ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

تابلۆی سیاسی جیهان بریتییە لە ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری و تێکچوونی باری ئاسایش بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ناوەندی ململانێی زلهێزەکانی جیهانە، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کارتێکردنی لەسەر ڕەوشی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان و سەرجەم ئەو هێز و لایەنانەی گەلانی دیکەی ناوچەکە هەیە کە باوەڕیان بە تەواوکردنی ئەرکی شۆڕشی نیشتمانی دیموکراتی هەیە.

هاوکات لەگەڵ هەماهەنگی و تێکەڵبوون و ناکۆکی بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەکان لەگەڵ حوکمڕانانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ناوەندە سەرمایەدارییەکانی جیهان کار لەسەر گۆڕینی بیرکردنەوە و عەقڵیەتی سیاسی هێزە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم ناوچەیە دەکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی وەرچەرخانێک لە تەواوی هزری سیاسی و گۆڕینی تابلۆی سیاسی فاکتەرە کاریگەرە ناوخۆییەکان چ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان یان ئەو هێزانەی لە دەسەڵاتدا نین و بەمەش کارتێکردنیان لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانە دەبێت کە بزوێنەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانیین.

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا کارێکی زۆر لە سەر گۆڕینی کۆمەڵێک چەمکی سۆسیۆلۆجیای سیاسی بە تایبەتی لەم ناوچەیەدا کراوە کە کارتێکردنی خۆی لەسەر هۆشمەندی کۆمەڵایەتی جێهێشتووە. کارکردن بۆ ئەم چەمکانە کارێکی خۆڕسکی نەبووە، بەڵکو بەشی دووەم و تەواوکەری چەندین بۆچون و چەمکە کە زانستی سۆسیۆلۆجیای بۆرژوا لە دوای هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت و تەواوبوونی شەڕی سارد دایڕشتووە، لەوانە کۆتایی مێژووی فۆکویاما، و دواتر ململانێی شارستانییەکانی سامۆئیل هنتکتۆن کە زەمینەی بۆ دوو بابەتی سەرەکی مەترسیداری نوێ لە جیهاندا خۆش کرد. یەکەمیان: گوتاری پۆپۆلیستی کە ئەمڕۆ بۆتە دیاردەیەک کەسانی سەربە ئایدیۆلۆجیا و بەرژەوەندی جیاواز لە گوتاری سیاسیدا بەکاری دەهێنن، و لە گوتارەکانی ترامپ و ئەردۆگان و دەسەڵاتدارانی ئێران و دووفاقی حوکمڕانی و ئۆپۆزیسۆن لە عێراقدا بەدی دەکرێن. دووەمیان: گوتاری ڕق و قینە و دژایەتیکردنی بەرانبەرە کە دیسانەوە لە گوتاری لایەنە ڕاستڕەوەکانی ئەوروپا و فاشیزمی نوێ و بانگەشەی ترامپ بۆ دروستکردنی دیواری سنوور لە نێوان ئەمریکا و مەکسیک، و هەڵوێستەکانی سەرۆکی نوێی بەرازیل، و بانگەوازی مزگەوتەکانی تورکیا بۆ پشتگیریکردنی داگیرکاری تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاڤا، و گوتاری شۆڤینستی تایفەگەری و نەتەوەی باڵادەست دژ بە گەلی کوردستان لە باشور، دەردەکەوێت.

  گرتنەبەری پۆپۆلیستی و گوتاری ڕق و قینە و بوخز، ئەنجامی گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی سیستەمی سەرمایەداری جیهانە، کە لە سەردەمی لیبرالیزمی نوێ و تێکڕای گۆڕانکارییەکانی بواری تەکنۆلۆجی پەیتا پەیتا کار بۆ گواستنەوەی خێرا لە قۆناغی مۆدێرنەتی سەرمایەداری کە ئاکامی شۆڕشی پیشەسازی بوو، و لە پەرەسەندنی بوارە جۆراجۆرەکانی پێکهاتەی دەوڵەت و هزر و ئەدەب و سۆسیۆلوجیا و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، دەرکەوت، بەرەو قۆناغی پۆست مۆدێرنیزم و ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دروستبوونی دیاردەی چینایەتی نوێ لەسەر ئاستی جیهانیدا وەک دیاردەی ناوەندە پەراوێزخراوەکان کە نووسەری بەریتانی (گای ساتندینگ) لە کتێبی "بریکاریا چینە مەترسیدارە نوێکە" ئاماژە بە دروستبوونی ئەم ناوەندە وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ پرۆلیتاریا دەکات.

دروستبوونی ناوەندی پەراوێزخراو دیاردەیەکی جیهانییە بە تایبەتمەندی ناوخۆیی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا بەتایبەتی لە لوبنان و عێراق کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشی هەیە، و ڕەنگدانەوەی کارکردنە بۆ گۆڕانکاری لەو سەرخانانەی کە شۆڕشی پیشەسازی سەرمایەداری لەگەڵ خۆیدا هێنا، بەرەو ئاراستەی نوێبوونەوەی سەرمایەداری وەک ڕێگای قورتاربوون لە قەیرانەکەی کە پێویستی بە پێداچوونەوە و گۆڕانکاری کۆمەڵێک چەمک هەیە لەوانە: چەمکی خودی سیاسەت، ئایدۆلۆجیا، حزب، دەوڵەت، و گۆڕانکاری لەو پێکهاتانەی کە مۆدێرنێتی هێنابووی.

