ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

 

ڕاپەڕین و خۆپیشاندان لە ٢٠١٩/١٠/٢٥ دژى ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌ستى پێكردووە، جگه له به‌غدای پایته‌خت چه‌ندین پارێزگاى گرته‌وه، گەنجان سەرقافڵەی خۆپیشاندەران بوون، ھێزە ئەمنییەکان بە گولەی زیندوو و گازی فرمێسکڕێژ وەڵامی خۆپیشاندەرانیان دایەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا سەدان کەس شەھید و بریندار بوون.

لە بەدبەختی گەلی کوردستان جاریکی تر حزبە کوردستانییەکان و ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم بەئامادەبوونی سەرۆك کومار لە ڕۆژی (٢٠١٩/١١/٥) كۆبوونه‌وه و پاڵپشتی خۆیان بۆ (عادل عەبدولمەهدی) ڕاگەیاند، بێ ئەوەی ھەڵسەنگاندنی تەواو بکەن بۆ بارودۆخی عێراق و ئه‌و شه‌هید و بریندارانه‌ى له ئه‌نجامى حوكمڕانی عەبدولمەهدى لێکەوتەوە، تەنیا لەبەرئەوەی مانگانە مووچە دەنێرێ بۆ ھەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا ده‌زانرا گەر لە دەسەڵاتێش بمێنێته‌وه‌ دەتوانی دوو مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دابین بکات، لەوە خراپتر ئەوە بوو کە ئەم سەرکردانە ئەوەندە کورتبین بوون، بیریان بۆ ئەوە نەچوو ھەتا لە کاتی مانەوەیدا لەدەسەڵات نابێتە ئەو سەرۆکەی بتوانێ وەکو پێشوو مامەڵە بکات.

کاتێک ھەواڵی کۆبوونەوەکە و پشتگیری چاکسازییەکەی "عەبد ولمەهدى"م بیست، ئوقرەم نه‌گرت و کورتە نووسێنێکم بڵاوکردەوە و دیسان بە ھەڵەیەکی گەورەی سەرکردایەتی کوردستانم زانی کە چۆن دەبێت مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان لە گۆشەنیگای کەسێکەوە ببینرێ، لەبری ئەوەی پەیوەندییەکانت بەھێز بکەیت لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیوی بەغدا و پارێزگاكاندا، ناکرێت لەبری ئەوەی پێگەی ھەرێم بەھێز بکەیت و ئامادەباشی بکرێت بۆ ئەگەر و پێشھاتەکان کەچی ھەڵوێستێکی نابەرپرسانە بگریتەبەر.

جارێکی تر دوو حزبی دەسەڵاتداری کوردستانی (پارتى و یه‌كێتى) كه‌وتنه ھەڵەیەکی گه‌ورەتر و له‌گه‌ڵ (١٠) حزب و لایه‌نى عێراقى ڕێککەوتنیکیان بڵاوکردەوە لە ڕۆژی (٢٠١٩/١١/١٨)دا و بۆ پشتگیری لەمانەوەی "عەبدولمەهدى" بەرانبەر پرۆژەیەکی خەیاڵاوی. له‌كوێی دنیادا هه‌بووه‌ موقه‌ده‌راتی گه‌لێك ببه‌سترێته‌وه‌ به‌تاكه‌ كه‌سێك، ئه‌و بكرێته‌ ئومێد، بكرێته‌ مژده‌، ببێته‌ چاوه‌ڕوانى، له‌كاتێكدا هه‌ر له‌ ڕۆژانی یه‌كه‌می هاتنی بۆ حوكم هیچ گرەنتیه‌ك بۆ مانه‌وه‌ى نه‌بوو؟ 

لە کوتاییدا دەڵێم سیاسەت واناکرێ و ئێوە بەرپرسیارێتی گەلێکتان لەسەرە و بۆ ئەوەندە کورتبین بوون و دەبوو بەلای کەمەوە سیاسەتی (چاوه‌ڕوانبە و ببینە)تان په‌یڕەو بكردایه.

  • 1