ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پەرەپێدانی ستراتیجی سەربازی گونجاو لەگەڵ پرۆسەی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینییەوە

مێژووی بایەخدان بە سوپا لە چینی نوێدا بەشێکە لە مێژووی تێکۆشان بۆ تەواوکردنی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی و سەربەخۆیی وڵات و کۆتاییهاتن بە داگیرکردنی بیانی و خەبات لە پێناوی یەکگرتنەوەی خاکی وڵات. سەرەتای ئەم کاروانە بە دروستکردنی سوپای سوور و بەرپاکردنی شەڕی پارتیزانی و ئەنجامدانی کاروانی مەزن، و بایەخدان بە دەستنیشانکردنی ستراتیجی سەربازی و پەروەردەکردنی سوپای سوور و بڵاوکردنەوەی کەلتووری سۆشیالستی لە ڕیزەکانی و دروستکردنی پەیوەندی توندوتۆڵ و ئۆرگانی نێوان سوپا و جەماوەر کە یەک حاڵەتی شۆڕشگێڕی دروست بکرێت و سەربەخۆیی وڵاتی تیایدا مسۆگەر بکرێت، دەستی پێکرد.

ئەم گرنگیدانە بە سوپا و ڕەنگڕێژکردنی ستراتیجی سەربازی لە نووسینەکانی خودی ماو تسی تۆنگ لە لایەک و لە بەڵگەنامەکانی کۆنگرەکانی حزبی شیوعی چین لەلایەکی دیکەوە، دەردەکەوێت. لە هەمان کاتدا تێکڕای پەرەسەندنە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتی چین و قۆناغەکانی پەرەسەندنی ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالستی تیایدا لە ڕۆڵی کاریگەری سوپا جیا ناکرێتەوە.

لەهەمانکاتدا پەرەسەندنی ستراتیجی سەربازی لە چین لە پەرەسەندنەکانی ڕەوشی جیهانی و ئەو هەڕەشانەی کە دووچاری ئەو وڵاتە و ناوچەکە دەبۆوە، جیا ناکرێتەوە، بۆیە ڕۆڵی سوپا و ستراتیجی سەربازی هەر لەسەرەتاوە چەندین بواری گرتۆتەوە، لەوانە تەواوکردنی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی، و دەرکردنی سوپای داگیرکەری ژاپۆن، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی وڵات، و یەکگرتنەوەی خاکی چین، و بەشداری لە وەڵامدانەوەی دەستدرێژی ئەمریکا لە کۆریا، و بەشداری لە پرۆسەکانی گەشەپیدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، جگە لە ڕۆڵی لە ڕووداوە سیاسییە چارەنووسازەکان لە وڵاتدا.

لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا کە چین بە قۆناغێکی گرنگی بنیاتنانی سۆشیالزم بە تایبەتمەندی چینی لە سەردەمی نوێدا دەگوزەرێت، بایەخدان بە کاری سیاسی سوپا یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان کە ئەمینداری گشتی حزب شی جین بینگ لە وتارێکیدا بۆ کۆنفرانسێکی سەربازی بۆ کاری سیاسی لە 31ی تشرینی یەکەمی 2014 ئاماژەی پێکردووە، و تیایدا دەڵێت: ئامانجی هەنووکەیی کاری سیاسی سوپا بەدیهێنانی خەونی چینە بۆ خورتبوونەوەی نیشتمانی، لەگەڵ دەستبەرکردنی زەمانەتی سیاسی بۆ هێنانەدی ئامانجی حزب بۆ بنیاتنانی سوپا.

لەم وتاریەدا شی جین بینگ ئاماژە بە پەندێکی چینی دەکات و دەڵێت؛ "ئەگەر ئەسپەکەت خستە پێش گالیسکەکە، ئیتر گالیسکەکە خۆی بە شوێن ئەسپەکەدا دێت"، و بۆیە پێی وایە کە گرنگە سوپا لەسەر چوار بنەما بنیات بنرێت:

یەکەم؛ پێویستە سوپا پشتیوانی باوەڕ و ئامانجە باڵا هاوبەشەکانمان بێت. پتەوکردنی باوەڕ و ئامانجە باڵاکان بەشێکن لە پەروەردەی خەڵک. دەبێت خۆمان لەگەڵ ئامانج و پێداویستییەکانی بنیاتنانی سوپاکەمان و خەسڵەت و یاساکانی کاری سیاسی ڕابێنین. بەم جۆرە دەتوانین ببینە پاڵپشتی نەوەیەکی نوێ لە هێزە شۆڕشگێڕەکان تا خۆیان بۆ ئامانجە باڵاکان و ڕابەڕایەتی حزب تەرخان بکەن، و بتوانن جەنگەکان ببەنەوە و نەترس و ورە و ڕەوشت بەرز بن.

