ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرەتای دەست پێ كردنم بۆ خوێندنەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2015) كە ئەوكات لە پۆلی 10ی ئامادەیی بووم,ڕۆژێكیان داوام لە خاڵی كۆچ كردوم مامۆستا (تەها ئاغاجان) كرد كە كتێبێكی فەلسەفەم پێ بدات بۆ ئەوەی بیخوێنمەوە ,چوونكە من لەو قۆناغەی ژیانمەوە ئارەزووم بۆ شتە نهێنی و ئاڵۆزەكان درووست بوو بە تایبەتیش بابەتە فەلسەفیەكان, بەڵام خاڵم ڕەتی كردەوە كە كتیبێكی فەلسەفەم پێ بدات, پێی گوتم: جارێ كتێبی فەلسەفە بۆ تۆ زووە , هەرچەندەش كە خۆی هونەرمەندو ڕۆشنبیرێكی بە تواناو لێهاتوو بوو,وە هەروەها خۆی بە بەردەوامی كتێب و ڕۆژنامەكان لە ژێر باڵی خۆی دادەنا وە لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام دەیگوت: مڕۆڤ بە خوێندنەوە جوانە لەگەڵ ئەوەشدا سیمای پێشكەوتنی پێوە دیار دەبێت, بەڵام هەستا كتێبێكی تری پێ دام بە ناونیشانی (پێناسەكانی ژیان) كە لەلایەن هیمداد دڵشادەوە نوسرابوو كتێبێكی كورت و پوخت بوو, ئیتر لە پاش خوێندنەوەی ئەو كتێبەوە من ئارەزووی خوێندنەوەم بۆ درووست بوو, لەپاشان بڕیارم دا كە ئیتر بەردەوام بم لە خوێندنەوە پاش تەواكردنی ئەو كتێبەی كە خاڵم بەمنی دابوو ڕاستەخۆ ڕۆیشتم بەرەو كتێبخانە بۆ ئەوەی كتێبێكی فەلسەفە بكڕم كە بە ناوی قوتابخانە فەلسەفیەكان بوو بەڵام ئەوەم بەبیر نایەتەوە كە لەلایەن كێ وە نووسرابوو , بەڵام لە كۆتایی دا قسەكەی خاڵم زۆر ڕاست بوو كە گوتی: كتیبی فەلسەفە بۆ تۆ جارێ زووە, كاتێك لاپەڕە بە لاپەڕە خوێندمەوە لاپەڕەكانی نزیكەی 400 بەرەو سەرەوە بوو نەم توانی ئەو تێگەیشتنە ئەوتۆیەم بۆ ئەو كتێبە درووست بێت بەهۆی ئاڵۆزی وشەكانیەوە.

* خوێندنەوە لابردنی ئازارەكانی نێو مێشكە, وە هەروەها خوێندنەوە فراونكردنی ڕادەبەدەری مێشكەكان كە هیچ كاتێك ناهێلێت مێشكی مڕۆڤەكان بچووك ببنەوە.

هەرچەندە بەردەوامیم لەگەڵ خوێندنەوە جارو باریش ئارەزووی نوسین لە خەیالمەوە درووست دەبوو, بەڵام گرنگیم بەو خەیالەم نەدەدا , بەڵام پاش تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر خوێندنەوەم ئارەزوویەكی نوسین بۆم درووست بوو كە وای لێكردم دەست بكەم بە نوسینەوە,بەڵام لە پاش دوو نوسینم و بڵاوكرنەوەیان لە ڕۆژنامەكان و ماڵپەرەكاندا,كە ئیتر بڕیارم دا وازبهێنم لە نوسینەوە,بەڵام لە هەمان كاتیشدا ئەو بڕیارەم نەتوانی جێبەجێی بكەم, چوونكە هەر چۆن لەسەرەتادا خۆشەویستیم بۆ خوێندنەوە درووست بوو, بەهەمان شێوەش خۆشەویستیەكیشم بۆ نوسین درووست بوو, بەڵام نازانم كە چ كاتێك خۆشەویستیەكەم بۆ نوسین لە دەست دەدەم ,بەڵام لە دەست دانی خۆشەویستیم بۆ خوێندنەوە شتێكی مەحالە تەنیا بە مردن دەبێت لە دەستی بدەم, بەڵام ئەوەی كە ناوی نوسینەوەیە بەردەوام لەسەر پەتێكی باریك ڕاوەستاوە كە دەتوانرێت لە هەر كاتێكدا ئەو پەتە ببڕێت و جارێكی تر درووستی نەكەیتەوە.

 

  • 1