بەمەبەستی ئەنجامدانی گۆڕانکاریکردن لەو چەمکانە کۆمەڵێک ڕووداو و کاری سیاسی ئەنجام دراوە کە مۆرکی کەڵەکەبوونی کاری نەخشەبۆکێشراوی چەندین ساڵەی ناوەندە سەرمایەدارەکانە بەتایبەتی لەو ناوچانەی بە باشوری هەژار دەناسرێت وەک ئەو پێناسەیەی کە بیرمەندی مارکسیست سەمیر ئەمین دایناوە، و بێگومان ڕواڵەتی ئەو دیاردانە لە قەیرانی دەوڵەت لەم ناوچەیەدا دەردەکەوێت.

کرۆکی ئەو دیاردانە لەم خاڵانەدایە:

1ـ کارکردن بۆ دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤ بۆ حزبی سیاسی لە دەسەڵات و تابلۆی سیاسییدا و جەختکردن لەسەر گواستنەوەی حوکمڕانی لە دەسەڵاتی حزبی سیاسییەوە بۆ گرووپی تەکنۆکرات کە بۆ مەرجەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە حزبەکانی دەسەڵات گوێڕایەڵترن نەک لەبەرئەوەی حزبەکانی دەسەڵات مەرجەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ڕەتدەکەنەوە، بەڵکو دەیانەوێ لەگەڵ ناوەندە سەرمایەدارەکاندا شەریکە بەشی گەندەڵی بن، لەکاتێکدا ئاراستەکردنی کەسانێکی تەکنۆکرات لەلایەن ئەو ناوەندانەوە ئاسانترە.

2ـ کارکردن لەسەر ئەوەی بزاڤی جەماوەری لەم کۆمەڵگانە شێوازی خۆڕسکی بگرێتە بەر، بۆیە لە دروشمی جوڵانەوە جەماوەرییەکان، سەرجەم حزبەکان قەبوڵ ناکرێن، و دروشمی سەرەکی لە لوبنان (کلن کلن کلن) واتە هەر هەموویان، و لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا تا ئێستا بوار بە دانانی چادرێکی حزبی سیاسی نەدراوە، و خۆپیشاندانەکان هیچ شێوازێکی ڕێکخەری سەرکردایەتی کۆیان ناکاتەوە، و دروشمی خۆپیشاندانەکانیش قایل نەبوونە بە سەرجەم کەسایەتی و حزبی سیاسیی.

3ـ کارکردن بۆ کۆتایهێنان بە ڕۆڵی ئایدیۆلوجیا لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری کە ئەمەش لەگەڵ خۆرسکی و نەبوونی سەرکردایەتی دەگونجێت، و کار بۆ ئەوە دەکرێت کە تۆڕەکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێ ڕێکخراوی مەدەنی ئاراستەکراو شوێنی کۆمەڵگای سیاسی و کۆمەڵگای مەدەنی ڕەسەن بگرنەوە کە بریتییە لە ڕێکخراو و حزبی سیاسی و مەدەنی کە بەرهەمی مۆدێرنێتی بوو.

4ـ جەختکردن لەسەر بابەتێکی گرنگ کە قورسایی بۆ خەڵکی زەحمەتکێش دروست کردووە ئەوەش بابەتی گەندەڵییە، بەڵام ئاراستەی چارەکردنی تەنیا خۆی لە بانگەشەکردن بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە و ماوەنەدان بە گەندەڵکاران دەبینێتەوە، بەڵام بۆ کۆتایهێنان بە گەندەڵی ئاماژە بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی ئابووری ناکرێت کە خودی پەرەسەندنی سەرمایەداری و لیبرالیزمی نوێ گەندەڵی دروست دەکات، لەکاتێکدا چارەسەرکردنەکان بە گرتنەبەری ڕێگای گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام، و بەیەک پاکێج ڕەچاوی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سامان و خەرجی گشتی دەبێت، نەک لە ڕێگای مەرجەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتییەوە.

گژبەری و ئاستەنگەکان وا پێویست دەکات کە ئەو حزبە سیاسییانەی باوەڕیان بە تەواوکردنی ئەرکی شۆڕشی نیشتمانی دیموکراتی یان ئەوانەی خۆیان بە بەشێک لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلانی زۆرلێکراو دەزانن، کار بۆ گەڕانەوەی متمانەی جەماوەر بە کاری حزبی سیاسی و ڕێکخستن دوور لە خۆڕسکی بکەن و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ نەهەنگەکانی گەندەڵی جێنەهێڵن و بە شێوەیکی دیالکتیکی ئەرکی نیشتمانی و چینایەتی و پاراستنی ئازادییە گشتییەکان دوور لە دابڕان بە یەکەوە گرێ بدەن، و دەست بە چاکسازی ڕاستەقینە بکەن، بە پێچەوانەی ئەمەوە ئەو تاقمە سیاسییەی کە جەماوەر لە بەغدا و بەیرووت بەگژیدا دەچێت، توانای بەکارهێنانی هۆشمەندی چەواشەی هەیە بۆ داڕشتنەوەی داواکاری جەماوەر، بەڵام لە چوارچێوەی ئەجیندەی سیاسی دەسەڵاتداران.   

 

  • 1