پێویستە سوپا بە تیۆرییەکانی حزب خۆی تەیار بکات، و پشتیوانی بەها سۆشیالیستەکان بکات و پیادەیان بکات، و سەربازەکانمانیش هان بدات ئامانجی باڵا و باوەڕ و نەریتە مەزنەکانمان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەی دواتر بگوێزینەوە.

دووەم؛ سوپا دەبێت ڕێز لە گیان و بنەماکانی حزب بگرێت. پێویستە پەیڕەکردنی پرەنسیپی گیانی حزبایەتی خەسڵەتی بنچینەی شیوعییەکان و مەرجی بنەڕەتی کاری سیاسیمان بێت. پێویستە سوپا ئامانج و بنەماکانی حزب و بەرژەوەندییەکانی گەل بخاتە ڕیزی پێشەوەی گشت کارەکانی.

شی جین بینگ لەم خاڵەدا جەخت لە سەر کاری بە کۆمەڵ و ڕەخنەی ئەرێنی و بنیاتنەر دەکاتەوە و دەڵێت: پێوستە ڕەخنە لە خۆمان بگرین و گیانێکی یەکگرتووی وەها دروست بکەین کە چاک لە خراپ و ڕاست لە چەوت تەواو جیا بکاتەوە. لەم میانەدا ئەمینداری گشتی حزب ئاماژە بۆ پەندێکی چینی دەکات کە دەڵێت؛ "پێویستە پێشتر یاساکان دانێن و لە دواتر سزادان باشترە". و کەس مافی نییە هێڵی سووری دیسپلین و یاسا سیاسییەکان ببەزێنێت.

سێیەم؛ پێویستە سوپا ئاستی بەرەنگاربوونەوەی بەرز بکاتەوە. جەنگکردن کاری بنەڕەتی سوپایە، و توانستی بەرەنگاربوونەوە مەرجی بنەڕەتییە بۆ ینیاتنانی هەر سوپایەک. کاری سیاسی ئامرازێکە بۆ زامنکردنی ستاندارەی بەرەنگاربوونەوە لە هەموو ڕوویەکی کاروباری سەربازییەوە.

چوارەم؛ پێویستە هەیبەتی کاری سیاسی لە سوپادا بپارێزرێت، و پێشتر بەهۆی چەند کێشەی جۆراجۆرەوە زیان بە هەیبەتی کاری سیاسی لە نێو سوپادا کەوتووە.

دەسەڵاتی کاری سیاسی بە ڕۆڵی نموونەیی بەتایبەتی هی فەرماندەکان بنیات دەنرێتەوە. ئێمە دەبێت لە ڕێی کەسە نموونەییەکانەوە ورەی سەربازەکانمان بەرز بکەینەوە.

لە چەندین وتاری دیکەدا ئەمینداری گشتی حزب ئاماژەی بە گرنگی بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکان لە ڕێی چاکسازییەوە کردووە، و جەختی لەسەر هاوئاهەنگیی قووڵتری سەربازی ـ مەدەنی، کردۆتەوە، بەو ئاراستەیەی کە بەردەوام سوپا بەهێز بێت. 

