایەک و لەلایەکی دیکە و هاوکات، شکستی حزبە شیوعییەکان لەگەمە دیموکراسییەکەدا، بەناوی هەڵبژاردن و زۆرینە و کەمینە، بەهۆی دابڕانی حزب لەخوێندنەوەی نوێ و خۆبەستنەوە بەچەمەکە تەقلیدییەکان، هەتا لەنێوخۆی حزبیشیدا، دەستگرتن بەشێوازی حزبایەتی تەقلیدی، کە ئەوە ڕێک دووچاری پێکناکۆکی ناوخۆیی حزبی کرد، واتە سەرکردایەتی مێژوویی بێ هەوڵدان بۆ خۆنوێکردنەوە، لەگەڵ واقعەکە ڕۆیشت، بنکەی حزبی و جەماوەرەکەشی کەوتە ژێر کاریگەری ئەو باهۆزەی باسمان کرد. هەتا دەهات بازنەی کاریگەری حزب لەنێو جەماوەر بەرتەسک بۆوە و لەنێوخۆی حزبیشدا، دەنگی نەشاز و بێ بنمای فیکری بەرزتر دەبێت، چونکە لەم ساتە مێژووییەدا، حزب بەهۆی پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردستانی لەنوێنەرایەتیی چینی پڕۆلیتاریا دادەبڕێت و شێوازی ململانێی ڕاستەقینەیی چینایەتی دەگۆڕدرێت بە ململانێیەکی دیکە، کە واقعی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری دروستی کردووە، حزب دەبێتە ئامراز و ئامانج لەهەمانکاتدا، بۆ کۆنترۆڵکردنی هەموو جومگەکانی دەسەڵات و مانەوە لەدەسەڵات، کەچی حزبمان بەپێچەوانەی ئەو حزبانە دەبێتە هۆکاری خۆخواردنەوە، ناتوانێت سەرکردەی نوێی کاریگەری پێشکەشی کۆمەڵگە بکات، دەست بەسەرکردەی تەقلیدی دەگرێت، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سەرکردەی باڵای حزبەکانی دەسەڵات هەیە، کە پێشمەرگەی دێرینە، کە پاسەوان و دەستڕۆیشتووە لەنێو حزبی شیوعییدا!، ئایا ئەمە بۆ حزبێکی شیوعی ڕاستە؟ هەر لەگەڵ نەمانی کاریگەری ئەم سەرکردانە، هەرچی فیکری لیبراڵی هەیە جێگایان دەگرێتەوە، ئینجا بەشێوە سەقەتەکەشی، سەرکردەی لیبراڵی لەبەرگی چەپێتیدا، گوایە فیکری نوێ پێشکەش دەکات، کە تەنیا ڕووکەشی فیکری و چەند چەمکێکی بێ بنەمای زانستییە و کۆمەڵایەتییە!!.

ئامانجی سێیەم؛ لەپەراوێزی ئەم واقیعە تاڵەی کە چەپەکان بەگشتی و حزبی شیوعی بەتایبەتی، پێی گەیشتووە، لەڕووی رەخنە لەخود و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو، بۆ گەڕان بەدوای وەڵامی "ئایا ئەم حزبە دەتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت و ببێتە جێگای ئومێدی جەماوەر؟" بەقەناعەتی من وەڵامەکەی ئەوەیە "بەڵێ"، بەڵام ڕێگایەکی زۆر سەختە، ڕێگایەکە کە دەبێت، هەندێک بڕیاری سەختی لەپێناودا بدرێت، یەکەمیان بریتیە لەخۆپاککردنەوە لە هەندێک لەوانەی کە هاتوونەتە ڕیزی حزبی شیوعی و بەهەڵە هاتوون، هاوکات، ناوەندێتی لەحزبدا بگێڕدرێتەوە و پەیڕەو بکرێت، حزب خۆی بە بەرپرسیار بزانێت وەکو (یەک کیان) لەپرسی نیشتمانی و قۆناغەکە، بەدوای هاوپەیمانی بەرفرەوانتردا بگەڕێت بۆ ئەوەی فیکری چەپ و عەلمانیەت، مەودای کۆمەڵایەتی و جەماوەری زیاتری هەبێت، لایەنی دارایی و ئابووری خۆی بەهێز بکات، نەک هەر ڕۆژ خۆی پەڕپووتتر بکات، بەبیانووی ئەوەی توانای داراییمان نییە!!، کۆششێکی زۆر بکات، تاوەکو ژیانی حزبی ڕاست بکاتەوە و هەڵاوێردی نێوخۆیی و گۆڕەپانەکەش بکات کە لەبەردەم هێزی چەپدا شێوێندراوە.

  • 1