لە ڕاپۆرتی نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین، ئەمینداری گشتی حزب ئاماژە بۆ دەستکەوتەکانی بواری گرنگیدان بە سوپا و پەرەپێدانی ستراتیجی سەربازی دەکات، بەو پێیەی کە ڕەوشێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی سوپا و گەشەپێدانی ئەنجام دراوە، و لە ڕوانگەی جێبەجێکردنی خەونی چین سیاسەتی بەهێزکردنی سوپا و پرەنسیپەکانی ستراتیجی سەربازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا داڕێژراوە، و کار بۆ بەهێزکردنی کاری سیاسی لە سوپادا کراوە و کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم مەبەستە لە (قوتیان) ئەنجامدرا کە مەبەست لێی گەڕانەوە و پەرەپێدانی نەریتی شکۆمەندانە و شێوازی کاری باشی حزب و سوپا بووە. لەم بوارەدا پەیکەری نوێ دروستکرا و کۆمیتەی ناوەندی سەربازی ئەرکی سەرپەرشتی دەستنیشانکردنی ئامانجە ستراتیجییەکانی پێ ڕاسپێردرا، هاوکات لەگەڵ سەرپەرشتیکردنی سەرکردە مەیدانییەکان لە بەڕێوەبردنی کاری سەرکردایەتی جموجۆڵی سەربازی.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە کار بۆ بەهێزکردنی توانستی سەربازی و ئامادەیی چەنگ کرا، و توانرا دژایەتی تیرۆر بکرێت و مافە دەریاییەکانی وڵات بپارێزرێت و سەقامگیری وڵات و پاراستن لە ڕووداوی نەخوازراو و فریاکەوتنی مرۆیی و بەشداری لە پاراستنی ئاشتی نێودەوڵەتی مسۆگەر بکرێت، و تێکڕای ئەمانەش هاوکات بوو لەگەڵ پەرەپێدانی زانستی لە بواری چەک و کەرەستەی پەرەسەندووی سەربازی.

یەکێک لە ئەرکە گرنگەکان کە ڕاپۆرتی نۆزدەهەمین کۆنگرەی حزب لە ساڵی 2017 ئاماژەی پێکردووە، بەردەوامبوونە لەسەر ڕێگای بەهێزکردنی سوپا بە تایبەتمەندی چینی و نوێکردنەوەی سیستەمی داکۆکی نیشتمانی و سوپا بە شێوەیەکی گشتگیر.

لەم ئەرکەدا ئاماژە بۆ گرنگی جێبەجێکردنی هزری حزب سەبارەت بە هێزکردنی سوپا لەسەردەمی نوێ و جێبەجێکردنی ستراتیجی سەربازی نوێ کرایەوە کە پێویستی بە ینیاتنانی هێزی پیادە و دەریایی و هێزی ڕۆکیت و هێزەکانی پشتگیری ستراتیجی بە جۆرێکی نوێ و بەهێز هەیە، کە ئەمەش سیستەمێکی جەنگی نوێ بە تایبەتمەندی چینی دابین دەکات و لەگەڵ ئەو پەیام و ئەو ئەرکە کە حزب و گەل بە سوپا ڕایسپاردووە، دەگونجێت.

ئەرکی نوێکردنەوە لەم بوارەدا تا ساڵی 2020 لە ڕاپۆرتی کۆنگرەدا دەستنیشان کرا، کە زامنی ئاسایشی کۆمەڵگا و دەوڵەت بکات و نوێکردنەوە لە سەرجەم تیۆرە سەربازییەکان و ڕێکخستەوەی سوپا و پێکهاتەکەی و چەک و جبەخانەکەی بە جۆرێک مسۆگەر بکات کە لەگەڵ پرۆسەى نوێخوازی لە دەوڵەت و لە بنیاتنانی سۆشیالستیدا بگونجێت.

هەر لەم بوارەدا ڕاپۆرتی نۆزدەهەمین کۆنگرە ئاماژە بە گرنگی پەروەردە و ڕۆشنبیرکردن بە بیری سۆشیالستی و نەریتی تێکۆشان و "بەردەوامبوونی چین و توخمی سوور لە نێو سوپادا" دەدا، و ئەمەش یارمەتیدەری پێشخستنی نوێبوونەوەی ئەم بوارەیە بە جۆرێک سەرجەم هێزەکانی سوپا و داکۆکی نیشتمانی تا ساڵی 2035 بە شێوەیەکی گشتگیر، سەردەمییانە بێت و سوپای میللی ببێتە سوپایەکی پلە یەک لە جیهاندا.

ڕاپۆرتی کۆنگرە ئاماژە بۆ پەرەپێدانی بواری تەکنۆلۆجیای زیرەک و کاری لۆجیستی و گرنگی مەشق و بەهێزکردنی سیستەمی زانیاری و چاکردنەوەی سیستەمی داکۆکی نیشتمانی دەدات کە تێکڕای ئەم هەنگاوانە لەگەڵ پرۆسەی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی بگونجێت.

 

  • 1